بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: وەڵامی مسعود بارزانی دەدەنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 620 جار بینراوە

ستاندەر

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌ باره‌گای‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپا له‌ برۆكسل رونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای‌ گشتی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت قسه‌كانی‌ بارزانی‌ نه‌ك ته‌نیا درزێكی‌ تری‌ خسته‌ ناو ریزه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ڵكو وێنه‌یه‌كی‌ ناشرینی‌ كوردستانی‌ نیشانی‌ دۆسته‌كانماندا له‌ ئه‌وروپا.

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یه‌:

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی

دوێنێ ١١/٧/٢٠١٧ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکی ئەوروپا لە بارەگای پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا، کۆمەڵێک قسەی ناڕاست‌و تۆمەتی ناڕەوای خستە پاڵ بزوتنەوەی گۆڕان. قسەکانی بارزانی نەک تەنیا درزێکی تری خستە ناو ریزەکانی گەلی کوردستانەوە بەڵکو وێنەیەکی ناشیرینی کوردستانی نیشانی دۆستەکانمان دا لە ئەوروپا. بۆیە ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی‌ دەزانین ئەم راستییانەی خوارەوە بۆ رای گشتی بخەینە رو:

یەکەم/ مەسعود بارزانی لە قسەکانیدا سوکایەتی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، کە بە خوێنی خۆیان بەرگری لە خاک‌و خەڵکی کوردستان دەکەن. بارزانی دەڵێ” گۆڕان موساهەمەی لە شەڕی داعش نەکردوە”، چونکە بارزانی پێشمەرگە بە چەکداری خۆی‌و حیزب‌و بنەماڵەکەی دەزانێ‌. بە پێچەوانەوە، ئێمە هێزێکی مەدەنین‌و بڕوامان بە دروستکردنی هێزی چەکداری حیزبی‌ نەبوەو نەمانکردوە، بەڵکو جەختمان لەسەر بەنیشتمانیکردنی هێزە چەکدارەکان کردۆتەوەو لەسەر ئەم بنەمایەش وەزارەتی پێشمەرگەمان وەرگرت. سندوقەکانی دەنگدان شاهیدی ئەوەن کە گۆڕان زیاتر لە ٢٥٠٠٠ دەنگی لەناو هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێناوەو چەندین کەس لەوانە لە شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش شەهیدو بریندار بون. ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لەوانە پێشتر لەسەر دەنگدانیان بە بزوتنەوەی گۆڕان سزای سیاسی‌ دران‌و نانبڕاو کران. وەزیری پێشمەرگەش لەسەردەمی شەڕی داعش لە بزوتنەوەی گۆڕان بو. ئەمە جگە لەوەی هەمو میدیای گۆڕان لە خزمەتی پێشمەرگەو شەڕی روبەڕوبونەوەی داعشە.

دوەم/ بارزانی بێگوێدانە ئەوەی کە پەرلەمانەکەی خۆی داخستوە، کەچی هانا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا دەبات. لەوێش دەیەوێ ئەوروپاییەکان وەک خەڵکی کوردستان چەواشە بکات، کاتێک کاری رۆژانەی پەرلەمانی لای پەرلەمانتارانی ئەوروپا بە کودەتا شوبهاند. پەرلەمانتارانی ئەوروپا چاک دەزانن کە پێشکەشکردنی پرۆژە یاسا لە پەرلەمان کودەتا نیە، بەڵکو کارێکی یاسایی‌و ئاساییە. پێناسەی کودەتا لای پەرلەمانتارانی ئەوروپا بەکارهێنانی هێزی چەکدارە بۆ رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان‌و داخستنی دەرگای هۆڵی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، کە چەکدارانی حیزبەکەی بارزانی کردویانە. رەنگە تاکە روداوێک کە لای پەرلەمانتارە ئەوروپاییەکان پێناسەیەکی دیاریکراوی نەبێ هێنانی دەبابەکانی رژێمی بەعسە بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان.

سێیەم/ دامودەزگاکانی پۆلیس‌و ئاسایشی هەرێم لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکانی مانگی سێپتەمبەرو ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ کردو لە رۆژی ٣/٢/٢٠١٦، بە شایەدی شاندی یەکگرتوی ئیسلامی‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی شاندی یەکێتی بە شاندەکەی پارتی وت: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کە گۆڕان بە هیچ شێوەیەک دەستی نەبوە لەو روداوانە، کە تێیدا بارەگاکانی پارتی سوتان‌و ژمارەیەک هاوڵاتی لەلایەن پاسەوانی بارەگاکانی پارتییەوە شەهید کران. ئەمە لە کاتێکدا حیزبەکەی بارزانی بە فەرمی پۆزشیان بۆ یەکگرتوی ئیسلامی هێنایەوەو دانیان نا بە سوتاندنی بارەگاکانیان‌و شەهیدو بریندارکردنی سەرکردەو ئەندامەکانیان لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٢ لەلایەن چەکدارەکانی پارتیەوە. ئەوە بەرپرس‌و چەکدارانی پارتی بون لە ١٧ی شوبات لە سلێمانی‌و ناوچەکانی تر (١٠) منداڵ‌و لاوی بێچەکی کوردیان شەهید کرد. خەڵکی کوردستان‌و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی‌و راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەواهی ئەوە دەدەن کە شەهید‌و بریندارکردن‌و گرتن‌و سوکایەتیکردن بە رۆژنامەنوس‌و میدیاکارو هونەرمەندو مامۆستای ئایینی‌و مامۆستای زانکۆو پێشمەرگە لە لایەن پارتی‌و دەزگا هەواڵگرییەکانیەوە دەکرێ.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کە گەلەکەمان پێیدا تێدەپەڕێ‌و بارزانی وا ئیدیعا دەکا گوایە دەیەوێ دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی خۆی دابمەزرێ‌و لەگەڵ شاندە یاوەرەکەی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی چون بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، بەڵام لەوێ گەلەکەمانی بە پارچە پارچەو دابەشکراو وێنا کرد. هەر بۆیە ئۆباڵی تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی‌و یەکڕیزی نیشتیمانی‌و نەمانی متمانە لە نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان‌و هەر پێشهاتێکی نەخوازراو لە ئەستۆی بارزانی‌و عەقڵییەتی پاوانخوازی ئەوەوەیە. هەر هەنگاوێکیش لە داهاتو بەو ئاراستەیە نەک نابێتە مایەی ئاسودەیی خەڵکی کوردستان‌و بەدیهێنانی دواڕۆژێکی گەش بۆ گەلەکەمان، بەڵکو کارەسات‌و نەهامەتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
12/7/2017

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.