فەشەلی ڕیفراندۆم

لەلایەن ستاندار Posted on 893 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

بۆچی ئەنجامی ڕیفراندۆم فەشەل دێنێت؟
بێگوم ان هەموو گەلان مافی چارەی خۆنوسینیان هەیە، هەموو گەلێک ئارەزوویەکی سایکۆلۆجی بۆ سەربەخۆ بوونی هەیە، کەس نکۆڵی لەم بابەتە ناکات چونکە گەلان خاوەنی کولتوورو خاک و بەهاو زمانی تایبەت بەخۆیانن، ئەمەش پاڵیان دەنێت بۆ سەربەخۆی، بەڵام سەربەخۆبوونی هەر گەلێک ناکرێت لەسەر بنەمای هەستی ناسیۆنالیستی عاتیفیانە بێت، دەبێت لەدرووستکردنی دەوڵەتدا بۆگشت بنەماکانی عەقڵکاری بکرێت.

دەبینین چەند دەوڵەتێک دوای سەربەخۆبوونی وێرانترە لە پێش سەربەخۆبوونی،بۆیە مەرج نیە هەمو کات دروستکردنی دەوڵەت دەرمان بێت، لەهەزارەی سێیەم گەر وڵاتانی کۆسۆڤۆ و باشوری سودان بەنمونە وەرگرن کە سەربەخۆییان ڕاگەیان، دەبینین کۆسۆڤۆ لە ئەوروپا یەکیکە لەهەژارترین وڵاتانی قاڕەکەی و بەردەوام قەیرانی ئابوری هەیە، باشوری سودان بۆتە جەنگەڵستان و بەردەوام جەنگ میوانیانەلەسەر دەسەڵات، ئەمانە بوون بەدەوڵەت، ڕزگای نەکردن، بۆیە سەرانی ئەمریکا چەند جارێک ڕایانگەیاند کە ناهێڵن نمونەی باشوری سودان دووبارە بێتەوە، بۆیە خەونی دروستکردنی دەوڵەت مەرجنییە بەهەشت بێنێت، زۆر جار جەهەنەمێکی دروستکردووە.

بابەتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەشێک لەپارتەکانە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، نکۆڵی ناکرێت هەموان ئارەزوی دروستبوونی دەوڵەت دەکەن ، چونکە بابەتێکی دەرونی و ناسیۆنالیستی هەمووانە، بەڵام بەربەستەکانی بەردەم دروستبوونی ئەم دەوڵەتە کوردییە چین؟ئایا بەربەستەکان فەشەلی ئەنجامی ڕیفراندۆممان بۆ ناسەلمێنێت؟
سەرەتا بارو دۆخی ناوخۆی کوردستان و عیراق و وڵاتانی دراوسێ(تورکیا و ئێران)و ناوچەکە(ناسیۆنالیستی عەرەب)و جیهان (ئەمریکاو ڕوسیا) دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بارودۆخی کوردستان لەوپەری بێ یاسایی و مافیاکڕاتی و قەیرانی ئابوریدایە، لێرە خەڵک خەمی بەرمیلێک نەوت و نیوە موچەکەی لە خەمی ڕیفراندۆم پێ گرنگترە، بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی کۆمەڵگا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمە و ڕەخنەی دەکات چونکە باوکە سیاسییەکانی دەسەڵات نەیانتوانیوە متمانە لای خەڵک دروستبکەن، متمانەیەک کە ئامادەبن دەوڵەت بدەنە دەستی ئەم باوکە سیاسیانە، لێرە جگە لەحوکمی دوو حیزبی دەسەڵاتخواز شتێکی تر بوونی نییە، دیموکراسی و ئازادی سوکترین شتە لای دەسەڵاتی جوت حیزب و ڕۆژانە کەسە ئازادو ڕا ئازادەکان لێیان دەدرێت و سوکایەتیان پێدەکرێت ، لێرە ژیان و ئازادی لەمەترسیدایە، بۆیە تا ئێستاش بەشێک لە هێزەکان مانەوەیان لە عێراقدا پێ باشترە، بێگومان لە ئێستادا باشترە لەچوارچێوەی عیراقدابین، چونکە بنەماکانی دەوڵەت بوونمان نیە، وروژاندنی بابەتی ڕیفڕاندۆم بۆ ئاڵۆزبوون و کات کوشتن و پەرتکەو زاڵبەیی ناو حیزبەکانە، عیراقیش بەتوندی دژایەتی ڕیفراندۆم دەکات، چونکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەریەککەوتن دروست دەکات.

ئیران و تورکیا هەرگیز ڕێگایان نەداوە کورد بیر لە دەوڵەت بکاتەوە، ئەم دوو وڵاتە مەترسیدارن گەر دووژمنایەتی کورد بکەن، چونکە بەئاسانی دەتوانن ئاسایشی هەرێم تێکبدەن و قەیرانی ئابوری قوڵتر بکەن، چونکە هاوردەیەکی زۆر لەم دوو وڵاتەوە دێتە هەرێمی کوردستان، هەرگیز نابیت بیر لەڕازی بوونی ئەم دوو وڵاتە بکەینە وە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، چونکە بەمانای خۆکوشتنی خۆیان دێت، کوردەکانی خۆشیان دەکەونە دوای ئارەزووی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هاوشێوە، ناسیۆنالیستی عەرەبیش تا ئێستا کوردی بەچەقۆی ژەهراوی سەر دڵی عەرەب داناوە، هەمووکات ڕێگردەبێت، ئەمریکاو ڕوسیاش لەگەڵ یەکپارچەی عێرقدان، ئەم دوو وڵاتە هەرگیز دڵی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا ناگۆڕنەوە بە کورد، مێژوو شایدی ئەم بابەتەیە، چونکە وڵاتانی عەرەبی سەرچاوەیەکی ئابوری و دیبلۆماسی و سەربازی ئەم دوو وڵاتەن، دۆشینی نەوتی عەرەبیش ئەمریکای عاشق کردووە بەعەرەب.

سەرڕای ئەم هۆکارو نەبونی بنەماکانی دەوڵەت، عەقڵیەتی سیاسی جوت حیزب کە ڕابەرایەتی ئەم جوڵەی ڕیفراندۆم دەکەن فەشەلی ڕیفراندۆم دەسەلمێنێت، جوت حیزب لە بێ یاسای و بێ پارلەمانی و بێ سەرو بەرەیدا باشتر داهاتی ئەم هەرێمە هەڵدەلوشن، ئەمڕۆ لە هەموکات زیاتر گونجاوە بۆ مافیاکڕاتی و گەندەڵی و بردنی داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوی، چونکە هیچ شتێکیان نەهێشتووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لەگەڵ مێنتەڵیتی سیاسی ئەم دەسەڵاتە گونجاونیە، بەڵکو بەربەستە، چونکە دەوڵەت چوارچێوەیەکی یاسای نێو دەوڵەتی دروستدەکات کە بە ڕێژەیەک ڕێگربێت لەبەردەم خواردنی هەنگووینی دەسەڵات و داهات و چەوساندنەوی گەل ، وروژاندنی ڕیفڕاندۆم بۆ شاردنەوەی شکستی بیست و شەش ساڵ دەسەڵات و تاپۆکردنی کورسی و پەرتکردنە، خۆیان (جوت حیزب)ڕێگری دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانین، چونکە دروستکردنی پایەکانی دەوڵەت لەبەڕرژەوەندی ئەم جوت حیزبە نیە، 2005ڕیفراندۆم کرا زیاتر لەسەدا نەوەدی هاونیشتمانیان دەنگیا بە بەڵێدا ، بەڵام تا ئەمڕۆ پایەکیان دروست نەکرد.

سەردانی وەفدی ڕیفراندۆم بۆ ئەوروپا زیاتر خەتی فەشەلی ڕیفراندۆم تۆخدەکاتەوە، چونکە سەردانەکە لە ڕووی دیبلۆ ماسییەوە فەشەل بوو، نە وەفدەکە تەواو دیبلۆ ماسی و بەهێزبوو نە ئەوانەی لەگەڵ وەفدەکە دانیشت کەسانی گەورەو بەهێزبوون، بارزانیش بەشێوەیەک قسەی کرد کە زیاتر وێنای شەڕی ڕاگەیاندنی پارتی و گۆڕان بوو، زیاتر وەک پارتی قسەی کرد نەک کەسێک بۆ داواکردنی دەوڵەت چوبێت، بارزانی حیزبیانە قسەی کرد نەک نیشتیمانییانە، بۆیە جوڵەی وەفدەکە وەستاو هەستیان بەلاوازی دیبلۆ ماسی کرد، فەشەلی دیبلۆماسی وەفدەکە زیاتر فەشەلی ڕیفراندۆمی تۆخکردەوە، گەر ڕیفراندۆمی داهاتووش بکرێت هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە بەو شیکاریەی سەرەوە فەشەلی ڕیفراندۆم وەک ڕۆژ دیارە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەربەستانەی سەرەوە لەوانەیە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی برسکەیەک بێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی گەورە لەناوچەکەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.