سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە بەغدا وەڵامێکی توندی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەداتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 866 جار بینراوە

ستاندەر

ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە بەغدا وەڵامی لێدوانەكانی عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەداتەوە لەبارەی سەردانەكەی مام جلال بۆ وڵاتی ئێران.

ئەمە دەقەكەیەتی:

وەڵامێک بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەبەغدا
عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لێدوانێكی پڕ لەقین و ناشایستەی لەبارەی سەردانەكەی هەڤاڵ مام جلال بۆ ئێران بە میدیاكانى حيزبەكەى و كەنالى عەرەبى دابوو ،،،،وەك هەوڵێك بۆ سەرقاڵكردنی خەڵكی كوردستان بەپرس و باسی لابەلاوەو داپۆشینی شكستى حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان ،و گیرۆدەكردنی خەڵك بەبارودۆخێكی خراپی ئابوریی و سیاسی و قانونی لە كوردستان .لەوبارەیەوە دەمانەوێ‌ چەند رونكردنەوەیەك بخەینە روو: یەكەم: سەردانی هەڤاڵ مام جەلال زۆر دەمێكە ئامادەیی بۆ كراوە، جگە لە دیداری دۆستانەی تایبەت هیچ شتێكی دیكە لە ئەجێندای سەردانەكەدا نییە. دووەم: سیاسەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپرسی ریفراندۆم روونە، ئێمە دەمانەوێ‌ ئەو پرسە بەرێكاری قانونی و دروستی خۆیدا تێپەڕێت و هەم سازان و تەوافوقی سیاسی لەسەر بكرێت و كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشێكبن لەبڕیاردان لەو پرسە چارەنوسسازە، هەمیشه لەرووی قانونییەوە ئامادەیی بۆ بكرێت و لەپەرلەمانی كوردستان وەك تاكە مەرجەعی قانونی خەڵكی كوردستان بڕیاری لێبدرێت، هەروەك لەدوایین كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بەروونی بڕیارمان لێدواوە. سێیەم: ئەگەر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باس لەوە دەكات بارزانی چەند جارێك سەردانیكردنی ئێرانی رەتكردۆتەوە، ئەوا دەزانین لەسەر داوای ئەردۆگان و ئاك پارتی بووە نەك بڕیارێكی سەربەخۆی پارتی، بەڵام خۆ هەموومان هەقی ئەوەمان هەیە بپرسین، بۆچی بارزانی هەموو رۆژ لەڕێی ئەنقەرە و ئیستەمبۆلدایەو رێككەوتنی ژێربەژێریی و پەنجا ساڵی ئیمزا دەكات؟ هەروەك دەشزانین ئەگەر سەردانیكردنی ئێرانی رەتكردبێتەوە ئەوا لەبەرئەوە بووە ئێرانییەكان وەك ئەوەی ئەو دەیەوێت ئامادەنین پێشوازیی لێبكەن. چوارەم: هەرێمی كوردستان بەبارودۆخێكی سەختی ئابووری و پڕ لەكێشەو ئاڵۆزیی سیاسی و قانونیدا تێدەپەڕێت و پرۆسەی سیاسی و قانونی بەتەواوی پەكیكەوتووە، پێمانوایە ئەم لێدوانانە نەك خزمەت بە یەكڕیزی نیشتیمانیی خەڵكی كوردستان ناكات، بەڵكو دەبێتە هۆی لێكترازانی زیاتری پەیوەندیەكانمان لەناوخۆو لەبەغدا، هیوادارین پارتی دیموكراتی كوردستان رێگری لەم شێوە لێدوان و گوتارە سیاسییە بكات.
فراكسیۆنی یەكێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.