تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی راگەیەندراوی بڵاودەكاتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 720 جار بینراوە

ستاندەر

بەبۆنەی رۆژی دادپەروەری جیھانی “تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی” راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

ئەمە دەقەكەیەتی:

پیرۆزە یادی ١٥ ساڵەی دەست بەکار بوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناسراو بە ( ICC )

پەیماننامەی ڕۆما کە ١٩ ساڵ لەمەوپێش و لە ١٧-٧-١٩٩٨ بریاری لەسەر دراوە، تا ئێستا چەندین جار ھەموارکراوەتەوە و ١٥ ساڵ لەمەوپێش و لە یۆلی ٢٠٠٢ ەوە دەستی بەکار کردووەو ١٢٤ دەوڵەت پەسندی پەیمانامەکە و دادگاکەیان کردووەو ھەنووکە ئەندامین ، ھەروەھا ١٣٩ وڵات واژۆیان لەسەر کردووە.
دادگای تاوانی نێونەتەوەیی ئامرازێکی گرنگ و بەھادارە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانی تاوانی ژینۆساید و تاوان دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری و بە دادگایی گەیاندنی بکەرانی و رزگار نەبونیان لە سزادان.
بۆ ئەوەی لەعێراقی نوێدا تاوانی ژینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی دوژمنکاری ھەر رۆژە و بەردەوام دووبارە نەبنەوە، کە تا ھەنوکە بە خەستی بەردەوامەو ناوچەکە بۆتە ناوەندی کۆمەڵکوژی لە جیھان, پێویستە عێراق بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان و کەمایەتی ئاینی و مەزھەبییەکانی ئەم وڵاتە بە پەیماننامەی ڕۆماوەوە پەیوەست بێت و ببێتە ئەندامی دادگاکە.
بۆ بیرھینانە وەی ھە موو لایەک ، عێراق لە بەرواری ١٥-٢-٢٠٠٥ بەو ڕێککەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ ھیچ ڕوونکردنەوەیەک دوای دوو ھەفتە پاشەکشەی لێکردووە.
ئەمرۆ ١٧ی ی تەموز یادی ١٩ ساڵەی پەسەند کردن و ١٥ ساڵەی دەستبەکاربوونی یەکەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە لە جیھان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا, ١٥ ساڵە ئەم دادگایە بەھەموو کەموکوڕییەکان و ئەو رەخنانەی لێی گرتراوە بۆتە بەربەستێک تا رادەیەک ھەستپێکراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەکان و تا رادەیەک کەمکردنەوەیان, بەرزترین حوکمڕانەکانی ھەندێک وڵاتانی ئەم جیھانەی دادگایی کردووە نموونەیان عومەر حەسەن بەشیر و معەمەر قەزافییە, مەخابن تا ئێستا ھیچ یەکێک لە وڵاتانی عێراق, ئێران, تورکیا و سوریا لە ریزی ئەو وڵاتانە نین پابەندی خۆیان بە دادپەروەرییەوە راگەیاندبێت, لە کاتێکدا ناسنامەی حوکمڕانی باش لە ئێستای جیھاندا پەیوەست بوونی وڵاتانە بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە, ترسی ئەوانیش لە ئەندام بونیان لە دادگاکە سزادانیانە لەسەر ئەو تاوانانەی خۆیان بۆ ئەنجامدانی بەرامبەر بە گەلەکەمان و کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەکانی ئەنجامی دەدەن یاخود خەون بە ئەنجامدانییەوە دەبینن, بۆیە بە ئەندام نەبوونی ئەم وڵاتانە نیشانەی ئەوەیە لە ھەر کات و ساتێکدا ئامادەن تاوانە گەورەکان دوبارە ئەنجام بدەنەوە .
٣ ساڵ پێش ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بە فەرمی سکاڵای لەسەر داعش لە بەرامبەر تاوانەکانی بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستان و شیعەو شەبەک تۆمارکرد, دوو ساڵی رابردوو لە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام ئێمە بە فەرمی لە دانیشتن چەندین جاریمان لە گەڵ داواکاری گشتی پشتیوانیمان لە ھەموو سکاڵاکان کردو نامەی پێکھاتەکانمان پێیان دا, ھەرچەندە ئێمە وەک تاکە لایەن کە بە فەرمی کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەین لە کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڵام ئەوان ویستیان ئێمە پەراوێز بخەن, ھەرچی خەڵکی نەزان ھەبوو کردیانە ئەندامی لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ئێزیدی و پێکھاتەکانی دی, کەچی ئێمە گوێمان بەو پەراوێز خستنە نەدا و ئەوانیش مخابن شکستیان لە سکاڵاکەیان ھێنا, دیارە بەشی زۆری بەھۆی ئەندام نەبوونی ئێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و ھەنگاو نەنانی پراتیکی بۆ ئەوەی ئەم دۆسییەیە ببردرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە ھۆکاری شکستەکەو و رەتکردنەوەی سکاڵاکەی حکومەت و پەرلەمان بوون, ئەمەش سەلماندیەوە کە بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە چەندە بۆ رێگەگرتن لە ئەنجامدانی تاوانەکان بە گشتی و پاراستن و دڵنەوایی گەلەکەمان لە مانەوەی لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە بە تایبەتی گرنگە, ھاوکات دوای سەربەخۆیی کوردستانیش ئەندام بوون لەم دادگایە دەبێتە پەرژینێکی گرنگ لە پاراستنی ھاووڵاتیانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە لە کۆمەڵکوژی و ھەڕەشەی پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکەو کارکەرێکی گرنگیش دەبێت بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئایندە.
ئێمە زیاتر لە ١٢ ساڵە بێ پسانەوە کار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەکەین, لە درێژەی ھەڵمەتەکەمان بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە تا ئێستا واژۆی زیاتر لە ١٥٠٠ پارت و لایەنی سیاسی و رێکخراوی کوردستانی و وەزیر و پەرلەمانتاری خولەکانی پێشوی پەرلەمانی عێراق و ٨٥ پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و ٨٩ پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان و ٦٠ پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقی سەر بە لیست و پێکھاتە جیاجیاکان و ٥٠٠٠ واژۆی چالاکوانان و ھاووڵاتیانی کوردستانمان بە ھاوکاری پەرلەمانتارانی کوردستان و عێراق کۆکردۆتەوەو داومانە بە لایەنە جیاجیاکانی کوردستانی و عێراقی لە پێناو بە ئەندام بوونی عێراقی لە دادگای ناوبراو, ئەم ھەوڵانەش لە پێناو ئەوەی جارێکی دیکە بەرەو روی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی رابردوو نەبینەوە, وەک لە ئابی ٢٠١٤ بینیمان جارێکی دیکە گەلەکەمان لە شەنگار جینۆساید کرایەوە.
ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ حکومەتی عێراقی کە نەبێتە ئەندامی دادگای ناوبراو جگە لە نیاز خراپی لە ئەنجامدانی تاوان, ھاوکات ھیچ بەھانەیەکیش نییە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ئەوەی کاری جدی بکەن بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای ناوبراو, بۆ ئەوەی گەلەکەمان دڵنایی زیاتر بێت کە جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی ناکرێتەوە لەم وڵاتە چ لە لایەن حکومەتەوە بێت یاخود دەستەی چەکداری تاوانکاری وەک داعش و ھاوشێوەکانی کە زەمینەی بەرھەم ھێنانی گروپی تاوانکار لە بارە لەم وڵاتەو ناوچەکە.
لە یادی ١٩ ساڵەی بڕیاری پێکھێنانی دادگاکەو ١٥ ساڵەی دەست بەکار بونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری جیھانی داواکارین:
– حکومەتی ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونیەوە لە دادگاکە بۆ پێکھاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت کە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە کە بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە( ھەڵەبجە, ئەنفال, بارزانی, فەیلی, تەعریب, قەڵادزێ ,موسڵ , شەنگار, سمبێل, پردێ ,… …. )).
– داوا لە دەسەڵاتدارانی کورد دەکەین, داواکاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بکەنە یەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە دانوساندنەکانیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان و سازشی لەسەر نەکەن ئەگەر لە چوارچێوەی عێراق مانەوە .
-داواکارین لە حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتدارانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ھاوکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن لە دانی زانیاری لەسەر ئەو چەکدارانەی داعش کە ناسنامەی وڵاتانی ئەندامیان ھەیە, ھەروەھا دیلەکانی جەنگ ئەوانەی ھەمان پێناسەیان ھەیە بە تایبەت بڕیار بە دەستانیان تەسلیم بە دادگای ناوبراو بکەن بۆ بە دادگایی کردنیان, مخابن لەم روەوە ھیچ دەستپێشخەری و ھاوکارییەک نەبینراوە, ئەمەش جێگای رەخنەو نیگەرانییە.
– حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتبارانەی ھاووڵاتی کوردستانن و تاوانی گەورەی نێونەتەوەییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیدا کردووە دادگایی بکات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپۆل بۆ دەستگیر کردنی ھەڵاتوەکانیان نموونە ٢٥٨ تۆمەتباری ئەنفال .
– حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ھیچ کەسێک نەکات لە ھەرێمی کوردستان کە لە لایەن دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوە بانگ کراوبێت, لە کاتی سەردانیکردنیان دەستگیریان بکات و تەسلیم بە دادگای ناوبراویان بکات.
-ھەرێمی کوردستان نابێت پێشوازی لە ھیچ کەسێک بکات کە تاوانە مەزنەکانیان ئەنجام دابێت یان ھاوبەشیان کردبێت, یان ھانی دابێت , یاخود بانگەشەی بۆ بکات.
-ھەر کەس و لایەنێک لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش و بیری داعش بکات, پێویستە بە تاوانی ھاوکاریکردنی تیرۆرو ھاوبەشی لە جینۆساید دادگایی بکرێت, لە ھەر پێگەو جێگاو رێگایەکدا بێت.
– نوێنەرانی کورد لە حکومەتی ناوەندی و پەرلەمان پێشوازی لە ھیچ داواکراوێکی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی نەکەن یاخود سەردانی وڵاتەکانیان نەکەن بە بەھانەی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە.
– ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکە بکات, یاخود قوربانیانیان بە شەھید نەزانێت , پێویستە سزا بدرێت و ئینکار کردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لە ھەرێمی کوردستان و لە داھاتوودا یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت.
– پێویستە ھەموان خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆناغی دوای ھەرەسی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە, بڕیار بەدەستان و تاوانبارانیان بدۆزینەوەو سکاڵایان لە وڵاتەکانیان لەسەر تۆمار بکەین, یاخود ناوەکانیان و شوێنی ژیانیان بدەینە دادگایی تاوانی نێو دەوڵەتی و ھاوکاری ئەو ناوەندانە بکەین لە ھەوڵی دۆزینەوەو بە دادگایی گەیاندنیاندان .
– ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان وادەو بەڵێنی خۆی گەیاندە سەر لە سەربەخۆیی کوردستان, ئەوا پێویستە کوردستان پەیوەست بێت بە ھەموو پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکانەوە, لە ناویاندا دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی کە دەبێتە زامنێکی گرنگی پاراستنی لە بەرامبەر ھەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکە.

تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
Kurdish organizations Network coalition for the International Criminal court (KON_CICC)
١٧-٧-٢٠١٧
تۆڕ لە ٣٥٣ رێکخراو پێک ھاتووە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.