كوردستان به‌ره‌و كوێ؟….. مانیفێستى قۆناغێكى نوێ- بەشی سێیەم
د.كامه‌ران مه‌نتك
7- بنه‌ماى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان
ره‌نگ بێت لیره‌دا پرسیارێك بێته ئاراوه، له‌نێو ئه‌و فه‌وزاو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه گه‌ورانه‌ى هه‌رێم و ئه‌و پاشخانه ته‌م و مژاوییه‌ى حزب و هێزه‌كانى باشوور هه‌یانه، چۆن ده‌توانرێت ئه‌وخاڵه هاوبه‌شه‌كانى نێوان ئه‌و هێزانه كۆبكرێته‌وه‌و یه‌كڕێزییه‌كى نیشتمانى وا دروست بكرێت، كه بتوانێت رووبه‌رووى مه‌ترسى و ته‌حه‌دایه‌كانى ئه‌و قۆناغه ببێته؟ بۆ وه‌رامدانه‌وه ئه‌وپرسیاره به‌ر له هه‌موو شتێك پێویسته له سروشتى كێشه‌كانى كوردستان تێبگه‌ین، كه تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه به شێوه‌یه‌كى ورد ده‌ست نیشان بكرێت،كاتێك نه‌توانرێت خودى كێشه‌كه ده‌ست نیشان بكرێت، چۆن ده‌توانرێت چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه!؟ له دواى شكستى ئه‌یلووله‌وه زۆربه‌ى حزبه‌كانى كوردستان پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى به كرۆَكى كێشه‌كان وه‌سف ده‌كه‌ن، له ساڵى 1975 به دواوه یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كادیر‌و ئه‌ندامانى خۆى له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنى ئه‌م حزب و بنه‌ماڵه‌یه په‌روه‌رده ده‌كرد، بێگومان پارتیش به هه‌مان شێوه، ره‌گى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕایه بۆ ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، كه خۆى له ململانێكانى باڵى مه‌كته‌بى سیاسى و بارزانیدا ده‌دۆزییه‌وه، ئه‌و ململانێییه جۆره‌ها پێناسه‌ى بۆكراوه، هه‌ر له ئایدۆلۆژیاوه بگره تا ده‌گاته مه‌سه‌له‌ى ته‌خوین كردن، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا كرۆكى كێشه‌كه به‌رژه‌وه‌ندى و خه‌ونى كه‌سى بووه، واته شه‌ڕ بووه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌ركردایه‌تیكردنى بزاڤى رزگاریخوازى كورد، قۆناغى دواى ئه‌وه ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه، جگه له فاكته‌رى به‌رژه‌وه‌ه‌ندى كه‌سى و بنه‌ماڵه‌یى هیچ كێشه‌یه‌كى تر‌ى بنه‌ڕه‌تى له نێوان ئه‌و دوو باڵه‌دا نه‌بووه، چونكه یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، دواى ئه‌وه‌ى پارتى به عه‌شایرى بوون و نۆكه‌رى بێگانه وه‌سف ده‌كرد، خۆشى ئێستا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى عه‌شایرى و بنه‌ماڵه‌یى حزبه‌كه‌ى به‌ڕێوه ده‌بات و شان به‌شانى پارتیش نۆكه‌رایه‌تى شه‌یتانیش ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه بپارێزرێت، دواى ساڵى 2005 تاڵه‌بانى راشكاوانه، ته‌نیا له پێناو كورسى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق، جڵه‌وى حزبه‌كه‌ى ته‌سلیم به بنه‌ماَله‌ى بارزانیكردو، ئه‌و دوو بنه‌ماڵه ئه‌گه‌رچى له رووخساردا ركابه‌رى یه‌كترن، به‌ڵام له راسته‌قینه‌دا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیان به ته‌واوى رێكخستووه‌و باشوورى كوردستانیان به‌سه‌ر خۆیان دابه‌ش كردووه! ئه‌و ململانێیه ناته‌ندروست و شاردراوه‌یه كۆمه‌ڵگاى كوردى له ناخه‌وه دابه‌شكردو دوژمنایه‌تیكردنى كرده ئه‌لته‌رناتیڤى ململانێیه‌كى سیاسیانه‌ى به‌رهه‌مدار، كه‌واته له دۆخى ئێستا، چ له‌سه‌ر بنه‌ماى كه‌لتوورى سیاسى، چ له‌سه‌ر بنه‌ماى جوگرافى، چ له‌سه‌ر بنه‌ماى گه‌مه سیاسیه هه‌رێمایه‌تیه‌كه، هه‌رێمى كوردستان تا سه‌ر ئێسقان دابه‌ش بووه‌و به‌و هزره سیاسیه‌ى ئێستا له كوردستان له‌ئارادایه‌و ئه‌و میكانیزمه‌ى، گیراوه‌ته به‌ر، هه‌رگیز ناتوانرێت ئه‌و هێزانه به‌یه‌كه‌وه كۆ بكرێته‌وه، هاوكار ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ به‌یه‌كه‌وه كۆكردنه‌وه، ده‌یان هه‌وڵ هه‌یه بۆ زیاتر لێكترازندن و په‌رته‌وازه كردن!
8- به‌ره‌واژووكردنه‌وه‌ى پرسیاره‌كان
یه‌كێك له هۆكاره‌كانى تێنه‌گه‌یشتن له سروشتى كێشه‌كانى هه‌رێم، شێوازى وروژاندنى پرسیاره ده‌رباره‌ى ئه‌و كێشانه! هاوكات شێوازى گه‌ڕانه به دواى وه‌رامه‌كان، له زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا، ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ى كه هۆكارى كێشه‌كه‌ن، هه‌ر خۆیان به‌مه‌به‌ستى له‌رێلابردنى راى گشتى و دوورخستنه‌وه له كرۆكى كێشه‌كان، رۆڵى گه‌وره ده‌گێڕن له داڕشتنى پرسیاره‌كان، ته‌نانه‌ت دیاریكردنى وه‌رامه‌كانیشیان، ئه‌مه وایكردوه له ته‌نیا یه‌ك ره‌هه‌نده‌وه پرساره‌كان بوروژێنرێن و هه‌ر له ته‌نیا ره‌هه‌ندێكیشه‌وه وه‌رامیان بدرێته‌وه! ئه‌م شێوازه له پرسیاركردن وایكردووه خودى كێشه‌كان نه‌بینرێن! بۆ نمونه زۆرجار پرسیار ده‌كرێت بۆچى تاوانبارانى ئه‌نفال نادرێنه دادگا؟! به‌ڵام دیوه‌كه‌ى تر‌ى ئه‌و پرسیاره فه‌رامۆش ده‌كرێت، كه كێ پاڵى به‌و كه‌سانه‌وه ناوه ببنه ئه‌و تاوانباره ترسناكه دژى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆیان؟ بێگومان پرسیارى یه‌كه‌م ره‌وایه‌و ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه بدرێنه دادگا، به‌ڵام پرسیاره‌كه نیوه‌چله‌و ته‌واو نه‌كراوه، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌یرى دۆخى به‌شێك له‌و تاوانبارانه بكه‌ین ده‌بینین به‌شێكى زۆریان له قۆناغێك له قۆناغه‌كانى ژیانیان شۆِرشگێڕى راسته‌قینه بووینه دواتر هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و بوونه‌ته خۆفرۆشێكى گه‌وره! چ هێزێك له‌پشت ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌دا بووه؟ ئایا ته‌نیا حه‌زكردن به پله‌وپۆست و پاره‌و سامان بووه، یاخود هۆكارى تر هه‌بووه؟! بۆچى به‌ره‌ى كوردستانى لێبوردنى گشتى بۆ ده‌ركردن؟!
ئایا ته‌نیا بۆ چه‌سپاندنى ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى بوو، یاخود له‌به‌رئه‌وه بوو، كه به‌شێكى زۆر له‌وانه‌ى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كانیان ده‌كرد هه‌ڤاڵى ئه‌و تاوانبارانه بوون و به‌جلێكى پیرۆزى پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه رۆڵێكى ناپیرۆزو قێزه‌ونیان ده‌گێڕا؟! ئایا خودى به‌ره‌ى كوردستانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌بوو ئه‌و لێبوردنه ده‌ربكات؟! له‌مه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و سه‌ر ئه‌نجامه‌ى، كه ده‌بێت ببپرسین ئه‌و به‌رپرس و سه‌ركرده حزبیانه‌ى كه فایلدار بوون به ناوى پێشمه‌رگه‌وه سیخوڕیان بۆ دوژمن ده‌كرد، كێ بڕیارى لێبوردنى بۆ ئه‌وان ده‌ركردووه؟! ئایا هه‌ڵوێستى ئه‌و جاش و تاوانبارانه پاساوى زیاتر نییه له هه‌ڵوێستى ئه‌و به‌رپرسه خائینانه؟ بۆ ده‌بێت ئه‌وان دادگایى بكرێن و ئه‌وانه‌ى تریش به‌ناوى كوردایه‌تیه‌وه هه‌مدیس دانوستان بكه‌ن و بێنه سه‌رشاشه‌ى تیڤیه‌كان و وه‌كو خه‌مخۆرێكى كوردستان خۆیان نیشانى خه‌ڵك بده‌ن؟! بێگومان له‌مه‌شدا پرسیارى جدى تر سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا ده‌سه‌ڵاتێك، كه هێزى سه‌ره‌كى له بكوژه‌كانى رۆڵه‌كانى خۆى وه‌ربگرێت و به‌شێكى زۆى نوێنه‌ره‌كانى سیخوڕ‌و پیاوى دوژمنان بن، ده‌كرێت ناوى ده‌سه‌ڵاتى لێ بنێین و شه‌رعیه‌تى بده‌ینێ! ئێمه ده‌زانین ته‌نیا رژێمێك له ناوچه‌كه رووخا ئه‌و هه‌موو به‌رپرسه سیخوڕه فایلیان كه‌وته به‌ر هه‌تاو، ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئێران و توركیا بڕوخێن، ده‌بێت چ كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ترمان بكه‌وێته به‌رچاو؟
كه‌واته ئه‌گه‌ر قۆناغێك پڕ بێت له خه‌بات له پێناو سیخوڕ‌ى و نۆكه‌رایه‌تیكردنى دوژمنانى كورد، ده‌توانین ناوى شۆڕشى لێ بنێین؟ به‌م چه‌شنه ئه‌گه‌ر له فره ره‌هه‌ندیه‌وه پرسیاره‌كان بوروژێنین، ده‌بینین كێشه له بونیادى هزرى ئێمه‌و خوێندنه‌وه‌ى ئێمه‌دایه بۆئه‌و بازرگانیه سیخوڕیه‌ى، كه به‌مرۆڤه‌كانى كوردستان كراوه‌و ئێمه ناوى شۆڕشمان لێناوه‌و رۆڵه‌كانى خۆمان كردۆته كووره‌ى ئاگرى ئه‌و پڕۆسه دزێوه‌و غه‌ریزه‌ى به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌و تێنووێتى خۆمان بۆ ئازادى پێ شكاندووه! كه سانێك كه خۆیان كۆیله‌و سیخوڕ بووبن چۆن ده‌توانن ئازادى بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ن؟! ئه‌م تاك ره‌هه‌ندیه له وروژاندنى پرسیاردا ئێستا كایه‌ى رۆشنبیرى و میداى كوردى به شێوه‌یه‌كى زۆر ترسناك و دلگیركردووه‌و ته‌نانه‌ت زۆر گه‌مژانه كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، وه‌ك كورد ده‌ڵێت هه‌ر یه‌ك به روبه‌ى خۆیه‌وه ده‌یپێوێت، له‌كاتێكدا بۆ تێگه‌یشتن له كۆى دیمه‌نه‌كه، پێوسته دۆخى هه‌موو (روبه‌كان)ببینین! بۆ نمونه ئێستا خه‌ڵكى كوردستان پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به‌وه تاوانبار ده‌كه‌ن، كه هه‌موو شتێكى قۆرخ كردووه‌و وڵاتى فرۆشتۆته توركیا، ده‌سه‌ڵاتى ئابوورى، سیاسى ، كۆمه‌ڵایه‌تى، راگه‌یاندن، سه‌رچاوه‌كانى وزه هه‌موو له‌به‌رده‌ستى ئه‌ودایه‌و پێویسته به نیشتمانى بكرێت! بێگومان ئه‌م رایه زۆر راسته راسته‌قینه‌یه‌كه، كه زۆربه‌ى خه‌ڵكى كوردستان هه‌ستى پێده‌كات، به‌ڵام ره‌هه‌نده‌كانى تر‌ى ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه، كه كێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى بۆ پارتى ره‌خساند به‌و شێوه‌یه هه‌موو شتێك كۆنتڕۆڵ بكات و بیخاته ژێر هه‌ژموونى خۆى؟ پارتیه‌كان قسه‌یه‌كى زۆر راست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت قسه‌ى حه‌ق بێت و مه‌به‌سته‌كه‌ى پووچه‌ڵیش بێت، كاتێك ده‌ڵێن پێویسته حزبه‌كان خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه، یاخود له‌ناو ده‌سه‌ڵات بن، یا وه‌ك ئۆپۆزسیۆن كارى خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام حزبه‌كانى تر ئه‌مه‌یان ناوێت، ته‌نانه‌ت پارتى خۆشى ئه‌وه‌ى ناوێت، چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵات بوون و ئۆپۆزسیۆن بوونه له یه‌ك كاتدا، ره‌گى بۆ ئه‌و دوالیزمه ترسناكه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بۆته كه‌لتوورێكى ترسناك له‌كایه‌ى سیاسیى كوردى، له‌سه‌ره‌وه به‌رپرسى پێشمه‌رگه، له ژێره‌وه سیخوڕ‌ى دوژمن، له‌سه‌ره‌وه جاش و موسته‌شار، له ژێره‌وه پێشمه‌رگه، له‌سه‌ره‌وه گۆڕان، له ژێره‌وه پارتى، یاخود له‌سه‌ره‌وه‌و پارتى له ژێره‌وه ئۆپۆزسیۆن، له‌سه‌ره‌وه به‌رپرسى یه‌كێتى له ژێره‌وه پارتى…! كه‌واته كه‌لتوورێك له‌سه‌ر ئه‌و دوالیزم و دوو رووییه بنیاتنراوه، هه‌رگیز به‌و كه‌سانه لاناچێت، كه خۆیان دامه‌زرێنه‌رو داهێنه‌رى ئه‌و كه‌لتووره‌ن، بۆیه ئه‌وانه نایانه‌وێت شێوازى پرسیاره‌كان له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و كه‌لتووره ده‌ربچێت، هه‌ر ئه‌مه وا ده‌كات له‌ناو هزرو رۆشنبیرى كوردیش ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى وه‌كو كه‌سایه‌تى ره‌خنه‌گرو بوێریش كه‌وتوونه‌ته به‌رچاوى كۆمه‌ڵگا، زیاتر له ئامۆژگاریكه‌رێكى شه‌یتان زیاتر نه‌بن، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ كه‌مینه‌یه زۆر كه‌م، كه خاوه‌نى هه‌ڵوێستى دیارى خۆیانن.
كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ى له بنه‌ماى كێشه‌كان تێبگه‌ین ده‌بێت ئه‌و دوالیزم و تاك ره‌هه‌ندیه له دنیابینیمان تێكبشێنین و پرسیاره‌كان به‌ره‌واژوو بكه‌ینه‌وه، له‌و دیمه‌نه قێزه‌ونانه نه‌ترسین كه ده‌كه‌ونه به‌رچاومان، چونكه تاوه‌كو به‌و شێوه بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌و پرسیارى جدى نه‌وروژێنێین ده‌بێت هه‌ر له‌ده‌ورى چاك سازى و گۆڕانكارى بخوڵێینه‌وه تا ئه‌و راده‌یه‌ى كه ئه‌و چه‌مكانه‌ش پیس ده‌كرێن و خه‌ڵكى كوردستان زیاتر ئومێدبڕ ده‌كرێت، كه به‌داخه‌وه ئێستا زۆر به‌وردى كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كرێت