گومانێك لەسەر بەڵێ و نەخێری ئەوان

لەلایەن ستاندار Posted on 674 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم
لە ئێستادا كە پرۆسەی بانگەشەی راپرسی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستی پێكردووە، ئەو پرۆسەیەی كە لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن و راپرسی كوردستان وادەكەی دیاری كراوە وە لەو وادەیەدا لایەنەكان بە پێی رێنمایەكانی كۆمسیۆن رێكایان پێدەدرێت كە ریكلام بۆ ئەو پڕۆسەیە بكەن ، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینیە دوو درووشم لە لایەن لایەنگرانی ئەنجامدانی ریفراندۆم و نەیارانی ئەو پرۆسەیە بە بەردەوامی بە هەڵە دەوترێتەوە ئەویش (بەڵی بۆ ریفراندۆم و نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا)یە.
بەرزكردنەوەی درووشمی بەڵێ بۆ ریفراندۆم لە چوارچێوەی بانگەشە بۆ ڕاپرسی لە لایەن لایەنگرانی ئەو پرۆسەیە ئەگەر لە نەزانی نەبێت گومان دەخاتە سەر ئامانجی راپرسی و ئەوەمان پێدەڵێت كە ریفراندۆم كراوەتە ئامانج كە لە ڕاستیدا وانیە ربفراندۆم ئامرازێكە بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی تر بۆیە پێداگری لەسەر درووشمی (بەڵێ بۆ ریفراندۆم) وە ئەوەمان پێدەڵێت كە ئامانج تەنیا راپرسیە نەك ئەنجامدانی راپرسی بۆ بەلێ و نەخێر لەسەر سەربەخۆیی یان مانەوە لەگەڵ عێراق، بۆیە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گومانە دەبێت تا زووە لایەنگرانی ریفراندۆم واز لەو درووشمە بێنن و چیتر نەوترێت(بەڵێ بۆ ریفراندۆم)
ریفراندۆم پرۆسەیەكە بڕیاری لێدراوە و بە پڕاكتیكیش وا بانگەشەی بۆ دەكرێت تا لە رۆژی 25 ئەیلول خەلك بچێت دەنگ بۆ بەڵێ و نەخێرێكی تر بدات، ئەویش بەڵێ و نەخێرە بۆ سەربەخۆیی ئەوە ئامانجەكەیە، نەوەك بەڵێ و نەخێر بۆ ریفراندۆم، ئێمە وای تێگەیشتووین ئەگەر واش نیە با فيڵ لە خەڵكی خۆمان نەكەین و بڵيین ریفراندۆم بۆ ریفراندۆم دەكەین!!
هەڵەی دووەم لەلایەن لایەنگرانی نەخێر ئەنجام دەدرێت، ئەویش بەوەی ئەوان هەڵگری درووشمی (نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا)ن، دەبێت لەوە تێبگەن درووشمەكەیان تا رۆژی دەنگدان دەیخوات، واتا ئەوان دەتوانن تا دواساتەكان پێداگری لەسەر ئەو درووشمەیان بكەن بۆ دواخستنی ریفراندۆم، بەڵام كاتێك دڵنیا دەبن ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت كە هەموو ئاماژەكان وامان پێدەڵێن كە ریفراندۆم لە كاتی خۆی ئەنجام دەدرێن، جا چۆن ئەنجام دەدرێت و كێ ئەنجامی دەدات؟
ئەوە قسەیەكی تری دەوێت، قسەی ئێمە لەسەر درووشمەكەی ئەوانە بۆیە دەبێت ئەوان ڕایەكی تریان بۆ پرۆسەكە هەبێت و ڕاشكاوانە بە خەڵكی خۆیان بڵێن ئایا ئەوان لە كاتی ئەنجامدانی راپرسی دەنگ بە بەڵێ دەدەن یان نەخێر ؟
چونكە لە نێوان ئەو دوو بژاردەیە بژاردەی سێیەم بوونی نیە، وە نابێت بەناوی (نەخێر بۆ ریفراندۆم) فێڵ لە خەڵكی خۆیان بكەن،لێرە بەدواوە دەبێت ئەوان قسەی تریان هەبێت، كاتی ئەوە هاتووە ڕایبگەیەنن كە ئەوان ئامانجیان دواخستنی ریفراندۆم بووە بەڵام لە حاڵەتی دوانەخستنی دەبێت ئەو بەرەیە ڕای خۆی لەسەر یەكێك لەو بژاردانە ساخ بكاتەوە كە ئایا لەگەڵ بەڵێن بۆ جیابوونەوەی كوردستان یان پێچەوانەكەی هەلدەبژێرن لەگەڵ نەخێرن و مانەوە لەگەڵ بەغدا هەڵدەبژێرن، چونكە وەك باسمان كرد لە نێو ئەو دوو بژاردەیە بژاردەی سێیەم نیە .
بە گەڕانەوە بۆ بەلێ و نەخێری درووست هەموو گومانەكان لای خەڵكی دەڕەونەوە، ئەویش ئەو بەڵێ و نەخێرەیە كە خەلك بزانێت كاتێك دەیەوێت بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكات، بەڵێی ئەو لە دوارۆژدا سەوداو مامەڵەی پێناكرێت، بۆیە دەبێت ئەو بەڵێ و نەخێرە لە ئێستادا ساخ بكرێنەوە وە چیتر هەردوولا بە هەلگرتنی درووشمی ناڕون فيڵ لە خەڵك نەكەن.
ریفراندۆم پرۆسەیەكی گرنگی نیشتمانیە دەرفەتێكە بۆ كورد هاتۆتە پێش، بۆیە ئەگەر لە ماوەی ڕابردوو نەتەوانرا بە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیەكانمان ئامادەسازی باشی بۆ بكرێت و یەكڕیزی ناوخۆیی بكرێتە هەوێنی سەركەوتنی ئەو پرسە نیشتمانیە، لە ئێستادا نابێت بە هەڵگرتنی درووشمی نادرووست تەم بخرێتە سەر ئەو پرۆسەیەو پرسەكە بە ئاڕاستەی نادیار ببرێت، ئەمەشیان بەوە دەكرێت كە بەرەی ریفراندۆم لە درووشمەكانی و كارو كردەوەكانی ئەوە بە خەڵك بڵێت كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستانە، بەرەی دووەمیش خۆی یەكلا بكاتەوە و رایبگەیەنێت كە ئامانجی ئەوان لە هەڵگرتنی درووشمی ( نا بۆ رایفراندۆم لە ئێستادا) دژایەتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان نەبووە و نیە، ئەوەش بەوە دەكرێت كە ئەگەر لەو داوایەیان سەركەوتوو نەبوون و ریفراندۆم دوانەخرا، ئەوان دەنگ بۆ سەربەخۆیی بۆ كوردستان بدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.