مەسعود بارزانی نە دەبێتە رابەری نەتەوەیی نە پیاوی دەوڵەت

لەلایەن ستاندار Posted on 792 جار بینراوە

مەسعود بارزانی نە دەبێتە رابەری نەتەوەیی نە پیاوی دەوڵەت

ئارام رەفعەت
مەسعود بارزانی دوای ٧١ ساڵ تەمەن نەیتوانی ببێتە پیاوی دەوڵەت (statesman)، ئێستا لەو تەمەنەدا هەرگیز ناگاتە ئەو مەقامە.
بارزانی تەمەنی ٧١ ساڵە.
وەک خۆیی و هەوادارنی ئیدیعا دەکەن، بارزانی ٦٠ ساڵە سیاسەت دەکات. وەک دەزانین لەو ٦٠ ساڵەی تەمەنی سیاسەتکردنیدا، دوا ١١ ساڵی تەمەنی، هەم بەشەرعی و هەم ناشەرعی، سەرۆکی هەرێم بووە.
وەک هەر کەسێکی تر کە ٦٠ ساڵ سەرقاڵی کاری سیاسی بووبێت، بارزانی هەلی ئەوەی بۆ رەخسابوو تا ببێتە سەرکردەیەکی نەتەوەیی. بەهەمان شێوەش، لە ماوەی ١١ ساڵی سەرۆکایەتی هەرێمیشدا، ئەو هەموو هەلێکی بۆ رەخسابوو تا ببێتە پیاوی دەوڵەت و وەک دەوڵەتمەدار رۆڵ ببینێت.
بەڵام هەروەک دوێنێ لە برۆکسل بینیمان، نە ٦٠ ساڵ تەمەنی سیاسی بارزانییان کردە سەرکردەیەکی نەتەوەیی، وە نە ١١ ساڵی سەرۆکایەتیش ئەویان کردە پیاوی دەوڵەت.
هۆکار چییە؟
بارزانی گیرۆدەی ژینگە بنەماڵەیی و حیزبییەکەیەتی.
ئەو لە تەمەنی خۆیدا ١٥ ساڵی یەکەمی وەک کوڕی سەرۆکی خێڵ و ١٥ ساڵی دووەمی وەک کوڕی سەرۆکی خێڵ و هاوکات کوڕی سەرۆکی پارتی وە ٤١ ساڵی تریشی وەک سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی پارتی بەرێکردووە.
هەر ئەم باکگراوندەیە کە وایکردوووە کە لای ئەو سەرۆکی خێڵ هاوتا بێت لەگەڵ سەرۆکی حیزب، وە سەرۆکی خێڵ و حیزب هاوتا بن لەگەڵ هەر مەقامێکی تر، لەوانەش سەرۆکی هەرێم. لەلایەکی تریشەوە، هەر ئەو باکگراوندەیە کە لەتێروانینی بارزانی و هەوادارنییەوە سەرۆکایەتی مافێکە و بە میرات لەباوانییەوە بۆی بەجێماوە.
بەواتایەکی تر، بۆ بارزانی خێڵ و حیزب بناغە و پایەن بۆ هەر هەرەمە و ستراکچەیەکی تری بانتر و باڵاتر، لەوانەش نەتەوە و دەوڵەت.
ئەم رێچکە بەندیی و هاوتا کردنەی سەرۆکی خێڵ، سەرۆکی حیزب، سەرۆکی وڵات پێجەوانەی ئەو خەسڵەت و بنەما سەرەتایانەن کە پێویستە لەهەر سەرکردەیەکی سیاسیدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەیەکی نەتەوەیی یان پیاوی دەوڵەت.
بۆ ئەوەی سیاسەتمەدارێک ببێتە رابەری نەتەوەیی یان لەوەش زیاتر ببێتە پیاوی دەوڵەت، دەبێت یەکەم هەنگاوی سڕینەوەی خێڵ و بە ئامرازکردن و ناتەقدیس کردنی حیزب بێت. بۆ سەرکردەی نەتەوەیی خێڵ دیاردەیەکی پرەمەتیڤ و بەربەستێکە دەبێت بەسەریدا زاڵ بێت. بۆ پیاوی دەوڵەتیش، حیزب قاوغێکی تەسک و رێگرە و پێویستە تێکی بشکێنێت.
ئەگەر بارزانی بییەوێت ببێتە رابەری نەتەوەیی دەبێت زنجیرەکانی خێڵ بپچرێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە پیاوی دەوڵەتیش دەبێت قاوغی حیزب تێکبشکێنێت. ئەوەش گرفتە سەرەکییەکەی بارزانییە، چونکە بە نەبوونی خێڵ و حیزب ژیانی سیاسی بارزانیش کۆتایی دێت. بۆیە چاوەروانی ئەوە لە بارزانی مەکەن نە ببێتە رابەری نەتەوەیی و نە پیاوی دەوڵەت. بەهەمان پێودانگیش کورتبینی و خۆشخەیاڵییە ئەگەر چاوەروانی ئەوە لە بارزانی بکەین دەوڵەتی کوردستانی دابمەزرێنیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.