سامانی وەستا بەکر
کاتێ مرۆڤ بە دیموکراسییانە بۆ شتە ڕاستەقینەکان بڕوانێ ئەگاتە ئەو باوەڕەی کە ڕێفراندۆم باشترین شێوازی خەباتە. کاتێکیش مرۆڤ بەهۆشێکی ڕوون ڵێکدانەوەی وورد بۆ بارودۆخەکان ئەکات و یاساکانی سروشت هەئەسەنگێنێ ئەوا ڕێفراندۆم باشترین ڕێبازە، مافی سروشتی مرۆڤیشە ئەوەی بۆ مرۆڤایەتی ڕەوایە کاری بۆ بکات و بیکا بە ڕاستی.
ڕێفراندۆم یان کۆمەڵپرسی دەنگدانێکی ڕاستەوخۆیە، کە تێیا داوا لە تەواوی دەنگدەرانی کۆمەڵەیەک یان ولاتێک ئەکرێت بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیازێکی دیاریکراو کە لەلایەن دەزگایەکی کاربەدەست پێشنیازکراوە. ئەنجامی ڕێفرادۆم ڕەنگە ببێتە ھۆی دەرچوونی یاسایەکی نوێ. لە سیستەمی پەرلەمانی نوێیا بۆ پەسەندکردنی یاسایەکی بنەڕەتی یان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کە لە حکوومەت ئەنجام ئەیرێت.
ڕاپرسی یا کۆمهڵپرسی بریتییه لەوەی دەنگی راستهخۆ له ههموو ئهندامانی پێکهێنهری یهکینهیهکی سیاسی، کۆمهڵگایهک، جڤاتێک یان گرووپێکی دیاریکراو بۆ پهسهند یان ڕەتکردنەوەی سیاسهت یان یاسایەک که لایهنێك پێشنێاری کردووە. له زۆر کاتتا مهبهستی سهرەکی کۆمهڵپڕسی دوورەپهرێزییه له سیاسهت یان یاسایەک که ڕەنگه به زیانی زۆرینەی کۆمهڵگا تهواو ببێ.
له سیستمی سیاسی پەڕلەمانی و لیبراڵییا لە کۆمهڵپرسی بۆ مهبهستی پهسهندکردنی دەستووری بنچینهیی یا گۆڕانکاری له یاساکاندا کهڵک وەرەگرێت، هەندێکجار بۆ پهسهندکردنی سیاسهتێک که قورسایییەکی بهرچاوی لەسەر سیاسهتهی وڵاتا هەیە، بۆ وێنه بۆ بڕیاران لهسهر پرسی چوونه ناو یان هاتنهدەرەوە له یهکییەتی ئەوروپا ڕێفراندۆم ڕێکارێکه که له لایهن کۆمهڵیک له وڵاتانی رۆژئاوایی ڕەچاو کراوە و ئەکرێ.
نموونهیهکی دەگمهن له ئاستی جیهانییا وڵاتی سویسرایە که له ساڵی ١٨٣١ بهدواوە و لەو کاتەوە کانتۆنی “سنتگاڵ” بۆ یاسادانان ڕێکاری ڕێفراندۆمی گرتهبهر و کانتۆنهکانی تری ئهو وڵاته ئهو ڕێگەچارەیان به باشزانی و ڕەچاویانکرد ڕێفراندۆم بووبه ڕێکاری سهرەکی بۆ پهسهندکردنی یاسا لەو وڵاتەیا.
ڕیفراندۆم ئەو هەنگاوە سەختەیە کە رێگا دوورو درێژەکان کورتئەکاتەوەو بەربەستەکان هەڵئەتەکێنێ، چونکە لە ڕێفراندۆمدا هەموو گەل بەزمانی ئاشتی قسە ئەکات و جوانیەکان لەناو جوستەی هەمووانا دەپەروەرێنێ و گەشەشیان پێئەیات.
هیچ یاسایەکی جیهانیش نییە لەبەردەم ڕێفەراندۆما ببێتە بەربەست بەڵکو ئەو یاسایە هەیە کە ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوایە بۆ تاکەکان و کۆمەڵ تا وەک ئامرازێک بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە بەڕێگاکانیتر مسۆگەر نابن. ئەوەی رێفراندۆم ڕەتی دەکاتەوە تەنها سەپاندنی ئیرادەی کەسی و حیزبی و بنەماڵەیی و توندوتیژییە چونکە ئاسۆی ڕیفراندۆم ئەوەنە پرشنگدارە ئەگەر لەیەکەمین هەوڵەکانیشا نسکۆ بهێنێ ئەوا نسکۆکان کاتی ئەبن و سەرکەوتنی مسۆگەریان بەردەوامە. بیریشمان نەچێ هیچ شتێک بەزۆر و بەپەلەپروزکێ ناکری تەنانەت ڕێفراندۆمیش.
کوردستانی باشور ئەگەر بەشۆڕش ڕاپەڕینی بەرپاکردبێ وە ڕاپەڕینیش خەڵکی ئامادەکردبێ بۆ هەڵبژاردن و حکومەتی فیدڕاڵی ئەوا ڕێفراندۆم گەلی کوردستان ئەگەیەنێ بە لوتکە.
بەڵام چۆن، كێ بڕیاربا، کێ جێبەجێی بکا، چۆن ڕەفتار لەگەڵ ئەنجامی ڕێفراندۆم بکرێ و لە ماوەی چەنا؟
ڕێفراندۆم تەنیا مافی نەتەوە مەزنەکان نییە بە ڵکو مافی هەموو ئەوانەشە کە لە ئۆردوگایەکی تەلبەنکراوا دەستبەسەرن. رێفراندۆم بۆ ئێمەی کورد ئەگەر بەڕێ و بەجێ بکرێ بەڕێوەبچێ هەموو ئەو تەلبەندانەش هەڵئەتەکێنێ کە چەندین سەدەیە بۆتە کۆت و پێوەند بۆ کوردستانێکی سەربەخۆو ئاسۆیەکی ڕونیش دروسئەکات تا سنوورە دەستکردەکان بڕوخێنێ.
لە ڕێفراندۆم گرنگتر تێگەشتنە لێی، چونکە ڕێفراندۆم چەکێکی دوو دەمە ئەکرێ خۆش ببڕێ ئەگەر هەڵە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. لە ئێستای هەرێمی کوردستانا پرسی ڕێفراندۆم فراوانترین پرسە کە کۆی کۆمەڵگەو مێدیا و شەقام و کوچەو کۆڵان و بگرە سەر سفرەو خوانی خێزانەکانیشی داگیرکردووە.
لەگەڵ گرنگی پرسی ڕیفراندۆم کە ئەکرێ کلیلی ئەو درگایەبێ کە چەندین ساڵە لەسەر خەونی دێرینی کورد داخراوە بەڵام عینادی سیاسی و خۆ بەزلزانی خود لەئاست نەتەوە، بچوک کردنەوەی ئەو پرسە مەزنە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردن، بەڕی کردنی بە نایاسایی پرۆسەکە، بەدید نەگرتنی پەرلەمان، کۆکردنەوەی بریارە مەزنەکە لەدەستی تاکە کەسێک ئەشێ لەبری ئەوەی کلیل بەلای کردنەوەیا بادەین بەلای داخستن و قفڵی کردنەوەی درگاکەیا بادەین و خەونی دێرین بۆ چەندین دەیەی تر دواخەین.
ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی جۆرێکی ڕاپرسییە کە لەویا هاوڵاتیانی هەرێمێک بڕیار لەسەر ئەوە ئەیەن کە ئایا هەرێمەکە ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان نا؟ بۆیە ئەم جۆرە کۆمەڵپرسییە ئەبێت بەگشتگیریی و بە ڕێکەوتنی کۆی پێکهاتەکانی هەرێمەکەو حیزبە سیاسییەکانبێ و نابێ و ناکرێ هیچ کەسێک ببێتە ڕابەرو خاوەنی بەڵکو ڕابەرو خاوەنی پرسەکە ئەبێ کۆی گەلبێ نابێ هیچ کەس و لایەنێ پەراوێزخرێ و تەنها بڕیاردەری ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی دەزگای پەرلەمانە ئەگەر نا هیچ سوودو قورساییەکی نابێ.
ڕاپرسی یان کۆمەڵپرسی (ڕێفراندۆم) دوو جۆری هەیە “ذڵخواز” کە لەڕێگەی خەڵکەوەیە نەک حیزبی سیاسی کە ئەم مۆدێلە لەهەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ بەڕیوەچوو بەڕێژەی %٩٨ سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە ئەکراو ئەکرێ بکرێ بە بنەما بۆ سەربەخۆی کوردستانی باشور بەڵام بە نادیدەگیرا لەلایەن دەسەڵاتی باشورەوە چونکە خاوەندارێتی ئەگەڕایەوە بۆ کۆی خەلک نەک تەنها یەک کەس و یەک حیزب و یەک بنەماڵە.
چۆری دووەمی کۆمەڵپرسی ئیجباریی “تۆپزی یان زۆرەملێ”یە کە بۆ فەرزکردنی خواستی کەسی یان حیزبی یان بەرژەوەندییەکی تایبەتە، ئەم جۆرە لە ڕاپرسی بە نیوەگیان بەڕێوەئەچی و بە نەبووی یان مردووی لەدایک ئەبێ کە هۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی زەوییەکی بەپیت بۆ چاندنی تۆیی سەربەخۆی کە بەداخەوە ئاماژەکان بۆئەوەئەچن لە ئێستایا کە لە هەرێمەکەی لەمەڕ ئێمە بۆ داکوتانی قاچەکانی کورسی دەسەڵاتی کاک مەسعود بە بێخی ویژدان و هەستی نەتەوایەتی ناسیۆنالیستی کوردیا ئەم جۆرە بەڕێوەبچێ.
لەگەڵ ئەوەی کە ناسیۆنالیزم بریتییە لە چەمکێکی سیاسی هۆشیاری هاوبەشی نەژاد و زمان لە نێوان قەڵەمڕەوێکی سنووردیاریکراوا وە لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی لێکدەرەوەکان ئەوەیان سەلمانووە کە ئەوە ناسیۆنالیزمە نەتەوەی تیا لەدایک ئەبێ نەک پێچەوانەکەی بۆیە ئەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین کە ناسیۆنالیزم بریتییە لە پەیوەندییەکی سیاسی لەدەرەوەی پرۆگرامی نەتەوەیی.
بۆیە گرنگە دوورکەوینەوە لە ووروژاندنی هەستی ناسیۆنالیزمی تاکی کورد لەهەمبەر پرسی ڕێفراندۆم چونکوم چەند نەتەوەیەکی تر لەسەر خاکی کوردستان هاوبەش و هاوژیان لەگەڵمانا ئەژین و ئەبێ ئامانجی ڕێفراندۆم سەربەخۆی خاکبێ نەک نەتەوە. خۆ ئەگەر وانەکەین ناتوانین قەناعەت بە نەتەوەکانیتر بهێنین بۆ سەربەخۆی خاکی کوردستان.
لهو پێناسه کورتانەی سەرەوە دەرئەکهوێ که کۆمهڵپرسی شیوازێکی زۆر باوی سیاسییه که زۆر کات له زۆر شوێنی ئهم جیهانه بۆ چارەسهرکردنی پرسێکی سیاسی کهڵکی لێوەرگیراوە. ڕێفراندۆم بریتییە لە مافێکی سیاسی که له پهیماننامه نێونهتهوەییەکانا گهڵاڵه کراوە له ههمانکاتا کۆمهڵپرسی به مانای پهنابردنه بۆ دیمۆکراسی ڕاستهخۆ و ڕای گشتی خهڵك، کاتێک پرسێکی گرنگی سیاسی له ڕێگای پەرلەمانهوە نەبێ پوچەڵ و بێ کەڵک ئەبێ چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئەمە پرسی کۆمەڵگەیەو پەرلەمانیش بچوکراوەی کۆمەڵگەیە.