یەكگرتنەوەی باڵێكی یەكێتی لەگەڵ پارتی

لەلایەن ستاندار Posted on 894 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

جێی داخە كاك مەسعود بارزانی لەكۆبونەوەیەكدا نیگەرانیو ناڕەزایی خۆی دەرببڕێ لەبەرامبەر پەرتەوازەبونی ریزەكانی سەركردایەتی یەكێتیو، گلەیی ئەوەش بكات كەوا یەكێتی خاوەن بڕیارو ئیرادەی خۆی نیە! ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەبەبكاری سەرەكی ئەو بێئرادەییەی سەكردایەتی یەكێتی هەر خودی مەسعود بارزانییە،كە لەدوای نەخۆشكەوتنی بەڕێز مام جەلالەوە كەوتۆتە گیانی یەكێتیەكانو، بەكڕینی ویژدانی بەشێك لەسەركردایەتیو مەكتەبی سیاسییەكەی بەپۆستو پارەو پرۆژەوە ریزەكانی لەتو پەت كردوەو، ئێستاش بەردەوامە لەم كارەدا!.رەنگە كاك مەسعود مەبەستی لەدەربڕینی دەردە دڵییەكەی بەرامبەر بەیەكێتی ئەوە بێت كە هێشتا كەسانێك لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا مابن بەیعەتیان بەو نەداوەو كۆیلایەتی خۆیان بۆ نەسەلماندوە..وا دیارە هێشتا دڵی كاك مەسعود ئاو ناخواتەوە بەرامبەر بەو تاوانەی لەدژی هێزێكی سەرەكیو هاوپەیمانی خۆی كردوەو ئەیەوێ لەوەش زیاتر زەلیلی بكاو بەتەواوی لەپەلوپۆی بخاو بیخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە..

لەغیابی گۆچانەكەی مام جەلالەوە سەركردایەتی یەكێتی بەتایبەتیش بەشێك لەمەكتەب سیاسییەكەی وردە وردە خزاونەتە ناو ئەجینداكانی پارتییەوەو ئیرادەی خۆیان دۆڕاندوەو بونەتە هۆكاری لێكترازانی ریزەكانی حزبەكەیان كە ئێستا گەیشتۆتە لێواری ئینشقاقێكی گەورەوە،ئەو بەشەی سەركردایەتیو مەكتەب سیاسی یەكێتی بە ریفراندۆمێكی درۆزنانەو پر بەمانا حزبییانەوە هەڵخەڵەتاونو پشتيان لەحزبەكەی خۆیان كردوەو بێ هیچ هەستێك بە مەسئولیەتو تەنانەت رێزگرتنیش لەرابردوی پڕ لەشانازی خۆیانو حزبەكەیان بەرەو پارتیبون ئەرۆن. ئەوەتا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی لەمانە سڵیش لەوە ناكاتەوە باس لە(نەمانی) یەكێتی بكات؟! لەكاتێكدا تا نوسینی ئەم وتارەش هێشتا جەنابی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەكەیەو دەستی لەكار نەكێشاوەو یەكگرتنەوەشی لەگەڵ پارتیدا رانەگەیاندوەو ئێستاش بەناوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە قسە ئەكاتو لەرێگەی پۆستێكی یەكێتیەوە خۆی كردوە بەئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم.بەشەكەی تریشیان بونەتە بێژەری تەلەفزیۆنەكانی روداو و كەناڵی بیستوچوار بۆ پروپاگندەكردن بۆ ریفراندۆمو ئەجینداكانی پارتی!.

ئەم بەشەی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری خۆیانداوەو چاوەڕی كردنیان بێهودەیە چونكە ئەوانە جارێكیتر نابنەوە یەكێتی جاران،هەڵوێستەكانی ئێستاشیان هیچ مانایەك نابەخشێ غەیری ئەوەی كەوا پەیوندییەكی ئەوتۆیان بەسیاسەتو هەڵوێستی راستەقینەی یەكێتیەوە نەماوە، بونەتە پارتییەكی تۆخو رۆڵو سیاسەتەكانیان هیچ تەفسیرێك هەڵناگرێ غەیری پارتیبون نەبێ، ئەوان بەراستی لەگەڵ پارتی یەكیان گرتۆتەوە وتەنها ئیعلانكردنی ماوە ئەویش نازانم بۆ دوایان خستوە،تەنانەت ئێستا باس لەوەش ئەكرێ كەوا بارزانى بكەنە فەرماندەی گشت هێزەكانی كوردستان!. پێشتر خەڵكانێكیتر لەسەركردایەتی یەكێتی بەئاشكرا چونە ناو پارتیو بەشێكیشیان لەبەردەم تەلەفزیۆنەكاندا لەتەك كاك مەسعودەوە دانیشتون وداكۆكی لەسیاسەتەكانی ئەكەن، هیچ شەرم نیە ئەو بەشە بەرژەوەندخوازانەی لەسەركردەو مەكتەبی سیاسیەكەی یەكێتی ئیعلانی یەكگرتنەوەیان لەگەڵ پارتیدا رابگەیەنن ولەكۆڵ یەكێتی ببنەوەو بیدەنەوە دەست ئەوانەی ئەیانەوێ سەروەرییەكانی یەكێتی بپارێزن..

ئێستا هەواڵێكی گەرم هەیە لەسەر تازەكردنەوەی رێكەوتنی ستراتیژی لەنێوان یەكێتی وپارتیدا، ئەمەش هەڵبەت بەبێ هیچ پرسو رایەك بەزۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە كە پێشتر رایانگەیاندوە ئەم رێكەوتنە ستراتیژییە كۆتایی پێهاتوە. بۆیە پێویستە ئەو بەشەی سەركردایەتی یەكێًتی كە بەنیازی هەموار كردنەوەی رێكەوتنە بەسەرچوەكەن، با ناوی رێكەوتنی ستراتیژی بگۆڕن بۆ رێكەوتننامەی یەكگرتنەوەیان لەگەڵ پارتیداو  واز لەیەكێتی بهێنن.

ئەو سەركردە بەهەڵوێستانەش كە هێشتا لەناو یەكێتیدا ماون پێویستە بەزوترین كات كۆنگرەی چوارەم ببەستن بۆ پاكتاوكردنی ریزەكانی یەكێتی لەهەمو ئەو سەركردە بەرژەوەندخوازانەی چونەتە ژێرباری سیاسەتەكانی پارتییەوە،چونكە ئەگەر تا ئێستا لەترسی ئینشقاقی ئەمانەوە كۆنگرە دواخرابێت، ئێًستا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ دواخستنی ئەو كۆنگرەیە كە لەم ئانو ساتەدا زۆر پێویستە بۆ گێڕانەوەی سەروەری وشكۆمەندی بۆ یەكێتی. هەر لەو كۆنگرەیشدا لەبری یەكگرتنەوەی ئەوان لەگەڵ پارتی، با ئەمانیش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا پرۆسەی یەكگرتنەوە رابگەیەنن، یاخود لانیكەم هاوپەیمانیەكی سیاسی تۆكمە ببەستن وفراكسیۆنەكانیان یەكبخەنو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوش بەیەك لیست لەگەڵ حزبیتر بێنە ناو هەڵبژادنەكانەوە.ئەو كات هەمو یەكێتیەكان بە ئەندامو كادیرو سەركردایەتیەكەیەوە سەرپشك ئەبن لەهەڵبژاردنی سەنگەری خۆیان وخۆ ساخكردنەوە بەلای یەكێك لەم دوو بەرە جیاوازەوە..بەرەی گەل، یا بەرەی پارتی..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.