ھونەرمەند سەعدون یونس: نەخێر بۆ ریفراندۆمی حیزبی کە بۆ شاردنەوەی کێشە و قەیرانەکان و بەردەوامی تاڵانی بێت

لەلایەن ستاندار Posted on 959 جار بینراوە

سازدانی ستاندەر

ھونەرمەندی ناسراو سەعدون یونس کە ساڵانێکی زۆر لەسەردەمی رژێمی بەعس و دواتریش وەک ھونەرمەندێک چەندین کاری ھونەری گەورەی ئەنجامداوە کە بونەتە بەشێک لەمێژوی ھونەر و کلتوری کوردی، لەدیدارێکدا لەگەڵ ستاندەر ناوبراو رایدەگەیەنێت ریفراندۆمی سەرکەوتوو پێشمەرجی ھەیە و پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان واز لەوە بھێنێت تاک لایەنانە بریار بدات، ھەروەھا راشیدەگەیەنێت نەخێر بۆ ریفراندۆمی حیزبی و بۆ پەردەپۆشی کێشەکان.

دەقی دیمانەکە بخوێنەوە:

ستاندەر: وەک ھونەرمەندێک چۆن سەیری پرۆسەی ریفراندۆم دەکەیت کە ئێستا بۆتە فاکتەری قولبونەوەی جیاوازیەکانی نێوکۆمەلگەی کوردی لەکاتێک پێشتر سەربەخۆیی خاڵی کۆکەرەوەی جیاوازیەکان بوو؟

سەعدون یونس: برۆسەی ریفراندۆم ئەگەر کارکردن بۆ ئەنجامەکەی کە روونە و ئیمکان نیە ھیج میللەتێک سەربەخۆیی نەوێت، بەلام ئەگەر ریفراندۆم بۆ ئەوەیە بتەوێ بزانی بۆچونی خەلک لەسەر سەربەخۆیی چیە ئەوا ئەگەرچی وشەکە قورسە بەلام ھەر دەیلێم ئەوە سوکایەتیە بەعەقلی کورد. چونکە دەبێت بپرسین ئایا کورد ھەیە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی بلێ نا، ئەوە مەحاڵە چونکە ھەرچەندە ناکۆکی سیاسیش ھەبێ بەلام لەسەر ئەو پرسە ھەمووان دەڵێن بەڵێ، بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا ھەیە ئەوەیە کە دڵنیایی دراوەتە زۆرێک وڵاتان کە کار بەئەنجامەکەی ناکرێت کەواتە ئەی لەپێناوچی بکرێـ؟ پاشان ریفراندۆم لەھیچ شوێنێکی دنیا حیزب پێ ی ھەڵناستێت، ئێمە پەرلەمانێکمان ھەیە کە ھەلبژێردراوی خەڵکە و پەکخراوە، لەدەرەوەی ئەوە ھەندێ حیزب پرۆسەکەیان لەئەستۆ گرتوە، ھەندێ پاساویشیان ئەوەیە کە دەڵێت پەرلەمان نوێنەری ھەمو خەڵکی کوردستان نیە، ئەی باشە چ حیزبێک ھەیە نوێنەری ھەموو خەڵک بێت؟ ئەوەی روودەدات بەناوی ریفراندۆم ھەمووی بۆ شێواندنی راستیەکان، وەفدی کوردیی دەچێتە ئەوروپا و لەدەرگای وڵاتان دەدات کەچی دەرگاکانی ناوخۆ داخراوە، لەجێ ی چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ گۆران و ئیسلامیەکان و خەڵک ناکرێ داوای پشتگیری ولاتان بکرێ سەرەتا پیویستە ناوخۆ رێکبخرێت.

“پرۆسەی ریفراندۆم لەگەڵ ھەبونی قەیرانی دارایی و گەندەڵی و قەیرانیی کلتوری لەسەر چی دەکرێت، ئێستا کوردستان پێویستی بەچەندین چاکسازی و رێکخستنەوەیە کە دوایینیان راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆییە”

ستاندەر: پێتان وایە چی بکرێت بۆ ئەوەی رێگای گەیشتن بە سەربەخۆیی کە خەوانی خەڵکی کوردستانە ئاسانبێت؟

سەعدون یونس:  ھەر موو دەوڵەتێک لەسەر بناغەی ئابوری پاشان بناغەی کلتور مەبەست لەکلتور ھەموو رەھەندە کۆمەلایەتیەکان بەرۆشنبیری و ھونەری و لایەنەکانی تر’ ناسنامەی ھەموو میللەتیک کلتورە، قەیرانی داراییش کە قەیرانێکی دروستکراوە و زۆر قسەی لەسەر کراوە، ئێمە ئەگەربمانەوێت و ئیردانەھەبێت دەتوانرێ بەئاسانی بژێوی خەڵک چاکبکرێت, بەلام ئەگەر ئیرادەی وێرانکردن و تاڵانکردنی کوردستان بەردەوام بێ ئەوا بەدلنیایی کێشەی دارایی چارەسەر نابێت، دەبێت ئەو پرسیارە بکەین ئایا ئەوانەی ئەو قەیرانە داراییەیان دروستکردوە دەتوانن جارێکی کە چاکی بکەنەوە، من پێم وایە نەخێر و ئیمکان نیە بەو شیوە بتوانێ چاکی بکاتەوە، تەنھا ئەگەر شۆرشێکی گەورە لەناوخۆی خۆیدا ئەنجامدا، لەلایەکی تر میللەتێک بێ کلتور کە مێژوی خۆی نازانێت تائێستا سەنتەرێکی گەورەی گەورەی مێژوویی و کلتوری نیە، ھەمووی ھەولی تاکە کەسیە کە ئێمەی کلتورخوازان دەمانەوێ مەشخەڵی کلتورەکەمان نەکوژێتەوە بۆ ئەوەی ململانێ و خەباتێکی زۆرمان کردوە بەڵام بەبێ ئەوەی کە پاڵپشتیەک بکرێت.

“پرۆژەی ریفراندۆم دەبێ لەپرۆژەی حیزب دەربێت ئەوەش دەبێت لەرێ ی پەرلەمانەوە بکریت، پەرلەمانیش دەبێ دەرگای خۆی واڵا بکات بۆ ھەمو خەڵک رۆشنبیران و کلتورخوازان و چین و تویژەکان بۆ ئەوەی دواجار بگاتە پرۆژەیەکی رێک و پێک کە گرنگترینن خاڵی ئەوەبێ ئەنجامەکەی دیاربێت”

ستاندەر: لەگەل راگەیاندنی کاتی ریفراندۆم ھەوڵی تەخوینکردنی زۆری ئەو خەلکە دەدرێت کە بۆچونی جیاوازیان لەسەر کات و شێوازی ریفراندۆم ھەیە؟

سەعدون یونس: ئەگەر نیەتی دەوڵەت ھەیە دەبێت دەرفەت بەحیزبەکان بە رێکخراوەکان بەرۆشنبیران چین و توێژە جۆربەجۆرەکان بدرێ قسەی خۆیان بکەن، شتێک نیە بەناوی خیانەت لەسەر بۆچوون، کەس ناتوانێ بەمن بڵێ خیانەتکار کە کەسێکم ھەموو ژیانم لەپێناو میللەتەکەم و کلتورەکەی بردۆتە سەر، من بۆچونی خۆم بەرامبەر ئەو ریفراندۆمە ھەیە کە ئامانجەکەی روون نیە و ھیچ نیازێک نیە پر بەدەنگی خۆم دەڵێم نەخێر، دەبا کەسێکیش جورئەت بکات بە من بڵێ خیانەتکار، ئێمە دەبێ لەو ئەقلیەتە تەسکە دەرچین کە ئەوەی لەگەلم نیە دوژمنمە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دەبیت بگاتە ئەو ئەقلیەتە تۆ ناتوانێ بەتەنھا حکومرانی کوردستان بکەین، با ماوەیەک بتوانی وێرانی بکەی پاشان چی دەکەی؟ ھیچ رێگایەک نیە جگە لە میللەتەکەی خۆت، ئێمە گەورەترین تاقیکردنەوەمان بەسەرداھات کە داعش بوو بینیمان سێ ھەمەر خەریک بو بگەنە ناو ھەولێر، ئەگەر پاڵپشتی دەوڵەتان نەبوایە نەماندەتوانی ھێرشی داعش رابگرین.

بۆیە ئێستاش کات ماوە دەکرێ شتەکان باش بکرێنەوە، پێویستە سەرەتا ئاوڕ لە کێشەکان بدەینەوە ئێمە دەبێت ریفراندۆم بکەینە دەستکەوتێکی میللی.

ستاندەر : ئەو ھەنگاوانەی بۆ ریفراندۆم تاکو ئێستا نراون چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟

سەعدون یونس: ناکرێ ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان بکرێ، بەڵکو پێویستە پەرلەمان سەرپەرشتی بکات و ئامانجەکەی دیاریبکات، وەک گوتم بۆ سەربەخۆیی ھەموو میللەت دەستی بەرزدەکاتەوە، بەلام ئەو یاریەی بە سۆزی خەڵک دەکرێ ئەوە کاتی رۆیشتوە، خەڵک ئێستا ھۆشیار بۆتەوە دەزانێ ریفراندۆم پێش مەرجی ھەیە، تۆ ناتوانی خانوێک دروستبکەی ئەگەر پارچە زەویەکت نەبی، ھەرکات ئەو پارچە زەویە رێکخرا ئەوکات نەخشەی بۆ دادەنرێ، لەکوردستان تاکو ئێستا ئەو زەمینە سازیە رێکنەخراوە، ھەنگاوەکان ھەموو روونە، ھەمو جار دەپرسم ئایا ئەو دەسەلاتدارانەی کورد راوێژکاریان نیە ؟یان ئەگەر ھەیتیان بۆ بەگوێیان ناکەن؟ یانیش نازانن، بەلام بەدلنیایی ئەو پرۆژەی ئێستای ریفراندۆم بەو شێوەیە کە پارتی بەھاوکاری یەکێتی و یەکگرتوو جێبەجێ ی دەکات پرۆژەیەکی سەرنەکەوتوودەبێت، ئەگەریش بکرێ زیانێکی زۆر گەورەی دەبێت، بۆیە ئێستا ئێمە بەرەو ریفراندۆمێکی شکستخواردوو دەرۆین، بۆیە دەبێت ئاور بدەینەوە، من لەژیانی خۆم ھەرگیز باوەرم نەدەکرد بەو شێوەیە حکومرانی کوردی شکست بخوات بەو شێوەیە کلتور لەسایەی دەسەلاتی کوردی وێران بکرێت، کەس باوەری نەدەکرد بەئێستا بگەین، ئێستا نەگەنج نە پیر نە ژن کەس لەکوردستان خەونی نەماوە، ژیانی بەبێ خەونیش زۆر بێ مانایە، بۆیە گەرانەوە بۆ میللەت و دام و دەزگاکان بکەنەوە دەرگا داخراوەکان بکەنەوە، نەیار لەگۆرێ نیە بۆ کورد، رەنگە دلسۆز و نەیار بۆ حیزبەکان ھەبێت بەڵام بۆ کوردستان ھەموان دلسۆزن، رەنگە ئێمە بۆ پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو دلسۆز نەبین بەھۆی ئەو ھەنگاوانەی دەینێن بەڵام ھەموان بۆ کوردستان دلسۆزین، بۆیە پێداچونەوە بەو سیستەمە ئەرکی سەرەکی حیزبەکانە، بەڵام چاککردنی ئەو سیستەمە بەخەلکی گەندەڵ ناکرێ کە ئەمرۆ کوردستانیان بە ئەمرۆ گەیاند، بەڵکو پێویستی بەوە ھەیە لەپەرلەمانەوە بە پرۆژە کار لەسەر نەھێشتنی ئەو گەندەڵیە بکرێ و بەخەڵکێکی پاک بسپێردرێ کە بەرژەوەندیان لەگەل گەندەلی نیە، ئەوکات دەتوانین باسی داھاتوێکی رۆشن بکەین.

“دەبێ لەو ئەقلیەتە تەسکە دەرچین کە ئەوەی لەگەلم نیە دوژمنمە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دەبیت بگاتە ئەو ئەقلیەتە تۆ ناتوانێ بەتەنھا حکومرانی کوردستان بکەی، با ماوەیەک بتوانی وێرانی بکەی پاشان چی دەکەی؟ ھیچ رێگایەک نیە جگە لە میللەتەکەی خۆت”

ستاندەر: لەئێستادا چی بەپێویست دەزانی بکرێت؟

سەعدون یونس: پرۆژەی ریفراندۆم دەبێ لەپرۆژەی حیزب دەربێت ئەوەش دەبێت لەرێ ی پەرلەمانەوە بکریت، پەرلەمانیش دەبێ دەرگای خۆی واڵا بکات بۆ ھەمو خەڵک رۆشنبیران و کلتورخوازان و چین و تویژەکان بۆ ئەوەی دواجار بگاتە پرۆژەیەکی رێک و پێک کە گرنگترین خاڵی ئەوەبێ ئەنجامەکەی دیاربێت چونکە بەبێ ئەنجام بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانانە دەبێت کە دروستیان کردوە، چونکە نیازێکی پاک نیە تیایدا تەنھا بۆ بەردەوامی قەیران و تاڵانیەکانە ، بۆیە ئەگەر دەیانەوێ ریفراندۆم ببێتە پرۆسەیەکی نیشتیمانی ریگایەکی زۆر کورتە، بۆیە دەڵێم بەڵێ بۆ ریفراندۆمێک لەپێناو سەربەخۆیی و نیشتیمانی وە نەخێر بۆ ریفراندۆمی حیزبی بۆ شاردنەوەی کێشەکان و بەکارھێنانی وەک کارتی فشار.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.