حیکمەتی “نەخێر” بۆ پەروەردەی مناڵ

لەلایەن ستاندار Posted on 772 جار بینراوە

حیکمەتی “نەخێر” بۆ پەروەردەی مناڵ

سامانی وەستا بەکر
“سوپاسگورازی ئەو کەسانەم کە پێیان ووتووم “نەخێر”، چونکە بوونە هۆکاری ئەوەی خۆم هەوڵبەم” ئەنشتاین وائەڵێ.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وە بەتایبەتی لە ئەسکەندەنافیا و بەدیاری کراویش لە سوید پێتئەڵێن کە مناڵەکان فێری ووشەی “نەخێر” بکەی تا بتوانن کەسایەتیەکی بەهێزیان هەبێ و مل بۆ هەموو شتێ نەیەن و بێ ئیرادەو لاواز نەبن و ببنە خاوەن ووشە، ووشەیەک کە بەخواستی و دڵ و مەنقبێ و ڕەنگانەوەی حەزو ئارەزوەکانبێ، ئاخر چونکە ووشەی نەخێر بەرەنگاربوونەوەی تیایەو ئازایەتی لە دڵی مرۆڤا ئەنێژێ و یەکەم هەنگاوەکانی بوونی خود و بوونی خۆبیری و خۆناسی و خۆخاوەنی ئەچەسپێنێ هەم لای خودی کەسەکە هەم لای بەرامبەر بەجۆرێک سیگناڵ ئەنێرێ بۆ کەسی بەرامبەر کە سنوری خۆی دیاریباکا و پێ نەنێتە ناو سنوری ئازادیەکانی تۆوە.
گەرچی ووشەی “نەخێر” تەواوکەر و نیوە و دووانەی ووشەی “بەڵێ”یە کەچی لەوڵاتی ئێمە و هەندێ سیستمە ترۆلیتاری و دیکتاتۆرەکان قەدەغەو تەحریم و تەجریم کراوە و ئەکرێ و بەجۆرێک لەسەر بەکارهێنانی ئەو ووشەیە ئەکرێی بە خاین و نیشتمان فرۆش و پیاوی داگیرکەرانی کوردستان و جێبەجێکاری ڕۆژەڤ و خشتە و پلانی بێگانەو تا کار ئەگاتە ئەوەی تەخوین کرێیت و کەسایەتی و خێزان و خانەوادەکەت بە ئامانچ بگیرێ.
مرۆڤ گەر بۆی نەبێ بڵێ “نەخێر” باشتر وایە پرسی پێنەکەیت و بڕیارەکان مەرکەزی بێ، ئەو کاتە ئەو ئەنجامەی چاوڕێی ئەکەی بێ دوو دڵی هەر ئەوە ئەبێ کە خودی خۆت پێتخۆشە بەڵام دەوروبەرو خەڵکانی گرێدراوی ئەو پرسە چۆن لێت گیرائەکەن و کاردانەوەیان چۆن ئەبێ لەوەشا هەر خۆت بەرپرسیاری.
هەمیشە لەبەرامبەر دەستەواژەی “بەڵێ”یا چاوەڕێی دەستەواژەی “نەخێر” ئەکرێ ئەمەش وەک یاسایەکی ماتماتیکی لێهاتووە ئەگەرنا موعادەلەکە موتەکامیل نابێ، ئەمەش گرێدراوی ئەوەیە کە بیرکردنەوەو بۆچوونەکان جیاوازیان هەیە و هەروەک چۆن کەسمان لە کەسمان ناچین لە ڕەنگ و لە ڕوخسارا و قبوڵیشمانە هەرواش کاتێ بیروبۆچوونەکانمان جیاوازن ئەبێ ئەویشمان قبوڵبێ، ئاخر ناکرێ دوو هەڵبژاردەت هەبێ (بەڵێ یان بێ گومان) بۆ هەڵبژاردن و بشڵێی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو دیموکراسیم بەئەنجام گەیانووە!
کاتێ بۆ پرسی ڕێفراندۆم هەوڵ ئەیرێت ترس و تۆقان لەناو خەڵکیا بڵاوکرێتەوە لەبەرامبەر بەرەی نەخێرا، ئەمە چەندین کاردانەوەی سیاسی و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی لە داهاتووا لێئەکەوێتەوە، بەجۆرێک کە ڕەوای پرسەکە ئەخاتە ژێر پرسیارەوە و لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا هیچ یەکێ لەزل هێزو دۆست و وڵاتانی دراوسێ پاڵ پشتی خۆیان بۆ پرسەکە نەک ڕانەگەیانووە بەڵکو لەگەڵی نەبوون و دژایەتیشیان نەشاردۆتەوە بەڵام لەگەڵ لاوز کردن و قەدەغە و بە بڤەکردنی ‘نەخێر”ا زۆر ئاستەم ئەبێ کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لە داهاتووا مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی کۆمەڵ پرسییەکەیا بکەن ئەگەر بەرەی “بەڵێ” سەرکەوتنیشی چنییەوە، چونکوم ئەمڕۆ بەرەی لیبراڵ و دیموکراسی لە کۆی دنیایا هێندە بەهێزو چەسپییوە کە ڕێگەنادرێ بەشتگیری کردن بۆ “بەڵێ”یەکی سەرکەوتووی چەک بەدەست گومان لەسەر دۆستایەتی کردن و جاڕنامەی مافی مرۆڤ دروست کرێ!
خۆ ئەگەر ئەم ترس و هەڕەشەیە لەسەر بەرەی “نەخێر” بەردەوامی هەبێ ئەوا کاردانەوەی کۆمەڵایەتیشی ئەبێ بەجۆرێک لە داهاتووا تاکێکی بێ وورەو ترسێنرا و بێ ئیرادە بەرهەم ئەهێنرێت و دەروێش ئاسا سەر بۆ هەموو فەرمانێکی سوڵتانی ئەلەقێنێ کە ئەمەش هەوێنی بە دیکتاتۆری کردنی ئەو دەوڵەتە ئەبێ کە لەداهاتووا هەمووان و باو باپیرانمان لە چاوەڕوانییا بووین.
ئەوەی باوە لە دنیایا هەمیشە ئەوترێ کە دوای خاڵی کۆتای سەری دێڕە، کەچی بەداخەوە لە کۆمەڵگەکەی لەمەڕ ئێمەیا بەزۆر ئەو چەمکەش ئەشێونرێ و کارئەکرێ کە هاوڵاتی لەسەر ئەوە پەروەردەبکرێ و ڕاهێنرێ کە لە دوای خاڵی کۆتای بڵێ ” هەر هەمان دێڕ یان بگەڕێتەوە سەر هەمان دێڕ نەک سەری دێڕ” واتە (نوقتە هەر هەمان دێڕ)!
ئاخر لە کوێی دنایایا هەبووە چەمکەکانی باش و خراپ، بوون و نەبوون، زۆر و کەم، چاکە و خراپە، دەوڵەمەندی و هەژاری، دیموکراسی و دیکتاتۆری، زوڵم و میهرەبانی و جوان و ناشرین……هتد بەرابەر و دووانەی یەک نەبن بەکارهێنانی یەکێکیان حەڵالبێ و ئەوی تریان بڤەبێ تا لە هەرێمی کوردستان “بەڵێ” نیشتمان پەروەری بێ و “نەخێر”یش نیشتمان فرۆشی!
ئاخر لە وڵاتی ئێمەیا هێندە ئارایشت و جوانکاری بۆ ڕق و تۆڵەی سیاسی کراوە تا کار گەشتۆتە ئەوەی تاکی سەر لێشێوێنراوی کوردستانی باشور بە ئاستەم جیاوازی بۆبکرێ لە نێوان سیاسیە بازرگانەکان و سیاسیە نیشتمانیەکان یان زۆر بە ئاستەنگەوە بتوانێ و ببینێ کام پرس ڕەهەندێکی ستراتیجی نیشتمانی هەیە و کام پرس بۆ بەرژەوەندی حیزبی و بگرە خێزانێکی دیاری کراو پلە و پۆستی کەسێکە.
ئەوەی گرنگە بوترێ و سەرنج ڕاکێشە ئەو ترس و تەخوین کردنەی بەرەی “نەخێر”ە کە لە ئێستایا بەفەرمی بوونی نیە وهیچ لایەنێکی سیاسی خۆی نەکردووە بە خاوەنی ئەو بەرەیە، وە دژایەتی پرسی ڕاپرسی وەک ماف نەکراوە، بەڵکو تەنها ئەوەی باسی لێوەئەکرێ کاتی ڕێفراندۆم و بەشەرعی کردنی بڕیارو دیاری کردنی کاتی گونجاوە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەو پرسە گرنگە.
لە ئێستایا ئەگەر بەرەی “نەخێر” ڕاگەیەنرێ واتە دان بەو بڕیارەیا کە لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمان وەک گرنگترین دەزگای شەرعی و تاکە دەزگای پەیوەندیدار بە بڕیاردان لە پرسە چارەنووس سازەکان لە ناویشیانا پرسی ڕێفراندۆم، بۆیە ئەو هەڵایەی لەسەر پرسی ڕێفراندۆم و بەرەی “نەخێر” نراوەتەوە بێجگە لە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن لەلایەن بەرەی “بەڵێ”ی بێ ڕکەبەر بۆ بەدێوکردن و زل کردنی ئەوە پرسە بۆ ترساندنی ئەوە لایەنانەی کە ڕاستەخۆ بەجۆرێک لەجۆرەکان گرێدراوی و هاوپێچی ئەو بابەتەن هیچی تر نیە، بۆ نمونە بۆ سازشکردنی عێراق و ڕازیکردنی بۆ بەدەستهێنانی هەندێ دەستکەوتی زیاتر کە ئەمە کارێکی باشە ئەگەر دەستکەوتەکان نیشتمانیبن بۆ حیزبێک و خێزانێک و تاکە کەسێ نەبێ وەیان بۆ لەخشتە بردنی شەقامی کوردی سەبارەت بەکاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان کە لەڕاستیا مەرجدارە وە لە ئەگەری ڕازینەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەو کاراکردنەوەیە کە گۆڕان داوای ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان ئەکا، ئەوا هەندێ لایەن بەدیاری کراویش یەکێتی و یەکگرتوو بیکەن بەبەهانەی پشتگیری کردنی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بێ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و خۆ دزینەوە و دەم کوت کردنی قاعیدەی جەماوەری خۆیان کە بەشێکن لە شەقامی ناڕازی کۆی هەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.