ستانده‌ر- سه‌رتیپ وه‌یسى
له ماوه‌ى چه‌ندین ساڵى رابردوو، به‌هۆى چاره‌سه‌رنه‌كردنى و یه‌كلاینه‌كردنه‌وه‌ى كێشه‌یی زەویەکانی تارین، سه‌دان زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه ئه‌نجامدراوه كه هێشتا كێشه‌ى خاوە‌نداریه‌تى له‌سه‌ره. له‌وماوه‌یە بۆ نه‌هێشتن و رێگریكردن له‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ش لە ژێر فشاری پەرلەمان وڕاگەیاندن چه‌ند لیژنه‌یه‌كى حكومه‌ت پێكهێنراوه‌و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شت و گوزارى حكومه‌تى هه‌رێم، داواى به‌كارهێنانى هێزى كردووه، چه‌ند جارێك لە ئاستی باڵا لە حکومەت داوا كراوە كێشه‌كه چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ڵام به‌هۆى باڵاده‌ستى چه‌ندین به‌رپرسی سەربازی نه‌توانراوه كێشه‌كه به ته‌واوى چاره‌سه‌ربكرێت.
له‌سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس هاوینه هه‌وارى “سه‌رى ره‌ش” له رۆژهه‌ڵاتى شارى هه‌ولێر، كه ئێستا شوێنى نیشته‌جێبوونى بارزانییه، وه‌ك ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى درا به چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێك، به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى شوێنكى گه‌شتیارى، بۆئه‌مه‌ش چه‌ندین شوێنى گه‌شتیارى و ده‌یان جۆر شارى یارى و یارى لێدانرا، به‌ڵام دواتر و پاش راپه‌ڕینى 1991 پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، باره‌گایه‌كى حزبى لێدانا و سه‌رجه‌م خاوه‌ن پڕۆژه‌كانى ئه‌و شوێنه گه‌شتیاریه‌ى ئاگاداركرده‌وه، كه كه‌ل و په‌له گه‌شتیاری و یاریه‌كانیان له‌و ناوچه‌یه لابه‌رن و ناوچه‌كه چۆل بكه‌ن.
له‌ماوه‌ى ئه‌و 26 ساڵه‌دا، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن زه‌وییه‌كان چه‌ندین كۆبوونه‌وه له نێوان لایەنی پەیوەندی داروو خاوه‌ن زه‌ویه‌كان كراوه، جگه له‌وه‌ش ده‌یان نوسراو دە رچووەو دەیەها لیژنه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێكهێنراوه، له سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌و هەنگاوەکان به‌ڵێنى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ته‌واو به خاوه‌ن زه‌وییه‌كان درا، به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوون.
ستانده‌ره، یه‌كێك له خاوه‌ن زه‌ویه‌كانى بینوه له‌وباره‌یه‌وه گفتوگۆیه‌كى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداوه، به‌ڵام به‌هۆى مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى، نەیویست ناوه‌كه‌ى بهێنرێ، له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند ” له‌سه‌ر ده‌مى رژێمى به‌عس زه‌ویمان له سه‌رى ره‌ش وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ى شارى یاری لێ‌دروست بكه‌ین، چه‌ندین جۆرى كه‌ل و په‌لى تایبه‌تمان له كوێته‌وه هێنا و كه هه‌موویان كه‌ل و په‌لى تایبه‌ت بوون و به پێى ئه‌و پلانه‌ى بۆمان دانابوو ئه‌م شارى یاریه یه‌كه‌مین شارى یارى ده‌بوو له عێراقدا “.
ئه‌و خاوه‌ن زه‌ویه باسى له‌وه‌شكرد، كه راپه‌رینى ساڵى 1991 رویدا ئێمه ئاگاداركراینه‌وه كه سه‌رجه‌م كه‌ل و په‌له‌كان له‌و ناوچه‌یه چۆل بكه‌ین، و ئێمه‌ش كه‌ل و په‌له‌كانمان له چه‌ندین بارهه‌ڵگرى گه‌وره باركرد و به‌ره‌و ئێران به‌ڕێمان كرد.
ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌روو، تاوه‌كو ئێستا بە هەوڵی کەسانی دڵسۆز چه‌ندین نووسراوو بڕیار دەرچووە كه به زوترین كات قه‌ره‌بوو بكرێینه‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو مانگی رابردوو كه بڕیارى نوێ له‌باره‌یه‌وه ده‌رچووه له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه دڵنیانین.
له كابینه‌ی شه‌شی حكومه‌تی هه‌رێم، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له كاتی خۆپیشاندانه‌كانی ١٧ شوبات ژماره‌یه‌ك بڕیاری بۆ چاكسازی ده‌ركرد یه‌كێك له بڕیاره‌كان (گه‌رانه‌وه‌ی موڵكی گشتی بوو له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه بۆ حكومه‌ت) وه‌ك پاڵپشتیه‌ك و بۆ ئارام كردنه‌وه‌ی شه‌قام ته‌نها یه‌كێتی نیشمانى كوردستان ژماره‌یه‌ك موڵكی گه‌ڕانده‌وه دواتر بڕیاره‌كه دژایه‌تی كرا‌و وه‌ستا.
له خوولی سێ و چواری په‌رله‌مان پرۆژه‌یاسایه‌ك له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار پێشكه‌ش كرا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵكی گشتی بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام ڕێگری كرا له په‌سه‌ند كردنی و هه‌ر به پرۆژه مایه‌وه، دواتر بۆ كۆتایی هێنان به‌م بابه‌ته و چۆڵنه‌كرنی ئه‌وو شوێنه گشتیانه بریار درا له بری چۆڵ كردن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه ، له‌م باره‌یه‌وه حكومه‌ت هه‌ندێ بریاری ده‌ركرد یه‌كێك له‌و شوێنانه كه بریاری بۆ ده‌رچوو زه‌وییه‌كانی سه‌ری ره‌ش بوو، كه باره‌گای سه‌ره‌كی مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى لێیه.
له ساڵى 2006 قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن زه‌وییه‌كانى “سه‌رى ره‌ش” دیاریكرا له‌سه‌ر رێگاى هه‌ولیر- پیرمام، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى چه‌ندین به‌رپرسى سه‌ربازى باڵا له‌و ناوچه‌یه ڤێلایان دروست كردوه و ناوچه‌كه ته‌لبه‌نكدراوه قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه تاوه‌كو ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه.
بۆ تێكدانى ئه‌و زێده‌ڕه‌ویانه‌ى كراوه‌ته سه‌ر موڵكه‌كانى تارین له‌سه‌ر رێگاى هه‌ولێر-پیرمام، چه‌ندین هه‌نگاو بە چاودێری پەرلەمان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته په‌یوه‌نداره‌كان نراوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا زێده‌ڕۆییه‌كان به‌رده‌وامه و نه‌توانراوه لاببرێن،تەنها لە لەمانگی هەشت توانراوه زیاده‌ڕۆیى له‌سه‌ر به‌شێك له‌و شوێنانه لابدرێت و دواتر ئەویش وەستا٠
له 18 ئه‌یلولى 2013، به واژۆى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم نوسراوێك بۆ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاركراوه و لیستى ناوه‌كان هاوپێچكراوه و داواكراوه كارى پێویست بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن زه‌ویبه‌كانى “سه‌رى بڵند” ئه‌نجام بدرێت به ئه‌نجامدانى گرێبه‌ست.
له21 كانونى دووه‌مى 2014، دلشاد شه‌هاب، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتو گوزارى ئه‌وكات، نوسراوێكى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر كردوه و ئاماژه‌ى به دوو نوسراوى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كردوه و ده‌ڵێت ” سه‌باره‌ت به خاوه‌ن زه‌ویه گه‌شتیارییه‌كانى سه‌رى بڵند( سه‌رى ره‌ش) كه له به‌رزایه‌كانى تارین قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه له ساڵى 2009 به ئاشكرا تیر و پشكیان بۆ كراوه و دواى چه‌ندین نوسراو جه‌ختكردنه‌وه كارى یه‌كبوون و جیاكردنه‌وه‌تان بۆ نه‌كردوون، ئه‌مه‌ش وایكردوه زێده‌رۆییه‌كى زۆر بكرێته سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه و هێشتا به‌رده‌وامه و به بێ ئه‌وه‌ى رێگه‌یان لێ‌بگرن”.
له نوسراوه‌كه‌ى پێشووترى وه‌زیرى شاره‌وانى ئاماژه‌ش به‌وه‌كراوه، هه‌رچى زوه هه‌نگاوى پێویست بنێن بۆ راگرتنى ئه‌و زێده‌رۆیانه و كارى یه‌كبوون و جیاكردنه‌وه‌ى زه‌وییه‌كان ته‌واو بكرێت و تاوه‌كو كێشه‌كه گه‌وره‌تر نه‌بێت.
به‌ڵام ئه‌و زانیاریانه‌ى دراوه‌ته‌و ستانده‌ر، سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر وتویه‌تى ” ئه‌مه له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه نییه و ناتوانین ئه‌م كاره بكه‌ین به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى زێده‌ڕۆیان كردوه به‌رپرسى باڵان”.
جارێكى تر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانى له وه‌زارتى شاره‌وانى، له 19تشرینى یه‌كه‌مى 2014 نوسراوێكى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر كردۆته‌وه.
نوسراوه‌كه به ژماره (13829) هاوپێچى نوسراوى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه و تایبه‌ت به پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك تایبه‌ت بۆ زه‌وییه‌كانى تارین بۆ ژماره‌كردنى زه‌ویه‌كان و ئاماده‌كردنى لیستى ناوه‌كان و لیژنه‌كه له سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر و شاره‌وانى مه‌لائۆمه‌ر و نوێنه‌ى ناحیه‌ى كه‌سنه‌زان پێكبهێنرێت.
ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، داواى له وه‌زارتى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، ده‌كات كه لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ لابردنى ئه‌و زێده‌ڕیانه پێكبهێنن، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوزار له 18 ئه‌یلولى 2014 وه‌ڵامى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌داته‌وه.
له نوسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى كه ژماره (12604) باس له‌وه‌كراوه كه لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا بۆ لابردنى زێده‌ڕۆییه‌كانى سه‌ر زه‌ویه‌كانى تارین به پێى راسپارده‌كانى لیژنه‌كه پێویسته ده‌سه‌ڵاتى سه‌روتر ( ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى ناوخۆ) به هێزه‌وه ده‌ست به لابردنى ئه‌و زێده‌ڕۆیانه بكه‌ن و چاره‌سه‌رى كێشه‌كه بكه‌ن.
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى باسى له‌وه‌شكردووه، كه یه‌كه‌ى ئیداری و شاره‌وانى و پۆلیسى ناوچه‌كه تواناى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌یان نییه.
به‌هۆى ئه‌وه‌ى نه‌توانرا له رێگه‌ى لیژنه‌وه زه‌ویه‌كان ژماره بكرێن و جیا بكرێنه‌وه، بۆیه له 29 كانوونى دووه‌مى 2015 جارێكى تر نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتو گوزارى ئێستا، نوسراێك به ژماره( 1522 ) ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌كات.
نوسراوه‌كه پشتى به‌ستوه به نوسراوێكى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و تایبه‌ت به لابردنى زێده‌رۆییه‌كانى سه‌ر زه‌وییه‌كانى تارین.
زێده‌ڕۆییه‌كان به‌رده‌وام بوون و وه‌زاره‌تى شاره‌وانیش له هه‌وڵى كۆنتڕۆڵكردنى دابوو، به‌ڵام بۆى كۆنتڕۆڵنه‌ده‌كرا و ئیدى هاناى بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌برد، بۆیه له 1 شوباتى 2015 نوسراوێكى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌كات و داواى جوڵاندنى هێزده‌كات بۆ لابردنى زێده‌ڕۆییه‌كان.
وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمیش به نوسراوێك وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت ” پێویسته وه‌زاره‌تى شاره‌وانى سكاڵا تۆمار بكات له دادگاكانى لێكۆڵینه‌وه و به‌هۆى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌تان لایه‌نى زه‌ره‌رمه‌نده، بۆیه به پێى یاسایى دواتر ئێمه ده‌ست ده‌كه‌ین به لابردنى زێده‌ڕۆییه‌كان دوواتر وەزارەتی شارەوانی لە دادگایی دەشتی هەولێر بە ژمارە 614 لە ٢٠١٤/٤/٢٠ داوای لەسەر زیادەڕۆیەکان تۆمار کردوو دادگا بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەتی شارەوانی دەرکرد ،له ساڵى 2016 هێز نێردرایه سه‌ر ئه‌و زێده‌ڕۆیانه و شه‌ڕ له نێوان زێره‌ڤانى و ئه‌و كه‌سانه دروست بووه، كه زێده‌ڕۆیانه كردۆته سه‌ر زه‌وییه‌كان و به‌هۆیه‌وه دوو زێره‌ڤانى گیانیان له ده‌ستدا. بۆیە وەزارەتی ناوخۆ لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە وەستا ن “.
قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن زه‌ویه گه‌شتیاریه‌كانى سه‌رى بڵند به چاره‌سه‌رنه‌كراوى مایه‌وه، دواتر خاوەن زەویەکان پەنایان برد بۆ پەرلەمان و دواتر کۆی بەڵگەو نووسراوەکان لە لایەن پەرلەمان بەرزکرایەوە بۆ مسعود بارزانی بۆیه له 2ته‌موزى 2016، مه‌سعود بارزانى به سیفه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە وەڵامی نوسراوی پەرلەمان نوسراوێك ئاراسته‌ى وه‌زیرانى ناوخۆ‌و شاره‌وانى و پارێزگارى هه‌ولێر ده‌كات.
بارزانى، له نوسراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت ” ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه زه‌وى موساته‌حه یا گه‌شتیاریان هه‌بوه كاتى خۆى له سه‌رى بڵند له ساڵى 2006 له تارین له سه‌ر رێگاى صه‌لاحه‌دین قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه، به گوێره‌ى زانیاریه‌كانمان ئه‌و زه‌ویانه ته‌جاوزیان كراوه‌ته سه‌ر و ته‌لبه‌ند كراون و به‌شێكیشیان خانووى له‌سه‌ر دروستكراوه”.
بارزانى، له نوسراوه‌كه‌ى داوا ده‌كات به زوترین كات و له‌ماوه‌ى یه‌ك مانگدا چاره‌سه‌رى ئه‌و بابه‌ته بكرێت و به شێوه‌یه‌ك سه‌رجه‌م ته‌جاوزاته‌كان هه‌ڵبگیرێن و ئاگاداریش بكرێنه‌وه.
دواى نوسراوه‌كه‌ى بارزانى، نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزرا له نوسراوێكى نهێنیدا بە ژمارە 74 لە 7/20 بۆ ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزار و سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شاره‌وانیه‌كانى هه‌ولێر كردووه له‌سه‌ر كێشه‌ى زه‌ویه‌كانى تارین.
وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شت و گوزار، ئاماژه‌ى به نوسراوى مه‌سعود بارزانى كردوه و تیایداهاتوه ” پێویسته به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به زوترین كات ئه‌و زێده‌ڕۆیانه هه‌ڵبگیرێن”.
دواى نوسراوه‌كه‌ى بارزانیش كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كرا، بۆیه له دوو نوسراوى جیاواز له رێككه‌وتى (16ى ئازار‌و 26 ئازارى 2017)، جارێكى تر بابه‌ته‌كه چۆته‌وه په‌رله‌مان و جه‌عفه‌ر ئێمینكى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، به پشت به‌ستن به داواكارى په‌رله‌مانتار( گۆران ئازاد) ئەندامی لیژنەی دەست پاکی، نوسراوێكى هاوپێچ ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وەزیران كردووه‌و داواى به‌دواداچوونى كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى زه‌وییه‌كانى تارین.
دواى نوسراوه‌كه‌ى په‌رله‌مانتار گۆران ئازاد، وەزیری شارەوانی لەسه‌ر قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن زه‌ویه گه‌شتیارییه‌كانى سه‌رى بڵند نوسراوێكى ئاڕاسته‌ى دەستەیی گه‌شتوگوزاركردووه‌لە ١٦ حوزیرانی ٢٠١٧، به‌وه‌ى كه ده‌توانن گرێبه‌ست بۆ زه‌وییه‌كان ئه‌نجام بدە‌ن.
به‌پێى به دواداچوونه‌كانى ستانده‌ر، زه‌وییه‌كانى ناوچه ی تارین له دواى راپه‌رینه‌وه له لایه‌ن ژماره‌یه‌كى زۆرى له به‌رپرسانى حكومى و حزبى و سه‌ربازى، كراونه‌ته شوێنى حه‌وانه‌و باخچه‌و ڤیڵا، ئه‌مه‌ش بۆته كارێكى ئه‌سته‌م كه ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه لاببرێن و خاوه‌ن زه‌وییه‌كانیش قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه.
به پێى زانیارییه‌كان، چه‌ند به‌رپرسێكى عه‌سكه‌رى له ناوچه‌ى ( گوندى تارین و مه‌لا ئۆمه‌ر )، كه ناوى ئه‌و به‌رپرسانه‌لاى ئێمه پارێزراون، له‌ماوه‌ى رابردوو هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن‌یان لە پەرلەمانتار گۆران ئازاد کردووە ، له‌سه‌ر جولاندنى ئه‌و كێشه‌یه‌و پێیانراگه‌یاندووە، ئه‌گه‌ر ده‌ستهه‌ڵنه‌گرێت له‌چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه، چاره‌نووسی باش نابێت.وە هەڕەشەیان لە جووتیارەکانیش کردووە لەسەر هەمان هۆکار.
هه‌ر به‌پێى به پێى زانیارییه‌كان، لە 2ى تەموز٢٠١٧ ، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ‌و وەزیری شارەوانی پارێزگای ھەولێرو نوێنەری سەرۆکی ھەرێم و بەرێوەبەری پۆلیس کراوە، دواى گفتووگۆیه‌كى زۆر، له نێوان نوێنه‌رى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان نەیان توانی وە بریاری پێویست بدە‌ن بەڵکو لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی بەرپرسەکان تەنها ڕەزامەند بووین بەوەی ئه‌و زەویانەی دەستی بەسەر دانەگیراوە لە ماوەی دوومانگ بدرێتەوە خاوەنەکانیان، ئه‌و خانووانه‌شى دروستكراوان تێکنەدرێت، بەڵکو لەسەر بەرپرسەکان تاپۆبکرێت، بڕێك پاره‌ش بدرێتە ئەو جوتیارانه‌ى زەویەکەیان دەستیبەسەرداگیراوە، به‌پێى ووته‌ى جوتیاره‌كان ھەرچەندە بریارەکە دڵخۆشیان ناکات و زیاتر لە خزمەتی بەرپرسەکانە لە بری جووتیارەکان، بەڵام ھێشتا سوپاسگوزارن ئەگەر جێبەجێ بکرێت، چونکە چەندین جار بڕیار دەرچووەو جێبەجێ نەکراوە،وە لە ئێستادا مانگێک بەسەر ئەو وادەیە تێپەردەبێت وبە گوێرەی بەدواداچونەکان هێشتا هیچ نەکراوە بڕیارەکان نەچۆتە بواری جێبەجێ کردن.