ئایا شاسوار نێچیری پێ ڕاودەکرێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 802 جار بینراوە

باوەڕ یحیی

هەبوو نەبوو لە مەملەکەتێکدا شاسوارێک هەبوو. ئەم شاسوارە لە عەینی وەختا مەیلی بەلای ڕاوچێتییشدا هەبوو، دەیویست لەو مەیدانەشدا ئەسپی خۆی تاوبدات. گەرچی ئەو ناوی شاسوار نەبوو، بەڵام ماوەیەکە لەناو ئەهلی ئاواییدا بە شاسواری ڕاوچی، یاخود شاسوارە ڕاوچییەکە ناوی دەرکردووە. خۆی دەڵێت ”تەماشای سەروەت و سامانم مەکەن، من تەنها عەبدێکی ئەو یەزدانە واحیدەم و هیچی دی”. بەڵام لێتانی ناشارمەوە، ئەو خۆی بە ڕمباز و چاپوکسوار دەزانێت و دەڵێت داشم سوارە و بێجگە لە خۆی ددان بە کەسی دیدا نانێت، تەنانەت لای وایە کە کۆنە شۆڕەسوارەکانی گوندەکەی خۆیشی دەستیان لەگەڵ ئاسکە ئاڵتوونییەکەدا تێکەڵکردووە.

لەو مەملەکەتەدا تەنها کوڕانی شێخ ڕقیان لە شاسوار بوو. بەڵێ، تەنها کوڕانی شێخ لەگەڵ ئەودا دەجەنگان. هەربۆیە پێیان دەگوترا شێخانی جەنگ. ئەوان دەڵێن شاسوار هێشتا بۆنی شیری خاو لە دەمی دێت، ئەمیش دەڵێت بۆی شیری خاو، باشترە لە بۆگەنی ئاڵتوونی خاو. ئەوان بەم دەڵێن هەرزە و گوندەڵ، ئەمیش بەوانی دەگوت مافیا و گەندەڵ. شێخانی جەنگ دەیانگوت ئێمە هەرگیز ئەو زاڵمزادەیە بە خەلیلی خۆمان نازانین، ئاخر ئەو تا ئێستا بەرهەمێکی ساڵحی نەبووە و ڕابوونەکەی ئەمجارەیشی هیچ مەعرووف نییە بە چ ئاقارێکدا دەڕوات! ئەوان دەیانگوت شاسوار ئەم مەملەکەتەی ناخۆشکردووە، دەیانگوت گوندی حەبیبانی نازەنین، ئێستا پڕە لە ڕەقیبانی لەندەهوور. دەیانگوت ئاسکە ئاڵتوونییەکە چ عەیبێتی؟ بۆ ڕاوی بکەین؟ ئەو با جەنگەڵی خۆی بەڕێوەبەرێت و ئێمەش گوندی خۆمان. فیفتی بە فیفتی چ عەیبی هەس؟ ئاخر بێ ئاسکە ئاڵتوونییەکە، ئاوایی چۆن بژی؟ بۆ ئەم ڕەبیعی ئاهووە لە خۆمان بشێوێنین و بیکەین بە جاهیری ستوور؟
شاسوار لە ڕاودا تەنها یەک دەستی دەتوانێت بەکاربهێنێت، ئاخر ڕۆژێکیان لە کاتی ڕاودا دەستێکی زاماربووە، خۆیشی کە باسی ئەو ڕووداوە دەکات دەڵێت ”فەلەک زانی کە دەشکێ ڕەونەقی بازاڕی مانگ و خۆر، شکاندی پەنجەکەم تا من نەنووسم وەسفی ڕوخساری”. موفەسسیران دەڵێن لەم شیعرەدا مەبەست لە ‘خۆر’ هەر ئاسکە ئاڵتوونییەکەیە، بەڵام بۆ لێکدانەوەی ‘مانگ’ هێشتا تیاماون.

ڕۆژێکیان مام شاسوار دەیویست بچێت بۆ ڕاو، چ ڕاوێک؟ ڕاوی ئاسک… کام ئاسک؟ ئەو ئاسکە ئاڵتوونییەی بەس لە ئاسک نەدەچوو. ئەو ئاسکەی بە قەولی شاسوار دەڵێی شەیتان دەستی لێوەشاندووە، وەک بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان عەزرائیل تەداخولی ئیشی ڕەبولعالەمینی کردووە و خەلقی خوای گۆڕیوە و ئەوها کردوویەتی بە دڕندە، ئەوها کردوویەتی بە خۆی. بەڕاستی ئەم بڕیارەی شاسوار لەناکاو بوو، ئاخر ئەو تازە بە تازە لە پشتی ئۆقیانووسەکان گەڕاوەتەوە! سەیرە لەپڕ زەوقی سەییادیی و ڕاووشکاری هەستاوە و دەڵێت چیدی نابێت ئەم مەملەکەتە بەدەست ئەو ئاسکە بولهەوەسە خودپەسەندەوە بێت. بەپێی گوتەکانی شاسوار، هەموو ئەو دەڤەرە لەلایەن ئاسکە ئاڵتوونییەکەوە قۆرخکراوە و سروەیەکی ئازادیی تێدا نەماوە. ئەو دەڵێت: ئاسکەکە سەرچاوەی کانییەکەی گرتووە و ناهێڵێت ئاو بچێت بۆ خەڵکی ئاوایی، هەرچی غازی ناو کاکڵەگوێز و هەرچی شیری ناو هەنجیرە، هەموویی حەپەلوشکردووە. ئەو دەبێژێت: ئاسکەکە نەک هەر ئاڵتوونەکانی خۆی نادات بە کەس، بگرە هەرچی زەرد بێت یان داگیری کردووە یاخود زەرداندوویەتی. شاسوار دەڵێت خۆم بە چاوی خۆم بینیومە تەنانەت گوڵاڵەسوورەکانی ئەوێ هەموو زەردبوون و بوون بە نەسرین. نەسرینیش زەردوویی گرتووە و چاوەڕێی ڕەحمی منە ڕزگاری کەم و ئەم مەملەکەتە دەمەزەرد بکەمەوە. هەندێک لایان وایە کە قسەکانی ئەم ڕاوییە بێ ڕاووڕو و، ڕاو و ڕیوە، ئاخر گەلێک بە ڕوونیی دەئاخڤێت و هیچ ڕاوانییەکیشی تێدا بەدی ناکرێت.
پاش ئەم بڕیارە لە ناکاوە، شاسوار ڕوو لە دەستوپێوەندەکەی دەکات و دەڵێت: ئەرێ خزمینە، ئاسکە چاوڕەشەکە دیارنییە! لە کوێیە ئەو گەردن زەردە؟ دەمێکە چاوم بە چاوی ناکەوێ، کێ دەڵێ وەحشی غەزالە مەیلی ئینسانی هەیە؟! ئەوانیش پێی ڕادەگەیەنن کە: غەزالی ئەم دەشتە وەحشن، لەگەڵ کەس ناگرن ئولفەت، هەربۆیە غەزالە تەن-بەیاز و چاو-سیاکەی ئەم دەڤەرەش ماوەیەکە چووە بۆ بەستەڵەکەکانی باکوور. ئیدی شاسوار ماوە ماوە لێیان دەپرسێت: نەگەڕایەوە؟ ئەوانیش وەڵامەکەیان هێشتا نەگۆڕاوە و هەر دەڵێن: نەخێر، گەورەم.

وا شاسوار باسکی لێ هەڵماڵیوە و خەریکە دەچێت بۆ ڕاوە ئاسک. تۆ بڵێی ئەم شاسوارە نێچیرەکەیی پێ ڕاوبکرێت؟ من وەڵامم لا نیە، لاکین هەندێک دەڵێن: وەک دڕندە لاشەی نێچیر شڕشڕیش کا، هیچ ناگۆڕێ، ئاخر دەستەدز و پاشەدز و حەسحەسی شار هەر خۆمانین، ڕاوکەر و ڕاو هەر خۆمانین… بەڵام ئەهلی ئاوایی دەڵێن: با دەرفەتێک بەمیش بدەین، لەوانەیە سەرکەوێ و لەوانەشە بکەوێ، سوار تا نەگلێ نابێ بە سوار، چجای ببێ بە شا و بە سوار.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.