کۆتایی داعش و سەرەتای بەهێزبوونەوەی قاعیدە!

لەلایەن ستاندار Posted on 192 جار بینراوە 0 سەرنج
Ashti Ibrahim Afandi

ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

داعش، لە کۆتایی نزیک بۆتەوە بەڵام خەریکە بە خشپەی “قاعیدە” دووبارە بەرەو بەهێز بوون دەچێت، ئەو بۆشاییەی کە لە دوای شکانی داعش لە ناوچەکاندا دروستبووە خەریکە بە یارمەتی تورکیا “قاعیدە” پڕی دەکاتەوە. گومانی تێدا نییە هەموو هێزە ئیسلامییە تونڕەوەکان بۆ پرسی نیشتیمانی و نەتەوەی کورد خاوەن یەک هەڵوێستن وە ئەوەی داعش بەسەر میللەتی کوردی هێنا لە ساڵی ٢٠١٢ تا هەنوکە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر قاعیدە بۆی بلوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەمان کارەسات بەسەر میللەتی کورد دەهێنێت.

ئەمرۆ، سەرانی پارتەکانی باشوور، گوێی خۆیان خەواندوە لە گرفتی بەهێزبوونی “قاعیدە”، دەستیان کردەوە بە سەرقاڵکردنی میللەت بە گەلێک بابەتی لاوەکی وەک کۆبوونەوەی سەرانی پارتەکان، هەوڵدان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کارتۆنی! پێکهاتنەوەی سەرانی حزبەکان لەگەل یەکتر بە مەرجی دانانی هەمان سەڕۆک پەرلەمانی کارتۆنی دەرکراو لەلایەن مەسعود بارزانی، چارەکردنی سیستەمیی پاشکەوتکردنی موچە، نەبوونی کارەبا و دەهۆڵی ڕیفراندۆم و دابەش بوونی خەڵک و حزبەکان لە دوو بەرەی دژ بەیک “بەڵی بۆ ریفراندۆم” و “نەخێر بۆ ریفراندۆم”. ئەو بابەتانە بوونەتە سەردێری هەموو میدیا ئەهلی، حزبی و سێبەرەکان کە بە تەواوەتی میللەتیان پێ سەرقاڵ کردوە و هیچ لایەک باسی ئەوە ناکات کە ئەگەرێکی مەترسیدار بۆ گەلەکەمان بە ڕێوەیە کە ئەویش بەهێز بوونی “قاعیدە”یە لە ناوچەکە بە یارمەتی تورکیا!

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٢وە چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی هەولێر و کەرکوک کەوتنە جموجۆڵ، رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشەکردندا بوون تا گەیشتە ئاستێک کە دانیشتوانی ناوچەکانی دەشتی هەولێر و قەرەچوغ و بە ئاشکرا باسیان دەکرد، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٣دا “داعش” دەستی کرد بە سەڕبڕینی خەڵک لەو ناوچانە. سەرانی پارتەکانی باشوور کە لە دەسەڵاتدا بوون وە ئەوانەی کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون ئەو کات بێ ئاگا نەبوون لەو گرفتە، هەروها میدیایی حزبی، سێبەر و ئەهلی گوێی خۆیان خەواندبوو باسیان لەو گرفتە نەدەکرد! وەک ئەمڕۆ ئاسا سەرانی پارتەکانی هەرێم لەگەڵ میدیاکان، کەوتنە مەشغولکردنی خەڵک بە بابەتی وەک گرفتی نێوان پارتەکانی باشوور، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کارتۆنی و نەمانی ئۆپۆزسیۆن و چوونی حزبی “گۆڕان” بۆ نێو دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتی بنکە فرەوان!

میدیای جیهانی قسەکەری نوێنەری زلهێزەکانی دنیا، بە پێچەوانەی سەرانی پارتە کوردییەکان و میدیا کوردییەکان، بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر بە مەسەلەی دووبارە بەهێز بوونی “قاعیدە” لە ناوچەکەدا بە یارمەتی “تورکیا” بە تایبەتی لە شاری ” ئیدلبدا” کە کەوتۆتە سەر سنووری سووریا و تورکیا. لە بەرواری ٢٧/٧/٢٠١٧، بریت ماکگرۆک قسەکەر بوو لە لیژنەی تاوتوێ کردنی ” جەنگی ترامب دژ بە تیرۆریستان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست”دا لە پەیمانگایی تایبەت بە بابەتی” رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە شاری واشینگتۆن و گوتی “شاری ئەدلیب، کە کەوتۆتە سەر سنوری تورکیا بووە بە ناوچەیەکی ئاسایش و پارێزراو بۆ گروپی تیرۆریستی “القاعیدە” وە جێگەی سەرسورمانە کە سەران و چەکدارانی ئەو ریکخراوە چۆن توانیویانە بگەنە ئەو شارە”!؟

تورکیا بۆ سەپاندنی مەرجەکانی بە سەر ئەمریکا کە پشت کردنە لە “یەپەگە”، ئامادەیی هەموو شتێکی تیاددا بەدیدەکرێت دژ بە پرسی کورد بیکات و هێزی چەکداری “قاعیدە” بە هێزتر و زەبەلاح تر بکات دژ بە میللەتی کورد وە کۆشش بکات بۆ ئەوەی هەمان کارەساتی “شەنگاڵ” بەسەر میللەتی کورد بهێنێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا.

لەو بارودۆخە هەستیارەدا، سەرانی پارتەکانی باشوور مێش میوانیان نییە، میللەتیان سەرقاڵی بابەتی لاوکی کردەوە و تەقەلا نادەن بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە یەک سوپای یەکگرتوو و بەهێز کردنی و ئامادە کردنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ هێزی چەکداری “قاعیدە” وە رێگریکردن لە ئەگەری دووبارە نەبوونەوەی جینۆسادێکی تری وەک “جینۆسایدی شەنگاڵ”.

سەرچاوە

http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2017/07/turkey-clash-qaeda-affiliate-syria-idlib-trial-cumhuriyet.html

Syrian Branch of Al Qaeda Sends Delegation to Turkey. Report


https://www.dailysabah.com/diplomacy/2017/07/30/turkey-protests-us-envoy-mcgurks-provocative-idlib-remarks

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *