بازرگانی سیاسی ودەرفەت لەبارودۆخ

لەلایەن ستاندار Posted on 301 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

بیرم نایەت لەژیانی خۆم دا نرخی کاڵاوشتومەک و پێداویستیەکان بەگشتی و سوتەمەنیەکان بەتایبەت بۆ ماوەی چەند ساڵێک سەقامگیر بووبێت ، بەڵکو بەردەوام بەرزی ونزمی تێکەوتوە .

بەداخەوە سەرەڕای ناجێگیری نرخەکان دیاردەیەکی تر بەدیکراوە ئەویش ئەوەیە بچوکترین گرفت کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخەکان داناوە و هەندێک جاریش تەنها پڕوپاگەندەیەکی زاری خەڵک بەدەرفەت وەرگیراوە بۆ گرانی نرخەکان ، کەچی دواتر بەئاسانی نرخەکان دانابەزێتەوە ، بەواتایەکی تر خستنەوەی گرانی لە بازاڕ هێند ئاسانە چەند سەعاتێکی پڕوپاگەپاگەندەی پێویستە ، بەڵام بۆ دابەزاندنەوەی نرخەکان بۆ ئاستی پێشوو چەند مانگ وساڵ دەخایەنێت ،هۆکارەکان پێم وایە دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی چاودێریەکی توندی حکومەت لەلایەک ودەست بەسەرداگرتنی بازاڕ لەلایەن بەرپرس وسیاسیە بازرگانەکان لەلایەکی تر، ئەوانەی تەنها لەبیری خۆدەوڵەمەندکردنن لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان .

هەموان ئاگادارین لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی چەند باس و خواس و خوێندنەوەی پێشهاتەکان لێرەولەوێ بۆ بارودۆخی سیاسی هەرێم بەتایبەت پرسی ڕیفراندۆم ودەرهاویشتەکانی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە ، کڕینی خواردەمەنیەکان لەلایەن هاووڵاتیانی بێ موچەی خاوەن مێژووی سێ ساڵی پڕلەقەیران بوە بەدیاردە .

لێرەدا چەند بازرگانێکی خۆویست لێی سودمەند دەبن ، لەهەموو ئەوانەش بێ مانا تر دەست پێکی بەرزبونەوەو گرانبونی نرخی بەنزینە ، لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە پێشەوە:
ئاخۆ گرانی بەنزین بۆچی ؟
کێن ئەوانەی دەستیان بەسەر ئەم بازاڕە داگرتوە ؟
بۆچی بەر لەهەڵبژاردنی ڕابروو بەماوەیەکی کەم نرخی بەنزین دابەزێندرا بۆ پێنج سەد دینار ؟
کێ بوون ئەوانەی لەدوای هەڵبژاردن دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو نرخەکە بەرز بکەنەوە ؟
لەکۆتایی دا ئەی ئەوانە کێن لەئێستادا بێ هیچ هۆکارێک نرخی بەنزین بەرزدەکەنەوە؟
ئەی بۆچی بەرپرسانی پەیوەندار توانای خۆیان ناخەنە کار بۆ ڕێگری لەم هەوڵە ؟
هەر بەڕاست وایە کە ووتویانە لەدەسەڵاتی ئەوان دا نیە ڕێگری لەگرانی نرخی بەنزین بکەن ، ئەگەر وایە بۆچی ؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.