كۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی و چەند سەرنجێك

لەلایەن ستاندار Posted on 699 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

بە بەشداری دەیان حزبی سیاسی لەسەر ئاستی چوارپارچەی كوردستان و چەندین رێكخراوی سڤیل كە جگە لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی نوێنەرایەتی پێكهاتەی (كاكەیی و حەقە و زەردەشتی و هەورامی)یان دەكرد لە رۆژانی (15-16) تەمووز كە لەسەر بانگهێشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە شاری سلێمانی سازدرابوو قسەو باسی زۆری بەدوای خۆی هێناوە، دیسان ئەم كارەش بەسەر دوو بیركردنەوەی ناكۆك بەیەك دابەشكرا بەوەی ئەوانەی بەشداریان لەو كۆبوونەوەیە كردووە بە هەموو تێبینیەكانیشەوە كۆبوونەوەكە بە هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانییەكان و كاركردن بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەبینن، لەبەرامبەر ئەو ڕایەش بایكۆتكەرانی ئەو كۆبوونەوە ڕاوێژكاریە لە رۆژانی كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوەش بە ووردبینی لە كارەكانی ئەو كۆبوونەوەیان دەروانی تا لە بچووكترین كێماسی ئەو كارە لە هەڵابدەن و بیكەنە بیانووی بەشدارینەكردنیان.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كە لە ساڵی 1999 لە برۆكسلی پایتەختی وڵاتی بەلجیكا دامەزراوە، دامەزراوەیەكی نەتەوەیە و چەندین حزبی سیاسی لە پارچەكانی كوردستان یان ئەوەتا ئەندامن تیایدا وەیان وەك چاودێر بەشداری دەكەن و هەندێك لە هێزە سیاسیەكانیش لەسەر ئاستی كەسی لە كۆبوونەوەكانی بەشدارن، كەنەكە ساڵانە جگە لەو كۆبوونەوە ڕاوێژكاریانە بۆ پرسە گەرمەكانی كوردستان كۆبوونەوەی گشتی خۆی لە بەلجیكا سازدەكات، ئەو كۆبوونەوەی كە لەو چەند رۆژە لە سلێمانی ئەنجامدرا بەهەموو پێوەرێك بێت كۆبوونەوەیەكی گرنگ بوو وەك لە راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوە راوێژكاریەكەش هاتووە هەنگاوی یەكەم دەبێت كە هەنگاوی دووەم و سێیەمی بەدوادادێت، گرنگی ئەو كۆبوونەوەیە لەوەدایە كە لەكاتێك بەسترا كوردستان و ناوچەكە لەبەردەم كۆڕانكاری چارەنووسسازدایە، راوێژ و راگۆرینەوەی كوردانە لەو بارودۆخە هەستیارە دەتوانرێت دەسبارێكی باش بێت بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆیەكانمان، بەڵام بەداخەوە وەك باسمانكرد ئەم هەولەش بەهۆی بەشداری نەكردنی چەند لایەنێك نەبووە دەرمانی ساڕێژی برینەكانی جەستەی كورد، بەڵام چونكە هەوڵەكان درێژەیان دەبێت و كۆنگرەی نەتەوەیش لە هەوڵەكانی بەردەوامە دیسان ئومێد هەیە بۆ ئەوەی كەنەكە بكرێتە چەترێكی نەتەوەیی كە هەمووان لە سایەی كۆببنەوە.

لێرەدا مەبەستمە هەڵوەستە لەسەر چەند خاڵێكی ناو كۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی بكەم كە كەمتر باسیا لەبارەیەوە كراوە.

– سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، كە ئەمەیان یەكێك لەو پێش مەرجانەبوو لایەنێكی سیاسی بوو بەرامبەر بەشداری لە كۆبوونەوەكەی داوای دەكرد، كە بەبێ ئەو لایەنەش ئەو پرسە لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆی جدی لەبارەیەوەكرا، ئەوەی كە لەلای زۆربەمان جێگای تێبینی بوو كوردانی رۆژئاوا و باكوور زیاتر لەهەمووان پەرۆشتربوون بۆ پشتیوانیكردن لە ریفراندۆم و سەرخۆبوونی كوردستان، ئەمە لە كاتێكدایە كە شاندی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی داخستنی سنوور چەندین كاتژمێر بە قاچاغەرێگا دەرۆیشت تا خۆیان گەیاندبووە باشووری كوردستان، رێكخراوی شەهیدانی عەفرینیش بە چاوی بە رۆندكەوە داوای پشتگیری ریفراندۆمی دەكرد، ئەوان لە پەرۆشی نەتەوەیی ئەو هڵوێستەیان هەبوو بێ ئاگا لەوەی خاوەنی پرسەكە لە باشوور ئەو ڕایەی نییە .

– كۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی دەریخست كە گەلی كوردستان تامەزرۆیی یەكێتی نەتەوەییە ئەوەی كە تا ئێستا كۆسپن لەبەردەم ئەو هەنگاوە گرنگە حزبەكانی كوردستانن.

– ئەم جۆرە كۆبوونەوانە كە خەڵكی جۆراو جۆر و رای زۆر جیاوازی تیایدا بەشدار دەبێت بە دڵنیایی گرفتیشی تیا درووست دەبێت، بەڵام ئەوەی لێرەو لەوێ دەنووسرێت و دەوترێت لە دژایەتی ئەو كۆبوونەوەیە غەدرێكی گەورەیە و كەمكردنەوەیە لە رۆڵی خەڵكانێك كە دەیانەوێت بە راوێژ لەگەڵ یەكتر یەكێتی نەتەوەیمان بەهێز بكەن.

– هەوڵ هەبوو كە كۆبوونەوە بە ئاراستەی ئەجێندای حزبی ببرێت، بەڵام بەرپرسانی كەنەكە نەچوونە ژێرباری ئەو هەوڵانە، بۆیە هەر رەخنەیەك بەو ناونیشانە لە جێگای خۆی نیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.