مەهدی کاوانی
زۆنی زەرد بەروە ڕووی حیزبە سیاسیە کوردیەکان و جولەی جەماوەری نا پارتی ، تا ڕادەیەکی زۆر دەناو کۆنتڕۆلی پارتیدایە . لە جولەی ناوەندو ولاتانی ئەقلیمیش ، زانیاریەکی ئەوتۆم لەبەردەست دانیە . ئەوە دەزانم کە پێش کودەتا تورکیەکە، دامەزراوەی گولەن ، تەواجودێکی فراوانی دامەزراوەی ئابووریان تیا هەبوو و دوای کودەتاکەش حکومەتی ئەردۆگان ناجاری ئەو زۆنەی کرد کە دەسبەرداریان ببن . بەڵام زۆنی سولێمانی وا نیە . لە ڕووی دەسەلات و هێزی چەکداری باڵادەستەکە هێشتا بە دەست سەوزەوەیە بەڵام لێرەش سیم و جیمێک هەیە . وەک بگوترێ نزیکەی ٤٠٪ هێزی سەربازی دەنگی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە ، لێرەوە ئاسان نیە کە بتوانرێ ئەو هێزە دژ بە گۆڕان بوەستێتەوە .
لە ڕووی جەماوەریشەوە ئەگەر وردبوونەوە بکەیت لە خربوونەوە یەک ملیۆنیەکە لە سەر گردەکە ، بۆت دەردەکەوێ کە جەماوەری گۆڕان و یەکیەتی وەها ئاسان نیە لێکیان جودا بکەیتەوە . . بۆیە کە دەگوترێ زۆنی سەوزو نیلی ، ئاماژەیەکی ڕاست و دروستە . پەکەکەو بەشەکانیشی تەواجودی ڕێکخراوەیی و جەماوەری و بگرە جموجۆلی چەکداریشیان بە شێوەیەکی بەرچاو ، لە دەڤەرەکە هەیە . ئەوە نیە لە ناو قوڵایی ئەو زۆنە نەفەرەکانی میتی تورکیایان ، ڕاپێچی قەندیل کرد .
جولەی ئاینیش بە تایبەتی کۆمەل لە ڕووی ڕێکخستن و جولەی جەماوەیش هەبوونی بەرچاوی خۆیان هەیە . دەشبینن جولانەوی نەخێر لەو دەڤەرە چەند کارانە . پارتیش بە گوێرەی کورسیە هاتوورکانی ۸_۱٠٪ ی جەماوەریان لە دەڤەرەکە هەیە .بڕبڕە وکی ئەو نەفەرانەی سەردانی سەرێ ڕەش دەکەن توانیویانە بۆ لای خۆیان با بە نهێنیش بێت ، گلدەنەوە . گەر پێناسەی ئەو دوو زۆنە بکەین لە ڕووی وڵاتانی ئەقلیمی و ناوەند ، پارتی نەک هەر بەینی باشە لە گەڵ تورکیا بەلکو لە ڕێگەی سەربازگە تورکیەکان لە دەڤەرەکەو ئەو پڕۆژە نەوتیە پەنجا ساڵانەوەو هی تریش ، ئاسان نیە تورکیاو دەسەڵاتی زەرد لە یەکتر جودا بکرێنەوە . ئێران و یەکیەتی بەینیان باشە بەس پڕۆژە گەلێکی ئابووری بەرچاو دەناویاندا نیە . دەکرێ ئەو بۆڕیە نەوتەی کە هێشتا تەواو نەبووە ، پێیەوە جۆرە بەستنەوەکی ئابووری بە ئێران ببەسترێتەوە . بە نسبەت ناوەندیش زیاتر لە یەکیەتی نزیک ترن وەک لە پارتی .
بۆ ناوچە دابراوەکان ڕاستە دەسەڵاتی هەرێم لە کەرکوک زیاتر بە دەستی سەوزەوەیە بەڵام لوقمە چەوریەکەی نەوت هی پارتی زیاترە . دوای تەواو بوونی کۆنترۆلی داعش بە سەر زەوی ، نازانرێ مەینەوەکان چۆنچۆنی دەبن . ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیعە ، دەسەڵاتی پارتی لە سەر جێناکۆکەکان کە پێشتر زیاتر لە بندەستی قەلەمرەوی خۆیەوە بوو ، زۆر کەم بۆتەوە موسلیش وەک ئەو بەرجەستەی دیارە بەشی هەرە زۆری کۆنترۆلەکە کەوتۆتە بن دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عیراقی .بۆ موزەکەرەی تەفاهومی نێوانی حکومەتی عیراق و هەرێم و ئەمەریکیەکان ، کە بارزانی واژۆی لە سەر کردووە ، دەبێ پاش تەواو بوونی داعش پێشمەرگە ئەو ناوچانە بەجێ بێڵی .
ئێستاکە پارسەنگی هێز زیاتر بەلای حکومەتی ناوەندی کەوتۆتەوە . ئاسانیش نیە مرۆ سەردەری لەوە بکا ئاخۆ ناوەند لە ڕێگای ئەو باڵادەستیەی ، هەولی ئەوە دەدا وەری چەرخێنێ بۆ کۆنترۆل کردنەوەی ناوچە دابراوەکان بە کەرکوکیشەوە . کە دەڵێم ئاسان نیە چونکە ئەمەریکا لە سەر خەتەو کەسیشمان نازانین بەرنامەی بۆ دوای داعش لە عیراق و هەرێم چۆنچۆنی دەبێت . ئەوان لێدوان بە دوای لێدوان و ئاماژەکانیان یەکیەتی خاکی عیراقەو هۆشداری بە دوای هۆشداریشیان بۆ بارزانی نەکردنی ڕیفرانۆمە . بەڵام پێشناچێ شتی وەها لە حکومەتی عیراق قبوڵ بکەن ، باڵادەستیە سەربازیەکەی خۆیان لە دژی کوردان وەرچەرخێنن . لێدوانی وەهاشیان داوە کە ئێران بۆی نیە تەجاوزی خاکی هەرێم بکات . مرۆش کە تەماشی ڕووداو و بەرجەستەکان دەکا لە شەڕی رزگار کردنی موسلوو تەلەعفەر ، حەشدی شەعبی پێشەنگ بووەو ئەمەریکیەکانیش لە ئاسمانەوە هاکار بووینە لە گەڵیان ، کەچی لێدوانەکانی ئەمەریکی ئاماژەیەکی باشی بۆ حەشدی شەعبی پێ نیە .
ئەخر ئێستاکە پەکەکەو بەشەکانیشی لە شەنگارو کەرکوک و مەخمورو زۆر شوێنی تر هەیەو ئەمەریکاش بێدەنگە . نازانم بالانسەکە دوای داعش چی بە سەر دیێ بەڵام نە پارتی وە نە یەکیەتی ناتوانن بۆ مەرامی ولاتانی ئەقلیمی بەرنامەی ئەمەریکیەکان لە باشوورو ڕۆژئاوا تێک بدەن و هی تورکیاش قسەو باسێکی ترە لێرە شوێنی نابێتەوە .