هەڵبژاردنی ساختە یان گەنجی ساختە ..!؟

لەلایەن ستاندار Posted on 577 جار بینراوە

هەڵمەت ئەکرەم

“هەڵبژاردنی ساختە”
بەشێك لەوانەی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە دروستکردنی سیناریۆ و خۆبەپاڵەوانکردن لە شاشەی تیڤیەكان بە حیساب دروست بوونە، ئەو كەسانەن لە سەرەتادا كار كردنیان رەت دەكردەوە لە ناو گۆڕاندا.بەڵام چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان کوردستان هاتن ناوی خۆیان وەكو ئەندام لە لیستی ئەندامان تۆمار كرد لە پێناوی بوون بە كاندید بۆ پەرلەمانی كوردستان لە لیستی گۆڕان و بونە ئەندامی پەرلەمان بەڕێگای فێڵ و درۆ و ناشەرعی، بۆیە ئەمە كەسایەتی و ھەڵبژاردنی ساختەیە نەوەك ھەڵبژاردنەكەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن.

“گەنجی ساختە “
ئەوانەی هیچ ماندوبونێکیان نەبینیوە،تا دڵنیانەبون لە ڕەگداکوتانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسی،ڕەنج و ئازار و مەینەتی گەنجە دلێر و ئازایەکانی گۆڕان، دەکاتە سەروەریەکانی خۆی بێ هیچ قوربانی دانێک و هاتنی بۆ سەر سفرەی حازری و دانانی خەت ڕەجعە لەگەڵ نەیارانی گۆڕان و پەیوەندیی ژێربەژێرەکانی لەگەڵ خەڵکی تر،قسەکردن بەناوی گەنجان گۆڕان بێ هیچ ماندووبونێک، ئەوا گەنجی ساختەیە.

درۆکردن و ماسک لەسەرکردن تا سەر نامینێتەوە،ئەمڕۆ یان سبەی حەقیقەت و ڕاستیەکانتان ئاشکرا دەبن،چونکە درۆکردن لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی کورتە و ڕیسوایی زۆر لە دوایە.

لەلایەكی دیكەشەوە بەڵێ گەنجی زۆر رەسەن و لێھاتوو لەناو گۆڕاندا ھەن، كە حەق وابوو لەناو خانەی راپەڕاندن ھەبوونایە. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە زەمینەسازی بكرێت بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی خانەی راپەڕاندندا گەنج و ژنی تێدا بێت.

کێشە ناوخۆیەکان، فرسەتێکی باشی ڕەخساند لە هێنانە پێشەوەی و فەرزکردنی خەڵکی ناڕەسەن و ناموستەحەق، بەسەر خەڵکی ڕەسەن و موستەحەق، كە بەشێك خەتاش دەكەوێتە سەرشانی ئەو بەرپرسە حیزبیانەی كە تەنھا بۆ بەھێز كردنی تەكەتولی خۆیان و قەڕەباڵغ كردنی چواردەوری خۆیان، ئامادەن دەست لە پشتی ھەموو جۆرە خەڵكێك بدەن بۆ دژایەتی بەشێك لەوانی دی، بەڵام بۆ لەمەودوا قورس دەبێت بەردەوامبون لەسەر ئەو میتۆد و ئەخڵاقیاتە،جا لەهەر ئاستێک و هەر ئۆرگانێک بێت.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا، بەڵێ ئێمەش سەرنج و تێبینیمان ھەیە لەسەر ھەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بەڵام رەخنەكانمان ڕەخنەی بونیادنەرن و لە شوێنی خۆیاندا دەیگرین نەوەك لەسەر شاشەو زیان گەیاندن بە گۆڕان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.