دكتۆر یوسف كێیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 709 جار بینراوە

محەمەد نوری ئەحمەد

یوسف تەنها  كوڕێكی رەشتاڵە نییە ،كە بە ژیانی چەرمەسەری توانی زانكۆ تەواو بكات و دواتریش دكتۆرا بەدەستبهێنێت  .دكتۆریوسف تەنها پیاوێك نییە كە گۆڕان كاندیدی كرد و كرا بەسەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی  كوردستان .دواتر توانی دەربچێت و ببێ بە ئەندام پەرلەمان و لەوێشەوە بەپێی رێككەوتنامە وئیستحقاق بوو بە سەرۆكی پەرلەمان . ئەم دكتۆرە راستەقینەیە كە بوو بە سەرۆكی پەلەمان وشەی حەسیرمەیان وفرەسەتمان لێنەبیست .ئەو زمانێك لەشەرمنیی ورێزو ئەتەكێتی سیاسی بەكارهێنا.دكتۆریوسف گەنجێكە لە بازگەیەكی حزبی رێیان لێگرت ، لەسەر ئەو  بازگەیەش نوسرابوو بژی پارتی دیموكراتی كوردستان .لەژێر تایتڵی دیموكراتیدا رێیان نەدا سەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر كارەكەی .لەم ساتەوە، لەساتی داخستنی بازگە بەرووی سەرۆكی پەرلەمان چیرۆكی دكتۆر یوسف دەستپێدەكات. داخستنی دەرگای پەرلەمان بەرووی یوسف محەمەد،  داخستنی هەموو هەنگاوەكانی نوێكردنەوەی سیاسەت و حكومڕانی بوو لەم هەرێمەدا،هەروەها كۆتایهێنانیش بوو بە و دورشمانەی كە ٢٦ساڵە دەسەڵاتی كوردی بەناوی ئازادیی و دیموكراسییەوە مێشكیان پێی بردووین. رێگرتن لە دكتۆر یوسف لەمانایەكدا رێگری بوو لەوەی ناكرێت گەنجێك لە زانكۆكانەوە ببی بەسەرۆكی پەرلەمان .دەبوو لە دیوەخان و مەجلیسی سیاسییە پیرەكانەوە بچێتە سەر ئەو كورسییە .  داخستنی بازگە لەسەر دكتۆر یوسف دەسەڵاتی كوردی گەیاندە ئەو دۆخەی كە لە دەروونناسی نوێدا بە قۆناغی ئاوێنە ناسراوە. لەم قۆناغەدا منداڵ بۆ یەكەمجار سیماو روخساری خۆی دەناسێتەوە .قۆناغی  داخستنی بازگەكان بەرووی دكتۆر یوسفدا سەرەتای ئەو قۆناغەیە كە سیمای راستەقینەی  دەسەڵاتی كوردی دەرخست .ئەم دەسەڵاتە بە هیچ شێوەیەك نایەوێت سیستەم پەرلەمانی بێت ،نایەوێت دەنگی خەڵك قسە لەسەر كێشە وگرفتەكان بكات.ئەم دەسەڵاتە دەیەوێت هاوشێوەی بەرەی كوردستانییەكەی جاران دروست بكاتەوە ،بۆیە  بڕیارە گرنگەكان هەر قژ رەشكراوەكانی  ناو حزبەكان بیدەن ، بۆئەوەی ئەوەندەی تروڵات وێرانتربكەن .

ئەمەی لە كوردستاندا روودەدات دەرچوونە لە هەموو بەهایەكی دروستی كاركردنی سیاسەت وبەڕیوبردنی وڵات.لە چ گۆشەیەكی سیستەمێكی رەشید و دیموكراسیدا هەبوە ، ئەندام سەركردایەتی حزبەكان لە نێو ئوفیسە داخراوەكانیانەوە بە پۆزەوە تەسریح  بدەن و بڵێن:رازین  سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر كارەكەی.ئەم رستەیە ئەگەر وەریبگێڕیتە سەر زمانێكی زێندووی ئەوروپی وەك نوكتە و قسەی خۆش تەماشادەكرێت.لە چ سیستەمێكی سیاسی  دیموكراسیدا ، ئەندامی سەركردایەتی حزبێك باس لە رێدان ورێنەدان بە سەرۆكی پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو دەكات(ئەگەر لە سیستەمەشكستخواردووەكەی كوردستاندا نەبێت)  بەڵام لەلایەكی تریشەوە ئەم قسانە  راستییەكی تردەردەخەن ،  ئەوەش ئەوەیە :كەسەركردایەتی پارتی ویەكێتی ، یەك گرام چییە باوەڕیان بە دیموكراسی نییە ، لە خەیاڵی ئەواندا عالەم سوخرەكێشیانە.دكتۆریوسف بە دەنگی خەڵك پەرلەمانتارە بەڵام لای دەسەڵاتی حزبیی كوردی دەنگی هاوڵاتیان یەك پولی قەڵب ناهێنێت .

لەم  رستانە كارەساتتر ئەوەیە هەندێك لە كاربەدەستانی یەكێتی وپارتی لەزاری پڕ وەعدی پووچیانەوە قسە لەسەركاری پەرلەمان دەكەن ودەڵێن :ناكرێت بڕیاری سیاسی گەورە لە پەرلەمان بدرێت ..باشە ئەم چ عەقڵ وبیركردنەوەیەكە ئەم حزبانە بەڕێوەدەبات؟ئەگەر پرسی دەستور و پرسی بودجە وپرسە سیاسییەكان لەپەرلەمان موناقەشە نەكرێت ،ئەی كاری پەرلەمان دەركردنی رێنمایی چۆنێتی خواردنی  خەیار وخورمایە؟ دەبێت قاقایەكی پڕ لە گریان بەدیار ئەم جۆرە عەقڵانەوە لێبدەین ،كە ئێستاش نازانن كاری پەرلەمان چییە ؟ ئێستاش كۆبوونەوەی دوو قۆڵیی ناو دیوەخانەكان بە باشتر دەزانن بۆ بڕیارە سیاسییەكان .لەبەرئەوەی لە بیری بچووك و داخراووی ئەواندا ئەم وڵاتە،  وڵاتی ئەو سیاسیانە كە ٤٠ساڵە  بۆپۆست وپلە تەنانەت فێڵ ویاری ناشەریفانەشیان لەگەڵ سێبەری خۆشیاندا كردوە، بەشكستەوە لەشاخەوە هاتوونەتە شار،  ٢٦ساڵە هەرێمیان توشی سەدان بەڵاو كارەسات وشكست كردەوە ،هەمیشە هەرواش بوە كەسی  شكستخواردوو،سیستەمی شكستخواردوو وداڕماو بەرهەمدەهێنێت .ئەم سیاسییە قژ رەشانە و ئەم فەیلەسوفانەی وێرانكاری ئەم وڵاتە ، پەرلەمانی كوردستانیان ناوێت بەڵكو پارەی كوردستانیان دەوێت .

دەپرسمەوە دكتۆر یوسف كێیە؟ ئەو كوڕە خوێندەوارو گەنجەیەیە كە سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمێكە،خەڵكەكەی  گیریان خواردوە بەدەست چەند بەرپرسێكی شكستخواردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.