پەیامەکەی دوێنێ بارزانی لەباربردنی ھەلێکی تر

لەلایەن ستاندار Posted on 670 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد

ئەوەندەی من تێبینیم کردبێت کەم جار ھەبوە کاتێک بارزانی لێدوانێکی دابێت ناکۆکیکەکان قوڵتر نەبوبێتەوە، نەببێتە ھۆی ئەوەی لایەنەکان زیاتر لەیەکتر دوربکەونەوە لێدوانەکان بەرامبەر یەکتر توندتر نەبێت.

لەئێستادا ھەوڵێک ھەبو لەلایەن خودی پارتی بۆ ئەوەی لەمەولا خۆی راستەوخۆ گفوگۆکۆ لەگەڵ کۆمەڵ و گۆڕان بکات بۆ گەیشتن بەرێگاچارە، بۆ ئەوەش لەچەند رۆژی رابردوو لەدەستپێکی ئەو ھەوڵە سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کرد، ئەوەش ئومێدێکی دروست کرد، ئەو قۆناغە پێویستی بە جۆرێک لەنەرمی بوو ھەروەھا وەستاندنی قسەکردن بو بەرامبەر یەکتر لە میدیاکان بۆ دروستکردنی کەشوھەوایەکی دۆستانە، بەڵام ئەو لێدوان و تۆمەتبارکردنەی لە برۆکسل بارزانی ئاراستەی گۆڕانی کرد وای کرد ئەو قۆناغە بەجۆرێک لەمردویی لەدایک بێت.

پێویست بوو بارزانی لەوەڵامی ئەو پەرلەمانتارانە دانی بنامایە بە ھەبونی کێشەکان لەنێوان ئەوان و گۆڕان و کۆمەڵ، لەجێ ی تۆمەتبارکردن پێویست بو بیگوتبایە ئەو کێشە ناوخۆییە خۆمان چارەسەری دەکەین و نیگەرانی ئەوان دەڕەوێنینەوە،  باسی ئەو ھەوڵە نوێیەی خۆیانی بکردایە لەدانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و ئامادەییان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر. لانی کەم وەک نێچیرڤان بارزانی دانی بەوە بنابایە کارێکی خراپیان کردوە لەداخستنی پەرلەمان بەڵام بە باشترین حەلیان زانیوە، تۆ ناکرێت داوای پشتگیری پەرلەمانەکانی دنیا بکەی بەڵام لەو لاوە پەرلەمانەکەی خۆت داخستبێت.

بەدڵنیایی تاکە رێگای چارەسەری بۆ ئەو قۆناغە دان نانە بەھەڵەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری لۆژیکیانە نەک لێدانەوەی قەوانەکان، ئامادەیی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دەبوو وەک ھەل لەلایەن پارتی بقۆسترابایەوە، نەوەک بەو شێوەیە لەبار ببرێت، چونکە بنەمایەکی گرنگی دانوستان وەک گوتم زەمینە سازی و رەخساندنی کەشو ھەوایە بەپێچەوانەوە قەیرانەکان قوڵتر و قوڵتر دەبێتەوە، وڵاتانیش دەبێ بزانین تەنھا گوێ لەلایەنێک ناگرن بەئاسانی ھەڵوێست نانوێنن تاکو سەرجەم لایەنەکانی پرسەکان شەنوکەو نەکەن، واتە ئەگەر بارزانی پێ ی وابێت بەوەی کۆمەڵ و گۆڕان تۆمەتبار بکات ئەوروپا بەلای ئەو دایدەشکێننەوە زۆر ھەڵەیە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.