ئەم هەڵوێستە شەرمنانەی بەشێک لە لایەنەکان بەرامبەر بە بڕیارەکانی پارتی، دەرئەنجامی بێ ئیرادەیی و شێواوی دۆخی ناوخۆی هەندێک حیزب و بەرژەوەندی هەندێک لە گروپەکانی ناویان بو، کە بەتەواوی کەوتبونە فەلەکی ئەمری واقعی پارتیەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەردانەکانی بارزانی بۆ وڵاتان و هاتنی چەند وەفدێکیان بۆ هەولێر، بە تەواوی پێگەی پارتی و بارزانی لای ئەو هێزانە گەورە کردبو. تەنانەت لە سەرەتادا، بەشێک لەو هێزانە لە ترسی جەماوەری حیزبەکانیان، ناوی بارزانیان وەکو سەرۆکی هەرێم نەدەبرد، بەڵام دوای ئەم سەردانانەی، دەیانوت مەسعو بارزانی بەشێوەی ئەمری واقیع سەرۆکی هەرێمە. تەنانەت لە یادی خۆیان بردبویەوە کە فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیان پێشکەش کردوە. لە هەندێک بۆنەشدا، کاتێک ناوی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵسوکەوتی بەشێک لە فراکسیۆنەکانیان بە هەرزەی سیاسی ناو دەبرد، هەڵبەت ئەمەشیان پەیوەندی بە دوفاقی سیاسی و کورت بینی و پەیوەندیە ژێربەژێرەکانیانەوە هەبو، کە هەندێکجار زیاتر لە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دژایەتی بزوتنەوەی گۆڕانیان دەکردو، لە فەراغی پەرلەماندا، بە بڕیاری زۆرە ملێ، بەبێ بونی هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی، خەڵکی کوردستانیان توشی نەهامەتیەکی گەورە کرد و بڕیاری پاشەکەوتی موچەیاندا.
بەڵام بە ئیرادەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارە شکستخوارد و خۆسەپێنەکەی پارتی لەسەرەتاوە رەتکرایەوە و بە کودەتا ناوزەدکرا. بڕیارەکەی پارتی نەیتوانی گۆڕان بەرەو کاردانەوەی خراپ و هیچ جوڵەیەکی نا دیموکراسی ببات، لە کاتێکدا گۆڕان چەندین رێگای لەبەردەم کراوە بو. بەڵام سەرەڕای هەمو ئەمانە گۆڕان توانی بەشێوەیەکی حەکیمانە هەنگاو بنێت و سەرکەوتوانە بەردەوامبێت و سوربونی خۆی بسەلمێنێت لەسەر پەیام و بەرنامەکانی لە پرۆسەی سیاسیدا.
دوای نزیکەی دو ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی، تەریک کەوتنی پارتی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ئێستا پارتی کەوتۆتە پاشەگەزبونەوە و وازهێنان لە بڕیارە هەڵەکانی (هەرچەندە هێشتا نازانرێت نیەتەکانی پارتی چەند جدین، بەتایبەت لە مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمدا). گۆڕان توانی ئیرادەی سیاسی و دیموکراسی خۆی بەشێوەیەکی مەدەنی بسەلمێنێت، بەڵام سەرکەوتنی ئەم ئیرادەیە بۆ گۆڕان کارێکی قورس و زەحمەت بو، پێویستە لە ئاست کێشەو پێشهاتەکاندا، بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە باشکردنی دۆخی خەڵک و چەسپاندنی سەروەری یاسا و بنەماکانی دیموکراسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاو بنێت. لەهەمانکاتدا حەقیقەت و قەبارەی پارتی وەک خۆی تەماشا بکات، بەوەی پارتی سی و هەشت کورسی هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و کاریگەریەکانیشی نابێت لە قەبارەی کورسیەکانی زیاتربێت.