دەبێ پارتی و گۆڕان باسی چی بکەن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 664 جار بینراوە

دلاوەر شێخ محمد

هاتنی شاندی پارتی بۆ لای گۆڕان و تەلەفۆنەکەی بارزانی بۆ ڕێکخەری نوێ ئەگەر نەبن بە لاپەڕەیەکی نوێ لە نێوان ئەم دوو حزبە و نەتوانن دوو قۆڵی دابنیشن ، دەبێ جاوەڕێی چی لەم دوو حزبە بکەین ، ئێمە کە دێینە سەر باسکردنی ناکۆکی حزبەکان نابێ ئەوە باس نەکەین ئەرێ لە کوێوە ئەمانە ناکۆکن ؟

خۆ ئەگەر ئەمانەی خوارەوە لە باس و خواسی دانیشتنی نێوان ئەم دوو حزبە نەبن ئەوە وەکو ئەوە وایە یاری بە عەقل و ژیانی خەڵک دەکەن ..

1ـ یاسای سەرۆکایەتی چۆن قسەی لەسەر دەکەن ؟
2ـ سیستەمی پەرلەمانی و سیستەمی سەرۆکایەتی ؟
3ـ ناشەفافی لە داهاتی وڵات
4ـ بە نیشتیمان کردنی هێزە چەکدارەکان
5ـ پاشەکەوتی مووچە
6ـ بەشداربوونی لایەنەکان لەسیاسەتی دەرەوە ، دەزانین نوێنەری حکومەتی هەرێم لە وڵاتان یەک بە نەوەدە
7ـ گەندەڵی ئیداری و پۆست بەخشینەوە و سەربەخۆ نەبوونی دادگا
8ـ نەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین

ئەمانە ئەو باس و بابەتانەن کە گۆڕان وتوویەتی من هاتووم وەکو بزوتنەوەیەکی گۆرانخواز گۆڕانکاری بکەم ، لە پێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگە .

گریمان گۆڕان ئەوەی نەکرد ، باشە هیچ شتێک بۆ گۆڕان دەمێنێتەوە ؟

لەوەلامدا نەخێر ، باشە ئەی گریمان گۆڕان ئەو بابەتانەی کرد باس و خواسی دانیشتنیان لەگەڵ پارتی ، ئەوانیش وەکو نۆ کۆبوونەوەی ــ سازان ــ هەر پێداگری کرد ، ئەوکات چی ؟

خۆ دەبێ پێش یەکی یانزدە ئەوە یەکلا بکرێتەوە کە سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵک یان لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ ، کە ئەمە ناکۆکترین بابەتی نێوان نەک هەر گۆڕانە بەڵکو هی سێ لایەنەکەی تریشە کە پێشتر پرۆژەیان هەبوو ، بەتایبەتیش یەکێتی ، کە لای وایە سیستەمی پەرلەمانی باشترە لە هی سەرۆکایەتی .

ئەی ئەگەر بپرسین تەنیا ئەو بابەتە چەندی دەوێ لە گریمانەی ڕازی بوونی پارتی و ئەو دەستەڵاتانەی بە سەرۆکی هەرێم دەدرێ لە ئایندە ؟
باشە کوا ئەو کاتەمان ماوە کە پڕۆژە یاسا بۆ ئەم بابەتە بخرێتە بەردەم پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکرێ و دواتر بخرێتە دەنگدان ؟
ناشەفافی لە داهاتی نەوت ، هەر رێکەوتنێک لە نێوان هەر لایەنێک یان هەموو لایەنەکانیش بکرێ ، ئەگەر ئەم بابەتە قسەی جددی لەسەر نەکرێ ، ئیتر داهاتی وڵات هەر بەم شێوەیە بە ناشەفافی بمێنتەوە واتە خەڵک بە کام حزب بڵێ ئافەرین و نەعلەت لە کامیان بکا ، چونکە بەرهەمی هەر ڕێکەوتنێک ئەگەر میکانزمێک دانەنرێ بۆ شەفاف بوونی داهاتی وڵات ، ئەوە دەستی لێ بشۆین .

بەنیشتیمان کردنی هێزە چەکدارەکان ، بەتایبەت ئاسایش و دەزگای زانیاری کە ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە ئەمر و ئەوامری پارتی و یەکێتی .

بابهێنینە بەرچاومان هەموو حزبەکان ئاشتی و تەباییان لە نێواندا هەیە ، بەڵام پاشەکەوتی مووچە هەر وەکو خۆی ماوەتەوە ، ئەوە دیسان بە هەر هەموویان چ بەو خەڵکە دەڵێن ؟

ئەی بوونی ئەو هەموو نوێنەری حکومەتی هەرێم لە وڵاتان لەلایەن یەک حزب ؟ بێ دەنگ بوون بەرامبەر ئەمە تەسلیم بوونی هەموو حزبەکانە بە ناڕاستەوخۆ ، بەڕای ئێمە بەپێی کورسی پەرلەمان دەبێ هەر حزبێک بەشی خۆی لەو نوێنەرانەی بەر بکەوێ .

ئێمە ناڵێین بە ــ کن فیکون ــ ێک گەندەڵی نەمێنێ ، بەڵام ئایە ئەو بڕیارە چاکسازییەی کە درابوو کێ و کێی گرتەوە ، خۆ دیارە ــ مێش بە فاقەوە بووە و گامێشیش هەر وا تێدەسوڕێتەوە ، نەخێر دەبێ لە پەرلەمان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی ئیداری و پۆست بەخشینەوە و نەبوونی سەربەخۆیی دادگا بە پڕۆژەیاسایەک و لێژنەی تایبەت دابنرێ و ورد و درشت ، لە هەموو سێکتەرەکانەوە ڕاپۆرت وەربگیرێ و دواتر ئەوانەی کە بە بەڵگە گەندەڵی ئیدارییان کردووە ، لەهەنگاوی یەکەم لەو پلەو پۆستانە دوور بخرێنەوە و بدرێن بە دادگا .

لە بارەی نەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین لە ــ شەقام ـ میدیای بینراو بیستراو و نوسین ، بە پڕۆژە یاسایەک کە گونجاو بێ بۆ ئەمڕۆی کورستان و کردنەوەی چاوی جیهان .

بۆ ئەمە نابێ چیتر بڵێین ئەمە بەشی ــ شێری ــ بەردەکەوێ و ئەوە بەشی ــ ڕێوی ــ ، ئەم شێر و ڕێوییە با کۆتایی پێ بهێنین .

ئێمە لە وەها بابەتێکدا تەنیا بیروڕا و سەرنجی خۆمان خستۆتە ڕوو ، لە ڕاستیدا بۆ ئەو ــ هەشت ــ خاڵەی کە باسمان کردووە ، دەبێ لایەنەکان ئەمە بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بکەن نەک هەر ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکان ، ئەمەش لە پێناو ئەوەی کارەکان بە حزبی نەکرێن و دیسان هەر حزبێک چەند نوێنەر و ئەندامی خۆی هەبێ، نا نەخێر ئەمە پسپۆڕیەت و بێ لایەنی دەوێ ، بۆ ئەوەی بەسیستەمێکی باش و تەندروستیانە کارەکان بەڕێوەبچن ، دوا هەمین گریمانە ئەگەر ئەم بارودۆخە هەر وا بمێنیتەوە ئەوە ئەوانەی بیست و شەش ساڵە هەر شاییانە و هەڵدەپەڕن لە خۆشی و سەرخۆشییان هەر بەدەوام دەبن ، ڕێک ئەوانەی بێ بەشن و لە خانووی کرێدان لە وڵاتێک کە چارێگە سەددەیەکە خۆی حوکمی خۆی دەکا و هەر ئەوا بمێنێتەوە ئەوانیش هەر دەبێ لە خەم و نەبوونی لەسەر شەقام هەڵپەڕن و کەسیش گوێی بۆ نەگرێ ، ئای خودایە ئەم دوو هەڵپەڕینە چەند لێک دوورن ؟
بۆیە تکاو ڕەجامان وایە کۆتایی بەم هەڵپەڕکێیە بێنن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.