به‌رهه‌م صاڵح، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا خۆى یه‌كلایده‌كاته‌وه‌

لەلایەن ستاندار Posted on 881 جار بینراوە

به‌رهه‌م صاڵح، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا خۆى یه‌كلایده‌كاته‌وه‌

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یى
یه‌كێتى؛ به‌ره‌و كه‌رتبوونێكى تر
دوا هه‌وڵه‌كانى به‌رهه‌م صاڵح چین؟
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د صاڵح، جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى، كه‌ به‌هۆى ناڕازیبوونى له‌ بارودۆخى نێوخۆى یه‌كێتتى، له‌ مانگى ئه‌یلولى پارساڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپى ناوه‌ندى بڕیار چۆته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌رى زۆرى هه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو له‌ باره‌ى مانه‌وه‌، یاخود چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى خۆى یه‌كلایبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى دڵنیاده‌بێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مساڵ له‌كاتى خۆى.
له‌ دواى دروستبوونى ناوه‌ندى بڕیار، چه‌ندین هه‌وڵى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى له‌ باره‌ى هاتنه‌وه‌ى به‌رهه‌م صاڵح شكستى هێناوه‌، به‌ تایبه‌ت به‌ر له‌وه‌ى ناوه‌ندى بڕیار هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، له‌ رێگاى پڕۆژه‌یه‌كه‌وه به‌ نوسراو له‌لایه‌ن هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو له‌ رێگاى پاڤڵ تاڵه‌بانى كوڕیه‌وه‌، پێشنیاز بۆ به‌رهه‌م صاڵح كراوه‌ دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ یه‌كێتى، له‌ داهاتوودا پۆستێكى باڵاى پێبدرێت، له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌تى عێراقى، یاخود هه‌رێمى كوردستان.
ره‌نگه‌ رازینه‌بوونى به‌رهه‌م صاڵح به‌وه‌رگرتنى ئه‌و پۆستانه‌، په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌بێت ناوبراو، هیچ متمانه‌یه‌كى به ماڵى مام جه‌لال نه‌مابێت، به‌ پێچه‌وانه‌ى قسه‌كانى خۆى كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، كێشه‌ى ئه‌و له‌سه‌ر سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتیه‌، نه‌ك پۆست و پله‌و پایه‌.
مانه‌وه‌ى به‌رهه‌م صاڵح، وه‌ك تاكه‌ سه‌ركرده‌ى ناوه‌ندى بڕیار له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى نیشتیمانى، ئه‌ركى سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى قورستركردووه‌، چونكه‌ دواى ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ زۆره‌ى به‌رهه‌م صاڵح، بۆچوونه‌كانى له‌ باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو یه‌كێتى گۆڕاوه‌، به‌ تایبه‌ت دواى گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و به‌ده‌ستهێنانى پشتگیرى لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆمارى ئیسلامى ئێران و هه‌ندێ پشتگیرى لابه‌لاى ئه‌مه‌ریكییه‌كان، به‌ دروستكردنى به‌ره‌ یاخود حزبێكى نوێ.
جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى، له‌ ئێستادا به‌ ته‌واوى بێ هیواو بووه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ حزبه‌كه‌ى، له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردووشه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ بڕیارى یه‌كلایكه‌ره‌وه‌بدات، به‌هۆى به‌رچاو روون نه‌بووونى، به‌ڵام به‌ پێى زانیارییه‌كان دواى سه‌ردانه‌كه‌ى ناوبراو له‌ چه‌ند رۆِژى رابردوو بۆ كۆمارى ئیسلامى ئێران و گه‌ره‌نتى وه‌رگرتن، له‌ لایه‌ن به‌رزترین به‌رپرسه‌ باڵاكانى ئه‌و وڵاته‌ و له‌ نێویاندا حاجى قاسم سلێمانى، له‌ ئێستا گه‌ره‌نتى پشتگیریكردنى دروستكردنى حزب، یاخود به‌ره‌یه‌كى نوێى پێدراوه‌.
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ به‌رده‌ستن به‌رهه‌م ساڵح، گه‌ره‌نتى ئه‌وه‌شى وه‌رگرتووه‌ له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆو به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ لایه‌نێكى سیاسى هه‌رێم و عێراق، پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ ئێستاوه‌ پیرۆزبایى وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ى لێكراوه‌.
هه‌رچه‌ند زۆریك له‌ شاره‌زایان و چاودێران پێیانوایه‌، به‌رهه‌م صاڵح له‌ دوا خوله‌كه‌كانیش بێت له‌ هه‌وڵه‌كانى په‌شیمانده‌بێته‌وه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتى، به‌ڵام پلانى ئێستاى به‌رهه‌م صاڵح دروستكرنى لیست و به‌ره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێم، پاشان ده‌ستكردن به‌ ده‌ستپێشخه‌ریكردن بۆ دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى نوێ له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ بتوانێ ژماره‌یه‌ك هێزو لایه‌ن و كه‌سایه‌تى سیاسى له‌ خۆبگرێت، ئه‌و هێزانه‌ش به‌ نیازه‌ به‌ فه‌رمى داوایان لێبكات بریتین له‌ : گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، ته‌نانه‌ت بزوتنه‌وه‌ى نه‌خێرو چه‌ندین حزب و كه‌سایه‌تى سه‌ربه‌خۆ.
به‌رهه‌م صاڵح، ده‌یه‌وێ له‌ ده‌رگاى هه‌موو ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بدات، كه‌ ده‌یانه‌وێ بێنه‌ ژێر چه‌ترى به‌ره‌و لیسته‌كه‌ى خۆى، به‌پێى ئه‌و ئه‌جینداو به‌رنامه‌ى دایڕشتووه‌.
بێ هیواى به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د صاڵح، له‌ باره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و خراپى به‌ڕێوه‌بردن له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان حكومڕانى ده‌كه‌ن، بۆته‌ پاڵنه‌رێك بۆئه‌وه‌ى تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ ئێستادا خۆى یه‌كلایكردبێته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ نوێیه‌كه‌ى. جگه‌ له‌وه‌ى چوونه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌وشێروان موسته‌فا له‌ گۆڕه‌پانى سیاسه‌تكردن و نا ڕوونى داهاتووى گۆڕان هۆكارێكى تر ده‌بێت، بۆ سووربوونى ناوبراو له‌ دروستكردنى هێزێكى نوێ.
له‌ باره‌ى ریفراندۆمه‌وه‌ ئه‌و پێیوایه‌، ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ ناو پڕۆسه‌ى ریفراندۆمن ناتوان ده‌وڵه‌ت دروستبكه‌ن، ئه‌وانه‌شى به‌ره‌ى نه‌خێریش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ڵه‌یان كردووه‌.
ئه‌گه‌ر ناوبراو، له‌ رابردوو قه‌ڵه‌قى هه‌بووبێت له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى له‌ یه‌كێتى و پاشان دروستكردنى حزب ولیستێكى نوێ، له‌ ئێستا دائه‌و پیاوه‌ به‌ ته‌واوى قه‌ناعه‌تى هاتووه‌، به‌ سه‌ركردایه‌تيكردنیكردنى به‌ره‌یه‌كى نوێ و راكێشانى دوا كارتى ژیانى سیاسى خۆى.
چانسێكى ترى به‌رهه‌م ساڵح، ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌یه‌كى فراوانى یه‌كێتى، به‌هۆى ناڕازبوونیان له‌ سیاسیه‌ته‌كانى ئێستاى نێو یه‌كێتى، كه‌ له‌ لایه‌ن ( كۆسره‌ت ره‌سوڵ على و مه‌لا به‌ختیارو شێخ جه‌عفه‌ر و كه‌مینه‌یه‌كى تر مه‌كته‌بى سیاسى ) ئاراسته‌ ده‌كرێت، داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوبراو ده‌كه‌ن، بۆ نێو یه‌كێتى له‌ نێویشیان لاهورى شێخ جه‌نگى.
ئه‌و به‌ره‌یه‌ى ناو یه‌كێتى، كه‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م صاڵح ده‌كه‌ن بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنى چاكسازى له‌ نێو حزبه‌كه‌یان، دوورنییه‌ له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌م صاڵح، به‌شێك له‌وانه‌ بچنه‌ پاڵى، به‌ تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى بارودۆخى یه‌كێتى له‌ ئێستادا له‌ بارێكى زۆر خراپدایه‌و ماڵباتى مام جه‌لالیش له‌وباره‌یه‌وه‌ بێده‌نگیان نواندووه‌.
گوێنه‌گرتنى به‌رهه‌م صاڵح، به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ له‌ رابردوودا ، ره‌نگه‌ ببێته‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك بۆ جارێكى ترو دواى جیابوونه‌وه‌كه‌ى نه‌وشێروان موسته‌فا له‌ نێوماڵى تێكشكاوى یه‌كێتى رووبدات، یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ى تر لاوازبكات.
كارتى هه‌ره‌ به‌هێزى به‌رهه‌م صاڵح ئه‌وه‌یه‌، كه‌ گڵوپى سه‌وزى دڵنیایى له‌ لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ بۆ پێكراوه‌، له‌ حاڵه‌تى دروستكردنى حزب یاخود لیست و به‌ره‌، له‌ به‌رامبه‌ر پارتى و به‌تایبه‌تیتریش یه‌كێتى، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌ڵوێست و كارته‌كانى به‌رهه‌م صاڵح ‌ به‌هێزبكات، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو یه‌كێتى بۆ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین ده‌ستكه‌وت، یاخود دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى نوێ.
تاوه‌كو ئێستا روون نییه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، له‌ سه‌ره‌تاى مانگى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ ئه‌نجامده‌درێت یاخود نا، به‌ڵام كۆمیسۆن له‌ 2ى ئه‌یلوله‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ قه‌واره‌و لیسته‌ سیاسییه‌كان ده‌توانن ناوى خۆیان تۆماربكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌ڕله‌مان بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م صاڵح دڵنیابێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو لیستى خۆى پێشكه‌شبكات و پاشان ده‌ستبكات به‌ دروستكردنى هاوپه‌یمانى و به‌ره‌یه‌كى نوێ له‌ هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌گه‌رى به‌هێزیش ئه‌وه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژێكى داهاتوو، به‌ره‌یه‌كى نوێ له‌ لایه‌ن به‌رهه‌م صاڵح دروستبكرێت، یه‌كێتیش جارێكى تر به‌ره‌و دابه‌شبوون و كه‌رتبوونێكى تر بچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.