شاندی یەکێتی، چی پێیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 568 جار بینراوە

مەلا فرمان

کاک نەوشیروان دەڵێ ” من و زۆرێک لە هاوڕێکانم لامان وابو کە تێکۆشەری کۆمەڵە ناتوانێ لەهەمان کات دا دو ژیانی هەبێ: ژیانێکی تایبەتی وژیانێکی سیاسی. لامان وابو هەردوکی بەجۆرێک تێکەڵاون کە لەیەک جیاناکرێنەوە.

یەکێ لەژیانی تایبەتی دا دزبێ ناتوانێ لەژیانی گشتی دا پاک بێ و، لەژیانی تایبەتی دا درۆزن بەڵام لەژیانی گشتی دا راستگۆ بێ…..”. بۆ ئەم رۆژگارەش راستە بگوترێ ” ناکرێت یەکێ سیاسەت بکات و لە سێبەری کوردایەتیدا بازرگانبێ و دامەزراوەی شەخسی دابمەزرێنێت”.

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر بنەمای باوەڕیان بە سەروەری یاسا و دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان و زەروروتی گۆرینی سیستەمی حوکمڕانی پشودرێژانە و بی ئەمبەر و ئەوبەر درێژە یان بە کارەکانی خۆیان دواە. بۆ چاری گونجاویش:

1- دەرگای گفتوگۆ لەسەرپشت و کراوەیە
2- لە رێگەی پرۆژەوە هەوڵی جدی چارەسەریان داوە

ئەسڵی کێشەکە:
1- بە زۆر پەکخستنی پەرلەمان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان
2- ئفلیجکردنی حکومەت لە لایەن هەمان حیزبەوە و بە فەرمانی سەرۆکەکەی.

هۆکاری کێشەکە:
1- دەستبردن بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و کورسیەکەی سەرۆک
2- باسکردن لە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی.

دەستبردن بۆ کێشەکە ( پرسی یاسایی)
1- بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی + یەکگرتوی ئیسلامی بە مەبەستی چارەسەری کێشەکە بە تایبەتی دوای تەواوبونی ماوەی یاسایی درێژکراوەی سەرۆکی هەرێم هەرسێ لا پرۆژەیەکیان هاوبەشیان ئامادە کرد و بردیانە پەرلەمان. دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پرۆژەیە پارتی کەوتە خۆ و بۆ دژایەتیکردنی ئەم پرۆژە چوارقۆڵیە. موخابن پارتی توانی ئەو بەرەیە لیکبترازێنی و کێشە بخاتە ناو ریزەکانی یەکێتی و یەکگرتوەوە، کاری جدی کرد لەسەر تەنها هێشتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی ملکەجکردنی بۆ پارتی.

2- دوای پەکخستنی پەرلەمان باشترین چارەسەر سوربونی ئەو چوار لایەنە بوو لەسەر پرۆژەکەی خۆیان و بە هیچ شێوەیەک سیاسەتی خۆسەپاندنیان لە پارتی قبوڵ نەکردایا. یەکێ لەم ٢ دو هەنگاوەیان بنایا:

یەکەم- درێژەدەان بە کاری پەرلەمان
دوەم- پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەخت.

پارتی و کاراکردنەوەی پەرلەمان
پارتی دوای ناردنەوەی وەزیری دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و شکستی یەک لە دوای یەکی لە ٢٦ ساڵی حوکمڕانی، گەیاندنی هەرێم بەم رۆژگارە پر قەیرانیەی ئەمڕۆ و نادیاری دواڕۆژی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، وەک کاردانەوەیەک و بۆ شاردنەوەی ئەو سکستانە سواری سۆزی نەتەوەیی بوو ە پەنای بۆ ریفڕاندۆم برد. بارودۆخەک دەیسەلمینێ ئەگەر پرسی ریفڕاندۆم نەبوایا هەرگیز پەنای بۆ باسکردنی کاراکردنەوەی پەرلەمان نەدەبرد. بەداخەوە هەندێ لە کەسایەتی و حیزبی سیاسی بە ئامادەبونیان لە کۆبەنەوەی ریفڕاندۆم جۆرێک لە بەیعەتدانیان دا بە سەرۆکی پارتی.

شاندی یەکێتی
1- باشتروایە ئەم شاندە :
– پشتیوانی یەکێتی بۆ پرۆژە چوارقۆڵیەکە بگەیەنێتە کۆمەڵ و گۆڕان و بە هەمولایەک فشاری سیاسی زیاتر بخەنە سەر پارتی. پێویست بە سڵەمینەوە لە رودانی شەڕی ناوخۆ و دو ئیدارەیی ناکات، چونکە ئەو سەردەمە بەسەرچوە. خەڵکی کوردستان عاقڵ بوە، نە عێراق عێراقەکەی سەدامە نە تورکیاش دەتوانێت هیج هەنگاوێک بنێ.
– پێداگری بکات لەسەر زەمانەتی دوبارەنەبونەوەی غەدرکردن لە دامەزراوە شەرعیەکان. ئەم زەمانەتەش لە هەنگاوی وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ لایەنی دەسدرێژکەر دەستپێدەکات.
– بە هیچ شێوەیەک رۆڵی ناوبژیوان نەبینێت و باسی نەکات.
– پشتیوانی ١٠٠% دواخستنی ریفڕاندۆم بێت. ئەگەر تەنها لە بەر خاتری کەرکوکیش بێت.

2- ئەگەر تەنها بۆ گەیاندنی پەیامی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ریفڕاندۆم دێت وەک ئەوەی پارتی دەیەوێ. ئەمە بابەتێکە تێیدا دەگوترێت ” خاڵ و کۆتایی دێڕ”.

3- ئاشکراکردنی مەرجە شاراوەکانی پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەرلەمان.

بەکورتی ئەم شاندە دەبێت بوێربێت لە بڕیاردان و خۆیی و ئەوانیتر وەک خۆیان ببینێ، سەروەری یاسا بەچی، چۆن و لە کوێ پارێزراوبێت دەبێت وا و بەرەو ئەوێ هەنگاوبنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.