ئامانجی پارتی چیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 909 جار بینراوە

سەباح محەمەد

لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا (ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان)، پارتی بەدوو دروشمی تازەوە گۆڕەپانی سیاسی گەرمکردووەتەوە، یەکەمیان پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ، و دووەمیان پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەکانە. پێشتر لەچەند دیدار و گفتوگۆیەکدا بەرپرسانی پارتی وتویانە مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، بەڵام دوای ماوەیەک پارتی لەم بۆچوونەی پاشەکشەی کرد، ئەم پاشەکشەیە ئەوە دەگەیەنێت پارتی باش دەزانێت سەرچاوەی کێشەکانی ئەم ھەرێمە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نیە، بەڵکو ئەم مەرجەی وەک تاکتیک بەرامبەر لایەنەکان بەکارھێناوە.
پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان کە من ناوی دەنێم ” پرسی کردنەوەی قفڵی پەرلەمان” مەسەلەیەکی جەوھەری نیە لای پارتی، و ئامانجی پارتیش ئەوە نیە کە پەرلەمان یاسایەک دەربکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونکە مەبدەئیەن پارتی بڕوای بە یاسا نیە، ھەر یاسایەکیش خزمەت بە پارتی نەکات وەک پیلان سەیری دەکات و ناوی دەبات. بەڵگەشمان بۆ دروستی قسەکانمان بڕیاردان و دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە لە کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی پارتی و حزبە ھاوبۆچونەکانی.

پارتی مەبەستیەتی کێشەکانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەر بکات، کێشەی گۆڕان لەگەڵ پارتی کێشەی گۆڕان نیە لەگەڵ پارتی، بەپێچەوانەوە کێشەی خەڵک و دیموکراسی و سەروەری یاسا و پێکەوە ھەڵکردنە، لەم پێناوەشدا پارتی ئامادەیە ھەندێک سازش بکات، ئامانجەکەشی باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم نیە، بەڵکو دەیەوێت کۆی ئەم ناکۆکیانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبووە بیخاتە ئەستۆی سەرکردەیەک کە (نەوشیروان مستەفا) بووە، و وای نیشان بدات ئەم کەسایەتییە ھەم ھۆکاری کێشەکان و ھەم ھۆکاری چارەسەرنەکردنیان بووە.

پارتی دەیەوێت ئەو قەناعەتە لای خەڵک دروست بکات کە بە وەفاتکردنی نەوشیروان مستەفا دەتوانێت جیھانبینی و ستراتیجی ئەم سەرکردەیە بسڕێتەوە و لەناوی ببات، لەبەرئەوە ئەگەر سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بەوردی ھەنگاو نەنێن دەکەونە ناو پیلانەکەی پارتیەوە.

لە ھەرێمی کوردستاندا دوو کەسایەتی وەک ڕکابەری سیاسی پارتی ناویان دەبرێت، ئەوانیش نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی ن، پارتی توانی جەلال تاڵەبانی لە ڕکابەرەوە بگۆڕێت بە لایەنگر و ھاوکار، ئەمەش لەڕێگەی ڕێککەوتنی نێوان تاڵەبانی و بارزانی و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بە تاڵەبانی و دورکەوتنەوەی لە مەیدانی سیاسی ھەرێمی کوردستان، و بارزانی و پارتەکەی بوون بە حاکمی ڕەھای ھەرێم و دەستیان گرت بەسەر کۆی پنتەکانی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستاندا. بەڵام نەوشیروان مستەفا تەسلیم بەھیچ ئەجێندا و پۆستێک نەبوو، و تا لەژیاندابوو نەخۆی و نە بزوتنەوەکەی پاشەکشەیان لە بۆچوونەکانیان نەکرد، و تا کۆچکردنی لە ڕکابەریەتیەکەی بەردەوامبوو، ئەو ڕێگەیەی کە ھەڵیبژارد نەیدایە دەست ڕکابەرەکانی، جێی ھێشت بۆ بزوتنەوەکەی، لەمەودوا بەرپرسیارێتی ئەم ڕێگەیە لە ئەستۆی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرکردایەتییەکەیەتی، ھەر ھەنگاوێکی ھەڵە نەخشەی ڕێگاکە بەرەو سڕینەوە دەبات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.