(نەخێر)ەکانیش دڵسۆزی ئەم ووڵاتەن

لەلایەن ستاندار Posted on 571 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

ئاشکرایە ریفڕاندۆمیش وەک هەموو بابەتە سیاسیەکانی دیکە ،هاووڵاتیانی کوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، بەپێی پرەنسیبە دیموکراسیەکان و هەم لەرووی واقیعدا ئەمە کارێکی ئاسایی و درووستە بە ئاراستەی خزمەتی پرۆسەکە ،بەڵام ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا بینیمان و دوای ئەوەی بەشێک لەحزب و لایەنە سیاسیەکان و رۆشنبیران و چاودێرانی سیاسی تێبینیان لەسەر شێوازو کاتی ریفراندۆمەکە هەبوو، بەداخەوە هەر زوو کاردانەوەکانی جەماعەتی (بەڵێ)یەکان بەشێوازێک بوو کە سنوورەکانی لانی کەمی ئازادی رادەربڕینی بەزاند ، بەشێوەیەکی زۆر نامەدەنی کەوتنە تەخوین کردن و ناشریکردنی ئەو کەسانەی کە ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر پروسەکە بەوەیشەوە نەوەستان دەسەڵات لەهەوڵدایە لەڕێگای داواکاری گشتییەوە سکاڵای یاسایی دژی ئەو کەسانە تۆمار بکات کە بەئاوازەکانی ئەوان هەڵناپەڕن ، پاشانیش لەڕێگای ماڵپەڕە سێبەرەکانی دەسەڵاتەوە ناوی چەندین نوسەرو ڕۆژنامەنوس و بیرمەندیان وەک جاشو خائین بڵاو کردەوە وەک بڵێی تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام دابێت.

ئاخر چی مەنتقێکە تۆ بە تەمای درووستکردنی دەوڵەت بیت و کەچی نەک گوێ لە هاووڵاتیانت ناگریت ،تەنانەت هەڕەشەی دەرکردنیان لێدەکەیت ،لەکاتێکدا ئامانجی ئەوان پیشاندانی ڕێگا راستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکانی نەتەوەکەمان.

ئەوانەی وا ئەمڕۆ خۆیان بە ئاڵاهەڵگری ریفڕاندۆم ئەزانن ئەبێ باش لەو راستییە تێبگەن ریفڕاندۆم چارەنوسی میللەتێکە و پرۆسەیەکی نیشتمانییە هەربۆیە تاکەکانی ئەم میللەتە بەهەموو چین و توێژەکانیەوە ماڤی خۆیانە رەخنەو تێبینییان لەسەر شێواز و کاتی ریفڕاندۆمدا هەبێت و ئازادانەو بەبێ سانسۆر ڕاو بۆچونی خۆیان لەسەر پرۆسەکە دەربڕن ،وەزۆریش ئاساییە ئەگەر لایەنێک یان کەسانێک دژی پرۆسەی ریفڕاندۆم بێت بەو شێوازەی ئێستا بەدەنگی بەرزیش بڵێت ( نەخێر).

ناشبێ ئەوەمان لەبیر بچێ ئەو کەسانەی کە رەخنەو تێبینیان هەیە زۆربەیان خەڵکی دڵسۆزو تێکوشەری ئەم ووڵاتەن و لەپێناوی ئازادی و دیموکراسیدا رەنجیان کێشاوەو خەباتیان کردووە، بۆیە لەبری تەخوین کردن و دادگایی کردنیان پێویستە گوێیان لێ بگیرێت و ڕاوبۆچون و مەترسیەکانیان بەهەند وەربگیرێت و کاریان لەسەر بکرێت.

ئاخر ئەبێ گوناحی ئەمان چی بێت. جگە لەخەمخۆریان بۆ گەل و ووڵات و دەرخستنی راستیەکان و پیشاندانی مەترسیەکانی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بەو شێوازەی ئێستا کە ناکرێ چەند سەرکردەیەک لەدیوەخانەکانی حزبەوە بڕیار لەسەر درووستکردنی دەوڵەت بدەن، چونکە پرۆسەیەکی وەها چارەنوسساز پێویستە لەپێشدا زەمینەسازی بۆ بکرێت و دەیان کۆنفرانس و دیبەیتی لەلایەن کەسانی پسپۆر و ئەکادیمی لە سەرجەم بوارەکاندا بۆ سازبکرێت و کۆدەنگییەکی نیشتمانی بۆ پێکبهێنرێت ،پاشان لەڕێگای پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای بۆ دەربچێ ،ئەوکات گەل ئەبێتە خاوەنداری ئەو پرۆسەیەو بێگومان ئەگەری سەرکەوتنیشی مسۆگەرتر ئەکات.

بەپێچەوانەوە هەر پەرچەکردارێکی ناڕەواو نادیموکراسیانە دژی (نەخێرە)کان نەک هەرشکست بە پرۆژەکە ئەهێنێت رەنگە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی سیاسی بەجۆرێک تێکبچێت کە پێدەچێت مەترسیەکانی ووڵات بەرەو رۆژە رەشەکانی شەڕی ناوخۆمان بەرێتەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.