لەتیف فاتیح فەرەج
راپۆرتی گروپی دیراسە کردنی عێراق ، کە بە راپۆرتی ” بیکەر – ھاملتن ” ناسراوەو لە ٧٩ راسپاردە پێک ھاتوەو کاتی خۆی دەستەیەکی دیموکرات و کۆماریەکان پێکەوە ئامادەیان کردوە ، لە راسپاردەی ژمارە ٣٠ دا دەڵێت ” بە زانینی ئەو بارو زروفە زۆر مەترسیدارەی لە کەرکوکدا ھەیە ، پێویستی بە چارەسەرێکی نێو دەوڵەتیە ، ئەمەش بۆ دورکەوتنەوە لە توندو تیژی ناوخۆی پێکھاتەکانی کەرکوک کە بریتین لە عەرەب ، تورکمان ، کورد ، ھەر توند و تیژیەک دەکرێت بیکاتە بەرمیلە بارودێک ، سازدانی ریفراندۆم لە سەر کەرکوک وەک ئەوەی دەستوری عێراق دیاری کردووە ،پێش تەواو بوونی ٢٠٠٧ ، دەبێتە ھۆی تەقینەوەو پێویستە دوا بخرێت ( مەبەستی مادەی ١٤٠ ) ە بۆیە پێویستەریفراندۆم دوا بخرێت و ” ھتد .ئەم گروپە کاتی خۆی داوای ئەوەیان کرد ریفراندۆمی کەرکوک ١٠ ساڵ دوا بخرێت ، نەتەوە یەکگرتوەکانیش ھەمان ڕایان ھەبوو ، ئەمە ھەمووی لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بوو ، ئەو کاتەی گوشارێکی زۆر ھەبوو بۆ ئەوەی مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت ، ھەڵبەت ئەمە سەرە ڕای ئەوەی کە خودی مادەی ١٤٠ بۆ کورد لیپە لە ستەم و نادادی ، ئێستا ئیتر ١٠ ساڵ زیاتر بە سەر ئەو مێژوەدا تێپەڕیوە ، لێ تا ئێستا کورد بە فەڕمی نەداوای لە ئەمەریکا ، نەداوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان نەکردووە ، ئێستا چی ؟
“دەستبردن بۆ سجلی دەنگدەران بە بیانوی پاککردنەوە ، درێژە دانە بە عەرەباندن و بەعساندنی شارەکە ، ھەموو دەزانین لە گواستنەوەی شارو شارۆکە کوردیەکانی کەرکوکدا بۆ سەر پارێزگاکانی تر ستەمێکی زۆر لە رێژەی کورد لە شارەکەدا کراوە ، بۆیە پێویستە مەرجی کورد بۆ پاککردنەوەی فایلی دەنگدەران گێڕانەوەی کەلارو چەمچەماڵ و کفری و خورماتوو بێت بۆ سەر کەرکوک”
ئێستا لە مانگی ھەشتی ٢٠١٧ داین ، ھێشتا پرسی کەرکوک وەک خۆیەتی لە ٢٠٠٥ەوە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تیا نەکراوە ، لە سەر دەستی حکومەتی عێراقی زوڵمی زۆری لێکراوەو ھەرێمی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی لە ٢٠٠٣ەوە پارێزگاری شار کوردە و زۆرینەی بەرپرسانی شار کوردن ، کەچی وەک پێویست ئاوڕی لێنەداوەتەوە ، خەڵکی کەرکوک ئەوەی لە سەریان بووە بۆ پارتی و یەکێتی بە زیادەوە کردویانە ، بەڵام پارتی و یەکێتی تەنانەت نەیانتوانیوە ئاسایشی شارەکە یەکبخەن ، ئێستا لە پارلەمانی عێراق دیسان گیروگازی کێشەی کەرکوک و ھەوڵدانە بۆ ئەوەی بەو دۆخە تایبەت و ناجۆرەوە بمێنێتەوە ، ھێشتنەوەی کەرکوک بەو جۆرە واتە :
یەکەم : بۆ ھەتا ھەتا واز ھێنان لە مادەی ١٤٠.
دووەم : بۆ ھەتا ھەتا نەگێڕانەوەی بۆ سەر کوردستان .
دەستبردن بۆ سجلی دەنگدەران بە بیانوی پاککردنەوە ، درێژە دانە بە عەرەباندن و بەعساندنی شارەکە ، ھەموو دەزانین لە گواستنەوەی شارو شارۆکە کوردیەکانی کەرکوکدا بۆ سەر پارێزگاکانی تر ستەمێکی زۆر لە رێژەی کورد لە شارەکەدا کراوە ، بۆیە پێویستە مەرجی کورد بۆ پاککردنەوەی فایلی دەنگدەران گێڕانەوەی کەلارو چەمچەماڵ و کفری و خورماتوو بێت بۆ سەر کەرکوک ، ھەروەھا ، پێویستە ئەم پرسی سجلی دەنگدەرانە بدرێتە لیژنەیەکی بێلایەن و لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە کار بۆ پاککردنەوەی بکرێت ، ھەرچەند بیانوەکە بۆ ئەوە نیە گوایە کورد فێڵی کردوە یان سجلەکە خاوێن نیە ھێندەی بۆ ئەوەیە بەم بیانوەوە پرسی ھەڵبژاردن لە کەرکوک دوا بخرێت .
خاڵێکی تر کە مایەی سەر سوڕمانەو عەرەب و تورکمان دەیوروژێنن ، پرسی چارەنووسی پارێزگای کەرکوکە ، لە کاتێکا ئەم بابەتە لە مادەی ١٤٠ دا گرێدراوە بە بە سێ ھەنگاوەوە ، ئاسایکردنەوە ، سەرژمێری ، گشتپرسی ، لە راستیدا ئەوەی بەعس لە کەرکوکدا کردویەتی ھەر لەت و پەت کردنی پارێزگاکە نیە ، ھەر دورخستنەوەی قەزا کوردیەکان نیە بە مەبەستی تەعریب ، تێکدانی زیاتر لە ٧٥٠ گوندە کە ھەموودانیشتوانی کورد بوونە و ھیچ گوندێکی لە ٢٥ ماڵ کەمتر نەبووەو لە ئاستی سەروشدا تانزیکەی ٣٠٠ ماڵ رۆیشتوە ، من پێشتر لیستی ٦٤٢ گوندیم نوسیوە و ناوەکانی لە بەر دەستان ، باشە گریمان بە گشتی بۆ ھەرگوندێک ١٠٠ ماڵ دادەنرێت ، کۆی گشتی دەکاتە ٧٥ ھەزار خێزان ، ئەگەر بۆ ھەر خانەوادەیەکیش ٥ کەسمان دانا ، ئەوا دەکاتە ٣٧٥ ھەزار کەس ، گریمان ئەوەندە نیەو٢٠٠ ھەزار کەسە ، لەو ژمارەیە چەندی گەڕاوەتەوە گوندەکان ، چەندی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوە ، چەندی شەھیدو قوربانیە ، بە پێی ھەندێ سەر ژمێری لە سنوری پارێزگای کەرکوکا بە قەزاکانی کفری و چەمچەماڵ و کەلارو خورماتوەوە ، زیاتر لە ٦٠ ھەزار ئەنفالکراو ھەیە ، واز لەوە بێنە ئەگەر گوندەکان نەڕوخایەو ئەنفال و سڕینەوە نەبوایە ئێستا رێژەی کورد لەو گوندانە چەند بوو ، کورد لە مادەی ١٤٠ چاوپۆشی لە ھەموو ئەوانەش کردووە ، کەچی تازە تازە باسی چارەنووسی کەرکوک دەکرێت !!.
لە راستیدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٣و ساڵانی دواتر تا نوسینی دەستورو دەنگپێدانی لە ٢٠٠٥ کەمتەرخەمیەکی زۆریان بەرانبەر کەرکوک کردو ئەوەندەی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لە و ماوەیەدا لە کەرکوک خەریکی تاڵان و روتانەوەی کەرکوک بوون ، ئەوەندە لە خەمی چارەنوسی شارەکەدا نەبوون ، جگە لەوەش لە دوای نوسینەوەی دەستورو دیاری کردنی ٣١-١٢-٢٠٠٧ بۆ جێبە جێکردنی ھەر سێ بڕگەکەی مادەی ١٤٠ ھیچ گوشارێکی ئەو تۆیان نەکرد بۆ پەلە کردن لە جێبەجێکردنی مادەکەو لە دوای ٢٠٠٧یشەوە ئیدی بە تەواوەتی پشتکرایە ئەو مەسەلەیە ، روداوەکانی دواتریش لەوەی لە کەرکوک لە٢٨ی تەموزی ٢٠٠٨ رویداو ئەوەی پێشتریش لە ناو پارلەمان لە ٢٢ی تەموزی ھەمان ساڵ بە ڕێوە چوو ، ھەمووی گرێدراوی ئەو کەمتەرخەمیەی کوردە ، ئەوەتا تا ئێستاش باجەکەی دەدەین و بڕواشم وایە بەم بارو دۆخەوە ریفراندۆم لە کەرکوک ھەرگیز لە بەرژەوەندی کورد نابێت، ئیتر ئەو ریفراندۆمە بۆ چارەنوسی کەرکوک یان ھەر مەبەستێکی تربێت .
لە ئێستادا دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک یان ھەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی لە ھەڵبژاردنی گشتی تەواوی پارێزگاکانی عێراق ، یان ھەر بڕو بیانوھێنانەوەیەک ، کێشەی ئەو پارێزگایە قوڵتر دەکاتەوە و ئەگەری لە دەستدەرچوونی بۆ کورد زیاتر دەکات ، بۆیە پێویستە کورد لە پارلەمانی عێراق و لایەنە کوردیەکانی ھەرێمی کوردستان و پارلەمانی کوردستانیش گوشاری زیاتر دروست بکەن و داوا لە ئەمەریکاو نەتەوە یەکگرتوەکانیش بکەن ، دوای زیاتر لە ١١ ساڵ بە سەر مێژوی دواخستنەکەدا چارەسەری کێشەی کەرکوک بکەن و دادوەری بۆ بگێڕنەوە .
بۆ کورد لە ئێستادا پرسی کەرکوک دەکەوێتە پێش پرسی ریفراندۆمەوە ، ھەڵبەت دروستکردنی ھەر کێشەیەکیش لەم بارو دۆخەدا بۆ کەرکوک ئەگەری لە دەستچوونی زیاتر دەکات ، ئەمە دەبێتە کێشە بۆ ئەو ریفراندۆمەش کە گوایە ٢٥-٩ یان داناوە بۆ ئەوەی بکرێت ، بێ ھیچ اێکۆڵینەوەو خوێندنەوەیەکی کات و ساتەکە ، ئەم وتارە سەرەتایەکە بۆ خوێندنەوەیەکی فراوانتر لەو بارەیەوە ھیوادارم بتوانین لە ئایندەدا بیخەینە بەر دەم دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و کەرکوکیش ، چونکە لەم دۆخەدا جیا کردنەوە ی کەرکوک بۆ ھەڵبژاردن و پێدانی دۆخی تایبەت بەو شارە درێژەدانە بەھەوڵی عەرەباندن و بەعساندنی شارەکە.