سەرەتایەك بۆ خەڵكدۆستی

لەلایەن ستاندار Posted on 615 جار بینراوە

دیاری محمد

لەدوای قوڵبوونەوەی قەیرانەكانی كوردستانەوە بەنزیكەیی لەهەموو كۆبوونەوە سیاسیە دووقۆڵی و سێقۆلییەكاندا یەكێك لەو خاڵانەی تەئكیدی لەسەر دەكرێتەوە بارودۆخی ئابوری خەلك و موچەی فەرمانبەرانە, سەرەڕای ئەو بانگەشانەش نابینین هیچ لەبارودۆخی خەڵك بگۆڕیت.

ئەمە نەك لەئێستادا بگرە بەگەڕانەوەش بۆ رابردووی حزبی كوردی لەخەباتی شاخدا، دەبینین ئەو بانگەشانەی لەژێر سێبەری ئایدۆلۆژیا جیاوازەكاندا بەگوێماندا دراون بریتی بوون لە بەرپاكردنی ئازادی و دادپەروەری و نەهێشتنی ستەمی كۆمەڵایەتی و جیاوازیی ئابوری, بەڵام لەدوای راپەڕین و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلەلایەن شۆڕشگێڕانی رابردووەوە ئەو ئامانجانە نەهاتنە دی و بەپێچەوانەوە هەموو ئەو قەیرانانەی روویان لەكوردستان كردووە تەنها خەڵكی هەژارو بێدەسەڵاتی گرتەوەو نوخبەو بنەماڵە دەستڕۆیشتووەكان و حزبە دەسەڵاتدارەكانی لەخۆشگوزەرانی و فەرمانڕەوایی شاهانەی خۆیاندا ماونەتەوە، ئەمەش دەریخست كەشۆڕشگێڕانی رابردوو زیاتر كاریان بۆ پتەوكردنی ژێرخانی حزبەكانی خۆیان و بەهێزكردنی ئابوری و پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی خۆیان و چەسپاندنی پایەكانی حزب كردووە لەسەر حسابی هاوڵاتیبوون و چەسپاندنی یاساو بەدامەزراوەییكردنی كۆمەڵگاو دەوڵەتداری.

ئەگەر وای دابنێین سیاسەت بەكارهێنانی دەسەڵات بێت بۆ خزمەتی گشتی، ئەوا ئەتوانین بڵێین لەم وڵاتە سیاسەت بەڕێوە نەچووەو هەمیشە بەرژەوندی كەسی و حزبی بۆتە كڕۆكی كاركردنی حكومەت و حزبەكان, هەربۆیە كاتێ كەسێكی وەك بارزانی داوای ریفراندۆم دەكات و مەلەفی دەوڵەت ئەگرێتە دەست, هەموو گومانەكان بۆئەوە دەچن كەمەبەست لەم پرۆسەیە پاراستنی كورسیەكەی خۆی و بەرزكردنەوەی باڵانسی سیاسیی حزبەكەی بێت لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عیراق وڵاتانی ئیقلیمی و تەنانەت بۆ ئاستە جیهانیەكەش.

بۆیە لەئێستادا چیتر كاتی ئەوە نەماوە بەناوی خزمەتكردن بەخەڵك و باشكردنی دۆخی ژیانی خەڵكەوە درێژە بەسیاسەت و هەڵەكانی رابردوو بدەین و پێویستە ستۆپێك بەو دۆخە بكەین و هەموو ئەو هێزانەی بەرەی خەڵكخوازی و سیستەم و دامەزراوەییكردنی كۆمەڵگایان هەڵبژاردووە دەست لەنێو دەست بكەن بۆ كۆتاییهێنان بەشێوازی سیاسەتكردنی ٢٦ ساڵی رابردوو و سەردەمێكی نوێ دەستپێبكەن، كەهاوڵاتی تێیدا چەقی بەرژەوەندیەكان بێ و هاوڵاتیبوون بنەمای مافدابەشكردنی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا بێت، ناشبێ‌ لەژێر هیچ پاساوێكدا جارێكی تر خەڵكی كوردستان چاوترسێن بكرێت و ناچار بكرێت جارێكی تر درێژە بەو دۆخەی رابردوو بداتەوە كە دیارنیە چەند ساڵی تر درێژە دەكێشێت و سەرەنجامەكەشی لەئێستا روونتر نابێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.