مەترسییەكانی ریفراندۆم بەسەر گەلی كوردستانەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 647 جار بینراوە

مەترسییەكانی ریفراندۆم بەسەر گەلی كوردستانەوە

شێرزاد شێخانی

لەگەڵ هەمو ئاماژەكانی ناوخۆو دەرەكیو فشارەكانیان بۆ دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆمی پارتی، بەڵام سەرانی ئەو حزبە تا ئەمرۆش جەخت لەسەر ئەنجامدانی ئەكەنەوەو، میدیا حزبیەكەشیان رۆڵیكی چەواشەكارانە ئەگێڕێ بە فووتێكردنی سەركردەكانیان وبەگزی وفزی لەهەوڵی بەلاڕێدابردنی پرۆسەكەو هەڵخەڵەتاندنی سەركردەكانیانە.

هەرچەندە خۆم باوەڕم بەوە نیە سەرانی پارتی ئەوەندە گێل ونەفام بن گوێ نەدەنە ئەم هەمو فشارەی دەوڵەتانی جیهان لەپێشیاندا ئەمریكاو روسیاو بەریتانیاو فەرەنساو، هەڕەشەكانی توركیاو ئێرانیش، بەڵام لەهەمانكاتیشدا ئەبێ چاوەڕێی هەمو شتێكی خراپ لەو حزبەی پارتی بكەین بە تایبەتیش كە سەرۆكەكەیان یاسای هەرێم پێشێل ئەكاو ئەیخاتە ژێر پێیەكانیەوەو بەزۆری زۆرداری كورسییە ئێكسپایەرەكەی داگییر ئەكاو، جورئەتی ئەوەش ئەكا پەرلەمان قفڵ بداو وەزیر لەحكومەت دەربكا، تەنانەت وەك یەكەم زەعیمی دونیاش لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن بەراشكاوی بڵێ(ریفراندۆم ئەكەمو با میللەتەكەم لەبرسا بمرێ)، ئەمجۆرە سەركردەیە هەمو شتێكی لێ چاوەڕێ ئەكرێ بكەوێتە عینادی وپرۆسەكە بەڕێوە ببات، ئاخر ئەو هەم بەعەقلیەتی سەرۆكی عەشیرەت بیر ئەكاتەوەو نابێ قسەی بێتە خوار، هەمیش زۆر گوێ ناداتە بەرژەوەندی میللەتەكەیو هاتو هاواری خەڵكە برسیەكان.

هەڵبەت پارتیو سەرۆكەكەیان ئەو مەسەلەی ریفراندۆمەش بەمەسەلەیەكی (مان و نەمان) بۆ خۆیان سەیر ئەكەن.لەراستیشدا هەروایە،چونكە ئێستا ئەو حزبە دوای ئەو هەمو كارەساتە سیاسیو ئابوریو كۆمەلایەتیەی بەسەر میللەتەكەیدا هێناوە، رەسیدی جەماوەری چۆتە سەر (سفر)،بۆیە ئەیەوێ بەم پرۆسەو تەزویركردنی ئەنجامەكانیشی  وا پیشان بدات كە میللەت لەگەڵیدایەو تا ماوەیەكیتر لەدەسەلات بمێنێتەوە بەحیساب میللەت دەنگی بەریفراندۆم داوەو مەسعود بارزانی تەخویل كردوە  دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ دامەزرێنێ.گریمان ئەو پرۆسەیە بەم عینادییەوە بەڕێوە چو، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی ئەقەومێ؟.وەڵام:

1-حكومەتی عیراق كە لایەنی سەرەكی مەسەلەكەیە، بەهیچ شێوەیەك بێدەنگ نابێ لەدابڕینی ناوچەیەكی فراوانی خاكی وڵاتەكەیو تەسلیمكردنی بەدەست گەورەترین دوژمنی كە مەسعود بارزانیو حزبەكەیەتی.حەشدی شەعبی كە ئێستا شەڕی موقەدەسی خۆی بەفەتواو پشتگییری مەرجەعە باڵاكانی شیعە لەسەر بستێك خاكی عیراق ئەكات ،ئەوسا بێدەنگ نابێ‌ بەرامبەر دابڕینی ناوچەكانی هەرێم بەم سنورە فراوانەو بەم هەمو سەروەتو سامانەشیەوە. ئەگەری شەڕو پێكدادان ئەگەرێًكی زۆر بەهێزە، بەتایبەتیش بیرمان نەچێ لەسەردەمی حوكمڕانی نوری مالیكیدا،مەسعود بارزانی سڵًی لەكۆكردنەوەی هێزەكانیشی نەكردەوە بەرامبەر بەسوپای عیراقو خەندەقیشی لێدا بۆ روبەڕوبونەوەی خوێناوی لەگەڵ ئەم سوپایە، ئەمەش دەرخەری ئەو درۆیە گەورەیەیە كەپارتی وسەرانی ئەڵێن دراوسێیەكی باش ئەبین لەگەڵ عیراقدا!.

لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕیشدا ئەمریكاو حكومەتی عیراق رێكەوتنامەیەكی ئەمنیان لەنێوانیادا هەیە بەناوی(یاداشتی هاوكاری ئەمنی عیراق- ئەمریكا) كە ئەمریكا ناچار ئەكات هاوكاری حكومەتی عیراق بكات لەهەر شەڕێك كە دێتە پێشی.. لەبەر ئەوەی ئەمریكا پێشتریش هۆشداری داوە بە هەرێم كەوا ریفراندۆم دوابخاو گوێی پێنەدراوە، گومان لەوەدا نیە لەدژی ئەم پرۆسەیە هاوكاری عیراق بكا، یاخود لانیكەم بێدەنگ بێ لەو شەڕەی لەنێوان حكومەتی عیراق وپارتیدا روو ئەدات.

2- ئێرانو توركیا ڕاشكاوانە وتویانە دژی ریفراندۆمن،ئێستا سەركردە سەربازییەكانیشان كەوتونەتە جموجۆل بۆ رەتكردنەوەی ئەم پرۆسەیە،خۆ ئەگەر هیچ كاردانەوەیەكی عەسكەریشیان نەبێ كە گومانم هەیە لەوەی بێدەنگ بن، بەڵام لانیكەم سنوورەكان دائەخەن ومیللەت توشی برسیەتی ئەبێ. هەرێمی كوردستانیش قەتەر نیە بەترلیۆن دۆلاری هەبێو وڵاتێكی وەكو توركیای چاوچنۆك بەهانایەوە بێو ئاوی خواردنەوەی بۆ دابین بكا، هەرێم كێی هەیە بەیانی بەهانایەوە بێ لەكاتێكدا هەمو وڵاتانی عەرەبیو دەورەبەریش دژی ریفراندۆمەكەین.

3- ناوچەی سەوزو نیلی بەگشتی دژی ریفراندۆمن، ئەگەر بەیانی خوانەخواستە عیراق یا توركیا یا ئێران سەربازیان رژاندە سەر هەرێمو شەڕی پارتییان راگەیاند، چۆن چۆنی چاوەڕێی ئەوە ئەكرێ یەكێتی هێزەكانی خۆی بخاتە ناو ئەو شەڕەو پشت لەئێران بكا؟ خەڵكی ئەم دەڤەرەش چۆن ئەچنە بەرەكانی شەڕ بۆ بەرگریكردن لەپارتیو حكومەتەكەی كە میللەتی نانبڕاو كردوەو هیچ كاتێكیش خۆی بەخاوەنی ئەم زۆنەی سەوز نیلییە نەزانیوە؟. ئەمە شەڕی داعشو ماعش نیە بۆ ئەوەی رۆڵەكانی كوردستان لەهەر شوێنێك بن هەڵسن بۆ روبەروبونەوەیان،تۆ بڵێی بۆ پاراستنی پارتیو مەسئولە گەندەڵەكانی هەولێر هێزەكانی ئەم ناوچەیە خوێنی خۆیان ببەخشن، گومانم هەیە.

4- میللەت دوو ساڵ زیاترە برسی ئەكرێو نانی ئەبڕێو كەڕامەتی ئەشكێنرێ، بیستو شەش ساڵیشە بەدەست گەندەڵیو دزیو تاڵانی سەرانی پارتیو ناعەداڵەتی دەسەڵاتەكەیەوە ئەناڵێنێ، تۆ بڵێی بەیانی كەسانێك هەبن گیانی خۆیان یا مناڵەكانیان بكەنە قوربانی ئەم دزو گەندڵ وماڵوێرانكەرانەی پارتی وبچن لەبەرەكاندا بەرگری لەتەختی پاشاكەی سەری رەشو ئاغاكانی مەسیفو سەرۆكەكانی هەولێر بكەن؟.

ئەمانە هەموی مەترسی گەورەن ئەگەر پارتیو سەرانی سوور بون لەسەر ریفراندۆمێك كە لەئێستاوە شكستەكەی دیارەو تەزویركردنیشی دادی ئەو دەسەڵاتە بۆگەنەی پارتی نادات. باشتر وایە پارتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆی نەوەك میللەتەكەی لەم پرۆسەیە پاشگەز ببێتەوەو، بگەڕێتەوە سەر چارەسەركردنی وەزعی میللەتەكە بەراگەیاندنی ئاشتەواییەكی سەرتاسەریو گەڕانەوە بۆ ناو میللەت ئەویش بە گێڕانەوەی قووتی خەڵكو ژیاندنەوەی پرۆسەی پەكخراوی سیاسیو رێزگرتن لەیاساو بەهاكانیو،دەستبەردار بون لەحوكمی تاكڕەوی دیكتاتۆریانەو كۆتایهێنان بەگەندەڵیو دزینی سامانی میللەت، ئەوسا دوای ئەم چاكسازیانە ئەتوانێ بەشێوەیەكی قانونیو پشتبەستن بەمیللەتەكەی خۆی داوای ریفراندۆم بكات ، ئەو كات هەمو میللەت بەیەك دەنگ ئەڵێن( بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) وئامادەشن خوێنی خۆیان لەپێناویدا ببەخشن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.