هۆکارەکانی زۆربوونی تاوانە کۆمەڵایەتیەکان.

لەلایەن ستاندار Posted on 2577 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان تاوانە کۆمەڵایەتیەکان بریتین لەو تاوانانەی کە بەرامبەر تاک و کۆمەڵگا دەکرێت یان تاک بەرامبەر خۆی دەیکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی کوشتن یان خۆکوشتن و برینداربوون و دروستبوونی توندوتیژی، تاوانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرن و زۆر جار کۆمەڵگا توشی شۆک دەکەن، دەبنە مەترسی و فۆبیا بۆ سەر تاکەکان و سایکۆلۆجیای تاک ناسەقامگیر دەکەن، کۆمەڵگا دواکەوتوو و ناسەقامگیرو ئاڵۆزەکان تاوانەکۆمەڵایەتییەکانیان تێدا زۆرە، بەردەوام ئاسایشی کۆمەڵایەتیان لەمەترسیدایە، چونکە تاوانەکۆمەڵایەتیەکان دەرئەنجامی چەندین هۆکاری کەڵەکەبوون یان بەبەرنامە ئەم جۆرە تاوانانە بۆناو کۆمەڵگا زیاد دەکرێن، بۆ ئاڵۆزی تاکەکان و جێبەجێکردن مەرامە سیاسی و ئابوریەکان.

زانستی کۆمەڵناسی بەردەوام زیادبوونی تاوانەکۆمەڵایەتییەکانی بەستۆتەوە بە هۆکارەکان، تا هۆکارەکان دیارینەکرێن و چارەسەر نەکرێن ئەم نەخۆشیەکۆمەڵایەتییە مەترسیدارە چارەسەر ناکرێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان تاوانە کۆمەڵایەتیەکان زۆربوون و بەرەو بەدیاردەبوون(سۆشیال فینۆمینا) دەچن و سەرنجی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان ڕاکێشاوە، لێرە گرنگترین هۆکارەکانی زیادبوونی تاوانەکۆمەڵایەتیەکان دیاریدەکەین لەهەرێمی کوردستان؛

1-هۆکاری سیاسی/ بێگومان لە کوێ تاوانە کۆمەڵایەتیەکان زۆربوون لەوێش دەسەڵاتی سیاسی فاشیل بوونی هەیە، واتا حیزب و حکومەت لێرە دەتوانن تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زیادبکەن لە پێناوی مەرام و کارنامە سیاسیەکانیان، چونکە لێرە حکومەت لە خزمەتی حیزبدایە! ئێستا حیزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی (یەکێتی و پارتی) لەڕێگەی دروستکردنی قەیرانە سیاسیەکانەوە مەجالی زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیان داوە، سیاسەتی برسیکروون و بڕینی موچە کەبەرگێکی سیاسی هەیە هۆکاری زیادبوونی تاوانەکانن، سیاسەتی پراگماتیزمی جوتحیزب هۆکارێکی گرنگی زیادبوونی تاوانەکۆمەڵایەتیەکانن.

2-هۆکاری ئابوری/ ئابوری باش کۆمەڵگای تەندروست دروستدەکات، خراپی باری ئابوری تاکەکان توشی بێئومێدی دەکات و پەنا دەبەنە بەر تاوانەکان، چونکە جوڵەی ڕۆژانەی ژیان بە پارەیە کەواتە لەنەبوونی پارەدا ترس دروستدەبێت و دەرئەنجام تاوانێکی کۆمەڵایەتییە، ئێستا ئێمە لە قەیرانسازی دارایدان، تاکەکان لەنێوان پێداویستی ڕۆژانەو نەبوونی داهاتی تەواو توشی باری خراپی سایکۆلۆجی بوون، ئەمەش تاکەکان بەرەو خەمۆکی و خۆکوشتن و تاوانی دزیکردن و مامەڵەی ماددەهۆشبەرەکان دەبات، لێرە دا هۆکاری سیاسی و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەبیانوی نەبونی داهات ئەم قەیرانسازییە داراییەیان دروستکردووە، لەکاتێکدا هۆکارەکە سیاسی و کورسی پەرستیە، ئێمە ئێستاش داهاتێکی زۆرمان هەیە، لێرەشدا کۆمەڵگا بۆتە قوربانی سیاسەتی سەقەتی جوتحیزب ، بۆ قەرەبووی داهاتەکەی تاوانەکان ئەنجام دەدات. زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق بەهۆی لاوازی داهات بەنمونە.

3-هۆکاری کۆمەڵایەتی/ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لەناو خێزانی کوردیی بونی هەبووەو سەرچاوەو هۆکارێکی تری تاوانە کۆمەڵایەتیەکانە، ئەمەش پەیوەندی بە نەریت و کولتووری پەروەردەی خێزانی کوردییەوە هەیە، شەپۆلی بەجیهانی بوون(گلۆبالیزەیشن) لەلایەک و کولتوری خێزانی کوردی لەلایەکی ترەوە لە ململانێدان، زۆرجار بۆتە هۆی کوشتن و تەڵاقدان و خۆکوشتن لەناو خێزانەکان بەتایبەتی ژنان و منداڵان قوربانی گەورەن، کێشە خێزانییە بچوکەکان زۆر جار بە کوشتن و خۆکوشتن و برینداری کۆتاییان هاتووە.بەڵاکانی مۆبایل وەک نمونە.

4-هۆکاری ڕاگەیاندن/ ڕاگەیاندنی کوردی بەگشت جۆرەکانی لەقەیراندایە، بۆئاڕاستەکردنی پەیامەکانیان هیچ پێوەر و فلتەرێکی سۆسیۆڵۆجی و سایکۆلوجیان نیە، بەردەوام ڕاگەیاندن تاوانەکانی ئاسانکردووە و ترسی زیادکردووە، ئەفلامە بێ مەعریفیەکان بۆماندەردەخەن ڕاگەیاندنی کوردی چەند لاواز و خراپە، ئەفلامەکان کێشە خێزانیەکانیان زیادکردووە بەتایبەتی لەناو هەرزەکاران، توندوتیژیان فێری منداڵانی کورد کردووە و ڕۆژانە لەسەر شەقام توندوتیژی و جنێوی ناو ئەفلامەکان پڕاکتیک دەکەن، ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەندەی ڵە خەمی زیادبوونی بینەرو بیسەرو خوێنەرە ئەوەندە لەخەمی ئارامکردنەوەی سایکۆلۆجیای تاکی کورد نییە، زۆرکات ڕاگەیاندن تاکی شڵەژاندووەو بەرەو ئاڵۆزی و تاوانەکان ئاڕاستەی کردووە.

دیمەنی چۆنیەتی خۆ کوشتن بەحەبل و دەرمان بەنمونە.

5-یاسا سەروەرنەبون/ نەبوونی سەروەری یاسا تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی زیادکردووە، کەسانی حیزبی دەسەڵاتدارو خزم و ئەندامانیان دەتوانن تاوانی گەورە بکەن بەبێ ئەوەی سزابدرێن، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکرێن، ئەمە کردنی تاوانی ئاسانکردووە چونکە ئەوتاکە بەهۆی پاڵپشتی حیزبی و نەبونی یاسا ناترسێت و بەردەوام تاوانەکان دووبارە دەکاتەوە، دزینی داهاتی نیشتمانی و لێدان لە دەنگەئازاکان و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان بەنمونە.

جگە لەم هۆکارانە چەندێن هۆکاری تر هەیە، دەرچونی لێبوردنی گشتی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ تاوانباران مەترسیدارە، زۆرجار لەم ڕێگەوە تاوانباری مەترسیدار ئازاد دەکرێت، یان سوڵحی کۆمەڵایەتی کەزۆر جار لە گەورەی تاوانەکان کەمدەکاتەوە و وادەکات تاوانبار بەبێ ترس بەهۆی بونی پاڵپشتی عەشایەری تاونەکە دووبارە بکاتەوە، نەبونی هۆشیاری یاسایشی هەندێ جار وادەکات تاک تاوانبکات، چونکە شارەزای جۆری تاوان و سزای تاوانەکان نییە.

هەمو هۆکارەکان دەکرێت ببەستینەوە بەدەسەڵاتی سیاسی فاشل، لەماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابردوو دەسەڵات نەیتوانیوە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاکەکان دروست بکات، گەر یاسا سەروەر بوبایە تاوانەکان ئەوەندە زۆر نەدەبون، بەڵام دەسەڵات بەسیاسەتی مەشغوڵبکەو زاڵببە کاری کردووە، ئاشی دەسەڵات لەناو ئاڵۆزبونی تاک و کۆمەڵگادا گەڕاوە، هەمیشە تاکی بەرەو خەمە شەخسیەکان ئاڕاستەکردووە تا هۆشیاری سیاسی لاوازبێت و بیر لە کاری گشتی و دەسەڵات و سیاسەت نەکاتەوە، هەمیشە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان کۆمەڵگایان پڕکردووە لەتاوانی کۆمەڵایەتی تا بەربەست بۆ مەرامەسیاسییەکانیان دروست نەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.