گەنمی ڕیفراندۆم

لەلایەن ستاندار Posted on 833 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا*

بەڕێزێک لەشاری هەولێرەوە تێلی بۆکردم و پرسیاری پارەی گەنمی جوتیارانی دەکرد ، دیارە ئەو بەڕێزە خۆی زیاتر سەرقاڵی کڕین وفرۆشتنی دانەوێڵەیە بەگشتی ،دوای ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە ، ووتی ؛
دەزانیت ئێستا گەنمی ڕیفراندۆمیش پەیدابوە ، وتم چۆن ؟ ووتی ؛
ڕۆژانە دەیان کەس تێل دەکات و داوای گەنم دەکات کە بیکڕێت و هەڵی بگرێت ، تەنانەت نرخی گەنم ڕۆژانە بەردەوام لەهەڵکشاندایە چونکە لەئێستادا خەڵکی ترسیان لەوەیە گەر ڕیفراندۆم بکرێت وسنورەکانمان بەسەردا دابخەن ئەوا نرخی ئارد زیاد دەبێت ،بۆیە لەئێستادا هەرکەس گەنم دەکرێت و وەک یەدەگ دایدەنێت پێی دەوترێت گەنمی ڕیفراندۆم .
بۆیە من پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم مەسەلەیەدا زۆر بێ باک وکەمتەرخەم بوە و ئەوەی بیری لێنەکردوەتەوە لانی کەم پاراستنی ئاسایشی خۆراکەکەیەتی ، چونکە دەبوایە خۆی بەهەر شێوەیەک بوایە گەنمی جوتیارانی وەربگرتایەو کۆگای بکردایە وەک ئامادە سازییەک لەئەگەری هەر ڕووداو پێشهاتێکدا کەچاوەڕوان دەکرێت ڕووبدات .
بەپێی پێشبینیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەرهەمی گەنمی ساڵی( ۲۰۱۷ )ی هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە ( ۱٥۱۲۰۰۰ ) یەک ملیۆن و پێنج سەدو دوانزە هەزار تەن گەنم ،واتا بەشی پێداویستی دانیشتوانی هەرێم بۆ دوو ساڵ وزیاتریش ، کەچی تائێستا ئەو بڕەگەنمەی کەلەسایلۆو بنکەکانی وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران وەرگیراوە بەهیچ شێوەیەک نەگەیشتۆتە ۲۰٪ ئەو ڕێژەیەی کە وەزارەت پێشبینی کردبوو ، هەربۆ نمونە ساڵی ڕابردوو تا ئەم بەروارە ۲۰ـ۷ زیاتر لە (۲۰۰ )هەزارتەن لەسنوری پارێزگای سلێمانی گەنم لەجوتیاران وەرگیرابوو ،بەڵام لەمساڵدا تا ئێستا نەگەیشتۆتە( ٤٥ )هەزار تەن .
وە هەرگیز ئەو ڕێژەیەش کەحکومەتی عێراقی دیاری کردبوو بۆ کڕینەوەو وەرگرتنی گەنم کە (٤٤۲۷۰٥) چوارد سەدو چل ودوو هەزارو حەوت سەدو پێنج تەن گەنمە تەسلیم نەکراوەو ناشکرێت تا کۆتایی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە بنکەو سایلۆکانی هەرێم کەتەنها پێنج ڕۆژی ماوەو( ۲٥ـ ۷ـ ۲۰۱۷) ، دواڕۆژە بۆ وەرگرتنی گەنم لەهەرێمدا .
لێرەدا دەکرێت بەکورتی چەند هۆکارێک بخەینەڕوو کە بوونە هۆکاری ئەوەی جوتیاران گەنم تەسلیم نەکەن وهەرزانفرۆشی کەن ؛
ــ تائێستا جوتیارانی هەرێمی کوردستان(٦٦۰) ملیاردو( ۲٨۱) ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵەکانی ( ۲۰۱٤ و ۲۰۱٥و ۲۰۱٦ )یان لای حکومەتی ناوەندەو چارەنوسی نادیارە ، ئەمەجگە لەوەی یەک دیناری پارەی گەنمی ساڵی( ۲۰۱۷) نەدراوەتە جوتیارانی هەرێم لەکاتێکدا جوتیارانی خوارووناوەڕاستی عێراق دوای چەند ڕۆژێک تەسلیمکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکان پارەکەیان پێدەدرێت .
ــ حکومەتی هەرێم خۆی نەیتوانی ونەیکرد کە هەرچیەکی کردوە گەنمی جوتیارانی بکڕیایەتەوە کەتەنها (٥۰۰) ملیۆن دۆلاری تێدەچوو ، وەدوو ساڵیشە ئەم پێشنیارەی بۆکراوە بەڵام خۆی لێکردۆتە کەڕڕەی شەربەت و بابەتەکە لای جێگای گرنگیپێدان و بایەخ نەبووە .
ــ دیاریکردنی بڕی گەنم بەپێی دۆنم وایکرد جوتیاران کەمتر ڕووبکەنە بنکەو سایلۆکان ، چونکە بۆ هەردۆنمێک زەوی لەسلێمانی (۱۰۹ )کیلۆو لەهەولێر( ۱۱٦) کیلۆو لەدهۆک( ۱۷۰) کیلۆگەنم لەجوتیاران وەردەگیرا ،بۆ نمونە گەر جوتیارێک (۱۰) تەن گەنمی ببردایە بۆ سایلۆ لەسنوری پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە ئەوا دە (۱۰۹)کیلۆیی گەنمی لێوەردەگیرا واتا لە (۱۰)تەن تەنها تەنێک و ۹۰ کیلۆ ، ئەمەش کێشەو سەرئێشەی زۆری بۆجوتیارەکەو سایلۆکەش دروستدەکردو وایدەکرد جوتیارەکە نەیهێنێتەسایلۆو لەبازاڕی ڕەش بیفرۆشێت.
ــ لەماوەی مانگ ونیوی ڕابردوودا کەوەرزی دروێنەی گەنم و بەبازاڕکردنی بوو ، سەدان بازرگانی عەرەب لەشارەکانی خوارووناوەڕاستی عێراق دەهاتنە هەرێم و گەنمەکانیان بەپارەی کاش وهەرزانتر لەو پارەیەی کەبڕیاربوولەبنکەوسایلۆکان پێیان بدرایە دەکڕییەوەودەیانبرد بۆ دەرەوەی هەرێم و کەسیش نەبوو پێیان بڵێ پشتی چاوتان برۆیە.
بۆیە بەرپرسیاری یەکەم لەهەر دۆخێکی نەخوازراو گەر ڕووبدات تەنهاو تەنها حکومەتی هەرێم و بەرپرسە باڵاوبێباکەکانیەتی ، چونکە نەتوانی پارێزگاری لەپاراستنی ئاسایشی خۆراکی خۆی بکات کە سێ ساڵێکە شانازیمان بەوەدەکرد کە بەرهەمی گەنممان گەیشتۆتە خود دابینکاری ،وەنەتوانیشی چەند سایلۆیەکی فراوان ومۆدێرن دروست بکات لەماوەی تەمەنیدا بۆ هەڵگرتن وکۆگاکردنی بەرهەمی دانەوێڵەکەی خۆی ، وەتاهەنوکەش تەنها بەشی کۆگاکردنی (٤۲٥) هەزار تەن دانەوێڵە سایلۆهەیە لەهەرێمی کوردستاندا لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو کەتەنها( ۷۰٪ )یش گەنم لەجوتیارانی هەرێم وەرگیرا زیاتر لە( ٨٨۰ )هەزارتەن گەنم تەسلیم بە بنکەو سایلۆکان کرا .
ماوەتەوە بڵێم واگەنمی ڕیفراندۆمیشمان بیست ،تۆ بڵی نادوو مانگی تر چ شتێکی سەیری تر ببینین وببیستین .

ِِِ* ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وسەرچاوە ئاوییەکان +بازرگانی ومافی بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان .

۲۰ی تەمموزی ۲۰۱۷ی زاینی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.