بۆچی یەکێتی سیاسەتی دووفاقی دەکات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 800 جار بینراوە

رفعت هەڵەبجەیی

لەوانەیە زۆرێک لە وخەڵکانەی کە سەرقاڵی سیاسەتن یاخود موتابەعەی قەیرانەکان دەکەن تووشی جۆرە تێ ڕامانێك هاتبن لە هەڵوێستە دووفاقیەکانی یەکێتی کە بە فکر لای گۆڕانەو بەدڵیش لەلای پارتیە. ئەم جۆرە هەڵوێستانە لەلای حیزبی کوردی تازەو نامۆ نین. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابووردوو واتە پێش کودەتاکەی پارتی بەسەر پەرلەماندا چاک دەزانین کەوا هەر چوار حیزبەکە جگە لەپارتی خاوەنی یەك پرۆژە بڕیار بوون لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کەچی کاتێک لە پەرلەماندا خرایە دەنگدانەوە یەکگرتووی ئیسلامی هەر بەنقەست و لە ژێر فشاری پارتیدا ٥ ئەندام پەرلەمانی خۆی ئاگادار کرد کەوا بەشداری دانیشتنەکە نەکەن هەر ئەوەش بووە هۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی بۆ لابردنی بارزانی. یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی مەرکەزی بڕیاری لەدەست داوە بۆتە چەند باڵێك و کەس بڕیاری ئەوی تری قەبوڵ نیە هەر خودی بنەماڵەی تاڵەبانی بوونەتە یەک دوو باڵ.

لەلای هەموو کەس ئاشکرایە کەوا ئابووری کوردستان بەهەموو سەرچاوەکانیەوە لە ژێر کۆنترۆڵی دوو خێزاندایە ئەویش خێزانی بارزانی تاڵەبانی یە کۆکردنەوەو ساغ کردنەوەی داهاتی هەرێم ٩٠٪ ی لە بواری نەوتدایەو پارتی ساغی دەکاتەوە لەبەر ئەوە یەکێتی شەریکی نیوەی ئەو داهاتەیە کە لەنەوتی هەرێم بەدەست دێت ، بۆ ئەوەی یەکێتی نیوەی ئەو داهاتەی کە وەری دەگرێت دەبێت هەمیشە لەگەڵ پارتیدا شەریکێکی گوێ ڕایەڵ و هاو هەڵوێست بن هەر بۆیەش قوباد تاڵەبانی دانراوە وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی ئاگاداری حیساباتی نیوە بەشی بنەماڵەکەیان بێت. لەو داهاتەی هەرێم چەندی لێ خەرج بکەن بۆ دانیشتوانی هەرێم کە تاکو ئێستا کەس نازانێت داهاتی نەوت چەندەو چۆن خەرج دەکرێت بەڵام من دڵنیام کە کە بەشە بۆدجەی هەردوو حیزبی بنەماڵە لەو داهاتانەدا پشکی شێرە.لەلایەکی ترەوە یەکێتی و پارتی بەدەیان کۆمپانیای جۆراو جۆریان مۆنۆپۆل کردووە و هەریەکەیان ئاگاداری نهێنیە بازرگانیەکانی ئەوی تریانە لەبەر ئەوە بە تێكچوونی شەریکایەتی ئەم دوو حیزبە یاخود ئەم دوو بنەماڵە گورزێکی گەورەی ئابووری لەهەردوولایان دەکەوێت بۆیە هەتاکوو داهاتی نەوت هەبێت مەحاڵە ئەو دوو حیزبە تێك بچن ،چونکە من بۆ چونێکم هەیە لەسەر ئەو دوو حیزبە ئەویش ئەوەیە کاتێک دارایی و پارەیان نەبوو شەڕ دەکن ئەگر بیرتان بێت شەڕی ناوخۆی ئەو دوو حیزبە لەسەر چەد دوو کانە ڕوخاوێك بوو لە شاری قەڵادزێ ٦ ساڵ شەڕی ناوخۆیان کرد کەچی ئێستا لەبەر ئەوەی سەرکردەکانی هەردوو لا بوونەتە بازرگان خۆیان لێ بۆتە گاندی هەرباسی لێبووردەیی و هێمنی دەکەن خۆیان کردۆتە پەپولەو هەرباسی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ئەم ئەزمونە دەکەن مەگەر ساڵی ١٩٩٤ ئەم دەڤەرە کوردی لێ نەبوو یان خاوەنی ئەم ئەزمونە نەبووین ئەی بۆچی شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرسان.

ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ ئەوەی ئەی بۆچی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هاوفکرو هاوپرۆژەن ؟

هەموو ڕۆشنبیرێک دەزانێت کەوا سالانێک لەمەو بەر پارێزگای سلێمانی دەوروبەری پێش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ بە زۆنی سەوز ناسرابوو ، بەڵام دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٣وە ئەو هاوکێشە سیاسیە گۆڕاو بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە حیزبی پلە یەک لە زۆنی سەوز واتە ئێستا ئاراستەی جەماوەری سلێمانی دەورو بەری بە دەرەجەی یەک لەدەستی گۆڕاندایە . یەکێتی دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان شەقامی زۆنی سەوز بە ئارامی بهێڵێتەوەو نەیەڵێت ڕووبەرووی گەندەڵکارانی دەسەڵات کە ئێستا بە فعلی وەکو هێزی ئەمنی و ئابووری لەژێر دەستی یەکێتیدایە؟

یەکێتی بۆ ئەوەی شەریکە داهات و بازرگانی بێت لەگەڵ پارتیداو لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی بەلانسی هێزی سیاسی و پێگەی جەماوەری خۆی لەدەست نەدات دەبێت لەگەڵ گۆڕانیشدا هاو پرۆژەو هاوهەڵوێست بن .یەکێتی زۆر ژیرانەو سیاسیانە گەمەی سیاسی دەکات ڕۆڵەکانی دابەش کردوو بەسەر دوو کارەکتەردا واتە خودی حیزبەکەی دابەشی دوو بەرەکردووە بەرەیەکیان سیاسەتی ئابووری و سەربازی و بەڵانسی هێز لەگەڵ پارتی هاوپەیمانی ستراتیژی جێ بەجێ دەکەن بەرەکەی ئەم لایش لە گەڵ گۆڕاندا هاو فکرو هاوهەڵوێستن. بەڵام ئەم سیاسەتەی یەکێتی خۆڕسک نیەو لە بنەڕەتدا وانیە بەڵکو دابەش کردنی ڕۆڵە بۆ ئەوەی هەم خاوەنی ئەو داهاتە گەرەیە بن کە لەگەڵ پارتیدا دەستیان دەکەوێت لەم لایشەوە بەشەقام و جەماوەری توڕەی خۆیشیان بڵێن ئەوە گرۆپی پرۆ پارتیەکانن دوای بارزانی کەوتوون ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوهەڵوێستین .نومەنەیەکی زۆر زەق و زیندوو یەکێتی لە ڕاگەیاندنەکاندا لێدوانی فەرمیان دا کەوا ئەوان بەشداری کۆبوونەوەکەی ٧ی مانگی پیرمام ناکەن ئەی باشە خەیرە قوبادی کوری تاڵەبانی و نەجمەدین کەریم بەشدار بوون .

نمونەی دووەم لیژنەیەک پێک هێنرا بەسەرۆکەیەتی بارزانی بۆ بەڵجیکا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا باشە نەجمەدین کەریم چۆن لەخۆیەوە دوای بارزانی کەوت ئەی ئاسۆی شێخ جەنگی لە مۆسکۆوە کەنوێنەری حکومەتی هەرێمە چۆن خۆی گەیاندە بەڵجیکا ئەمیش هەر بە ڕێککەوت بوو.

ئەم یاریە سیاسیە دوو فاقیانەی یەکێتی لەلای پارتی کەشفن و بە ئاگاداری خودی بارزانی دەکرێن بەڵام بەو مەرجەی کە هەمیشە دژی بەرژەوەندی و پرۆژەکانی پارتی نەبن.

ئەوەی لەم نێوەندەدا بێ ئاگایە بزوتنەوەی گۆڕانە، گۆڕان تاکو ئێستاش وای بۆ دەچێت ئەم سیاسەتەی یەکێتی خۆڕسکە واتە لەڕاستیدا یەکێتی دوو بەرەیە کە ئەمەش خوێندنەوەیەکی هەڵەیەو لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو سیناریۆکان ئاشکرا دەبن هەرچەندە تاك و تەرا لە گۆڕانخوازان دەرکیان بەو ڕاستیانە کردووە.

یەکێتی یاری بەکات دەکات دەیەوێت بەو پارە زەبەلاحەی کە لەداهاتی کوردستان لەگەڵ پارتیدا دەستی دەکەوێت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا لە ڕێگەی پێدانی موچەو بەخشینەوەی پارەی زۆر بەسەر سەرۆک عەشیرەت و خاوەن پێگە کۆمەڵیەتیەکاندا بۆ کڕینی دەنگی جەماوەر لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا. ئەگەر هاتوو دەنگی یەکەمی هێناو ژمارەی کورسیەکانی وەکو جارانی لێ هاتەوە ئەو کاتە ئیتر منەتی بە گۆڕان نیەو خۆی هەموو جومگە هەستیارەکانی زۆنی سەوز لەدەستی خۆی دەگرێت.خۆ ئەگەر دەنگەکانیشی کەمیان کرد ئەوا لەگەڵ گۆڕاندا دەبێتە هاو پەیمان واتە دوای هەڵبژاردنەکان .لە کۆتاییدا ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە دابەش بوونی یەکێتی بەسەر دووبەرەدا دیاردەیەکی خۆرسک نیە واتە لە ڕاستیەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکو سیناریۆیەو دابەش کردنی ڕۆڵە لەنێوان ئەو دوو بەرەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیەکانی یەکێ یە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.