نرخی کارەبای ناوچە بازرگانی وپیشەسازییەکان %420 زیادیکردوە

لەلایەن ستاندار Posted on 666 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا*

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوتەی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کارەبا ، ولەسەر داوای بانکی نێودەوڵەتی نرخی پێدانی یەک کیلۆوات کارەبای بۆ ناوچە پیشەسازی وبازرگانی ودوکان وشوێنە گشتیەکان لە( ۲٥ )هەزار دینارەوە بۆ( ۱۳۰ )هەزار دینار زیادکردوە واتا یەک کیلۆ زیاتر( ٤۰۰٪) نرخەکەی بەرزکراوەتەوە بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو ، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو تەنگەژەوقەیرانە داراییەی کەسێ ساڵە بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتوەو بەتەواوی کاریگەری کردۆتە سەر جموجوڵی بازرگانی وپیشەسازی لەهەرێمدا . دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین دوکاندارو کاسپکاری نێوبازاڕەکان پەیوەندییان کردو ناڕەزایی ونیگەرانیان دەربڕی لەسەر زیادکردنی کرێی کارەبا لەسەریان ، دوای پەیوندیکردن بەبەرپرسانی باڵای وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبەڕێوەبەری گشتی تادەگاتە جێگری وەزیری کارەبا، ئەوان زیادکردنی نرخەکەیان بۆچەند هۆکارێک گەڕاندەوە کەلەم چەند خاڵەدا کورتیان دەکەمەوە ؛ ــ

ئەوزیادکردنە پێشنیاری وەزارەتی کارەبای هەرێمەو داواکاری وخواستی بانکی نێودەوڵەتیشە ، و حکومەتی هەرێمیش پەسەندیکردوە ، بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا پێشنیاری زیادکردنەکە گشتگیربوە واتا بۆ هەمووهاوڵاتیان و پڕۆژەکشتوکاڵی و ناوچە بازرگانی وپیشەسازییەکان بوە ، بەڵام حکومەت تەنها نرخەکەی بۆ ناوچە بازرگانی وپیشەسازییەکان زیادکردوە لە (۲٥ )دینارەوە بۆ( ۱۳۰) دینار بۆیەک کیلۆ وات ، بەڵام نرخی کارەبای ماڵان و پڕۆژەی کشتوکاڵی وەک خۆی دەمێنێتەوە ، ئەمەجگە لەوەی نرخی کارەبای دام ودەزگاحکومیەکان نرخەکەی زۆرزیادیکردوە بەشێوەیەک بۆ یەک کیلۆوات ۱٥۰دیناروەردەگیرێت.

ــ بەرپرسانی کارەبا دەشڵێن بڕی ئەو پارەیەی کەپێشتر وەردەگیراو کۆدەکرایەوە کەمتربوە لە( ٥٪ )ی ئەو پارەیەی بۆتێچونی کارەبا خەرجکراوە ، بەم زیادکردنی نرخەش لەسەر چەند شوێنێک هێشتا کەمتر( ٦۰٪ ) ئەوپارەیە دەکات کەبۆسێکتەری کارەبا خەرجدەکرێت.

ــ هەرزانی نرخی کارەبا وایکردوە کەخەڵکی بەگشتی کارەبای نیشتمانی لەڕادەبەدەرو زۆر بەکاربهێنن و نەتوانرێت کارەبای پێویست بدرێتە هاوڵاتیان ،بە وتەی بەرپرسانی کارەبا ئەم زیادکردنە وادەکات خەڵکی کەمترکارەبا بەکاربهێنن .

ــ ئەوان دەڵێن یەک کیلۆوات کارەبا لەهەرێمدا بڕی( ۱۷) سەنت تێچونەکەیەتی ،بەڵام (۲ بۆ ۳ )سەنت لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت . بۆیە نرخی ئەو شوێنانە (بازرگانی وپیشەسازییەکان ) زیادکراوەو زیادکردنەکەش لە( ۱ ـ ۱ ـ ۲۰۱۷ ) وە چۆتەبواری جێبەجێکردنەوە. ئەم بڕیاری زیادکردنی نرخە لەکاتێکدایە کە پێش پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان ولەساڵی (۲۰۱٥)دا ، کاتێک وەزیری کارەباوستافەکەی هاتنە نێوهۆڵی پەرلەمان بۆ باسکردن لەکێشەوگرفتەکانی کارەبا ، جەنابی وەزیر د.سەڵاحەدین بابەکر وتی ؛ (۲٥۰) ملیارد دینارمان قەرزهەیە کەلای هاوڵاتیانی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستانە ، سەیر لەوەدا بوو لەو بڕە (۱۳٦ )ملیارد دیناریان قەرزبوو لای هەموو هاوڵاتیانی هەرێم ،کەچی حکومەت بەتەنها خۆی زیاتر لە( ۱۱۳) ملیارد دینارقەرزداری وەزارەتی کارەبای کابینەکەی خۆی بوو .

تۆبڵێیت کەنرخی کارەبا چەندین هێند لەسەرفەرمانگەو دەزگاحکومیەکان زیادببێت قەرزەکانی بگەنە چەند لەسەری ؟ دەبێت ئەو ڕاستیەش بوترێت کەپەکخستنی پەرلەمانی کوردستان بۆماوەی زیاتر لەدوو ساڵ ونەبوونی چاودێری لەسەرکاروبارەکانی حکومەت و لایەنی جێبەجێکردن وایکردوە حکومەت بەتەواوی دەستکراوە بێت وبەخواستی خۆی چی بوێت بیکات وکەسیش نەبێت پێی بڵێت پشتی چاوتان برۆیە . بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئان وساتێکی وەک ئێستا کەهەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی قوڵی داراییدا گوزەر دەکات ، بڕیارێکی ئێجگار نالۆجیکی و ناڕەوایە ،و قورساییەکی زۆری تردەخاتە سەرشانی هاوڵاتیان بەگشتی چونکە زیادکردنی هەرنرخێک یان باج وڕسوماتێک لەکۆتاییدا هەر هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن وقوربانیدەری یەکەمیش هەر ئەوان دەبن ، چونکە حکومەتێک نەتوانێت نیوەموچەو چارەکە موچەی فەرمانبەران لەکات وساتی خۆیدا بدات ، حکومەتێک نەتوانێت پڕۆژەتەواونەکراوو بەجێهێڵدراوەکانی بخاتەوە بواری جێبەجێکردن کەژمارەیان لەهەزاران تێپەڕیکردوە ، هەرێمێک ڕێژەی هەژارییەکەی ڕۆژ دوای ڕۆژ لەهەڵکشاندابێت ، بێکاری لەڕادەبەدەری تێدا بێت وهاونیشتمانیەکانی هیچ خزمەتگوزارییەکی وەک پێویست پێشکەشنەکرێت ، چۆن حکومەت جورئەتی ئەوە دەکات کە نرخی پێدانی کارەباکەی بەو ڕێژە زۆرو زەوەندە زیادبکات کەلەئێسنادا ڕۆژانە( ۱۰) کاتژمێێکیش توانای پێدان ودابینکردنیشی نیە .

ئەم بڕیاری زیادکردنە ڕاستەوخۆ کاریگەری دادەنێت لەسەر کەمتربونەوەی جموجوڵی بازرگانی و کڵۆم کردنی دەرگای چەندین کارگە کەبەداخەوە لە ئێستادا هەنێکیان لەکاردا ماون ، وبەهۆی قەیرانە جۆراو جۆرەکانەوە زۆرینەیان داخراون ، ئەمە جگە لەوەی کەبە هەزاران دەستی کار لەکاردەخات وڕێژەی بێکاریش زێدەتر دەکات تێبینی؛ ئەوەی لەوێنەکەدا دیارە دووپسوڵەی دوکانی دوکاندارێکە لەشاری پێنجوێن ، کە ۹۰۰ کیۆکارەبای بەکارهێناوە بەنرخە تازەکە بایی ۱۱۷ هەزاردینارە ، لەکاتێکدا پێش زیادکردنی نرخەکە ۱٤۹۰ کیلۆیشی بەکارهێناوە بەڵام ۳۷هەزارو ۲٥۰دیناری بۆهاتۆتەوە.

۲۲ـ ٨ ـ ۲۰۱۷زاینی .

ئەندامی لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەرلەپەرلەمانی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.