سلێمانی مێژویەکە وەدەری ناویت…..

لەلایەن ستاندار Posted on 424 جار بینراوە

ستارە عارف

کۆبونەوەکەی ئەم ئێوارەیە٢١/٨/٢٠١٧ی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لەگەڵ کۆمەڵێک حزبی و ئەندامی ڕێکخراوەکانی حزبەکەی، پێکهاتبو لەکۆمەڵێک قسە و باسی سەیر و سەمەرە، یەکەم: کۆبونەوەکەی وەڵام بو بۆ قسەکانی مەلا بەختیار، کە دەڵێت ڕازی بوین بە دواخستی ڕیفراندۆم لەبەرامبەر ئەو ملیارەها دۆلار و بڕە پارەیەی لەبەرامبەر دواخستنی ڕیفراندۆمدا عێراق پێیان ببەخشێت، کە ڕاستی هەردو حزبەکەی دەستەڵاتی دەرخست، بە چ جۆرێک بازرگانی بە کارتی ڕیفراندۆمەوە وەک فشار لەپێناو ئەو بڕە پارەیە دەکەن، بارزانی دەیوت ئەو قسانە ڕاست نین و مەلا و وەفدەکەی عێراقی بە درۆخستەوە.

زۆر بە سوربونەوە پێداگری دەکرد، گوایە ڕیفراندۆم یان گاأڵتەجاڕیەکەی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە، کە شینی هەریسەکەیە دواناخرێت و لەکاتی خۆیدا هەر دەکرێت، کە بێگومان ئەمەیان درۆیەکی گەورەیە، چونکە نە مەسعود بارزانی لەو ئاستەدایە توانای بڕیاردانی بەو پێداگریە هەبێت، نە هێندە مەرد و ئازا و بەرچاو ڕون و بە ئیرادەیە و ئەو توانستەی هەیە، ڕابردو و ئێستای زۆر بابەتی بەمجۆرەی تێدایە، کە پێداگری نا عەقڵانی و کەلەڕەقیەکی عاتیفیانەی کردوە و لەدوایدا ئیرادەی بەرەی ناڕازی و نەخێر و ڕای نێودەوڵەتی بە درۆیان خستۆتەوە و خستویانەتەوە قاڵبەکەی خۆی، کە ئەمجارەیش هەروا دەبێت و دەیخەینەوە چوارچێوەکەی خۆی و سنوری بۆ دیاری دەکرێتەوە و ڕێگەی پێنادەن گاڵتەجاڕیەکەی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە ئەنجام بدات.

زۆر بە سەر زاری باسی پەکخستنی پەرلەمان و خراپی ڕەوشی میللەتی کرد و وای نیشاندەدا، ئەو دەستی لەقوڵکردنەوەی قەیران و نەهامەتیەکانی خەڵک و پەرلەماندا نیە، کە بارزانی خۆی مایەی ئاشوبی ئەم گەلەیە و کورسیەکەی گرێکوێرەی قەیرانە دەستکردەکانە، وا قسەی دەکرد وەک ئەوەی گۆڕان هۆکاری پەکخستنی پەرلەمان بێت، هێندە بە ڕقەوە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانی دەهێنا، هەستم دەکرد سکی ژان دەکات، ئەگەر لەهەمو باسەکانیدا ناوی گۆڕان بە ڕقەوە نەهێنێت.

گوایە وەڵامی حکومەتی عێراقی دایەوە، کە ڕیفراندۆم دوا بخەن و مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەکەین، مەسعود بارزانی بەم داوایەیش ڕازی نەبو، مادەی ١٤٠ی لا گرنگ نەبو، بەڵکو بە ئاشکرا پێموایە وەک هەمو جارێک هەر نەزانانە ئەو قسەیەی دەربڕی یان لەناخی دڵیەوە و بە ڕاستی دەریبڕی، کە وتی با عێراق بزانێت ئەوان مادەی سەد و چل جێبەجێ ناکەن، بەڵکو داعش ئەو مادەیەی جێبەجێکرد، ئەم وتەیە زۆر ترسناکە داعش بکەیتە خاوەنی دەستکەوتێک و ستایشی بکەیت، کە مادەی ١٤٠ی بۆ جێبەجێکردویت، یان هەر وتنی قسەی ڕاستی دڵی بو، چونکە دۆستی داعشن و دەبوایە ددانی بەو ڕاستیەی دۆستەکەیدا بنایە، ئەی هەر ئەوان نین، کە بازرگانیان لەگەڵ داعش دەکرد.

خۆ بێ ئاگا نیشاندان لەکۆمەڵێک گرفت و قەیرانی قوڵی ئەم میللەتە، نیشانەی کاڵفامی و نا سیاسی بونی بارزانی پیشاندەدات، لەکوێ ڕەوایە خۆت سەرچاوەی قەیرانەکانی کوردستان بیت و بە مەبەستی حزبی گەمارۆی ئابوریت خستبێتە سەر خەڵک و قوتیان بدزیت و نانیان ببڕیت و لەژێرەوە سەرقاڵی گرێبەستی نەوتی و هەراجکردنی داهات و سامانی کوردستان لەگەڵ دوژمنەکانی ئەم میللەتە بیت و یەک سەعات نەزانیت پڕۆفیشیناڵ و ئەکادیمیانە و زانستیانە و بە ئەدەبانە وەک سیاسەکی بە ئەخلاق وتار بۆ خەڵک و ڕاگەیاندن بدەیت، تەواوی کوڕ و بنەماڵەکەت سەرچاوەی بەڵا و نەهامەتی ئەم میللەتە بن و کاریان ڕفاندن و تیرۆر و دزی و قۆرخکاری و کارە بەعسیەکانی ڕابردوی سەدام بێت و بە چاودێری خۆت ئەم هەمو تاڵانیە ئەنجام بدەن، کەچی خێڵەکیانە سوێندی درۆ بە خودا بخۆیت و بڵێت وەڵا منیش حەزدەکەم دنیا وا باش بێت و ژیانتان وا خۆش بێت و ئاگاداری ئەم گەندەڵی و خراپیانە نیم.

ئەو ڕەوشە نەشیاوە لەچەپڵەڕێزان و دروشم و پیاهەڵدان و هوتاف کێشان و بەیعەت دانەوە بە بارزانی و بنەماڵەکەی، مەگەر تەنیا لەئەدەب و کلتوری سەرۆک خێڵ و مرۆڤە بچوکەکانی وەک ئەواندا مابێت، ئەگەر نا شورەیەکی زۆر گەورەیە ئەو هەموە لەبەردەم مەسعود بارزانیدا، نەیانوێرا ئاماژەیەک بە ژیانی پڕ لەقەیران و مەرگەساتی میللەت بکەن و مەردانە ڕەخنەیەک لەو هەمو بەدیەی بارزانی و حزبەکەیان بگرن، ئەگەر نا سەرۆکە مەرد و بەهێزەکان خۆیان لەو ڕەوشە مێگەل ئاسایە ڕزگار کردوە و ناهێڵن میللەتەکەیان بەو ڕێچکە پاشکەوتوەدا بڕوات.

لەسەر قسەی یەکێک لەو بەیعەتچیانەی گوایە بە بارزانی وتوە، بۆچی نایەیت بۆ سلێمانی؟، بارزانی لەوەڵامدا بۆ چەپڵە وتی، چۆن نایەم سلێمانی شاری خۆمە، نازانم ئەم قسەیە مەگەر کەسێک زۆر بێ ئاگا بێت یان وەک ئەوان بەیعەتچی و چەپڵە لێدەر بێت، ئەگەر نا شارێک لەمێژویەوە تا ئەمڕۆ سزات دابێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم شارە هەر لەساڵی١٩٣٦دا، کە مەلامستەفا و ژمارەیەکی زۆری بنەماڵەکەی ئاوارە بون و هێنراون لەسلێمانی پارێزراون، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق هەڕەشەی لەهەر کەسێک کردوە، کە هاوکاریان بکات، بەهۆی ئەو جموجۆڵ و داخوازیە خێڵەکی و کۆمەڵایەتیەی خۆیان لەڕژێمەکانی عێراق لەبارزان بەرپایانکردبو، کە هیچ مۆرکێکی نەتەوەیی و کوردی پێوە نەبوە، خەڵكی نیشتمانپەروەری سلێمانی بە هەمو جۆرێک لەڕوی ماددی و مەعنەویەوە هاوکاریانکردون، بنەماڵەی شێخ مەحمود و حەپسەخان بە باشترین شێوە داڵدەیان داون و نیشتەجێیانکردون، فێری خوێندەواریان کردون و تێکەڵ بە دانیشتنی کەسانیە پایەبەرز و سیاسی و ڕوناکبیرەکانیان کردون و فێری شێوەی ژیانی مەدەنیانەیان کردون، ئەو پێواژۆیەیشی مەلا مستەفا لەسلێمانی هەڵهاتوە، هەر شێخ لەتیفی حەفید و خەڵکی سلێمانی ڕزگاریان کردوە و بە کەناری ئارامیان گەیاندوە.

بەڵام ئەم بنەماڵەیە هەمیشە چاوی ڕقیان لێی بوە و لەگەڵ یەکێتی و تاڵەبانی هاوپەیمانیاندا بە توندترین شێوە سزای خەڵکەکەیان داوە، کەچی نازانم دوای ١٧ی شوبات و ئەو هەمو کارەسات و تاوانەی بەسەریاندا هێناوە، چۆن شەرم ناکات بەو ئاسانیە و بێ ئەوەی داوای بەخشین لەم شارە بکات، دەڵێت شاری خۆمە، لە کاتێکدا سلێمانی هەرگیز مەسعود بارزانی و تاڵەبانی و ئەم تاقمە تاڵانچیەی بە بەشێک لەخۆی نەبینیوە و هەمیشە ڕەتی کردونەتەوە و هەرگیز ئامادەیش نیە ئاوڕیان لێبداتەوە، بۆیە با بارزانی باش بزانێت، سلێمانی مێژویەکە پشتی تێکردوە و وەدەری ناوە و پێویست بەو موجامەلە هەرزانانەیش ناکات، نابێت بەو چڵکاو خۆر و ملهوڕانەیش لەسلێمانی بڕوانێت، کە بارزانی و تاڵەبانی بۆ هاوسەنگکردنەوەی لاسەنگی جەماوەریان لەدەرەوەی سلێمانی و لەکەرکوک و لەخوار و ناوڕاستی عێراق و ئێران و خانەقین و ناوچەکانیترەوە هێناویانەتە ئەم شارەوە و بە نیازن لەشوێنی خەڵکی سلێمانی بەیعەتان بۆ بدەن….

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.