خیانەتە گەورەكەی31 ئاب

لەلایەن ستاندار Posted on 603 جار بینراوە

هێمن بنەسڵاوەیی

چەند ڕۆژێك پێش 31ی ئابی 96، پارتی زۆر لەحاڵێکی خراپدا بوو، جگە لە بادینان و چەند ناوچەیەكی تر هیچ شوێنێكی تری كوردستانی بە دەستەوە نەمابوو، هەر بۆیە پەنای بۆ دوژمن برد وەك پیشەی هەمیشەیی ئەو حیزبە، لەگەڵ دوژمنێك ڕێكەوت كە ئەنفال و کیمیا باران جینۆسایدی بەرامبەر گەل و خاکی کوردستان ئەنجامدابوو، دوژمنێك بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلەی لە سێدارەداوەو شەهیدی کردوون، دوژمنێك سەرسەختانەو بەو جۆرە دژایەتی خۆت و خاک و ئاوو گوندو…هتد کردبێتی، هەموو ئەوانە فەرامۆش بكەیت و دەست بخەبتە ناو دەستی و پەلكێشی ئەو سوپا داگیركەرەی كوردستان بكەیتەوە كەبە خوێنی چەندان ڕۆڵەی قارەمان ئازاد كرابێت بۆ ئەو ناوچانەی كە دەریایە لە خوێنت لەپێناویان دابێت.

بۆیە 31 ئاب خیانەتێکی گەورەو ڕۆژێكی ڕەشە لەمێژووی ئەم حیزبەدا، كە ئەویش مێژووی میرنیشنی بۆتانمان دێنێتەوە یاد كە یەزان شێر چۆن پەلكێشی سوپای عوسمانی كرد بۆ لێدانی بەدرخان شاو لەناوبردنی ئەمارەتی بۆتان، بەداخەوە كورد لەهەموو سەردەمەكان مێژووی خیانەتی لێ‌ نابڕیت ئەوەتا جارێكی تر مێژوو خۆی دووبارە كردەوەو لە 31ی ئاب پەلكێشی سوپای دوژمن کرا، لە كاتێكدا دەیان توانی زۆر زیرەكانە و ئاقلانە حوكمی ئەو هەرێمە بكەن، بەڵام زۆر نابەرپرسانە كەوتنە گیانی خەڵك و زۆر دڕندەتر لە حیزبی بەعس. نمونەمان زۆرە كە چۆن و چیان كردوەو لە ڕووی سەربازییەوە شارە گەورەكانی وەك هەولێرو سلێمانیان لە دەست دابوو، بۆیە بیریان لە رێگا چارەی تر كردەوە، بۆیە پێش گرتنی شاری هەولێر بەهاوكاری بەعس چەندین جار خۆی هەوڵیداوە شاری هەولێر بگرێت، بەڵام سەركەوتونەبوو بۆیە خۆی بەتێك شكاو دەزانی و دەیویست تۆڵەی خۆی بكاتەوە، ڕۆژی 31ی ئاب من خۆم و پێشمەرگەیەك شاهێدی ئەوەم كە كاتێك دەبابەكانی حزبی بەعسم بینی بەرەو هەولێر بەڕێكەوتن بیرم لەوە دەكردەوە كە چۆن لەگەڵ پارتی ڕووبەڕویان بەعس ببینەوە، چونكە لەو كاتەدا یەكێتی ئاگاداری ڕێكەوتنی نێوانیان پارتی بەعس نەبووین تاكو ساتەوەختی هاتنی دەبابەو هێزەكەی بەعس، بۆ كوشتنی كورد پارتی دەستی باڵای هەبوەو هەمیشە حەزی لە خیانەت بوە ئەگەر خیانەت نەما ئەوا بە دڵنیایەوە كاری دووەمی ئەو حیزبە ئاشبەتاڵە.

لەبەرەبەیانی 31ی ئابی1996 سەرەتای دەست پێكردنی هێرشی پارتی و بەعس بوو كە ڕووبەڕوی هێزی ئێمە وەستان كە هێزێكی تەواو نابەرامبەر بووین، لە ڕووی چەك و تەقەمەنیەوە كە گەورەترین چەكی ئێمە دۆشكەیەكی چواردەو نیوی و چەند BKC یەكی كۆن، بە پێچەوانەوە ئەوانیش دەبابەو هێزی سەربازی بەعس و چەكی زۆر بەهێزیان لابوو،  هەر ئەو ڕۆژە من لە سێبەردان بووم كە دواخاڵی سنووری یەكێتی بوو لە ڕێگای كەسنەزان كاتژمێر 7 ی بەیانی بوو گوێمان لە دەنگی تەقەیەكی زۆر بوو لە بنەسڵاوە، ئەوەبو سەیرمان دەكرد زرێپۆش و هێزی سەربازی بەعس بوو ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە دەكرد لەگەڵ هێزەكەی پارتی چۆن ڕووبەڕوو ببینەوە،  لەو كاتەدا هێزەكەی پارتی لە مەیدانی ئاژەڵان بوو لە نزیك كەسنەزان كە لە هێزەكەی ئێمەوە زۆر نزیك بوو، كاتێك هێزەكەی بەعس لەكەسنەزان نزیك بوونەوە، ئێمە چاوەڕێ بووین هێزی پارتی ڕووبەڕوویان ببنەوە كەچی بێ‌ دەنگ بوون تاتەواوی سوپاكە و هەموو دەبابەكان هاتنە كەسنەزان و مەیدانی ئاژەڵان كە هێزەكەی پارتی لێ‌ بوو ئێمە سەرسام بووین  دواتر دەستكرابە تەقەكردن لە هێزیكەی ئێمە و هێرشیان هێنا بەرەو هەولێر ناچار ئێمەش پاشەكشەمان كرد تا حەسارۆكان كە لەوێ‌ ڕەشۆ مەخموری و عومەر ناسرم بینی پاشان هەولێر بەتەواوی كەوتەدەست پارتی و هێزەكەی بەعس، لەو ساتەوە داگیركاری هەولێر تاكو ئێستا بەردەوامە و ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر بووەو ئازادی ڕادەربڕین بە تەواوی فەراموشكراوە، بەبەرنامە ئیرادەی تاك لەو شارە شكێنراوە و لەو كاتەوە نە هیچ حزبێك نە هیچ كەسێك ناتوانێت باسی ئازادی بكات و ڕەخنە لە پارتی بگرێت، تا ساڵی 2009 و هاتنە كاییەی مۆدێلێكی نوێ‌ لە حزبایەتی، كە ئازادی ڕادەربڕین بوو تەواوی خەڵكی كوردستانی هۆشیار كردەوە، ئەویش خوالێخۆشبوو نوشیروان مستەفا بە دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕان توانی وا لە خەڵك بكات كە بەو دەسەڵاتە زۆر خراپە بڵێت بەسە، ئەوەش جێی شانازییە بۆ تاك بە تاكی كورد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.