کاراکردنەوەی ویژدان

لەلایەن ستاندار Posted on 584 جار بینراوە

کەریم غەفور (کەریمۆک)

(کاراکردنەوە) وشەیەکی فول کوردییە و هاوڕێی گیانی بە گیانی (نۆژەنکردنەوە)یە. ئەم دوو وشە کوردییە جوانە، پڕن لە جوڵە و بزاوت، لێوانن لە ژیان و چالاکی. هەردووکیان ئۆخژن بە زیندەگی دەبەخشن، بەڵام حەیف و سەد حەیف وشەی “کاراکردنەوە” لە ئێستادا بەهۆی ئەو پرۆسە قێزەون و نا تەندروستییە سیاسیەی لە کوردستان دەگوزەرێ، تەواو ناشیرین دێتە بەرچاو. ئاخر هەر لەگەڵ بیستنی وشەی کاراکردنەوە، هەستی بێ بەهایی و بێ ڕێزی بەرۆکمان دەگرێت..؟!

پەرلەمان دەکەوێتەوە کار یان نا، تازە حورمەت بۆ بێ بەهایی و بێ ڕێزی دەنگی هاووڵاتییان ناگەڕێتەوە، تازە بێ متمانەیی خەڵک بەم دەسەڵاتە لە قوڕ چەقیوە تەواو لە جێ چوو، ئەم دەسەڵاتەی وەک ئەسپی ژێر عارەبانە تەنها ڕووە و یەک ئاراستە هەنگاو دەنێ، ئاراستەیەک خۆی هیچ ڕۆڵی تێدا نییە لە دیاریکردنی، بەڵکو بۆی دیاریکراوە.

ئومێدێک هەبوو دوای چەند خولێکی هەڵبژاردن لە سەرەتاکانی دیمۆکراسی نزیک بینەوە، بەوەی خەڵک بەشداری لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیدا بکات، دەسەڵاتیش فێری ئەم گەمەیە بێت و تەپوتۆزی شاخ لە خۆی داتەکێنێ و دەستبەرداری ئەقڵی بنەماڵەیی و خێڵەکیانەی خۆی بێت، بەڵام ئەو ئومێدە تەنها لە نێو نوخبەیەکدا هیوای لەسەر چنرا بوو، هەر زوو دەرکەوت بڵقی سەر ئاو بوو، تەواو پێچەوانە دەرچوو، نووکە دەسەڵات لە کوێ کەوتووە و دیمۆکراسیەت لە کوێ ئەتک کراوە!

حوکمداری لە کوردستان لەسەر بنەمای خواست و بەرژەوەندی میللەت دانەمەزراوە و دەنگی خەڵک و هاووڵاتییان نەک هەر ڕێزی لێ نەگیرا بەڵکو بێ ڕێزیشی پێ کرا، ئەوەتە زۆر بە سانایی وەک ئەوەی پەرلەمان دوکانێک بێت کە قازانجی نەما، قفڵی لێ درا و سەرۆکەکەیان ناردەوە ماڵەوە، بێ ئەوەی لەوە تێبگەن کە ئەمە بێ ڕێزیەکی گەورەیە بەرامبەر دەنگی هاووڵاتی، بە هاووڵاتیان و دەنگدەرانی خۆشیانەوە. ئاخر کە “سەرۆکی پەرلەمان”یان لە دێگەڵەوە کانسڵ کرد لەوە تێنەگەیشتن ئەوە کانسڵکردنی دەنگی میللەتێکە، ئەوە بێ بەهاکردنی یاسا و سیستمێکە کە خۆیان چەندین ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەن. داخستنی پەرلەمان و ڕێگرتن لە سەرۆکەکەیی بەهێزی چەکدار لووتکەی بێ ڕێزییە بەرامبەر مافی خەڵک و یاسا. ئێستا نازانم بەچ ڕوویێکەوە جارێکی تر خەڵکی بانگی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکەنەوە! چۆن دەتوانن بڕوامان پێبێنن ئەم ڕیفراندۆمە بۆ دەوڵەتێکە کە ماف و کەرامەتی هاووڵاتییەکانی تێدا پارێزراو دەبێت، لە کاتێکدا ماف و شکۆی هاووڵاتی لە ئێستادا لە ژێر پێ نراوە. ئاخر دەوڵەت بۆ کێ و بۆ چی دروست دەکرێت؟ خەڵک سەرگەردان و بێ گوزەران و برسی، ئێوەش لە ژیانی شاهانەی خۆتاندا مەست و حەیرانن و دەڵێن بمرین لە برسان باشترە بەڵام سەربەخۆ بین، ئاخر جەنابی سەرۆک کێ دەمرێت لە برسان؟ تۆ و حەوت پشتی بنەماڵەکەت یان میللەتی بێ موچە و بێ حاڵ.

لە جیاتی کاراکردنەوەی پەرلەمان بڕۆن ویژدانتان کارابکەنەوە، لە جیاتی ئاهەنگگێڕان بۆ ڕیفراندۆمێکی بێ زەمینە و بێ پلان، بڕۆن هەرێمی سەوز و زەرد یەکخەنەوە، لە جیاتی خەڵک بە خیانەت لە قەڵەمدان، بڕۆن کەرکوک و ناوچەکانی تر بخەنەوە سەر هەرێم، بڕۆن پێشمەرگە یەکخەن، پارەکانتان لە بانکەکان دەربێنن، ئابووریەکی بەهێز دروست کەن، بژێوی ئەم خەڵکە چاکەن، ئەم میللەتە جامی سەبری لێی دەڕژێت…!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.