کورد لەناوجەرگەی گۆڕانکاریەکان و لەبەردەم ئاڵنگاریە مەترسیدارەکاندا..

لەلایەن ستاندار Posted on 704 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• لەم قۆناغەی ئێستادا کە ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی پێیدا ڕاگوزەر دەکات، لەھەرە مەترسیدارترین قۆناغە لەماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابووردوودا،چونکە ھەمان دۆخی ١٠٠ ساڵی ڕابووردوو بەخۆوە دەبینیت لە دابەشکردنەوەی نەخشەی ناوچەکە و داگیرکردنەوەی بە شێوازێکی نوێ و ڕووخاندن و ھەڵتەکاندنی ھەندێک دەوڵەت و دروستبوون و پێکەوەنانی ھەندێکی تر. ڕێک ئەم کەشوھەوایە ھەمان کەشوھەوای سەرووبەندی کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەم و ڕێکەوتنامەی سایکس _بیکۆی نێوان زلھێزەکانە. ئەوکات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ھۆکار بوو،لە ئێستادا کێشەی سوریا و عێراق و کورد و بوونی مەترسیەکانی تیرۆر و تیرۆریستان((داعش و ھاوشێوەکانی )) و تورکیا و ئێران ھۆکارن بۆ ئەو پڕۆسە گرنگ و ھەستیارە لەم ناوچە گرنگەی دونیادا، ئەوکات بەریتانیا و فەڕەنسا بڕیار بەدەستی یەکەم و کۆتا بوون ئێستا ئەمریکا و ڕووسیا بڕیاردەرن.

• کورد لەھەر دۆخێکی ھاوشێوەدا ،دەسکەوتی بەرکەوتوە بەڵام بەداخەوە لەلایەک پشت تێکردنی زلھێز و ھاوپەیمانەکان لێی و لەلایەکیش کێشە و ململانێ ناوخۆیەکان و ھەڵنەسەنگاندنی وورد و تێنەگەیشتن و نەبوونی ڕوئیایەکی ڕاست و دروست بۆ گۆڕانکاریەکان و ئاڵنگاریەکانی دەوروبەر ھیچ کات نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ھەموو دەسکەوتەکانیشیان لەدەستداوە، ئەوەتا لە کۆتایی جەنگی یەکەمدا کورد توانی ببێتە خاوەنی بڕیاری کۆنگرەی ئاشتی ساڵی ١٩٢٠ لە سیڤرە لە فەڕەنسا بۆ پێکەوەنانی قەوارەیەکی کوردی،بەڵام ھەرزوو دوای ٣ساڵ خەونەکانی بەبادا دران، دواتر لەکۆتایی جەنگی جیھانی دووەمدا توانرا لە کوردستانی ڕۆژھەڵات کۆمارێکی ساوای ١١ مانگی پێکەوەبنرێت بەڵام ئەویش ھەرزوو زیندە بەچاڵکرا. بەداخیشەوە کۆتایی شۆڕشی ١٢ ساڵ و ٤ مانگەی ئەیلولیش لەئەنجامی گەمەی نێودەوڵەتی و بێتوانایی سەرکردایەتی ئەوکاتی کورد ئەنجام نسکۆ و شکستخواردن بوو، ئەوەی کە جێگەی دڵخۆشیە و درێژترین ماوە و تەمەنی ھەیە لەحوکمڕانی کوردیدا بریتیە لەم ئەزمونەی باشووری کوردستان کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەردەوامە و توانراوە ببێتە خاوەنی جومگە و ئۆرگانە سەرەکیەکانی حوکمڕانی و گەشە و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان دابینبکرێت و بتوانرێت ببێتە جێگەی ئومێدی ھەموو کوردانیش.

• بەڵام ئەم ئەزموونەش لە ئێستادا کەوتۆتە بەر مەترسی ناوخۆیی و ناوچەکە و دونیاش و ڕووبەڕووی گەلێک ئاڵنگاری گەورە و مەترسیدار بۆتەوە، کە پێکەوە ھەموانیان دەتوانن ببنە ھۆکار بۆ لەناوچوون و نابوتکردنی وەک ئەزمونەکانی ڕابووردوومان، گەر زوو بەزوو نەکەوینە خۆمان بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لەم دەسەڵات و حوکمڕانیە.

• خۆشبەختانە لەئێستادا ئەستێرەی بەختی کوردان لەدرەوشانەوەدایە و بەبەراوورد بە ١٠٠ ساڵی ڕابووردوو زۆر گەشەو برەوی سەندوە و لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتیش ناسراوتر و خاوەنی پشتیوانی و ھاوکار و ھاوپەیمانانی بەھێزیشە،بەڵام ھەموو ئەمانە نابنە فریادڕەسی مەسەلەکەمان، چونکە بەرەی ناوخۆی لەنێو ماڵی کورد خۆیدا شەپڕیوە و پەرت و لێکترازاوە،جا ھەر کات بەرەی ناوخۆی ھەر کۆمەڵگایەک توندوتۆڵ و یەک و یەکگرتوو نەبوو ئەوا بەدڵنیایی ھۆکارە دەرەکیەکان کاریگەری ئەوتۆیان نابێت،چونکە ھۆکارە دەرەکیەکان بنچینەیی نین بەڵکو تەنھا یارمەتیدەرن.

• ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئەوەیە کە ھەرچەندە دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی کورد خراپە،لەبەرامبەریشدا دۆخی دەوڵەتانی سەردەستی ناوچەکەش لە تورکیا و ئێران و عێراق رو سوریا و سعودبە و …ھتد زۆر خراپترن،چونکە گەر ئەوان باش و پتەو و یەکو یەکگرتووبونایە ئەوا کورد بەتەنھا دەبوە پۆڕی خوراو و ھەموانیان پێکەوە ئەم ئەزمونەی گەلەکەمانیان تێکوپێکدەدا. ئەوانیش ھەموانیان کێشەگەلێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی قورس و سەخت و ئاڵۆزیان ھەیە لەناوخۆی خۆیاندا و لەنێوان خۆشیاندا و لەگەڵ زلھێزەکانیشدا،ھەربۆیە ئێمەی کورد چەند گیرۆدە بوین ئەوانیش دەھێندە.

• بەڵام ئەوەی کە دۆخی کوردی سەخت و ئاڵۆزتر کردوە ئەوەیە کە کورد نەبۆتە خاوەنی کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و خاوەنی سیادە و سەروەری و سنوری نێودەوڵەتی خۆی نیە،ھەربۆیە دۆخی لاواز و زۆر ناسکە و مامەڵەی سیاسی و ئابوری و سەربازی سەربەخۆی لەگەڵدا ناکرێت.

• لەئێستادا دروشمی قۆناغی خەباتی کوردایەتی لەم بەشەی باشووردا بۆتە ((چێکردنی ڕیفراندۆم)) بۆ یەکلایکردنەوەی ڕای زۆرینەی جەماوەر لەسەر چارەنوسی خۆی،بەرەو سەربەخۆیی یانیش مانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا، بەداخەوە ئەم ھنەگاوە ھێندەی بۆتە پەرتکردنی زیاتری ڕیزەکان نەبۆتە ھۆی کۆکردنەوە و پتەوکردنی بەرەی ناوخۆیمان،ھەربۆیەش مەترسیەکان و ئاڵنگاریەکان گەورەترو مەترسیدارتربوون لەسەر ئایندەمان.چونکە ئەوەی ھەست پێدەکرێت چێکردنی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نیە لەم بەشەدا بەڵکو وەک کارتێکی فشار دەبێت لەبەرامبەر بەغداد و دراوسێکاندا،کەئەمەش بۆخۆی کارێکی عەقڵانی و لۆژیکیانە نیە بەڵکو ھێندەی تر ڕق و دەمارگیری دوژمنانی ناوچەکە بەرامبەرمان زیاد دەکات و فشار و گوشار و گەمارۆ سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانیان لەسەرمان زیاتر و توندتر دەبێت.

• ئێمەی کورد ١٠٠ ساڵە خەبات دەکەین لە پێناو دەوڵەتی سەربەخۆیدا بەمەبەستی پێکەوەنانی قەوارەیەکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و سنوری جوگرافی و سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی کە ئازادیەکان و سەروەربونی یاسا و چەسپاندنی عەدالەت و نەھێشتنی گەندەڵی و حکومتەێکی خاکی و میللی تیادا پیادە بکرێت کە ئەمە ئامانجی یەکەم و سەرەتای ھەموو دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام تێگەیشتن و مامەڵەی سەرکردایەتی ئەم قۆناغەی ئێستای کوردایەتی پێچەوانەی ئەو بنەمایانە ھەڵسەوکەوت دەکەن و لە ماوەی ئەم ٢٦ ساڵەی حوکمڕانیدا نەیانتوانیوە بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆ پێکەوە بنێن و نەیانتوانیوە دیادە دزێوە کۆن و ڕزیوەکانیش لەبنبێنن ،دەوڵەتی نەتەوەیی دووەم ئامانجیشی بریتیە لە گەشە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیانی خۆی،نەک برسیکردن و بێخزمەتکردن و زوڵم و چەوساندنەوە و پەشیمانبونەوە لەھەموو بنەماکانی شۆڕش و خەبات لە دیموکراسی و ئازادی و عەدالەت و خۆشگوزەرانی. دەوڵەتێک کە نەبێتە مایەی چەسپاندنی عەدالەت و بنبڕکردنی گەندەڵی و ھێندەش غرورو بێمنەت بێت لە خەڵک و جەماوەر و میلەتەکەی ھەر نەبوونی باشترە.

• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،گەر کورد ھەر سوور بێت لەسەر چێکردنی ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجامەکان چی دەبێت؟ لەناووچوونی ئەم دەسەڵاتە یان سەرخستن و پتەوکردنی و بەردەوامبوونی دەبێت؟ ئایا سەرکردایەتی سیاسی ئامادەسازی تەواوی کردوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریە مەترسیدارەکانی دەورەوبەری؟ ئایا حسابی گەمارۆ و فشارەمای دەوڵەتانی ناوچەکەو دونیاشی کردوە؟ئایا گرەنتی سەرکەوتنی پڕۆسەکەی لەناوخۆشدا بەدەستھێناوە؟

وەڵام ،بەداخەوە لەناوخۆدا یەک و یەکگرتوو نین نەلەگوتار و نەلەکرداردا،کە بۆخۆی ئەمە خاڵی ھەرە لاوازی بڕیار و پڕۆسەکەیە و مەترسی گەورەشە بۆ سەرنەکەوتنی، لەگەڵ عێراقیشدا ھیچ جۆرە ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن بە خۆشی و دوور لە دەمارگیری نەکراوە، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا ھەمئاھەنگی و تەبایی و لێکتێگەیشتن سازنەدراوە، لەگەڵ وڵاتانی زلھێزیشدا بەھەمان شێوە ئامۆژگاریکراوین کە ئەو پڕۆسەیە لەم کاتەدا گونجاو نیە(( ئامۆژگاری زلھێز و دەسەڵاتدار ھەمیشە جۆرێک لە ھەڕەشەی لەپشتەوەیە)) و دەزگایەکی بەمتمانەی نێودەوڵەتیش وەکو نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت ئێمە پشتیوانی و پشتگیری و سەرپەرشتی پڕۆسەکە ناکەین تا لە ڕێگەی عێراقەوە داوەت نەکرێین. بۆیە سووربوون لەسەر بڕیارێکی ھەم چارەنووساز و ھەمیش گرنگ و ھەستیار بۆ ھەموان کەبەم شێوەیە ئامادەسازی بۆ نەکرابێت و حساباتی وردی بۆنەکرابێت و خوێندەوەی ھاوکێشە و بەڵانسی ھێزەکانیشی بۆ نەکرابێت،جگە لەکارێکی سەرکێشانە چیدی تر نیە و نابێت و ئەنجامەکەشی ماڵوێرانی و تێکدانی ئەم ئەزموونە و گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێک و دووبارە بونەوەی مێژووی ڕەشی لەناوچوونی حکومەت و کۆمار و شۆڕشەکانی ڕابووردوومان دەبێت بەڵام ئەمجارەیان خوێناویتر و کاریگەرتر دەبێت بۆ ١٠٠ ساڵی ئایندەمان.

ئەی چارەسەر چیە؟
چارەسەری مامناوەندی بۆ تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە و ڕەوینەوەی مەترسیەکان و ئاڵنگاریەکانی دەوروبەر،بریتیە لە خۆڕێکخستنەوەی زیاتری نێوماڵی کورد و باشترکردن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداد و دەرودراوسێکان و ھەوڵدانی زیاتریشە لەگەڵ زلھێز و ھاوپەیمانەکاندا کە پشتیوانی زیاتری مانەوە و بەردەوامبوون و بەھێزکردنی ئەم ئەزمونەمان بکەن،تاکاتێکی گونجاوتر و لەبارتر بۆ ھێنانە دی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی،ئەوەش کاتێک دەبێت کە دەوڵەتە باڵادەستە ناوچەییەکان لە تورکیا و ئێران و سعودیە و میسر و عێراق بەم گەورەیی و بەھێزییە و یەکگرتویە نەمێننەوە،ئەو کات کورد دەتوانێت بگاتە ئامانج و خەونە لەمێژینەکەی خۆی و زاڵیش بێت بەسەر ھەموو ئاڵنگاریە مێژوویی و جوگرافیای و سنور و تابۆ نێودەوڵەتیەکان و ببێتە کاراکتەرێکی بەھێزیش لەناوچەکەدا کە ھەموو بنەما سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی ھەیە.

بۆئەوەی بشبینە دەوڵەتێکی یاسایی و دانپیادانراوی نێودەوڵەتی دەبێت لە ڕێگە و ڕێژچکە یاساییەکانەوە دەستپێبکەین و ئەویش بە کاراکردنەوە و توندوتۆڵکردنەوە و چەسپاندنی زیاتری دامودەزگا شەرعی و ھەڵبژێردراوەکانی ھەرێمەکەمان دەبێت لە پەڕلەمان و حکومەت و دەزگای دادوەری و سەروەربونی یاسا و چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادیەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ،ئەگینا بەپێچەوانەوە دەبینە دەوڵەتێکی دەرچوو لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکان و ھەموانیش دژمان دەوەستنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.