سێکوچکەی ڕێککەوتنی نەقشبەندی-شیعە و ئیخوانەکان دژ بە کورد

لەلایەن ستاندار Posted on 1946 جار بینراوە 0 سەرنج
FB_IMG_1503133226245

سێکوچکەی ڕێککەوتنی نەقشبەندی-شیعە و ئیخوانەکان دژ بە کورد

هیوا خۆشناو
لە ١٥ی مانگی ئۆگوستی ئەمساڵدا بۆ جاری یەکەم سەرفەرمانداری ئێرانی محەمەد هوسێن باکری لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنکەرە چاوی بە سەرفەرمانداری سوپای تورکیا هولوسی ئاکار کەوت. ئەوەی تا ئێستا دەرکەوتوە ناوەڕۆکی سەردانەکە هاوکاری سەربازی نێوان هەردو وڵات لە ئاستی باڵادا لە سوریا و عێراقدا لەخۆدەگرێ!!. ماوەیەک بەر لە ئێستا تاڵەبانی و پاشان جێگری سەرۆکی پارتیش سەردانی ئێرانیان کردبو. دوای ئەو سەردانەشبو یەکێتی بە شێوەیەکی فەرمی هاتە ناو رێفێراندۆم. ئەگەرچی هەردو وڵات دژ بە رێفێراندۆم دەوەستنەوە، بەڵام پێ ئەچێ لە بنچینەدا وانەبێ.
کۆبونەوەی هەردو سوپاسالاردا، دوای ئەوە دێت کە لە ١ی مانگی مارتی ٢٠١٧ دا ئەردۆغان و ڕوحانی لە ژورێکی داخراودا لە میانەی کۆبونەوەی ECO لە ئیسلامئاباد دا کۆبونەوە.
ئیتر ڕۆژ بەڕۆژ شەڕ و ناکۆکیەکان و بەرەکان ئاشکرا دەبن. ئەمریکا و وڵاتانی پیشەسازی سورن لەسەر نەهێشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی کلاسیکی و دوای ڕوخاندنی ئەو ڕژێمانە کە لە تونسەوە دەستی پێکرد و ئێستا وێستگەکە لە سوریایە، هەوڵ ئەدەن دەوڵەتی کراوەتر کە هەڕەشە نەبن لەسەر بازاڕی ئازاد و بەنێودەوڵیکردنی سەرمایە سازبکەن. تا ئەو ساڵانەی دوایی سیستەمەکە بەو شێوەیە بو کە ئەمریکا پشتگیری لە تورکیایەکی بەهێز دەکرد بۆ ئەوەی باڵانسێک دژ بە سۆڤیەت و کۆمۆنیزم ڕاگرێ. دوای نەمانی کۆمۆنیزم، پشتگیری هاتنەسەرکاری ئاک پارتی و گولەنیەکانیان کرد، کە پاشخانە ئێدۆلۆژیەکەیان بریتیە لە سوننەی نەقشبەندی. ئامانج لەوەدا ئەوەبو تورکیا وەک مۆدێلێکی ئیسلامی-لیبرال دژ بە ئەلقاعیدە پەرەپێبدەن، کە لە کۆتاییدا تورکیا ئەو چاوەڕوانیەی خۆرئاوای نەهێنایە دی و بەپێچەوانە هەڵسوکەوتی کرد. لەو ماوەیەدا ئەمریکا و ئەوروپا جگە لە دەستگیرکردنی ئۆجالان و بەتێرۆریست ناساندنی پکک، چاویان لەسەرجەم کردارەکانی ئەنکەرە دژ بە کوردان پۆشی. خۆرئاوا دژ بە کاریگەریەکانی ئۆجالان و پکک، گرینگیەکی لەڕادەبەدەری بە باشوور دا. باشووری کوردستان لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازیەکانی سیستێمی وێڵسۆنی ئەمریکا بۆ ڕەخساندنی هەڵومەرجی بازاڕی ئازاد، مافی مرۆڤ و مۆدێلێکی دیموکراسی، خۆی خستە باوەشی ئێران و تورکیا لەلایەک و لەلایەکەی دیکە سیستەمێکی ئەوپەڕی تاڵانکاراری ئابووری، نادیموکراسی و گەندەڵی بەڕێوەبرد. هەولێر نەیتوانی مۆدێلێک پێشبخات دژ بە ئیسلامی سیاسی تورندڕەو و دەوڵەتی ئێتنیکی دەستپۆتیک کە ئاستەنگە لە بەرانبەر بازاڕی ئازد و کۆمپانیا فرەڕەگەزیەکان. ئەوە لە تێکشانیان دژ بە داعش و قەیرانی ئابووری زیاتر بەدەرکەوت. ئەمریکا هەستی بەوەکرد کە پاشخانی شێخایەتی نەقشبەندێتی بارزانی و تاڵەبانی ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە باوەشی ئێران و تورکیا نێنە دەرەوە. بۆیە لەوڕۆژانەدا پنتاگۆن کۆتایی بە یارمەتیە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە هێنا.
لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا کە دواوێستگەکەی سوریا بو، وڵاتانی ناوچەکە بەتەنیا بیریان لە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان کردەوە و گەورە دۆستەکانی خۆرئاوا لە ناوچەکە هیچ هاوکاری و پەیوەندیەک نەما لەگەڵ سەلەفی و ئیخوانەکاندا نەیکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئیتر ئەوان لەلایەک دیوارەکانی دەوڵەتی نەتەوەییان بە عەبای ڕەشی ئیخوانەکان قاییم دەکرد، لەلایەکی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەویەکە دژی سیاسەتی وێڵسۆنی ئەمریکا واشینگتۆنیان بێچارە هێشتەوە، ئەوەش وایکردن ئۆباما پەنا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ببا.
لەو سەروبەندانەدا هێزەکانی یەپەگە بونە تاقە هیوایەک بۆ خۆرئاوا کە پاشخانە ئێدۆلۆژیەکەیان ئۆجالانیزم ە. ئەگەرچی بۆچونەکانی ئۆجالان لەگەڵ شارستانیەتی ڕۆژئاوادا ناکۆکیش بێ، لە بنچینەدا تاقە ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی دەوڵەتی نەتەوەیی کلاسیک و دەستپۆتی ڕۆژهەڵات. ئۆجالانیش خاڵی لاوازی سیستێمی خۆرئاوا دەزانێ کە ناتوانێ خۆی لە بەرانبەر شاڵاوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە پێشکەوتوەکان بگرێ و ناچارە لە کۆتاییدا سیاسەتێکی پراگماتیستی پەیڕەو بکات و خۆی لەگەڵیاندا بگونجێنێ. ئۆجالان لەو یەک دو ساڵانەی دواییدا کە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانە لەگەڵ تورکیا نەما، لە زینداندا هەوڵی سازشێکی کاتیدا تاکو ئەنکەرە دەرگای ئیمرالی لەسەر بکاتەوە و لە ڕێگای نامەکانیەوە “پ ک ک”ەیەکی پاشخان لە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی و لەژێرکاریگەری ڕێکخراوی لینینیستی کە پڕببو لە کێشەی ناوخۆیی، قەیران و سەرلێشێواوی سیاسی، بگۆڕێ بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان کە سنورەکانی ئەتنیک و نەتەوەی کلاسیکی دەرباز دەکات.
ئێستا بۆ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە دو وڵاتی زلهێزی ناوچەکەو ستاتۆپارێزن، جگە لە سازان دژ بەو هەڕەشەییەی کورد کە بۆتە سیستێم لە ڕۆژئاواو خەریکە پەل بۆ بەشەکانی دیکە داوێ، هیچ چارەیەکیان نەماوە. بەرەیەکی ئاشکرای شیعەکان-ئیخوانیەکان و نەقشبەندیەکان بەڕێوەیە دژ بە کورد لە ڕۆژئاوا.
پێشتر دوای ڕوخانی سۆڤیەت و شەڕی کوێت چۆن بارزانی و تاڵەبانی بۆ مانەوەی هەوەسی شێخایەتی خۆیان ئامادەبوون هەرێمێکی فێدرالی چەواشە دژ بە بەشەکانی کوردستان و لە خزمەتی ئێران و تورکیا دا بەکاربێنن، ئەوڕۆکەش بەهۆی پاشخانە نەقشبەندیەکەیان کە ئایدیۆلۆژیای چینی سەرووی نۆکەری کوردانە، بە ئاگایانەوە بێ یان بێ ئاگایانە کەوتونەتە ناو داوی ئێران وتورکیا.
خۆشبەختانە ئەو ڕێککەوتنە سەربازییەی ١٥ی ئۆگوستی نێوان تەهران و ئەنکەرە لە ماوەیەکی درێژدا دژ بە بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا ئەشکێتەوە. ڕێککەوتنی گازی نێوان هەردو ووڵات، کە بۆ ١٥٠ ساڵ ئیمزاکراوە، فرۆشتنی گازی ڕوسیا بۆ تورکیا ڕادەگرێت و هەربۆیەشە پێموایە ڕوسیا لە ماوەیەکی کورتدا دژ بەو ڕێککەوتنە سەربازی و ئابووریەی سێکوچکەی شیعە-ئیخوان-نەقشبەندیەکان دەبێتەوە کە بەسەرۆکایەتی ئێران، تورکیا و قەطەر و کوردە نەقشبەندیەکانیش تێیوە گڵاون ئەنجام دەدرێ.
پێویستە نیشتیمانپەروەرانی کورد لەناو هەردو پارتدا، ئەو یەکە بەجدی وەرگرن و ئەو پیلان و گەمەیەی کە تێیکەتوون پوچەڵکەنەوە. دەوڵەت و رێفراندۆمی چەواشە، جگە لەوەی بەشێکە لەو پیلانەی نەقشبەندیەکان، هاوکات دژ بە سیستێمی سیاسەتی نێودەوڵەتیە. ئەبێ کوردی دەمارڕەپ، واقعیانە سیاسەت بکات و لەوە بگەن کە ئەمریکا و خۆرئاوا ئێستا لایەنگری پارچەکردنی عێراق نین، بەڵکو عێراق وەک مۆدێلێکی شیعەی پێشکەوتو و نیمچە کراوە لە داهاتودا دژ بە ئێران بەکاردێنێنن. بەڵام لە سوریادا ئەگەر لە شێوەی دەوڵەتیش نەبێ، ئەوا شتێکی لەوبابەتە چاوەڕوانکراوە و وڵاتانی پیشەسازی پشتگیری لێ دەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *