کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەڕلەمان بەتامی مەرجدار

لەلایەن ستاندار Posted on 681 جار بینراوە

کەرکوک ئەحمەد

لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوەدەکات کە هیچ مەرجێکی نییە بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان، ئەو هەنگاوەی پارتی لەکاتێکدایە کە شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئیقلیمی و دەولی بۆ پرسی ڕیفراندۆم.

لەسەروبەندی نوسینەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێم دەوترا کە پارتی دەیەوێ سیستەمەکە پەڕلەمانی بێت، بەڵام بەتامی سەرۆکایەتی.

دوبارە لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی دوساڵی درێژکراوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، کاک مەسعود لە چەندین بەیاننامە ڕایگەیاندوە کە وازدێنێت ئەگەر حزب و لایەنەکان ڕێکبکەون لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە، دوبارە ئەوەش بە وازهێنان دادەنرێت بە تامی وازنەهێنان چونکە خۆی لایەنەکی ڕێککەوتنی حزبەکان بوو کە لەسەر هیچ ڕێک نەدەکەوت.

لەئێستاشدا پارتی دەیەوێت پەڕلەمان کارا بکاتەوە بەبێ مەرج بەڵام بەتامی مەرجی ئەوەی کە دەسکاری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم نەکرێت وەک ئەوەی کە ئەوە مەرج نەبێت.

کاراکردنەوە واتا خستنەوە سەکار، پەڕلەمان کە لەکارخراوە لەکاری هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم خراوە، لە کاری درێژەدان بە سیستەمی ناعەدالەتی نەخراوە، پارتی کە دەیەوێت پەڕلەمان کارا بکاتەوە پێویستە بێخاتەوە سەر هەمان کار نەوەک ئەو کارەی لێ قەدەغە بکات کە بەهۆیەوە لەکارخراوە، ئەوە چ جۆرە کاراکردنەوەیەکە!

ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی پاڵپشتینەکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەلایەن نەیارانی پارتی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە پارتی سەربەخۆیشی بەتامی سەربەخۆنەبوون دەوێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.