گه‌رانه‌وه‌ بۆ خاڵى سفر

لەلایەن ستاندار Posted on 955 جار بینراوە

زه‌به‌نگ به‌هادین

پرسى نیشتیمانى ئه‌و زاراوه‌یه‌ نوێ یه‌ پارتى ئێستا به‌كارى ده‌هێنێت بۆ به‌ گه‌یشتن مه‌رامه‌كانى خۆى له‌ روى سیاسى و ده‌سه‌ڵاتدارى یه‌وه‌ ئابورى یه‌وه‌ , سه‌ره‌تا ئه‌بێت له‌وه‌ بروانین كه‌ ئه‌زموونى كارى پێكه‌وه‌ى حیزبه‌كانى باشورى كوردوستان ئه‌زمونێكى تاڵ و پر بێمتمانه‌ی یه‌ ئه‌زمونێكه‌ زۆر شایه‌ن به‌ گێرانه‌وه‌ نى یه‌ , ئه‌وه‌ى ئه‌م حیزبانه‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابردوو ئه‌نجامیان دا نه‌هێشتنى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و نیشتیمان په‌روه‌رى بوو له‌ ناو هزرى تاكى كوردى , ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌ بیر چۆته‌وه‌ كه‌ كاتێك ووڵات له‌ ژێر ركێفى په‌روه‌رده‌ى و حوكمرانى ده‌ستى ئه‌واندا بوو ئه‌وه‌ى له‌ یادیان كردبوو و كاریان له‌سه‌ره‌ نه‌ده‌كرد پێگه‌یاندنى هه‌ستى نیشتیمان په‌روه‌رى بوو له‌ لاى تاكى كوردى , دروستكردنى متمانه‌ى نێو خۆى و به‌ سیستم كردنى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ كوردوستان هیچ پێگه‌یه‌كى نه‌بوو لاى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردوستان و پارتى دیموكراتى كوردوستان . ئێستا پارتى ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر شانۆى سیاسى كوردوستان بیسه‌لمێنێت كه‌ خه‌ونى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى ده‌هێنێته‌ دى , ئه‌مه‌ له‌ ئه‌زموونێكدا كه‌ كاستى سه‌ره‌كى نواندن و سیناریو و ده‌رهێنه‌ر له‌ چه‌ند ساڵى رابردوو خۆى بووه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ بینه‌ر بگه‌یه‌نێته‌ برواى متمانه‌ دروستكردن له‌ و ته‌ختى شانۆیه‌ى كه‌ خۆى رۆڵى تێدا ده‌بینى , یه‌كێتیش له‌ پارتى كه‌مترى نه‌كردووه‌ ئه‌وه‌ى جیاوازى نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌ بووه‌ ده‌قى ووته‌كان و رۆڵ بینینه‌كه‌ بووه‌ له‌ شانۆگه‌رى یه‌كه‌دا ,

هه‌ردووكیان شانۆگه‌رى یه‌كى شكستیان پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك كرد بۆیه‌ له‌ ئێستاى پێویستدا كه‌س برواى به‌ ده‌قه‌ دروستكردى ده‌وڵه‌ت و برواى به‌ نووسه‌رى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش نه‌ماوه‌ , دروستكردنى ده‌وڵه‌ت ئاماده‌ سازى ده‌وێت, راسته‌ ئابوورى به‌هێز و سووپا و په‌یوه‌ندى نێو ده‌وڵه‌تى بنه‌ما سه‌ره‌كى یه‌كانى دروستكردنى ده‌وڵه‌تن , به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگتر دروستكردنى هه‌ستى نیشتیمان په‌روه‌رى و ویستى تاكه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆ بوون , پاشان پێدانى پاشخانێكى باش بۆ دروستكردنى متمانه‌ به‌و سه‌ركردانه‌ى رابه‌رایه‌تى ئه‌و كاروانه‌ ده‌كه‌ن . ره‌نگه‌ ئه‌و رقه‌ سیاسى یه‌ى كه‌ كایه‌ى سیاسى كوردوستانى شێواند و پارچه‌ پارچه‌ بوونه‌كانى زۆرتر كرد به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌بوایه‌ داهاتوى یه‌كى باشتر چاوه‌رانى ده‌كردین هه‌ڵبه‌ته‌ بونى به‌رژوه‌ندى دارایى و وویستى سه‌ركردایه‌تى هه‌میشه‌ى ئه‌م رقه‌ى گه‌وره‌تر كرد و گه‌یاندى یه‌ ئاستى نه‌سرینه‌وه‌ى ئاسان , هه‌ر بۆیه‌ ئێستا نه‌مانى متمانه‌ واى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران كردووه‌ به‌ ئاسانى نه‌چێته‌ ژیر بارى بابه‌تێكه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ گران به‌سه‌ریدا بشكێته‌وه‌ له‌ دۆخێكدا كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌رى نوێ له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى زۆر هه‌ستیار و چاره‌نوس سازدایه‌ ئه‌بێت زۆر به‌ عاقَلانه‌و به‌ ووریایى مامه‌ڵه‌ بكات .

ئه‌وه‌ى پارتى پێویست بوو بیكات فه‌رمانره‌اوى راست و سیستماتیك بوو كاتێك نه‌یكرد توشى ئه‌مرۆژه‌ى كرد كه‌ خۆى ده‌سه‌ڵاتداره‌ و ده‌سه‌ڵاتیشى به‌سه‌ر كه‌سدا نى یه‌ تا ریفراندۆم بكات به‌ دیفاكتۆ , ئێستا په‌رله‌مانیش كارا بكرێته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش بگۆرێت كه‌ ئه‌گه‌رێكى زۆر لاوازه‌ ئه‌و كاته‌ش‌ گۆران و بگره‌ زۆریش له‌ خه‌ڵك ئارامى سیاسى تێدا نابینێت , چونكه‌ ئێستاش ووتارى نه‌شیاو ئاسان پرسى ئاشت بوونه‌وه‌ تێك ئه‌دات و بێمتمانه‌یه‌كه‌ قوڵتر ئه‌كاته‌وه‌ , به‌ دڵنیایى گۆران خۆى توشى ئیحراجى سیاسى ناكات و ناچێته‌ ژێر بارى وویسته‌كانى پارتى , یه‌كێتیش له‌ دوو پارچه‌ى هیچ بریارێكى دروستى بۆ نادرێت , دروستبوونى ره‌وت و فكرى تر یان جوڵانه‌وه‌ى جیاواز كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لۆژیكى سیاسى له‌ سروشتێكى سیاسى دروستدا كارلێكى دروست ئه‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌ , به‌ڵام له‌م ژینگه‌ نا ته‌ندروسته‌ سیاسى یه‌ى كوردوستان دا كار كردن به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ ناته‌ندروسته‌وه‌ په‌یوه‌ندى و متمانه‌ى ئاڵۆزتر ده‌كات له‌ نێوان هه‌مووان دا بۆیه‌ دروستكردنى متمانه‌ى جوڵه‌یه‌كى سیاسى له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا كه‌ متمانه‌ بوونى نه‌ماوه‌ كارێكى ئاسان نى یه‌ و بگره‌ گرانیشه‌ . پارتى دیموكراتى كوردوستان رێككه‌وتنى سیاسى به‌ستۆته‌وه‌ به‌ بردنه‌وه‌و دۆرانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بۆ پرسێكى سیاسى وه‌ك ریفراندۆم نه‌ك سوود به‌ڵكو زه‌ره‌ر به‌ پرسه‌كه‌ ئه‌دات . ئێستا په‌رله‌مانیش ئاسای بكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر خاڵى سفر ,

خاڵى سفر له‌ كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى نا به‌ ته‌نها به‌ڵكو خاڵى سفر له‌ ململانێى نا ته‌ندروستى حیزبى , چونكه‌ پارتى كاتێك بریارى ریفراندۆمى داوه‌ پرسى به‌ هیچ حیزب و لایه‌نێك نه‌كردووه‌ خۆى تاكره‌وانه‌ بریارى داوه‌ , بزوتنه‌وه‌ى گۆرانیش به‌ ئاسانى ته‌سلیمى پرسێكى وه‌ها گرنگ نابێت تا به‌رچاوى خۆى به‌ روونى نه‌بینێـت , به‌ بوونى ئه‌م هه‌موو بێمتمانه‌یه‌ى نێوان گۆران و پارتیش ئه‌و كات یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌ به‌ ئاسانى دروست نابێـت , هه‌رچى یه‌كێتیشى له‌ نێوان به‌رداشى هه‌ڵگرتنى ئاڵاى ریفراندۆم خۆ به‌ خاوه‌نكردنى و ناره‌زاى بنكه‌ى حیزبى و خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى واى له‌ یه‌كێتى كردووه‌ نازانێت چۆن خۆى یه‌ك لاى بكاته‌وه‌ ئه‌ویش خۆى به‌ وه‌همى پرسى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان دا هه‌ڵواسیوه‌ وه‌ خۆى ده‌دزێته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كانى تر كه‌ له‌ هه‌موویان گرنگتر بۆچونى ئێران و به‌غدایه‌ ,

ره‌نگه‌ پارتى رازى بێت به‌ ده‌ستكارى كردنى پرسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئیتر گۆران رازى بووه‌ به‌ ریفراندۆم ئه‌ى ئه‌و كات یه‌كێتى چى ده‌كات له‌ نێوان چه‌كوشى پارتى بۆ ریفراندۆم و به‌ردى گۆران و رۆشنبیرانى ناوچه‌كه‌ى بۆ دواخستنى ریفرندۆم , بۆیه‌ پارتى دیموكراتى كوردوستان و یه‌كێتى نیشتیمانى كوردوستان كایه‌ سیاسى یه‌كه‌ى كوردوستانیان برده‌ ئاستێكه‌وه‌ ئه‌چیته‌ هه‌ر خاڵێك سه‌ره‌نجام ده‌گه‌رێیته‌وه‌ خاڵى سفر .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.