کویرد هوکویمەتلەری لە “بابی عالی” هەڵناگەڕیتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 6108 جار بینراوە 0 سەرنج
Saman Bakr

سامانی وەستا بەکر

لە ناوەندی سەدەی نۆزدەوە ئیمبراتۆرییەتی عوسمانی بەرەبەرە ڕوو لە هەڵوەشانەوە بوو چونکە تا دەهات لە شۆڕشی پیشەسازی سەدەی نۆزدە دوورئەکەوتەوە.

سوپایەکی مەزن و خەرجیەکی زۆر، سەرکردەی نەشارەزاو بێتوانا، بیری وشکی زانستی و فەلسەفی کاربەدەستان، پرۆتۆکۆڵی بازرگانی کەل و نابەرابەر، نوێسازی و ڕێکخستنەوەکانی ساڵی ١٨٣٩ “بەفیتی بەریتانیا”، بەڕێوەچوونی بانکەکان بەسەرمایەی ئنگلیز و فەرەنسیەکان، کۆی پیشەسازی و کانزایی و هێڵی شەمەنەفەر و بازرگانی دەرەوە….هتد بوو بوون بە پرۆژەی ئەوروپی، قەرزێکی زۆری بێشومار و داتەپینی گەنجینەی ئیمپراتۆری لە ساڵی ١٨٧٨ بەدواوە لە دیارترین ئەو هۆکارانە بوون کە ئەو ئیمپراتۆریەتەی هەڵوەشانەوە لەپاڵ ڕاپەڕینی نەتەوەکانی بەڵکان و کورد.

ئێستاش لە هەرێمەکەی لەمەڕ خۆمان چەندین جۆری سوپای حیزبی و کەسی و دوو پۆلیسی و دوو ئاسایشی و زۆرو زەوەندەی هێزی چەکدار کە تەنها و تەنها وەلایان بۆ حیزب هەیە، بێ موچەی، بێ ئاوی، بێ کارەبای، قەرزێکی ئێجگار زۆر، گرێبەستی ناشەفاف و درێژ خایەن، تێکەوتن لە گرێبەستی نەوتی، نەبوونی ژێرخانی ئابوری و ڕێگری لە گەشەکردنی سەرخانی ئازادی ڕۆشنبیری و بیری ئازاد….. ئەشێ ئەو هۆکارانەبن کە هەرەس بە حوکمی دوو حیزبی بهێنێ.

کوردو ئەلبانەکان لە ڕیزی ئیتحادو تەرەقییدا چالاکانە شان بەشانی ئەندامە تورکەکان تێدەکۆشان دژی (سوڵتان عەبدول حەمیدی دوو کە نیشانەی جەورو ستەمی ڕۆژهەڵات بوو) سوڵتان کە باوەڕی بە یەکێتی گەلان نەبوو لە هەوڵی ئەوەیابوو کە ئیسلام بەکاربهێنێ و نەتەوە ئیسلامییەکان لە قەوارەیەکا کۆبکاتەوە بەسەرۆکایەتی خەلیفە کە هەر خودی خۆی بوو واتە سوڵتانەکەی جاران بەڵام ئیتحادییەکان لە تەموزی ١٩٠٨دا بە کودەتایەکی سوپا دەسەڵاتیان گرتە دەست.
ئێستاش لە هەرێمەکەی لەمەڕ ئێمە لەژێر دروشمی ڕێفراندۆم و سەبەخۆی دەوڵەت “کە هەرگیز نیازیان نییە” سوڵتان کەوتۆتە خۆی تا هەستی نەتەوەی و ناسیۆنالستی لەناو تاکی کورد و حیزبەکانا بوروژێنن بۆ پاراستنی کورسی سەرۆکایەتی و لەبیربردنەوەی کێشە جەوهەرییەکانە کە زەقترینیان وادە تەوابوونی کاتی سەرۆکی هەرێمی ساڵی ٢٠١٣یە کە تا ئێستاش هەر لە شوێنی خۆی دانیشتووە.

مستەفا کەمال ئەتا تورک دەرکەوت و سەرکەوت، هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی تورک پیرۆزباییان ئەکرد لەسەرکەوتنی ئەو شۆڕشە “بۆرجوازییەی تورک” و لەو دامودەزگا ئیمپریالییەی بڕیاریان لە دەستوردا کە بەدەستکەوتی ئێجگار مەزن دامەزرا کە پر بوو لە نوخشەی برایەرتی و یەکێتی، پەرلەمان کۆبووەوە بڕیاری هەندێک سەربەخۆی و دیموکراسیەت درا بۆ نەتەوە ناتورکەکان لەوانە ئازادی چاپ و خوێندن بە زمانی زگماک. بەڵام ئەو قۆناغە زوو بەسەرچوو بزوتنەوەی ئەلبانەکان کە ئەیانویست پەرلەمانی سەربەخۆی خۆیان هەبێ دامرکێنرایەوە، بەڵام نەتەوە ناتورکەکان هەلەکەیان لەدەست نەیا و ڕیزی ئیتحادییەکانیان بەجێهێشت ئەوەبوو ئەلبانیا و بوڵگاریا لە جەنگی ساڵی ١٩١٢-١٩١٣ بەدواوە سەربەخۆییان ڕاگەیاند و پاشان شۆڕش و ڕاپەڕین کەوتە ناو نیوەدورگەی عەرەبی.

لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق قێزەونترین دیکتاتۆری سەردەم ڕوخێنرا عێراق و سوپاکەی کەوتنە ژێر ئینتدابی ئەمەریکی و سوپای عێراق هەڵوەشێنرایەوە، عێراق بێ بەرگری بوو هیچ نەتەوەیەک لەناو عێراقا هێزی ڕێکخراو و توانای سەربازی ئەوتۆی نەبوو بۆ بەرگری بێجگە لە نەتەوەی کورد کە دووەمین گەورە نەتەوەی ناو عێراقە. لەو کاتەیا کورد لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ خۆی خۆی بەڕێوەئەبردو ئەزمونی حکومڕانی خۆماڵی لەبەردەستا بوو، عێراق پاشەگەردانی بوو هەموو حیزبە عێراقییەکان سەرقاڵی شوێن بۆ خۆ کردنەوەو خۆ چەسپان بوون، هێزە کوردییەکان جەبەل حەمرینیشیان بەجێهێشتبوو بگرە بە شێوەیەکی کەمتر لەناو بەغدای پایتەختیشا بوونیان هەبوو.

لەساڵی ٢٠٠٣ کورد لەبری ئەوەی سود لە بارودۆخە نوێیەکەی عێراق وەرگرێ بیر لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆی بکاتەوە، بیریان تەنها لە دوو شت ئەکردەوە نوسینەوەی دەستوری عێراق و ڕێکخستنەوەی ماڵی شپرزەی عێراق وە بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی زۆرترین سامان و پلەی باڵا لەناو حکومەتی داهاتووی عێراقا ئەمە بەپێی نوسینەوەکانی “پۆڵ بریمەر”حاکمی عێراق کە ئەمریکا داینابوو بۆ بەڕێوەیردنی عێراق. کورد لەوکاتەیا لەتوانایا بوو بە سیاسەتی “ئەمری واقیع” دەسەڵاتی بەسەر کۆی خاکی کوردستانی باشورا بسەپێنێ کەچی لەبری ئەوە زیاتر %٥٠ی خاکی نیشتمانی خستە ژێر بەدندێکی دەستوری بەناوی مادەی ١٤٠! خاک چۆن ئەخرێتە دەنگدانەوە؟!

لەوەتەی تورک کۆچیان کردووە بۆ ئەنادۆڵ و لێێنیشتەجێ بوون کەیفیان بە کوردستان و ئەرمینیا نایە و بە ڕێگری خەونی دێرینی نەتەوەییاتی خۆیانی ئەزانن وەک لەمپەڕێک و جیاکەرەوەی وڵاتانێ “تۆران” کە لە ئازربایجان، ئۆزبەگستان، تورکمانستان، گورجستان…هتد

ساڵی ١٥١٤ لە جەنگی چاڵدێران کورد پاڵپشتی سوڵتان سەلیمی عوسمانی ستەمکاریان کرد و بوونە هۆی سەرکەوتنی بەسەر فارسەکانا. لەپاداشتی ئەوەیا سوڵتان پەیمانی لەگەڵ سەرکردەکانی کوردا بەست و پرۆتۆکۆڵی کوردو عوسمانی دان بە بوونی شانزە مێرنشینی مەزن و بچوکی سەربەخۆی کورد (کویرد هوکویمەتلەری) و پەنجا شارۆچکەی “سەنجەق”ی کوردو هەندێک سەنجەقی عوسمانیدانا. میرە بەناوبەنگەکانی باشوری کوردستان سەربەستی ناوچەکانی خۆیان بەدەستهێناو خۆیان خاوەنی سکەی پارەی خۆیان بوون بۆ هیچ جۆرە کارێکیش ڕوویان لە سوڵتان نەئەکرد و سەرانەو باجیشیان نەیاوە، بەڵام بەو جۆرەش هەر ملکەچی ئەوە بوون کە هەرگیز نابێ لە “بابی عالی” هەڵگەڕێنەوە و بیر لە سنور گۆڕین نەکەنەوە و میرە کوردەکان ناچارکرابوون ڕێز لە سنوری یەکتر بگرن، مەبەستی سوڵتان بۆ سەپاندنی ئەم تەنها خاڵە بۆ ئەوەبوو کە میرە کوردەکان هەرگیز بیر لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردستانی چەق و گەورە نەکەنەوە.

ئێستا ساڵی ٢٠١٧یە چەندین سەدە دوای شەڕی چاڵدێران و بەئەمری سوڵتان سەلیمی عوسمانی ستەمکار ڕیز لە سنورەکان ئەگرین و سنوری (باشورو ڕۆژئاوا)ی کوردستان تێکەڵ ناکەین! هەردوو هەرێمی باشورو ڕۆژئاوا سەربەخۆ خۆبەڕێوەئەبەن و ئەگەرچی دانی پیانەنراوە بەڵام بە “ئەمری واقیع” وەک دوو دەوڵەتی نیمچەسەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرێ لەلایەن کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیەوە.

ئێمەیەک کە بە هێزو بازو مەچەکی کوردی ڕێگربین لە هەڵگرتنی سنوری باشورو ڕۆژئاواو و بگرە تۆخترو توندوتۆڵتریش لە بێگانە داگیرکەرەکانی کوردستان بیان پارێزین چۆن ئەتوانین باسی ڕاپرسی و دەوڵەتی سەربەخۆبکەین؟

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *