سەرۆك لە دیوەخان بوو یا لە پەرلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 671 جار بینراوە
 پێشڕەو بابەشێخ

بەڵێ سەرۆكی پارتی و هی هەرێم نا,
مرۆڤ تا تەمەن بكات و زیاتر بژێت دەستاڕی ژیان زۆرتر دەیهاڕێت بەو ئەندازەش تا دێت بینراوو بیستراوە سەیرو سەمەرەكان زیاتر و زۆرتر دەبن .

جا ئەو سەیرو سەمەرانە لەوانەیە لەشوێن و قۆناغی جیاوازبن ,لەوانەشە شتی جۆراو جۆر بن . ئەوەی بۆمن لەم كاتەدا نوێترین سەیر وسەمەرەیە سەردانی شاندە حزبیەكەی هەرێم یا ڕونتر بڵێم شاندەكەی بارزانی وڕەگەڵ كەوتوەكانی بوو بۆ پەرلەمانی ئەوروپا و ئەوەشی بیر چوە پەرلەمانەكەی خۆشمانی داخستوە , بەناوی داواكاری و پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم و لەقسەكردنیش ناتەبایی سیاسی و یاسایی و شكات كردن بێت لە حزبێك.
شكاتیش چی؟ بە ئەوروپا بڵێیت لای ئێمە حزبێك هەیە خاوەنی سەرۆكی پەرلەمانە و خاوەنی 24 كورسی پەرلەمانیە بەڵام هێزێكی مەدەنیەو هێزی چەكداری نیە . بە ئەوروپا بڵێیت ئێمە بوین بە هێزە حزبیەكانمان شەڕمان كردو حزبێكیش هەیە نەهات هێزی چەكداری حزبی دروستبكات لەگەڵ ئەوەی ڕێكخەری ئەو حزبە ڕابەرێكی سیاسی و سەربازی شۆڕشی نوێ بوە و ئەندازیاری ڕاپەڕین بوە , شكاتی كردوە لەوەی ئەو حزبە ڕێگای خەباتی مەدەنی بۆ ئەم قۆناغە بە باشترین خەبات زانیوە و دەزانێت.
سەرۆكی پارتی و بەشێك لە هاوئاوازەكانی دەبێت ئەوە بزانن كە : ئێمە هەر پێشمەرگەیەك و چەك بەدەستێك بەهی خۆمان دەزانین كە هی نیشتمان بێت نەك حزب ,ئێمە هەموو شەهیدێك كە بۆ نیشتمان خۆی كردۆتە قوربانی بەهی خۆمان دەزانین نەك هی حزب . ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی پێشمەرگەین بە ئەندازەی كاركردنمان بۆ دابینكردنی ژیانی شایستە بۆ خۆیان و بنەماڵەكانیان ,نەك ژیانی ڕەفاهی بۆ خۆمان و بنەماڵەیەك . ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی پێشمەرگەین كەداوامانكردوە ڤێلا و بینا زەبەلاحەكانی ناوخۆ و دەرەوەتان بفرۆشن و منداڵە پێشمەرگە و شەهید لە كرێچێتی ڕزگاربكەن .
سەرۆكی بەشێك لە ڕەگەڵ كەوتوەكانت وهی ئێمەنا سەیرە :

تۆ بەس خۆت بە خاوەنی هێزەكانی 80 دەزانی وبەس بەڵام ئێمەهێزەكانی 70 و 80 و هەموو ئەو هێزە چەكدارانەی تریش كە خۆیان بە هی خاك و نیشتمان دەزانن , بەهی خۆمانیان دەزانین . ئێمە زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن ,پۆلیسی نەوت و پۆلیسی گاز ,ئاسایش و دژە تیرۆر كە خۆیان بەهی نیشتمان دەزانن بەهی خۆمانیان دەزانین.

ئێمە لەوەش زیاتر گەریلا و شەڕڤانیش بە ئەندازەی دژایەتی ئێوە بۆیان بە هی خۆمان دەزانین .

سەرۆكی ئەنجومەنی شوراو هی پەرلەمان نا :
سەیرو سەمەرە بو لام كە گوتت تێكدەرین
بەڵێ ئێمە تێكدەرین بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچە و چارەگە موچە نەهێڵین و ڕێكخەرین بۆ گەڕانەوەی مافی خوراوی فەرمانبەران و هێنانەوەی سامانی دزراوی وڵات .

 ئێمە تێكدەر نین و ڕێكخەرین ,تێكدەرین بۆ ڕوخانی قەڵای زۆرداری و زوڵم و ستەم ,تێكدەرین بۆ دروستكردنی قەڵایەك ببێ بە بەندیخانەی ئازادیخوازان و دیموكراسی خوازان و دەنگە بوێر و ئازا و ناڕازیەكان دژی زوڵم وستەمی دەسەڵاتێكی پاوانخوازی خۆسەپێنی تۆتالیتاری . دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی و پشتاوپشت و دور لە باوەڕبون بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات . بەڵێ تێكدەرین بۆ بنیاتنانی بناغەی دەسەڵاتێك ببێ بە مایەی برسیكردن و ڕفاندن و تیرۆر كردن و ئاوارەكردن و سەرتاشینی پێشمەرگەی پیرۆز ,ببێ بە مایەی سوكایەتی كردن بە كەس وكاری شەهیدان . بەڵام ڕێكخەرین بۆ بەدامەزراوەییكردن و دادی كۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا , ڕێكخەرین بۆ كاری پەرلەمانی و پەرلەمانتاری ڕێكخەرین بۆ دەستاودەستی دەسەڵات و جێهێشتنی كورسی دەسەڵات بە تەواو بونی ماوەی یاسایی .
ڕێكخەرین بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ منداڵە شەهید و پێشمەرگە و كەم ئەندامان و ڕێز لە هەوڵ و ماندوبونیان دەگرین و وەك ئەوان دەژین و بازرگانی نە بەخوێنیانەوە نە لەگەڵ دوژمنەكانیان ناكەین .
ئێمە ڕێكخەرین نەك تێكدەر :
ڕێكخەرین بۆ بە نیشتمانی كردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە دامەزراوەییكردنی هێزی چەكدار و دەرهێنانیان لەژێر دەست و سایەی حزب و كەسەكان و لیوا تایبەتە كەسیەكان بۆ ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتێكی دیموكراسی و دەوڵەتداری یاسایی چەسپاو بە بنەما دیموكراسی و نیشتمانیەكان و سیستەمێكی پەرلەمانی كە گەل خاوەن دەسەڵات بێت نەك خێڵ و بنەماڵەیەك . بەهەمان شێوە تێكدەرین بۆ دروستكرنی هێزی چەكداری حزبی و میلیشیایی و فەرمان وەرگرتن لە كەسەكان و بەكار هێنانی ئەم هێزە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكی و پرسە سیاسیەكان لە بەرژەوەندی بنەماڵەیەك و حزبێك .
دەبێت تێكدەر بین بۆ دروستكردن و بنیاتنانی سوپایەك خاڵی لە ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی و سەروەی یاسا .
لە ئەوروپا بەتەواوی بناغەی دەوڵەتداریتان داڕشت :
بەبەر چاوی بەشێك لە ئەوروپیەكان و میدیا ناوخۆییەكانتەوە ئەوەت سەلماند كە تا ئێستا لای ئێمە حزب هێزی چەكداری هەیە و حزب دەبێتە پاڵەوانی مەیدانی كۆتایی هاتنی جەنگ و ئەوەی هێزی چەكداری نەبێت بێبەشە لە بەشداری شەڕی تیرۆر , بێ ئاگا لە بەئاگایی بیرو سیستەم و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگای ئەوروپی و دەوڵەت و دامەزراوە و هۆشیاری تاك و ڕاگەیاندنەكانی ئەوان لەسەر جیاوازی هێزی چەكدارودابەشبونی لەنێوان حزب و خێڵ و نیشتمان و گەل.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.