كوردستان به‌ره‌و كوێ؟ بەشی دووەم

لەلایەن ستاندار Posted on 661 جار بینراوە

كوردستان به‌ره‌و كوێ؟….. مانیفێستى قۆناغێكى نوێ- بەشی دووەم

د.كامه‌ران مه‌نتك

4-مه‌ترسیه‌كانى قه‌یرانى هزرى
یه‌كێك له‌ مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ئه‌و قه‌یرانه‌ هزریه‌یه‌، كه‌ تیایدا ده‌ژیت،حزب و هێزه‌كانى باشوور به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى و به‌ راده‌ى جیاواز له‌ فه‌وزایه‌كى هزریدا ده‌ژین، ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ سه‌یرى ناو هه‌رێم بكات، ده‌بینێت، ئه‌وه‌ى كه‌ له‌وناخۆدا ده‌گوزه‌رێت، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، كه‌ ئاگادارى هیچ یه‌كێك له‌و مه‌ترسیانه‌ گه‌ورانه‌ نه‌بن، كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر رووده‌دات!به‌راستى ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌ پانتایى هزرى كوردى، بى هزرى و نابه‌رپرسیاریه‌تیه‌كى گه‌وره‌ى لێده‌خوێنرێته‌وه‌، هه‌موو شته‌ به‌ به‌هاكانى كوردستان بى به‌ها كراون، تاكى كورد له‌ ناخه‌وه‌ تێكشكێنراوه‌، نه‌زانیه‌كى مه‌ترسیدار له‌په‌نایى زانایى و هووشیارییه‌كى ساخته‌دا رووى له‌ هه‌رێم كردووه‌، سه‌ربارى هه‌موو ئه‌مانه‌ش كورد له‌ باشوور زۆر به‌ خێرایى و به‌سه‌ركه‌وتووییه‌وه‌ له‌م بێ به‌هاكردن و نه‌زانیه‌دا هه‌نگاو ده‌نێت، حزبه‌كان خه‌ریكى به‌ره‌ژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیانن، ئاماده‌ن وڵات به‌ كه‌مترین نرخ بفرۆشن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كى بچووكه‌ خۆیان! رۆشنبیره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى تاوه‌كو ئێستا به‌ حزبى و ناحزبیه‌كانیان له‌ مه‌دارى هزرى حزبه‌كان ده‌جوولێنه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ شتێكى نوێ به‌رهه‌م بهێنن، ئه‌وان ته‌نیا یارى به‌و تۆپانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ حزبه‌كان هه‌ڵیده‌ده‌نه‌ نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌، كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ى سه‌یر خراوه‌ته‌وه‌ نێو فه‌رهه‌نگى كوردى و به‌رده‌وامیش ده‌خرێته‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌وه‌، كه‌ ململانێكان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان زیاتر به‌لارێدا ده‌بات.

ئێستا هه‌ندێك بابه‌تى ئایدیۆلۆژى ده‌وروژێنرێت، كه‌ ته‌پ و تۆزى رۆژگارى كه‌وتۆته‌ سه‌ر، له‌ كاتێكدا سه‌رده‌مى ئیستا سه‌رده‌مى به‌رژوه‌ندیه‌كانه‌و ئایدیۆلۆژیاكان ناتوانن هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ ببینن، كه‌ له‌سه‌رده‌مى شه‌ڕى ساردو قۆناغى به‌ر له‌ جیهانگه‌رایى ده‌یانتوانى بیبینن، ئه‌مه‌ش شه‌ڕ كردنه‌ له‌سه‌ر وشه‌كان و تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌و قۆناغه‌. زۆربه‌ى ئه‌و بابه‌تانه‌ى، كه‌ رۆشبیرى كورد له‌ قۆناغى ئێستادا قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌وبابه‌تانه‌یه‌، كه‌ هێزه‌ كوردیه‌كان ده‌یهێننه‌ كایه‌ و وه‌ك ئامڕازێكى سیاسى به‌كارى ده‌هێنن، ئه‌وانیش زیاتر رۆڵى شرۆڤه‌كارو لێكده‌ره‌وه‌ ده‌بینن بۆئه‌و بابه‌تانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ دابه‌ش ده‌بن، به‌شێكیان هه‌میشه‌ لایه‌نگیرى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كانیان ئه‌نجامى ده‌دات، به‌ باش و به‌خراپه‌وه‌، به‌شه‌كه‌ى تریش هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ى لێده‌گرن و به‌خراپى ده‌زانن ئه‌گه‌ر باشیش بێت! ئه‌گه‌ر جارناجاره‌ بیرۆچكه‌یه‌كى نوێش بخرێته‌ روو ئه‌وا خێرا ئه‌و هێزانه‌، به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیان ته‌وزیفى ده‌كه‌ن، به‌م چه‌شنه‌ مۆركه‌ نوێیه‌كه‌ى له‌ ده‌ست ده‌دات! یاخود له‌رێگاى دووباره‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ مۆركى خۆیانى پێده‌به‌خشن و خاوه‌نه‌كه‌شى وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك له‌ روانگه‌ى ئه‌وان خۆیانه‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست پێبكات، كه‌ به‌رهه‌مى خۆیه‌تى، بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات و پیایدا هه‌ڵده‌ڵێت، له‌راستیدا یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى هه‌موو قه‌یرانه‌كانى ئه‌مڕۆى باشوورى كوردستان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ هزریه‌! به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كانى هێزیش له‌ لایه‌ن حزبه‌كانى كوردستانه‌وه‌ قۆرخ كراوه‌، بۆیه‌ ده‌بینین رۆشنبیرى راسته‌قینه‌ له‌و فه‌وازیه‌دا چوارچێوه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا ده‌یان و بگره‌ سه‌دان ئامڕاز به‌كارده‌هێنرێت بۆ بێ به‌هاكردن و چرووك كردنى هزرى نوێ، دزى هزرى له‌ كوردستان یه‌كێكى تره‌ له‌و فاكته‌رانه‌ى، كه‌ رۆڵى گه‌وره‌ ده‌گێرێت له‌ بێبه‌هاكردنى هزردا، ئه‌مه‌یه‌ وایكردووه‌، كه‌ وێنه‌ى هزرى كوردى وێنه‌یه‌كى ته‌م و مژاوى و نا روون و به‌رچاو تاریك بێت!

5-چۆن ده‌روازه‌ێكى تر بكه‌ینه‌وه‌
به‌هه‌ڵه‌ به‌كارهێنانى سه‌رچاوه‌كانى هێز، ده‌رئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، تاوه‌كو ئێستا به‌شێكى زۆر له‌و سه‌رچاوانه‌ى هێز كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر ناته‌ندروست به‌كارهێنراون، بۆ نمونه‌ هێزى ره‌قى هه‌رێم (HARD POWER)، تا ساڵى 2014، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بۆتێكشكاندنى ئه‌زموونى هه‌رێم خۆى به‌كارهاتووه‌! ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغى دواى راپه‌ڕین دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ وه‌رگرین، ده‌بینین هێزى سه‌ربازى كوردى و چه‌ك و جبه‌خانه‌و ئامڕازه‌كانى شه‌ڕ، له‌شه‌ڕى ناوخۆ دژى یه‌كتر به‌كارهێنراون، له‌ هه‌ندێك قۆناغیشدا دژى كوردى پارچه‌كانى تر، به‌پله‌ى یه‌كه‌میش دژ به‌ كوردانى باكوورو پارتى كرێكارانى كوردستان به‌كارهێنراون،، به‌هه‌مان شێوه‌ هێزى نه‌رمى هه‌رێمیش(SOFT POWER) له‌وه‌ باشتر سوودى لێوه‌رنه‌گیراوه‌، ئه‌و هه‌موو ئامڕازه‌ راگه‌یاندنه‌ى ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌ستى كورد هه‌یه‌ له‌ باشوور، شان به‌شانى هێزى ره‌ق، به‌شى هه‌ره‌ زۆرى له‌شه‌ڕى ناوخۆو بۆ مل شكاندنى یه‌كتر به‌كارهێنراوه‌، ئه‌و هێزه‌ى، كه‌ ده‌یتوانى وێنه‌یه‌كى زۆر جوان بۆ ئه‌زموونى كوردى دروست بكات، بووه‌ هۆى دروستكردنى وێنه‌یه‌كى ئێجگار دزێو، ده‌یان و سه‌دان وشه‌ى دزێو جنێوى پیسیان هێنایه‌ ناو فه‌رهه‌نگى كوردى، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، كه‌ ئامڕازێكى له‌بارو باش بوون له‌ به‌هارى عه‌ره‌بیدا، له‌ باشوورى كوردستان بۆته‌ گۆڕه‌پانى جنێودان و یه‌كتر شكاندن، كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌رچاوه‌ى هێزى جیهانین و ده‌كرێت سوودى زۆر باشیان لێوه‌ربگیرێت. هه‌مان شت بۆ سه‌رچاوه‌كانى وزه‌ش راسته‌، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى هێزى ئابوورى و جیۆپۆله‌تیكى له‌كوردستان خراوه‌ته‌ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌س و بنه‌ماڵه‌و تا راده‌یه‌ك حزبه‌كانى كوردستان له‌و ئه‌ركانه‌ پووچه‌ڵ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌توانێت ئه‌نجامى بدات، بێگومان ئه‌گه‌ر دام و ده‌زگاى نیشتمانیه‌كان و ده‌زگاكانى حكومه‌تیان بۆ بخرێته‌ كار ، هێزێكى زۆر كاریگه‌رن به‌ ده‌ست هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، شان به‌ شانى ئه‌مانه‌ ئه‌و هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى له‌كوردستاندا هه‌یه‌ بێ به‌ها كراوه‌، زۆر زیره‌كانه‌ كار له‌سه‌ر تێكشكاندنى ئیراده‌ى تاكى كورد كراوه‌، گه‌نجى كورد كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى له‌ بن نه‌هاتووى هێزه‌ به‌ ده‌ست هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، بێ ئومێد كراوه‌و هه‌موو توانا داراییه‌كانى ، ته‌نانه‌ت توانا نێگه‌تیڤه‌كانیش (واته‌ قه‌رز) به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نیشتمان رابكات!ئه‌و نیشتمانه‌ى، كه‌ پێشتر خوێنى خۆى بۆ ده‌ڕشت، ئێستا به‌ دۆزه‌خێكى تێده‌گاو به‌ هه‌موو تواناكانى هه‌وڵى راكردن ده‌دا لێى! بێگومان حزبه‌ كوردیه‌كان، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و میدیا به‌ پله‌یه‌كى سه‌ره‌كى و ئه‌و ئیداره‌دانه‌ سه‌قه‌ته‌ى، كه‌ بۆ ململانێیه‌كانى هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێت، هۆكارى سه‌ره‌كین له‌بێ هیوا كردن و تێكشكاندنى تاكى كوردى، ئه‌و ده‌زگا فه‌رمیانه‌ى، كه‌ ئه‌ركى پاراستنى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و به‌رهه‌مهێنانى به‌هاى نوێى وسه‌رده‌میانه‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، خۆیان بوونه‌ته‌ ئامڕازێك بۆ تێكشكاندن و چرووك كردنى ئه‌و به‌هایانه‌، دادگاكان، زانكۆكان، مزگه‌وته‌كان، راگه‌یاندنه‌كان، له‌ ئه‌ركى راسته‌قینه‌ى خۆیان داماڵراوان بوونه‌ته‌ ئامڕازێك به‌ ده‌ست حزبه‌كان و دیكۆرێكى ساخته‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكى دیموكراتخوازو ته‌كنوكرات خۆیان نیشانى ده‌ره‌وه‌ بده‌ن، كه‌ ده‌بێت ئه‌مانه‌ هه‌مووى چاره‌سه‌ر بكرێن و سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێنه‌وه‌…

6-رزگار بوون له‌ مێژووێكى سیزیفیانه‌
یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانى سیاسه‌ت له‌ كوردستان، هه‌میشه‌ ترسانه‌ له‌ گلۆربوونه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردى دووچارى سزاى سیزیفى بووبێت، ئه‌مه‌ مێژووێكى سیزیفیانه‌ى دروست كردووه‌، سه‌یركردنى شته‌كان ته‌نیا له‌ روانگه‌ى شكسته‌وه‌، بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌یرى مێژووى ئه‌و سه‌د ساڵه‌ى دوایش بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و چه‌مكه‌ى رێك له‌سه‌ر پراكتیزه‌ ده‌بێت، راپه‌رینه‌كان ده‌ستیان پێكردووه‌، خه‌ڵكى كوردستان باره‌كه‌ى خستۆته‌ سه‌رشانى به‌سه‌ر لوتكه‌ هه‌ڵزناوه‌، له‌پڕێكا هه‌موو شتێك به‌ كۆتا هاتووه‌و ریسه‌كه‌ى لێ بۆته‌وه‌ خورى، ناچار بووه‌ جارێكى تر له‌ خاڵى سفر ده‌ست پێبكاته‌وه‌، هه‌مدیس بارى راپه‌ڕینه‌كان بخاته‌ سه‌رشانى و به‌ره‌و لوتكه‌ هه‌ڵزنێته‌وه‌، ئه‌و دۆخه‌ جۆره‌ دۆگمای دوالیزمێكى له‌ ئه‌قلیه‌تى تاكى كورد دروست كردووه‌ ، كه‌ یا هه‌ڵزنانه‌ به‌ره‌و لووتكه‌، یاخود تێكشكان و واژى بوونه‌وه‌ به‌ره‌و خواره‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ بۆته‌ سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى به‌گومانه‌وه‌ سه‌یرى رابردوو بكات و هه‌میشه‌ له‌ داهاتووش بترسێت، بۆیه‌ هه‌وڵبدات خۆى له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ره‌گه‌زدا بگونجێنێت، ئه‌مه‌ش جۆره‌ دوالیزمێكى له‌ كه‌سایه‌تى تاكى كورد دروست كردووه‌ كه‌ دواتر به‌وردى باسى ده‌كه‌ین و ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌كى زۆر گه‌وره‌یه‌و پێویسته‌ رزگار بین، ته‌نانه‌ت له‌ ململانێیه‌ سیاسیه‌كانى ناوه‌خۆشدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ ته‌نیا له‌ یه‌ك گۆشه‌ نیگاوه‌ سه‌یرى ژیان و خه‌بات بكرێت، حزبه‌كان هه‌میشه‌ بیر له‌ ملشكاندنى یه‌كتر ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ بێئه‌وه‌ى بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ له‌ده‌وروبه‌رى خۆیان هێزى ترى بێگانه‌ خۆى مه‌ڵاس داوه‌و ده‌یه‌وێت ملى هه‌مووان بشكێنێت، ئه‌و دۆخه‌ رێك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێستا له‌ باشوورى كوردستان ده‌گوزه‌رێت، له‌كاتێكدا دۆخه‌كه‌ وه‌ك ئاماژه‌ى پێكرا له‌و په‌ڕى مه‌ترسیدایه‌، كه‌چى فه‌وزایه‌كه‌ سیاسى وا خولقێنراوه‌، كه‌ كه‌س درك به‌ مه‌سه‌له‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ ناكات، كه‌ بوون و مانه‌وه‌ى كورد له‌ مه‌ترسیدایه‌. ناكرێت تاكى كورد هێنده‌ سه‌ره‌رۆ بێت، كه‌ سه‌ره‌ڕۆیى به‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌ بكات، ده‌بێت هاوسه‌نگیه‌ك هه‌بێت له‌نێوان ململانێیه‌ ناوخۆییه‌كان و ئه‌و ململانێیه‌ مه‌ترسیداره‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌روبه‌رو هێزه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كاندا له‌ ئارادایه‌. ده‌بێت بزانین له‌نێوان هه‌ڵزنان و واژى بوونه‌وه‌دا هه‌میشه‌ پانتاییه‌ك هه‌یه‌ بۆ دووباره‌ بیركردنه‌وه‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌، ئه‌و پانتاییه‌ واده‌كات كه‌هه‌ڵزنانه‌كان زۆر ماندوو كه‌رو بڕست لێبڕ نه‌بێت و واژى بوونه‌وه‌كانیش گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بێت بۆ خاڵى سفر، به‌ڵكو بۆ ئه‌و پانتاییه‌ بێت، كه‌ له‌نێوه‌ڕاستى چیایه‌یه‌كه‌دایه‌، ئه‌مه‌ هێزى ئه‌وه‌ت پێده‌به‌خشێت كه‌ بتوانى به‌ گوڕو تینێكى نوێوه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و لوتكه‌ بنێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ قۆناغى ئیستادا ده‌بێت زیاتر كار له‌سه‌ر به‌ دواى گه‌ڕان له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كاندا بكرێت له‌وه‌ى هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر خاڵه‌ ناكۆكه‌كاندا بكرێته‌وه‌! ناكرێت ته‌نیا كار له‌سه‌ر یه‌كتر بكرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ زیاتر كار له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن بكرێت، له‌و هاوكێشه‌ سیاسیه‌ ئاڵۆزه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، ناكرێت هیچ هێزێك په‌ڕاوێز بخرێت، چونكه‌ پێوه‌رى هێز له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا، گه‌وره‌یى و بچووكى نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى هه‌رێمى و ناوخۆیى زۆر ئاڵۆزه‌، هێزه‌كان چه‌نده‌ بچووك بن ده‌توانن كێشه‌ى گه‌وره‌ دروست بكه‌ن! یاخود ببنه‌ ئامڕازێك بۆ دروستكردنى كێشه‌ى گه‌وره‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.