تاقیکردنەوە سەختەکە بۆ گۆڕان؛ تکایە جورئەت بکەن بڕیاربدەن

لەلایەن ستاندار Posted on 490 جار بینراوە

تاقیکردنەوە سەختەکە بۆ گۆڕان؛ تکایە جورئەت بکەن بڕیاربدەن

کەمال چۆمانی

گۆڕان لەژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت دایە؛ ئەگەر رازی بێت بە کاراکردنەوەی پارلەمان بە مەرج، مەرجەکەش ئەوە بێت قانونی ریفراندۆم دەربکات و وازیش لە هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم بێنێت، ئەوا -لای کەم بە بڕوای من- تەواوی ئەو خەباتەی لە دو ساڵی رابردو دژ بە خۆسەپاندن کردویەتی، ئەو بانگەشە و باوەڕییانەی بۆ دیموکراسیی و حوکمی قانون و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی هەیەتی، دبنە سفر و دەبێت بەرپرسیارێتیی هەمو نەهامەتییەکانی دو ساڵی رابردوش هەڵبگرێت. لە هەمان کاتیشدا، گۆڕان چیتر نابێت بترسێت لەوەی کە بەجەرائەتەوە رای خۆی لەسەر ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردیی یەکلابکاتەوە. گۆڕان ئەگەر دەیەوێت بە بزوتنەوەیەکی دیموکراتیخواز بمێنێتەوە و سورتر بێت لەسەر گۆڕانێکی ریشەیی لە سیستەمی سیاسیی و ئابوریی هەرێمی کوردستاندا تا بتوانێت دونیابینیی سیاسیی خۆی لە کۆی جومگەکانی سیاسەت و حوکمڕانیی هەرێمدا بچەسپێنێت، دەبێت بەتەواوی دژ بە هەرچی بانگەشەی ناسیۆنالیستانەیە بوەستێتەوە. دەبێت گۆڕان ئەو هۆشیارییە بڵاوبکاتەوە، خۆشی لەوە تێبگات کە کورد لە عێڕاقدا چیتر کێشەیەکی نەتەوەیی نییە، هێندەی کێشەیەکی سیاسیی و ئیداریی و حوکمڕانیی هەیە چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لەگەڵ بەغداددا.
بە هۆی ئەوەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هێشتاش هەندێک هەن هێشتا تەپوتۆزی کوردایەتییان لە خۆدا دانەکوتیوە، گروپێکی کەمیش بە هۆی بەرژەوەندییە ئابوریی و کەسییەکانیان، خەریکە گوتاری ئەو بزوتنەوەیە جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ گوتاری پارتییدا.
هەر داوایەکی گۆڕان بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، خزمەتکردنە بە پارتیی. ئەگەر بڕواتان بە ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردیی هەیە، ئەوا پێویست ناکات ململانێکان لەگەڵ پارتییدا قوڵتر بکەنەوە و تەسلیمی ئیرادەی پارتیی ببن، ئەگەریش بڕواتان بە ریفراندۆم و دەوڵەت نییە، ئەوا ئەلتەرناتیڤی نوێ پێشبخەن با گەل بزانێت ئێوە چیتان دەوێت و دەتانەوێت چی بکەن. گەل دەزانێت پارتیی چی دەوێت، بۆیە بەشی هەرە زۆری دژایەتیی خۆی راگەیاندوە، ئێوەش وەک پارتیی، با رون و راشکاو بن و خۆتان یەکلاییبکەنەوە، ئەگەرنا ئێوە وەک یەکێتیی دەبنە هۆکاری مانەوەی گەندەڵیی و ستەمکاریی لە هەرێمی کوردستاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.