نەوشیروان مستەفا یان گەنچ ڕەهەند ڕەفاتر

لەلایەن ستاندار Posted on 687 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر
هەر گۆڕانێک کە ڕوئەکاتە کۆمەڵگە جا ئەم گۆڕانە ڕیشەیی بێت یان پلەبەند ئەبینی بە سروشتی خۆی جارێکیتر و سەرلەنوێ بۆنیادی کۆمەڵگا ئەخاتەوە ژێر پرسیارو تاوتوێکردنێکی هەنووکەیی کە دواجار ئەخزێنرێتە ناو هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕامیاریشەوە.
گەنج بە سروشتی خۆی داینەمۆی گۆڕانکارییە سرکەو هەمیشە حەز بە گۆڕانکاری، نوێکاری، داهێنان ئەکات بۆیە گرنگە سەرەتا بزانین ئایا گەنج یاخود گەنجێتی قۆناغێکی بایەلۆژییە لە تەمەنی هەر مرۆڤێکا یان چەمکێکی سۆسیۆلۆژییە و هەڵگری خەسڵەت و ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتییە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەکرێ بڵێین کە هەردوو سۆسیۆلۆژیاو بایەلۆژیا ئەتوانن پێناسەیەک بۆ گەنج بەرجەستە بکەن، چونکوم گەنجێتی وەک قۆناغێکی تەمەن بەدەرنییە لە گۆڕان و دەرکەوتە بایەلۆژییەکان و کەسی گەنج بە شێوەیەکی سروشتی ئەبێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت، هەروەک چۆن ئەتوانین وەک بابەتێکی سۆسیۆلۆژیش لێی بکۆڵینەوە کە سیمای کۆمەڵایەتی و کولتوری تایبەت بەخۆی هەیە.
گەنج ئەو چیینەیە لە نێوان مناڵ و گەورە یان پیربوونایە، هەرچەنە بە بۆچوونی بەندە باشترە بڵێین قۆناغی مناڵیی، هەرزەکاریAdolescence و پێگەشتووییAdulthood. ئەم دابەشکردنەیان پێ بە پێ لەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونی مرۆڤ ئەچێتە پێشەوە و یارمەتیدەرە بۆ بەرجەستەکردنی وردتری تەمەنی گەنج.
گەنج بە قۆناغێکا تێئەپەڕێ کە هەڵگری گۆڕان و وەرچەرخانە، لە مناڵییەوە بۆ پێگەیشتویی، لە پاشکۆیەتیی “دایک و باوکەوە”ەوە بۆ سەربەخۆی بەجۆرێک هەر فەرمان و کارێکی ڕادەستبکەی هەروا ڕەفتاری لەگەڵ ئەکاو لە هەوڵا ئەبێ کە ئەو قۆناغە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی جیاوازتر لە پێشوو بەرەو سەربەخۆی.
گەنج لە کۆمەڵگەیا خاوەنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پتەو نییە و خاونی فەلسەفەیەکی دیاریکراویش نییە بۆ بەرگەی کردن لە شوناس و جیاوازی خۆی بەڵام خاوەنی ڕەهەندەکانی داهێنان، سەربەخۆی، دۆزینەوە، کەشف کردن، گۆڕانکاری، نوێکاری، جوڵە و ووزە….هتدە.
ئەوەی هەستی پێئەکرێ لە کوردوستانی باشور سوود لەم ووزە جیاوازە وەرناگیرێ و بگرە هەوڵ بۆ دەستەمۆکردن و تەمێ کردنیشی ئەیرێ بە تایبەت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کە لە کارکردنی بەردەوامان بۆ گەیاندنی پەیامی کۆن و خانەشینکراو سواوی خۆیان لەڕێی گەنجانی مێشک و بیرو هزر پیرکراو کە لە مەغزایا هەر قەوانە سواوە کۆنەکانە لە گەرووی هەندێ گەنجەوە ئەخوێنرێ.
شێوازی وەزیفی گەنج و بەشداریکردنی لە ناوەندی دامەزراوەیی و وەزیفییەکانا هۆکارێکی بە سوودە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرفتە کۆمەڵایەتییەکانا، چونکوم کولتوری گەنج گوزارشتە لە شێوازی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەو پراکتیزەی ڕۆژانەی گەنجی دەستەنەمۆکراو “خۆ خود” و چالاکییەکانیان گرەنتی گۆڕانکاری و بەرەو پێش چوونە.
گەنج ڕەهەندێکی ڕەفتارییە و خاوەن سلوکێکی تایبەت بەخۆیەتی جیاواز لە سلوکی بەساڵاچووان کاردانەوەی بەرامبەر دەووروبەرو ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی تیایا ئەژی، کارو کاردانەوەی بەرامبەر ئەو کێشەو گرفتانەی ڕووی تێئەکەن خێراترە ئەم ڕەهەندە سلوکییەش ئاسان بارگاوی ئەبێ بەو شێوازو پرۆسە پەروەردەییەی کە پیاتێپەڕێوەو لەگەڵ ئەو قۆناغ و سەردەمەی تیایا ئەژی.
لە کایەی ڕامیاری باشورا دەنگی گەنج مت و هیوا سیس و دواڕۆژ تاریک دەرەکەوت تا دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان ئیتر ئەکرێ بڵێین لە دوای قۆناغی دروست بوونی گۆڕانەوە وەرچەرخانێکی بنچینەی ڕوییا و خۆری ئومێد لە گەنج هەڵهاتەوە، بەجۆرێک لەکۆی کایەی سیاسی و دەسەڵاتا هاتنە پێشەوە شوێنیان بە کۆمەڵێک بەساڵاچووی چەقیوو داکوتراو بە کایەکانی بڕیاردانا لێژکرد، بۆ ئەمەش گەنجان ئەبێ فەزلی ڕێبەرو سەرکردەی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا لەبیر نەکەن.
لە دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا زۆر گرەو لەسەر هەڵوەشانەوەو پەرت بوونی ئەو بزوتنەوەیە ئەکرا بەڵام لەیەکەم قۆناغی نوێ بوونەوەی دوای کۆچ کردوو ئەو بزوتنەوەیە سەلمانی کە ڕەهەندی گەنج بوون بووە بە کلتوری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە کە بەئاستەم بتوانی هەست بەجیاوازی تەمەن و بیرکردنەوەی هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە بکەی بەجۆرێک کە لە ئاستی باڵاو پۆستە هەستیارەکانا زۆر بەڕۆحێکی وەرزشیەوە شوێن بۆ یەکلتری چۆڵکەن و ڕێگە بۆ نەوەی دوای ڕاپەڕین و گەنجانی ناو بزوتنەوەکە خۆشکراوە کە بتوانن ڕکەبەرایەتی ئەزموونە تێکۆشەرەکانی خەباتی شاخ بکەن.
لەسەرکەوتنی ئەم ئەزموونی دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان باشوری کوردستان پێ ئەنێتە قۆناغێکی نوێترەوەو ئەم کلتورە دیموکراسیە هێدی ‌هێدی خۆی ئەخزێنێتە ناو کۆی کایەی سیاسی و هەرێمەوە جێ بە مۆتەکەی “تا مردن دەسەڵات” و “قائد الضرورة” و پیرۆزکردن و دێواندنی تاکی سیاسی کوردی ئەهێنێ و ئاستەنگیشە بەری پێبگرێ. بۆیە ئێستا هەرێمی کوردستانی باشور لە ژانی لە دایک بوونی ئەزمونێکی نوێدایە کە ئەکرێ ناو برێ (گەنج ڕەهەند ڕەفتار)، کە ئەم دوستەواژەیە ئەو پێناسە گونجاو بەجێییە کە ئەبێ لە پەڕاوی مێژووا بکرێ بە ناسنامەی نەوشیروان مستەفا.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.