عادل موراد بۆیەکەمجار چەند نھێنیەک لە بارەی بڕیاری بڕینی موچە ئاشکرادەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 887 جار بینراوە

ستاندەر
عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت شاردنەوەی شکستی سیاسەت و ستراتیژی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان لەسێ ساڵی رابردودا راستییەکی حاشا ھەڵنەگرەو دەبێت خۆیان دانی پێدا بنێن، و داوای لێبوردن لەگەل و نیشتمان بکەن لەپای ئەو ھەموو نەگبەتی و ناھامەتیانەی کەبەسەر میللەتیان ھێنا لەچەند ساڵی رابردودا، بەبێ ئەوەی ھێچ ھوکارێک واقعی ھەبێت بۆئەو ھەموو شکستانە.

ناوبراو لەوتارێکدا بەناوی (تاکەی فریودان و شاردنەوەی راستییە تاڵەکان )ھەروەھا دەشڵێت لەڕۆژی ٤ ئازاری ٢٠١٤ کاتێک بەکارێکی تایبەت رێم کەوتە بەغدا و لەوێ چاوم بەسەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق بەڕێز نوری مالکی کەوت، و توانیم پاش مشتومرێکی دۆستانە توانیم قەناعەتی پێ بکەم کەمووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کوردستان بۆ مانگی نیسان بنێرێت.
دەقی وتارەکە بخوێنەوە

تاکەی فریودان و شاردنەوەی راستییە تاڵەکان
لەڕۆژی ٤ ئازاری ٢٠١٤ کاتێک بەکارێکی تایبەت رێم کەوتە بەغدا و لەوێ چاوم بەسەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق بەڕێز نوری مالکی کەوت، و توانیم پاش مشتومرێکی دۆستانە توانیم قەناعەتی پێ بکەم کەمووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کوردستان بۆ مانگی نیسان بنێرێت، و یەکسەر وەزیری دارایی ئەوسا بەوەکالەت سەفا‌والدین ئەلسافی راسپارد کە بڕەکەی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو بەھوێ کێشەی سیاسی و شەخێی ماوەی دوو مانگ بوو راگیرابوو، و سەرکردایەتی سیاسی و حوکومی ھەرێم لەداوی چەندین دانیشتن نەیانتوانیبوو بیگێڕنەوە، ھەروەھا توانیم قەناعەتی پێبکەم بەگێڕانەوەی شایستە دارییەکانی ھەرێم و ئامادەیی خۆێ و حکومەتەکەشی بۆ گفتۆگۆی جدی بەمەبەستی چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا نیشاندا.
بەڵام لەجیاتی ئەوەی کەستایش و دەستخۆشیمان لێ بکرێت، بەپێچەوانەوە روو بەرووی چەندین تۆمەت و قسەی تایفی نابەجێ کرامەوە کەبەداخەوە ھەندێکیان لەلایەن کەسانێک دەکرا کەخۆیان بەدڵسۆزی خەڵک و لافی نیشتمان پەروەری لێ دەدەن.
من لێردا بەمافی خۆمی دەزانم بپرسم بۆچی سەردانێکی من بۆلای دۆستێکی دیرێن و ھاوڕێی خەباتی ئوپۆزسیونی مام جەلال و یەکێتیی لەدژی رژێمی دیکتاتوری ێەدام و دوای روخانیشی، بەخیانەت و خۆفرۆشی و نۆکەرایەتی لەقەڵەم بدرێت کەدەرئەنجامی باشیشی لێبکەوێتەوە، بەڵام راخستنی فەرشی سوور بۆ بەڕێز مالکی لەھەولێر و بەستنی ھاوپەیمانیەتی و دەست لەناودەست کردن لە بەغدا پێش چەند رۆژێک و داوای پارەو پۆست و پلەی شەخسی و حزبی ببێتە بەیت و بالورەی راگەیاندنەکان و بەسەرکەوتنی مەزن لەقەڵەم بدرێت، کەئەوساو ئێستاش ھیچی لێ سەوز نەبوو نەتوانراوە ھیچ جۆرە دەستککەوتێک بۆ میللەتەکەمان لەبەغدا دەستەبەر بکرێت.
شاردنەوەی شکستی سیاسەت و ستراتیژی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان لەسێ ساڵی رابردودا راستییەکی حاشا ھەڵنەگرەو دەبێت خۆیان دانی پێدا بنێن، و داوای لێبوردن لەگەل و نیشتمان بکەن لەپای ئەو ھەموو نەگبەتی و ناھامەتیانەی کەبەسەر میللەتیان ھێنا لەچەند ساڵی رابردودا، بەبێ ئەوەی ھێچ ھوکارێک واقعی ھەبێت بۆئەو ھەموو شکستانە.
ئیستاش لەبری ئەوەی چاوێک بەسیاسەتە شکست خورادوکەیاندا بخشێننەوە، و لێگەڕێن میللەت بڕیار لەئاینەدەو شێوازی بەرێوەبردنی خۆی بدات، دەبینین لەچاڵێک دەرمان دەکەن و فڕەمان دەدەنە ناو بێرێکەوە، و لێناگەڕێن ئەم میللەتە خێر لەخۆنەدیوە ئاھێک ھەڵبکێشێت و دەبێت ھەردەم بناڵێنێت بەدەست سەرکردایەتییەکی کاڵفام و کەم ئەزموون، و بوغراو خۆ بەزلزان، کەیاری کردن بە پیرۆزییەکانی میللەت و زۆرجار دۆڕاندنی بۆتە نەریتێکی باو لە لایان.
بۆیە دەبێت ھەموومان بێ سڵەمینەوە و راست و رەوان پێیان بڵێین ئێوەی کەخەمی گەل و نیشتمانتان و ئاکاتان لە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک نەبێت، چیتر ناتوانن نوێنەرایەتی ئەم میللەتە بکەن و خەریکە ئەوەی کەبەدەستیشمان ھێناوە بە قوربانی و خەباتی دەیان ساڵەی میللەتەکەمان لەساڵانی رابردوو زۆر بەئاسانی لە دەستی ئەدەین، وەک پێشینانیش وتویانە ھەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەھاویشتنیەتی. دەسەڵاتدارانی ھەرێم پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گرنگی وەک سەبەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەت دوور لەھەموو رێڕەوە یاساییەکان و تەشریعییەکان بۆتە تاقیکرنەوەی چانس و بەخت و ناوچەوان لای ئەوان، و یان نازانن یاخود نایان نەوێت بزان کەمەسەلەیەکی وا چارەنوس ساز بەمەزاجی شەخێی و بەرد فعل نایەتەدی، بەڵکوو بەبەرنامەو پلانی درێژ خایەن و یەکخستن و کۆکردنەوەی نێو ماڵی خۆمان دێتەدی.

عادل موراد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.