کاریگەری پاشکۆیەتی ئابووری لەسەر پێشنەکەوتنی وڵاتە دواکەوتووەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 1932 جار بینراوە

کاریگەری پاشکۆیەتی ئابووری لەسەر پێشنەکەوتنی وڵاتە دواکەوتووەکان

محەمەد ئەحمەد

کاتێک دەمانەوێ لە ھۆکاری دواکەوتویی یان پێشنەکەوتنی وڵاتە دواکەوتووەکانی بکۆلینەوە ئەوا یەکسەر دەست بۆ فاکتەرە ناوەخۆییەکان دەبەین و باسی لێوە دەکەین ، جا ھەندێک بە تایبەتی کۆمەڵناسان جەخت لەسەر ژێرخان و بنیادی کۆمەڵاتی دەکەنەوە کە پێیان وایە تا ژێرخانی کۆمەڵاتی نەگۆرێ سەرخانە سیاسیەکەش ناگۆڕێ. لەولاشەوە شیکەرەوە سیاسیەکان باس لە گۆڕینی سەرخان و نوخبەی سیاسی دەکەنەوە وەک سەرەتایەک بۆ گۆرانکاری گشتگیر لە رووی سیاسی و کۆمەڵاتی و ئابووری و فەرھەنگ و پەروەردەییەوە.

ھەر دووک لەم ئاراستەیە بەشێوەیەک راستن و بەڵگەی ئەزموونی و تیۆریشیان ھەیە بۆ ئەمە بەڵام من دەمەوێ لێرە باس لە فاکتەری دەرەکی و سیستەمی ئیمپریالیزمی سەرمایەداری جیھانی بکەمەوە کە چۆن یارمەتیدەرە بۆ ھێشتنەوەی بارودۆخی دواکەوتویی ئەم وڵاتانەو ، تەنانەت رێگرە لەبەردەم پرۆسەی گەشەسەندنیان لەرووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتی . ئەویش لەرێگەی وەبەرھێنانی بیانی و قەرزی دەرەکی و بەتایبەتی کردنی کەرتە گشتیەکانی وڵات لە لایەن کۆمپانیا فرەرەگەزەکانەوە بەمەش ئابووری وڵاتە دواکەوتووەکان دەکەنە پاشکۆی خۆیان و لە حالەتێکی دواکەوتویی دەیانھێڵنەوە لە سوودی و بەرژەوەندی خۆیان.

“کۆمەڵناسان جەخت لەسەر ژێرخان و بنیادی کۆمەڵاتی دەکەنەوە کە پێیان وایە تا ژێرخانی کۆمەڵاتی نەگۆرێ سەرخانە سیاسیەکەش ناگۆڕێ”

بیرمەندان وتیۆرسازانی (پاشکۆیەتی ئابووری) وەک سیستەمێکی جیھانی خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە دەکەن، جیھانیشیان دابەشکردووە بەسەر سێ جۆر لە وڵاتان . وڵاتانی (ناوەند) کە ووڵاتە پێشکەوتووەکانن ، وڵاتانی (کەنار) کە دواکەوتووەکانن لەگەڵ وڵاتانی ( نیمچە کەنار ) کە لە نێوان ھەردووکیانن . بۆ ئەمەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بوونی کۆمپانیا فرەنەتەوەیی و فرەرەگەزەکان لە وڵاتە دواکەوتووەکان بۆ وەبەرھێنان و چالاکی ئابووری زیان بە ژیرخانی ئابووری ئەم ووڵاتانە دەگەێنێت و دەبێتەوە ھۆی پاشکۆیەتی ئەم ووڵاتە لاوازانە و لکانیان بە زلھێزەکان و، وە رێگریشە لەبەردەم پرۆسەی ھەنگاونان بەرەو پێشکەوتن و بە پیشەسازی بوون . بۆ ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی باس لە سێ ھۆکار و گاریگەری دەکەن لەسەر دواکەوتویی .

1. چەوساندنەوەی بەردەوام : بریتیە لە چەوساندنەوەی بەردەوامی وڵاتانی کەنار لەلایەن وڵاتانی ناوەند ئەمەش لە رێگای ھەڵـلوشینی ئەم زیادەیەی کە لە سامانی نیشتمانی وڵاتانی کەنار ھەیە بە شێوەیەکی بەردەوام ، وە نەزیف بوون لەبەر رۆیشنێکی بێ شوماری ئەم سامانە کە وڵاتانی کەنار خۆیان زۆر پێویستیان پێ ھەیە بۆ پرۆسەی گەشەکردن و بە پیشەسازی بوون . ھەروەک ( فرانک ) دەڵێت ” ھاتنە ناوەوە بۆ وڵاتانی کەنار بەھۆی وەبەرھێنانی بیانیەوە ھەموو زیادەکان لە کەنارەوە بۆ ناوەند دەباتەوە ….. ئەم کاریگەرە پاکتاوکەرەش دەبێتەوە ھۆی کەلەکەکردنی سەرمایە لە وڵاتانی ناوەند و ھاوکات دواکەوتویی وڵاتانی کەنار” ھەروەھا فرانک چەمکی ( گەشەکردنی دواکەوتویی ) خستەروو کە پێیوایە ھەژاری لە وڵاتانی کەنار دۆخێکی سەرەتایی نیە ، بەلکو پرۆسەیەکی بەردەوام تازەیە و ئەم ھەژاریە ھەر لە گەشەکردندا دەبێت بەبێ کۆتایھاتن بە سوڕەکەی. واتە ئەم دواکەوتوییەی لەم وڵاتانە ھەیە ھاوشێوەی ئەم قۆناغە دواکەوتوییەی وڵاتانی رۆژئاوا نیە کە پێیدا پەرینەوە بۆ قۆناغی بە پیشەسازیبوون بەڵکو ئەم دواکەوتوییەی وڵاتانی کەنار بەردەوام گەشە دەکات و زیاتر دەبێت لە جیاتی ئەوەی قۆناغێکی سەرەتایی و راگوزەر بێت. چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام قازانجەکانی وەبەرھێنان و سوودی قەرزە دەرەکیەکان لە وڵاتانی کەنار دەگوازرێتەوە بۆ ووڵاتانی ناوەند بەمەش کۆسپ دەخاتە بەردەم پرۆسەی گەشەکردن لەم ووڵاتە دواکەوتوانە.

2. شێواندنی بنیادی ئابووری کەنار: لایەنگرانی تیۆری پاشکۆیەتی پێیان وایە ئیمپریالیزمی سەرمایەداری ، جیھانی دابەشکردووە لەرووی کارە وە . وە بنیادی ئابووری وڵاتانی کەناریشی پەیوەستکردووە بەو بنیادەی دابەشکردنی جیھانیانەی کار . لەم دابەشکردنە جیھانیەش وڵاتانی کەنار تەنھا تایبەتمەند کراون بە ھەناردەکردنی کەرەستەی خاو و سامانی سروشتیان بۆ وڵاتانی ناوەند ، ووڵاتانی ناوەندیش لەم کەرەستە خاوانە کەل و پەل و کاڵای جۆراو جۆر دروست دەکەن و دەینێرن بۆ بازارە جیھانیەکان. کە ئەمەش ئاستەنگی دەخاتە بەردەم پرۆسەی گەشەکردن.چونکە ئەو ئابووریەی وڵاتانی کەنار کە ئاراستەی دەرەوە کراوە تەنھا تەنھا لە بواری بەرھەمھێنانی کەرەستە خاوەکان تایبەتکارە و پەڕە بە بنیادێکی فرەیی و جیاکار و سەربەخۆ پشت بەخۆ بەستن نادات.

( فرانک ) دەڵێت ” ھاتنە ناوەوە بۆ وڵاتانی کەنار بەھۆی وەبەرھێنانی بیانیەوە ھەموو زیادەکان لە کەنارەوە بۆ ناوەند دەباتەوە ….. ئەم کاریگەرە پاکتاوکەرەش دەبێتەوە ھۆی کەلەکەکردنی سەرمایە لە وڵاتانی ناوەند و ھاوکات دواکەوتویی وڵاتانی کەنار”

بەم جۆرەش ھەر ئابووریەک گەر جیاکاری و فرەرەھەندی و خۆ بەرھەمھێنەری تێدا نەبوو ئەوا ھەمیشە لە دۆخی ناسەقامگیری و پاشکۆیەتی دەمێنێتەوە چونکە خواست و نرخی ئەو کەرستە خاوە بەرھەمھاتوانەی ووڵاتانی کەنار دەوەستێتە سەر ئەو کاڵا و کەرستە سەرمایەداریانەی کە لە وڵاتانی ناوەند دروست دەکرێت، بەمەش ھەمیشە لە حالەتی ھەڵبەز و دابەز دەمێنێتەوە و ئیتر پرۆسەی پلاندانانی ئابووریش لە وڵاتانی کەنار زۆر قورس و زەحمەت دەبێت چونکە ئابووریەکی پاشکۆ و نا سەربەخۆیان دەبێت.

ئەمە سەرەرای ئەوەی ئەم دابەشکاریە جیھانیە دەبێتە ھۆی ئاڵوگۆری ناھاوسەنگ لە بازرگانیدا چونکە وڵاتانی کەنار دەبنە بازارێک بۆ ساخکردنەوەی کەلوپەل و دروستکراوەکانی ولاتانی ناوەند و سەرمایەداری ئەمەش دەبێتە ھۆی نایەکسانی لەداھات ئیتر وڵاتانی ناوەند رۆژ بە رۆژ سەرمایەیان زیاد دەکات لەسەر حسابی ولاتانی کەنار. سەرەنجام وڵاتانی ناوەند و سەرمایەداری ، ولاتانی کەنار ناچار دەکەن کە ھەر لە دۆخی پاشکۆیەتی و بەرھەمھێنانی کەرستە خاوە سەرەتاییەکان بمێننەوە ئەمەش رێگرە لەبەردەم پرۆسەی گەشەسەندنی زیاتر.

3. بە دیکتاتۆریکردنی نوخبەی سیاسی: پاشکۆیەتی ئابووری و وەبەرھێنانی دەرەکی و ھاتنی کۆمپانیا فرەرەگەزەکان دەبێتە ھۆی دروست بوونی پەیوەندیەکی پتەو لە نێوان نوخبەی دەسەڵاتداری ولاتانی کەنار و ولاتانی ناوەند و کۆمپانیا فرەرەگەزەکان . لەم پەیوەندیەدا ھەردوو لایەن رێکدەکەون کە ھاریکاری یەکتربن و پشتی یەکتر بگرن لە پاراستنی بەرژەوەندی یەکتر لە پێناو مانەوەی ئەم سوودە دوولایەنیەی کە بەیەکتری دەگەیەنن.

بەم ھۆیەشەوە وڵاتە زلھێزە سەرمایەدارەکانی ناوەند بە ھەموو شێوەیەک ھاریکاری نوخبەی خواستراو و دەستەمۆی وڵاتانی کەنار دەکەن لە لەناوبردنی بزوتنەوە نیشتمانیەکان و سەرکوتکردنی گشت نارەزایی و داواکارییەکانی خەڵک و تێکشکاندنی ھەر ھەوڵێک بۆ گۆرانکاری سیاسی لە وڵاتانی کەنار کە مەترسی بێت بۆ سەر نوخبەی خواستراو لە لایەن ناوەند، یان ھەر ھەوڵێک بۆ گۆرانکاری سیاسی لە دەسەڵاتێکی عەمیل و گەندەڵەوە بۆ دەسەڵاتێکی نیشتمانی سەروەرخواز.

ولاتە زلھێزەکان بە پێچەوانەی ئەو بەھا دیموکراسیانەی بانگەشەی بۆ دەکەن ھەموو ھەوڵێکیان بۆ بە دیکتاتۆریکردنی نوخبەی ولاتانی کەنارە چونکە لە بەرامبەر دیکتاتۆریکردنیان دوو ئامانجی ستراتیژی دەپێکن ، (ئامانجێکی ئابووری ، ئامانجێکی سیاسی ).

لەرووی ئابووریەوە ھاریکاری یەکتر دەبن کە سیاسیە بازرگانەکانی وڵاتانی ناوەند ئابووری وڵات پەیوەست بکەن بە ھەناردەی کەرستە خاوەکان لەبەرامبەر ھاوردەکردنی کاڵا دروستکراوەکانی ولاتانی ناوەند، بە بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیەش رێگری دەکەن لە سەرھەڵدانی بۆرژوازیەتی نیشتمانی و پیشەسازی لۆکاڵی. وە گرینگی نەدان بە کەسانی بەھرەمەند و زانستی و توێژینەوە زانستیەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی و پیشەسازی و رێگریکردن لە کارەکانی کەسانی سەرمایەداری بێ لایەن و نیشتمانی ، ھاوکات ھێشتنەوەی پیشەسازیە بچووک و ئاست نزمەکان وەکو خۆی گرنگی نەدان پێیان تاوەکو لەلایەک خەڵکی سەرمایەداری مەدەنی و سەربەخۆ دروست نەبێت و ئابووری و داھاتی خەڵک ھەر وابەستەی دەسەڵات بێت و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بێت چونکە بەلای ئەوان ھەژموونی ئابووری یەکسانە بە ھەژموونی سیاسیش لەلایکی ترەوە تا کارگەکان گەشەنەکەن و بەرھەمەکانیان نە توانێت کێبرکێی بەرھەم و کاڵای ولاتانی ناوەند بکات وببێتە جێگرەوەی چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی چیتر ولاتانی کەنار نەبنە بازارێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانی ولاتانی ناوەند .لەسەرەنجامدا گۆرانکاری روودەدات لە ھاوسەنگی بارزگانی و ئاڵوگۆری لە دژی ئابووری ولاتانی ناوەند.

“وڵاتە زلھێزە سەرمایەدارەکانی ناوەند بە ھەموو شێوەیەک ھاریکاری نوخبەی خواستراو و دەستەمۆی وڵاتانی کەنار دەکەن لە لەناوبردنی بزوتنەوە نیشتمانیەکان و سەرکوتکردنی گشت نارەزایی و داواکارییەکانی خەڵک و تێکشکاندنی ھەر ھەوڵێک بۆ گۆرانکاری سیاسی لە وڵاتانی کەنار کە مەترسی بێت بۆ سەر نوخبەی خواستراو لە لایەن ناوەند”

لەلایەکیتر ولاتانی سەرمایەداری ناوەند لە ھەمبەر ئەو پارێزبەندیەی بۆ نوخبەی دەسەڵاتداری ولاتانی کەنار تەرخانی دەکەن دەتوانن بە رێککەوتن لەگەڵیان سامانی نیشتمانی و خێر و بێری ولاتانی کەنار بە تاڵان ببەن . واتە ھەردوو لایەن ( دەسەڵاتدارانی وڵاتانی کەنار و دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ناوەند) بە رێککەوتن بە سوودی دوولایەنە ئەویان بە رێگەدان بە بردنی سامانی سروشتی وڵات ئەویان بە پارێزگاریکردن لە مانەوە لەدەسەڵاتیان، کە خێر و بێر و سامانی وڵاتانی کەنار لە پێناو سوودی خۆیان قۆرغ بکەن . کە ئەمەش تەنھا بە بوونی نوخبەیەکی گەندەڵ و بێ شوناس دەبێت کە ھیچ ستراتیژیەت و ئامانجێکی نیشتمانیان نەبێت ، وە ھیچ باکیان بە داھاتاتووی وڵات و نەوەکانیان نەبێت .جگە لە بە ئامانجگرتنی دەسەڵاتی ڕووتیان و مانەوەی زیاتری خۆیان.

وە لەرووی سیاسیەوە … ئەوەی گرینگە لە بە دیکتاتۆرکردنی نوخبەی دەسەڵاتی وڵاتانی کەنار بۆ وڵاتە سەرمایەدارەکان ئەوەیە کە ھەمیشە پاساوی لەدەسەڵات لادانیان ھەیە بە ھۆی دیکتاتۆربوونیان ، ئەویش لە ھەر ئەگەرێکی ھەڵگەرانەوە واتە ھەڵگەرانەوە لە دەسەڵاتێکی بەگرێگیراوی نا نیشتمانی بۆ دەسەڵاتێکی نیشتمانی .

نموونە لەسەدەی رابروودا زۆرە کە ھەموو ئەو سەرکردە نیشتمانیانەی ھەوڵی خۆماڵیکردن و بە نیشتمانیکردنی نەوتیاندا و دژی داگیرکاری سەرمایەداری دە وەستانەوە چ لە رۆژھەڵاتی ناوەراست چ لە ئەمریکای لاتینی و ھەندێک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەراست چۆن دوچاری دژایەتی و ھەوڵی کودەتا دەبوونەوە بە پیلانگێری cia و ھێزە موخابەراتیەکانی زلھێزەکانی رۆژئاوا.

شتێکی زانراوە کە هه‌ركاتێك ئه‌مریكا بیه‌وێت ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوه‌خۆی ووڵاتێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات و ڕژێم و ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتداری بگۆڕێت بێ گومان به‌ دروشمه‌كانی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ دێت بۆ لادانی كه‌سی دیكتاتۆر كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌.

كه‌واته‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕژێم و سه‌ركرده‌ك پاساوی لادانه‌كه‌ی هه‌بێت ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ بكاته‌ كه‌سێكی دیكتاتۆر، ده‌بێت ڕێگری بكات له‌ ده‌سته‌به‌ربوونی دیموكرسیه‌ت له‌م ووڵاته‌ چونكه‌ ده‌سته‌به‌ربوونی دیموكراسیه‌ت به‌مانای سه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دێت به‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌ نێوان سه‌ركرده‌ و خه‌ڵك دروست ده‌بێت ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی نه‌بوونی پاساو بۆ ده‌ستێوه‌ردان.

به‌م پێیه‌ ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ تاكڕه‌وی و دیكتاتۆری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیان په‌یوه‌ندیه‌كی دووژمنكارانه‌ بێت تا هه‌ر كاتێك بیه‌وێت پشتی لایه‌نێك له‌ دژی لایه‌نه‌كه‌یتر بگرێت.

به‌كورتی بوونی دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستی ئاشتی ده‌سه‌ڵات وسه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حكومه‌تی نیشتمانی و ته‌كنۆكرات و ده‌سته‌به‌ربوونی مافه‌كانی مرۆڤ له‌م ناوچه‌یه‌دا ، له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایه‌ چونكه‌ پاساوی ده‌ستێوه‌ردانی نابێت هه‌ركاتێك بیه‌وێت. به‌ڵكو له‌پێناو بوونی پاساوی ده‌ستێوه‌ردان ده‌بێت دیكتاتۆرێك دروست بكات.جا ئیتر تا كه‌سی دیكتاتۆر ملكه‌چی بێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بپارێزێت ماوه‌ی ده‌دات بەڵام‌ هه‌ر كاتێك دژی بوه‌ستێته‌وه‌ ئەوا به‌پاسای دیكتاتۆری ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و ئه‌و گه‌ل و خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌شی كه‌ له‌ ناوه‌خۆ لێی كردبووه‌ دوژمنی له‌ دژی هه‌ڵیان ده‌ستێنێت.

بەمپێیە ئەم دیکتاتۆرکردنەش دوو رەھەندی ھەیە یەکەم لەرووی نێودەولەتیەوە پاساوی دەبێت بۆ دژایەتی کردنی ھەر دەسەڵاتێک کە خۆی نەیەوێت و، نیشتمانی و دژە سەرمایەداری بێت کە خێر و بێر و سامانە سروشتیەکەی تەسلیمی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەکات، (لە ژێر ناوی دژایەتی کردنی دیکتاتۆرەکان )چونکە سیاسیەتی دووفاقی ئەمریکا زۆر روونە لەم بابەتە کە چۆن بۆ نموونە پشتگیری سعودیە و دەسەڵاتەکەی دەکات ھەرچەندە کە دەسەڵاتێکی نا دیموکراسی و توندرە وە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تیایدا زۆر بەرچاوە لە ھەموو رووێکەوە ئەویش تەنھا لەبەر ئەوەی سامانی سروشتی وڵاتەکەی دەدۆشێت بەڵام دژایەتی دەسەڵاتی ئێران دەکات تەنھا لەبەر ئەوەی سامانی سروشتی و نەوتەکەی خۆماڵی کردووە رێگەنادات کە کۆمپانیا زەبەلاحەکان بێن ھەڵلوشی بکەن ، ھەرچەندە کە رژێمی ئێرانیش دیکتاتۆرە، ئەمە بۆ دژایەتیکردنی رژێمی بەعس و ناسر و موسەدەق و قەزافی … ھەر راستە بەڵام پرسەکە پەیوەندی بە ھەژموونی ئابووری مژینی سامانی نیشتمانیەوە ھەیە نەک جۆری سیستەمی سیاسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئەو دروشمانە.

دووەم ، زلھێزەکانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا ئیش لەسەر بوونی ترس دەکەن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە چونکە گەر ئەم دەسەڵاتانە ھەمیشە ھەست بە ترسێک بکەن ئەوا ناچار دەبن بۆ خۆپارێزی لەم ترسە خۆیان تەسلیمی ئەمریکا بکەن لە ھەمبەر پارێزبەندیەک بۆیان. ئەم ترسەش تەنھا بە دیکتاتۆربونیان بۆیان دروست دەبێت . بەم پێیە گەر نوخبەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەی کەنار دیکتاتۆر و گەندەڵ بن ئەوا ھەمیشە لەلایەک پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک پەیوەندیەکی پڕ ململانێی و دوژمنکارانەیە و ، رەگەزی ترس و بێ متمانەیی لەنێوانیاندا زاڵ و باو دەبێت . لە لایەکیتر پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ھێزە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەکانیش بەھەمان شێوە پر ترس و ململانێی و پیلانگێری توند دەبێت .

بەم شێوەیەش ئەمریکا ھەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت پشگیری لایەنێکیان بکات دژی لایەنێکیتر وە ھەمیشە ئەم جۆرە دەسەڵاتە نا نیشتیمانیانە لە دەسەڵات بھێڵێتەوە کە لەرووی سیاسی و ئابووریەوە لەخزمەت بەرژەوەندی ئەمریکا دا دەبن.

کەواتە ئەگەر بێت و، وڵاتانی کەنار و دواکەوتووەکان

بگەنە ئاستی بەرجەستکردنی سیستەمێکی دیموکراسی و تیایدا بەپێی دەستوور و یاسا حوکمێکی دامەزراوەییانە بکەن و بگەنە سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی،ئەوا پەیوەندیەکی تەندروست و ئاشتیانە ھەم لە نێوان دەسەڵات و خەلک ھەم لە نێوان ھێزە سیاسیەکان و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دروست دەبێت . کاتێک ئەمەش دروست بوو ئەوا ھەر دوو پاساو و تاکتیکی زلھێزە ئیمپریالیستەکان پوچەڵ دەبێتەوە . چونکە لە لایەیەک گەر ئەم وڵاتاتە ببنە وڵاتێکی دیموکراسی و ماف و بەھاکانی ئازادی و دادپەروەری و تێدا بەرجەستە ببێت ئەوا زلھێزەکان چیتر پاساوی ئەوەیان نابێت کە دەستێوەردان بکەن و ، سەرکردە و ھێزە نیشتمانیەکان لابدەن لە ژێر ناوی لادانی دیکتاتۆر و ھاوکات ئەو نوخبەیە گەندەڵە بێ شوناسەی کە خۆیان دەیانەوێت بھێننە سەر دەسەڵات و بیانپارێزن.

لە لایەکیتر گەر ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست بوو ، وە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەلک و ھێزە سیاسیەکان تەندروست و ئاشتیانە بوو ئەوا دیسان رەگەزی ترس و بێ متمانەیی لە نێودەچێت و ، بەمەش چیتر زلھێزەکان ناتوانن ھیچ لایەنێک بە ئەویتر بترسێنن و لایەنێک دژی ئەویتر ھانبدەن و کەلێن و دووبەرەکی و دوژمنداری ناوەخۆیی دروست بکەن ، تا ھەر کاتێک بیانەوێت پشتگیری لایەنێک بکەن دژی لایەنێکیتر و چۆنیان بوێت ئاوا تای تەرازوو بەلای لایەنێک قورس بکەن دژی ئەوانیتر .

بە مانایەکیتر گەر رەگەزی ( ترس لە ئەویتر و لە ھێزەکەی تر) نەما لە نێوان ھێز و لایەنە ناوەخۆییەکان ھاوکات رەگەزی متمانە لە نێوانیان دروست بێت ، وە پەیوەندی و ململانێکانیان بەپێی یاسا و رۆحیەتێکی دیموکراسی بوو ، ئەوا چیتر ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی ناوەخۆی ناچار نابێت خۆی بخاتە ژێر ھەژموون و ئیرادەی ھێزێکی دەرەکی تا لە مەترسی ھێزە ناوەخۆییەکانی تر بیپارێزێت،، تەبعەن ئەم پارێزگاری و دڵنیاییە دەرەکیەش بێ سەرانە و باج نیە. کەواتە ((ھەبوونی ترس و بێ متمانەیی ناوەخۆیی یەکسانە بە خۆ تەسلیمکردن بە ھێزێکی دەرەکی لە پێناو دابینکردنی پارێزبەندی لە ھەمبەر ئەم ترسە ، ئەم پارێزبەندیە دەرەکیەش لەسەر حیسابی سامان و خێر و بێری گشتی وڵات دەبێت، بەرژەوەندی زلھێزە ئیمپریالیستە سەرمایەدارەکانیش ھەر لەوەدایە)).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.