ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی: ریفراندۆم خراوەتە قالبێکی شەخسی خەریکە لەبار بچێ

لەلایەن ستاندار Posted on 643 جار بینراوە

ستاندەر
لە پەیامێکدا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت ئەگەر بەجددیی دەمانەوێ بەرەو سەربەخۆیی بچین، با ھەرچی زووترە دوور لە نەفەسی مونافەسەی حیزبیی‌و دەمارگیریی‌و عینادیی‌و کارو کاردانەوە، بەر لە ھەرشتێک تەبایی‌و لێک تێگەیشتنی سیاسیی بگێڕینەوە نێوخۆمان.
ھەروەھا دەلێت ئەو ڕیفراندۆمەی باس دەکرێ، بەھەر ھۆکارێکەوەبێ: ئانقەست، یان ھەڵە، ئەنجام بدرێ یان نا، سەروبەر بگرێ، یان نا، خراوەتە قاڵبێکی شەخسیی‌و حیزبییەوەو، ئەوەش زیانێکی زۆری پێ گەیاندوە.

دەقی پەیامەکە بخوێنەوە:
بەناوی خوای میھرەبان
کێشەکانی ھەرێم لەنێوان بەڵێ‌و نەخێردا
لەبارەی مشت‌ومڕی نێوان بەرەی (بەڵێ)و بەرەی (نەخێر)ی لەمەڕ ڕیفراندۆمەوە، بەپێویستم زانی ئەم پێنج سەرنجە بخەمەڕوو:
یەکەم
چەندان جاری دیکەش گوتوومانە: خەڵکی کوردستان وەک ھەر گەلێکی دیکەی دنیا، مافێکی ڕەواو سروشتی خۆیەتی، نەک ھەر گشتپرسیی (ڕیفراندۆم) ئەنجام بدات، بەڵکو خاوەنی قەوارەی سیاسیی دڵخواستی خۆی بێ، لەھەموو بەشەکانی کوردستاندا.
بەڵام بەداخەوە ئەو ڕیفراندۆمەی باس دەکرێ، بەھەر ھۆکارێکەوەبێ: ئانقەست، یان ھەڵە، ئەنجام بدرێ یان نا، سەروبەر بگرێ، یان نا، خراوەتە قاڵبێکی شەخسیی‌و حیزبییەوەو، ئەوەش زیانێکی زۆری پێ گەیاندوەو، نیزیکە ھەر بەڕێوە لەباربچێ! بۆیەش لەوتارێکی پێشوومدا گوتوومە: با ھەرچی زووترە ئەو مۆرکە شەخسیی‌و حیزبییە، لەڕیفراندۆم بکرێتەوە.
دووەم
نابێ ھیچ کەس نکووڵیی لەوە بکات کە: نەک ھەر کارێکی گەورەو چارەنووسسازی وەک ڕایگەیاندنی دەوڵەت، بگرە ھەرکارێکی دیکەش، بەبێ زەمینەسازیی‌و ڕێ بۆ خۆشکردن، سەروبەر ناگرێ‌و، یان ھەرئەنجام نادرێ، یان بێ ئاکام دەبێ‌و، تێیدا ڕەنج بەخەسار دەبین، لەمێژووی خۆشماندا ڕووداوی وامان زۆرن پەندیان لێوەربگرین.
سێ‌یەم
لەبارەی (نەخێر) گۆیانیش بۆ ڕیفراندۆمەوە دەڵێم: وەک چۆن (بەڵێ) کردنی ڕەھاو بێ مەرج، حەوت دەرمانەی چارەسەری کێشەکانمان‌و گۆچانی جادوویی نیە، بەھەمان شێوەش: بە (نەخێر) گوتن، دنیا نابێتە شامی شەریف‌و، گوناھە خەڵک بەوجۆرە چەواشە بکرێ: کە بە (نەخێر) گوتن بۆ ڕیفراندۆم، کێشەو قەیرانەکانی ھەرێم بنبڕو چارەسەر دەبن‌و، خەڵک‌و جەماوەر لەخەم دەڕەخسێ!
چوارەم
کەواتە: ئەگەر بەجددیی دەمانەوێ بەرەو سەربەخۆیی بچین، با ھەرچی زووترە دوور لە نەفەسی مونافەسەی حیزبیی‌و دەمارگیریی‌و عینادیی‌و کارو کاردانەوە، بەر لە ھەرشتێک تەبایی‌و لێک تێگەیشتنی سیاسیی بگێڕینەوە نێوخۆمان، بەتایبەت ھێزە سیاسییە بنەڕەتییە خاوەن جەماوەرەکان‌و، لەکەش‌و ھەوایەکی ھێمن‌و ئارامدا پێکەوە کۆبینەوە:
١- سەرەتا بڕیاری گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمان‌و حکوومەت بدەین‌و ئاساییان بکەینەوە.
٢- ئنجا ئاوڕێکی خێرای جیددیی لەژیان‌و گوزەرانی خەڵک بدەینەوەو لەوھەموو ملیارانەی لەلای حیزب‌و خزمن، ھەندێکیان بۆ حکوومەتی فەرزدارو خەڵکی ھەژار بگێڕینەوە، تاکو وێڕای چاککردنی باری ژیان‌و گوزەرانی خەڵک، کە ئەرکی سەرشانی ھەر حوکمڕانێکە، دڵخۆش‌و ئومێدەواریشیان بکەین‌و، جۆرێک لە متمانە بۆ نێوان خەڵک‌و دەستەڵات بگێڕینەوە.
٣- پاشان دوای ئەو ھەنگاوانە، وتوێژێکی بابەتییانەو بەرپرسانە پێکەوە بکەین، لەبارەی ڕیفراندۆم‌و ھەل‌و مەرجی گونجاوی‌و، سەرجەم زەمینەسازییە پێویستەکانی دیکەی.
پێنجەم
بێگومان بۆ ھیچ کەس‌و لایەنێک ڕەوانیە بەتەنیا بڕیار بۆ خەڵک‌و وڵات بدات‌و، موغامەرەی پێوەبکات، قەیران‌و کێشەکانیشمان زۆر لەوە زیاترو گەورەترن کە بە (بەڵێ) کردن بۆ ڕیفراندۆم، یان (نەخێر) گوتن، چارەسەر بکرێن.
لەکۆتاییشدا دەڵێم: ھەرکام لە ھەرێم‌و دەوڵەت بەھەموو پێکھاتەکانیانەوە، ئامڕازن بۆ خزمەتی خەڵک‌و، ئامانج نین، کەواتە: با بەر لەشیعارو ناو و نیشانی ھەوڵ‌و پڕۆژە سیاسییەکان، سەرنجی نێوەڕۆکیان بدەین‌و، بزانین تا چ راددەیەک ئامانج دەپێکن‌و دەبنە مایەی چەسپێنرانی دادگەریی‌و ئازادیی‌و بەختەوەرکردنی خەڵک‌و جەماوەر.
عـەلــی باپــیــر
٢١/١١/١٤٣٨کـ
١٣/٨/٢٠١٧ز
ھــەولــێــر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.