باشترین بژاردە بۆ داھاتووی سیاسی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 299 جار بینراوە

ئارام قادر 
باشترین بژاردە بۆ تێپەراندنی قەیرانە قووڵەکانی ھەرێمی کوردستان ,
بەھیزترین بژاردە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە حاڵەتی چەقبەستوویی سیاسی,
کاریگەرترین ھۆکار بۆ گۆرانکاری لە ھاوسەنگی ھێزەکان و دەربازبوون لە توندوتیژی،
بریتیە لە پێکھێنانی لیستَێکی نیشتیمانی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، لیستَێکی نوێ بێتە نێو ململانێی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان، لیستێک بە دیدگایەکی نیشتمانی ولەسەر بنەمای جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ھاتنە مەیدانی ڕەوتێکی سیاسی نیشتمانی بە مەبەستی بەرگرتن لە و لێکتـرازانە جوگرافی وکۆمەڵایەتی وسیاسییە مەترسیدارەی کە چارەنوسی کوردستانی خستووەتە بەردەم ھەڕەشەیەکی جیددی .
مەبەست لە پێکھێنانی ئەو لیستە دامەزراندنی حزبێکی نوێ نیە، بەڵکو بزافیکی کۆمەڵایەتیە لەسەر بنەمای ھاوپەیمانێتیەکی سیاسیی، کە ئەو ھێزو لایەن و گروپ ودەستە وکەسایەتیانە لە خۆدەگرێت کە بیر لە پرۆسەی گۆرانسازی ریشەیی دەکەنەوە و ڕێکخستنی لەچوارچێوەی بەرەیەکی فراواندا، ،نەک بەرەیەکی حزبی کاتیی.
پێکھێنانی چەترێکی سیاسی لەم جۆرە ھەلێکی زێرینە بۆ ئەو حزبانەی ویستویانە گۆرانسازی بەرپا بکەن بەلام بواریان بۆنەرەخساوە وکیشەیان بۆدروست کراوە ،کە ببنە ھەوێنی ئەو بەرەیە تا بتوانن پرۆسەی بنیاتنانەوە بەئەنجام بگەێنن، بەرەیەک ئایدیۆلۆژیا و پاشخانی سیاسی و ناوچەگەرێتی بادینی وسۆرانی و جیاکاری ئاینی ومەزھەبی تێپەرێنێت، بەرەیەک دلسۆزان وخەمخۆرانی کوردستان لەخۆبگریت لەھەمووحزب وگروپ وناوچەجیاوازەکان، بەرەیەک تەنیا ئامانجی گەرانەوەی شکۆی تاکی کوردستانی بیت ، چوارچێوەیەک نیشتمان بکاتە شوناس خزمەتگوزاری بکاتە درووشم بۆکۆبوونەوەی ھەمووبیروڕا جیاوازەکان ، سیستەمی حزبی تێپەرێنێت و دیدگایەکی نیشتمانی نوێ بکاتە ھەوێنی جولانەوەکە.
ئەم قۆناغە ھەستیارە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان ساتەوەختی لەدایک بوونی بەرەیەکی لەوجۆرەیە.
خاڵی وەرچەرخان وکاریگەر و بەھێزی ئەم بەرەیە لەوەدایە کە بەسروشتی لە دایک بێت , و گەنجان رۆڵی سەرەکی تێدا بگێڕن وخاوەن ئەزموونەکانیش ڕۆڵی پشتیوان وھاوکاریان لە ئەستۆدا بێت وھەوڵ بدەن ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆیان بکەنە قوتابخانە بۆگەنجە دلسۆزەکان.
گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم بەرەیە لەوەدا دەبێت کە خاوەن نەفەسێکی فرەیی دوور لە ڕق و کینە بێت بەرامبەر بە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی و ،باوەری بەکاری ھاوبەش وشەراکەتی نیشتیمانی ھە بێت و سیاسەتی فەرامۆشکردن وپەراویزخستن پەیڕەو نەکات.
بەرەیەک سیستەمەباوەکانی حزبایەتی تیپەرێنێت و نموونەیەکی جوانی جوڵانەوەی سیاسی پیشکەش بکات, دوور لە بنەماکانی پشک وبەش و لە سەر بنەمای سیستەم و پابەندبوون بە یاسا و ریساکان دابمەزرێت و کۆتایی نەھامەتییەکان و سەرەتای سەردەمێکی پرشنگداری نوێ بێت کە لە دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی سەرکەوتوو , بەرپاکردنی دادگەری .ئابووری تۆکمە , وسەرەنجام پێکھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە .
١٩/٨/٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.