لە یادی ئەبوبەکر خۆشناودا

لەلایەن ستاندار Posted on 781 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

لە کۆتایی ھەفتاکاندا من قوتابی بووم لە ”ئامادەگیی کوردستان“ لە ھەولێر. ئەودەم دونیا دونیای دوای ھەرسی شۆڕشی کوردی ساڵی ١٩٧٥ بوو. ئەم ھەرەسە گەورەترین ڕوودای سیاسیی بوو کە ئێمە لەو تەمەنە گەنجەدا لەنزیکەوە وردەکارییە تراژیدییەکانی بینین و لەناو دەرەنجامە تۆقێنەرەکانیدا بژین.

ساڵی یەکەم کە چوومە ”ئامادەگیی کوردستان“ ئەبوبەکر خۆشناو ناوێکی ئەدەبیی گەورەی ناو قوتابخانەکە بوو. مامۆسێای زمان و ئەدەبی کوردیمان وەک شاعیرێکی گەنج و بەتوانا باسیدەکرد. ئەودەم ئەبوبەکەر لە دوا ساڵی قۆناغی دواناوەندیی و بەشی ئەدەبیدا بوو، خاوەنی دوو کتێب بوو کە ھەمووان لە قوتابخانەکە باسینا دەکرد. یەکەمیان دیوانە شیعرێک بوو بەناوی ”کۆلۆمبس کیشوەرێکی تر ئەدۆزێتەوە“، دووھەمیان کتێبێک بوو بەناوی ”جیڤارای شۆڕشگێڕ“. بۆ من ئەبوبەکر خۆشناو تەنھا نووسەر نەبوو، بەڵکو بەر لەوە مرۆڤێکی ئازا و شۆڕشگێڕێکی چاونەترس بوو.

بەعس ساڵی ١٩٧٧ بڕیارییدا کتێبەکانی خوێندنی ئێمە بکات بە عەرەبیی و ناچارمانبکات وانەکان بە عەرەبی بخوێنین، ئەبوبەکر خۆشناو زۆر ئازایانە بەرەنگاریی ئەو بڕیارە بووەوە. بەبیرم دێت ژمارەیەک قوتابی کۆکردەوە بۆ نمایشکردنی رەتکردنەوەی بڕیارەکەی بەعس، من یەکێک بووم لەو قوتابیانە. فیکرەکە ئەوەبوو لە قاتی دووھەمی بینای قوتابخانەکەدا کۆببینەوە و وەک ناڕەزایی دەربڕینێک کتێبەکانمان فڕێبدەینە خوارەوە بۆ ناو حەوشەی قوتابخانەکە. ئێمە ھەندێکمان ئەو کارەمان کرد و بەدوایدا چووینەوە بۆ ماڵەوە. ئێستا وردەکارییەکانی دوای ئەو ڕووداوەم بیرنایە، بەڵام بەعس لە بڕیارەکەی پەشیمانبووە و ئێمە ھەر کتێبە کوردییەکانمان خوێند و وانەکانیش ھەر بە کوردی گوترانەوە. ساڵانێک دواتر زانیمان ئەبوبەکر خۆشناو بووە بە پێشمەرگە و چووەتە ناو ڕیزەکانی یەکێتییەوە.

لەو ڕۆژگارەدا ئەبوبەکر خۆشناو بۆ ئێمە، کە زۆربەمان زۆر لە ئەبوبەکر گەنجتربووین، رەمزیی شۆڕشگێڕیی و یاخیبوون بوو، کوڕێکی خوێندەوار و ھەژار و نەترس بوو. لەو سەردەمە تاریکەدا وزەیەکی گەورەی بە ئێمە ئەدا بۆئەوەی تەسلیمی بەعس نەبین و بتوانین خۆمان لەو ھێزە ئەھریمەنییە بپارێزین. بەعس لە جەنگێکی ناھاوسەنگدا بوو لەگەڵ منداڵیی و گەنجی ئێمەدا، کەسانی وەک ئەبوبەکر خۆشناو پەناگایەکی نەفسیی و شۆڕشگێڕیی گرنگ بوون بۆ ئێمە لەو جەنگەدا. بۆ منیش وەک گەنجێکی پازدە ساڵە ئەبوبەکر خۆشناو یەکەمین شۆڕشگێڕێک بوو لە نزیکەوە بینیبێتم و قسەم لەگەڵدا کردبێت. کوڕێک بوو بە وزە و ئیرادەیەکی گەورەوە. کە ئێستا و دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵە بیر لەم پیاوە دەکەمەوە، ھێێشتا وێنەی ئەو شۆڕشگێڕە گەنجەم لە بەرچاوە کە لەو قوتابخانەیەدا جەنگی بەعسی دەکرد، یادت بەخێر خۆشناوی ئازیز.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.